دوو که‌س له‌سه‌ر ته‌قه‌کردن له‌خۆپیشانده‌رانی عه‌ربه‌ت ده‌ستگیرکراون

5 ساڵ لەمەوپێش



عومه‌ر فه‌تاح

له‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌که‌ی دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تدا که‌سێک له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یەوه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌کاندا ده‌کات و دواتر له‌بازگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانی دوو که‌س ده‌ستگیر ده‌کرێن و ئێستا له‌بنکه‌ی پۆلیسى عه‌ربه‌ت ده‌ستبه‌سه‌رن.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناحیه‌ى عه‌ربه‌تی نزیک سلێمانی به‌مه‌به‌ستی داواکردنی نه‌وت و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێر رێگاى سه‌ره‌کی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌یان داخست، له‌کاتێکدا خۆپیشانده‌ران سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بوون به‌ردی گه‌وره‌و بچووک له‌سه‌ر شه‌قامه‌ سه‌ره‌کیه‌کە دابنێن و رێگه‌ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بگرن که‌هاتوچۆ به‌و رێگه‌یه‌دا ده‌که‌ن، که‌سێک له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یەوه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌کاندا ده‌کات.

نه‌به‌ز محه‌مه‌د یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ هاوڵاتی وت «خۆپیشانده‌ران له‌ده‌روازه‌ی عه‌ربه‌ت کۆبووینه‌وه‌و ده‌مانویست داواکاریه‌کانمان بگه‌یه‌نینه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌، به‌ڵام ئۆتۆمبیلێک که‌ دوو که‌سی تێدابوو چه‌کیان پێبوو وادیاربوو پێشمه‌رگه‌ یان پۆلیس بن داوایانکرد رێگه‌یان بۆ بکه‌ینه‌وه‌ چونکه‌ په‌له‌یانه‌، ئێمه‌ش له‌سه‌ر داوای به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و ئاسایش رێگه‌مان پێدان که‌بڕۆن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی (30) مه‌ترێک له‌ئاپۆرای خۆپیشانده‌ران دوورکه‌وتنه‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌ی له‌ته‌نیشت شۆفێره‌که‌وه‌ دانیشتبوو ده‌ستڕێژی گوله‌ی کرد به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانداو نزیکه‌ی (10) فیشه‌کی به‌ئاسماندا ته‌قاند، به‌ڵام هیچ که‌سێک بریندار نه‌بوو».

دوابه‌دوای ته‌قه‌که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی عه‌ربه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندی ده‌کرێت به‌بازگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانیه‌وه‌و له‌وێ ده‌ستگیرده‌کرێن، دابان محەمه‌د عارف به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت به‌ هاوڵاتی وت «له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ شۆفێره‌که‌و ئه‌و که‌سه‌ی دیکه‌ش که‌ته‌قه‌ی کردووه‌ به‌بڕیاری دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون و ئێستا له‌بنکه‌ی پۆلیسی عه‌ربه‌تن و خۆیان و ئۆتۆمبێله‌که‌شیان ده‌ستبه‌سه‌رن و ئێمه‌ وه‌ک ئیداره‌ی ناحیه‌ سکاڵامان له‌سه‌ر تۆمارکردوون».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار