سه‌یدسادق هیچ به‌ڵێنێکى بۆ جێبه‌جێنه‌کرا

دانیشتوانى عه‌ربه‌ت بۆ نه‌وت و کاره‌با هه‌فته‌یه‌ک مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه‌ حکومه‌ت

5 ساڵ لەمەوپێش



عومه‌ر فه‌تاح

هه‌رچه‌نده‌ هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادقدا تێپه‌ربووه‌، به‌ڵام هێشتا هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ نه‌کرا که‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئیداریی ئه‌و شاره‌وه‌ درابووه‌ خۆپیشانده‌ران، هاوکات دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تیش به‌مه‌به‌ستی داواکردنی به‌شه‌ سوته‌مه‌نی و زیادکردنی کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانی خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیان دایه‌ حکومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی.

دووشه‌ممه‌ی رابردوو ژماره‌یه‌ک له‌چین و توێژه‌ جیاوازه‌کانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو داوایانکرد له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا به‌شه‌ سوته‌مه‌نی ئه‌مساڵیان پێبدرێت و کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانییان بۆ زیادبکرێت و ده‌ستبکرێته‌وه‌ به‌جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌ وه‌ستاوه‌کان.

سه‌نگه‌ر عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق هاوکات یه‌کێک له‌وکه‌سانه‌ی که‌سه‌ردانی پارێزگاری سلێمانی کردووه‌، به‌ هاوڵاتی وت «هیچ به‌ڵێنێک جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، ته‌نها یه‌کجار نه‌وت هات ئه‌ویش پێش خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ڵێندرابوو، کاره‌باش وه‌ک خۆیه‌تی و ته‌نها خشته‌که‌ی گۆڕاوه‌، بڕیاربوو چه‌ند وه‌زیرێک بێن له‌نزیکه‌وه‌ خه‌ڵک ببینن و کێشه‌کان بزانن، ئه‌وانیش تائێستا نه‌هاتوون و هیچ واده‌یه‌کیش دیاری نه‌کراوه‌ بۆ هاتنیان».

دوێنێ سێشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناحیه‌ى عه‌ربه‌تی نزیک سلێمانی به‌مه‌به‌ستی داواکردنی به‌شه‌ سوته‌مه‌نی و زیادکردنی کاتی کاره‌باو چارەسه‌رکردنی غازو نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێر رێگاى سه‌ره‌کی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌یان داخست.

نه‌به‌ز محه‌مه‌د یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ هاوڵاتی وت «ده‌یان کێشه‌ له‌سنوری ناحیه‌که‌ماندا هه‌یه‌، بۆ گه‌یاندنی ئه‌و کێشانه‌ به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاتینه‌ سه‌ر شه‌قام، چونکه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ نه‌وت دابه‌شنه‌کراوه‌، جۆزه‌ی (16) ئه‌مپێریمان هه‌یه‌ ده‌بوو (18 بۆ 20) سه‌عات کاره‌بای نیشتیمانیمان هه‌بێ به‌س ئێستا ته‌نها (12) کاتژمێر که‌متریشه‌، جگه‌ له‌وانه‌ ئێستا کێشه‌ی غازیشی هاتووه‌ته‌ سه‌ر».

ئه‌و رێکخه‌ره‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ی ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ئه‌وان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیان داوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، وتیشى «ئه‌گه‌ر ئه‌و داواکاریانه‌ جێبه‌جێنه‌کرێت، دێینه‌وه‌ سه‌ر جاده‌و فشارو رێگای مه‌ده‌نی توندتر ده‌گرینه‌به‌ر».

دابان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت سه‌باره‌ت به‌داواکاری خۆپیشانده‌رانی ناحیه‌که‌ی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ئه‌و پشتیوانی له‌داواکاریه‌کانیان ده‌کات و ده‌نگی ده‌خاته‌پاڵ‌ ده‌نگیان، وتیشی «ماوه‌ی سێ ساڵه‌ نه‌وت دابه‌شنه‌کراوه‌ له‌سنوره‌که‌ماندا، کاره‌باش هه‌رچه‌نده‌ سیسته‌می ئه‌مپێره‌ به‌س کاته‌که‌ی که‌مه‌، ئێمه‌ به‌جددی به‌دواداچوون ده‌که‌ین بۆ جێبه‌جێکردنی داواکاریه‌کانیان و به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان».

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار