‌ ‌مه‌سرور بارزانى: ریفراندۆم هه‌ڵه‌ نه‌بوو ته‌نها ویستمان راى خه‌ڵکى خۆمان بزانین

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى مه‌سرور بارزانى له‌گه‌ڵ که‌ناڵى فرانس24

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند که‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ھه‌ڵه‌ نه‌بووه‌و ده‌شڵێت:" به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر، ھیچ ھه‌ڵه‌ نه‌بوو. پێش ھه‌موو شتێک ئێمه‌ ریفراندۆممان ئه‌نجامدا بۆئه‌وه‌ى بزانین خه‌ڵکى خۆمان چیده‌ڵێن، ئه‌وه‌ ده‌ربڕینى خواستى خه‌ڵکى بوو که‌ پرۆسه‌یه‌کى ته‌واو دیموکراسى بوو، خه‌ڵکى ته‌نیا بۆچوونى خۆیان ده‌ربریوه‌ که‌ چییان ده‌وێت. ئه‌وه‌ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى نه‌بوو".

مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى فرانس 24 که‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌نوس مارک په‌ره‌لمان ئه‌نجامدرا،  دوا گۆڕانکارییه‌کانى عێراق و ناوچه‌که‌ و کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى پرۆسه‌ى چاکسازى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى  باسکراوه‌.

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم که‌ له‌ 25ى ئه‌یلولى 2017 ئه‌نجامدرا، مه‌سرور بارزانى ده‌ڵێت:" ئه‌نجامدانى ریفراندۆم هه‌ڵه‌ نه‌بوو پێش ھه‌موو شتێک ئێمه‌ ریفراندۆممان ئه‌نجامدا بۆئه‌وه‌ى بزانین خه‌ڵکى خۆمان چیده‌ڵێن. ئه‌وه‌ ده‌ربڕینى خواستى خه‌ڵکى بوو که‌ پرۆسه‌یه‌کى ته‌واو دیموکراسى بوو. خه‌ڵکى ته‌نیا بۆچوونى خۆیان ده‌ربریوه‌ که‌ چییان ده‌وێت. ئه‌وه‌ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى نه‌بوو".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات له‌ سه‌ردانى بۆ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى تورکیاو گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گفتوگۆى له‌باره‌ى سوریاوه‌ کردووه‌" سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌م کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانى دیکه‌ى تورکیا کۆبوومه‌وه‌، ئه‌وان دڵنیایان کردینه‌وه‌ که‌ نایانه‌وێت گۆڕینى دیمۆگرافى له‌ سوریا ئه‌نجام بده‌ن".

له‌باره‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم و پرسى چاکسازى و رووبه‌رووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، مه‌سرور بارزانى ده‌ڵێت:" ھیوادارین شه‌فافیه‌تى زیاتر بۆ خه‌ڵکى به‌دیبھێنین که‌ بۆ خه‌ڵکى به‌راستى پێویسته‌ و شایه‌نى ئه‌وه‌ن که‌ حکومه‌تێکى شه‌فافیان ھه‌بێت. پێویسته‌ متمانه‌ بنیات بنێن، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ حکومه‌ته‌که‌یان له‌خزمه‌تى ئه‌واندا بێت .....  تا ئێستا زۆر به‌ ده‌رئه‌نجامه‌کان دڵخۆشم".

هاوکات، باسى هێنانى سیستمى به‌رگرى پاترۆیتى ئه‌مریکا ده‌کات بۆ پاراستنى بنکه‌ سه‌ربازییکانى ئه‌مریکا له‌هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:" ئه‌وان باسیان له‌وه‌ کردووه‌ که‌ سیسته‌مى به‌رگرى لێره‌ دابنێن، به‌ڵام بێگومان ئه‌وان چاوه‌ڕێن قسه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى عێراقى بکه‌ن و ره‌زامه‌ندى حکوومه‌تى عێراقى وه‌ربگرن".

 ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌یه‌ :

فڕانس 24: به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ده‌مه‌وێت له‌ بارودۆخى به‌غداوه‌ ده‌ستپێبکه‌م، چه‌ندین مانگه‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و ئێستا سه‌رۆک وه‌زیرانێکى نوێ راسپێردراوه‌ که‌ ئه‌ویش محه‌مه‌د عه‌للاوییه‌. ھه‌روه‌ھا داواى ھه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌کرێت. بۆچوونى تۆ له‌سه‌ر ره‌وشى ئێستاى به‌غدا چییه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ وایده‌بینین بارودۆخى ئێستاى به‌غدا ده‌رئه‌نجامى ئه‌و حوکمڕانییه‌ خراپه‌ بووه‌، که‌ له‌ماوه‌ى 15 - 16 ساڵى رابردوو ھه‌بووه‌. زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ئێستا خۆپیشاندان ده‌که‌ن و رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان داواى ئه‌نجامدانى چاکسازیى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و حوکمڕانییه‌کى باش ده‌که‌ن، ئێمه‌ش پشتگیریى ته‌واوى ئه‌و داواکارییه‌ ره‌وایانه‌ى خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھه‌ندێکجار ئه‌جێنداى سیاسى تێدا تێکه‌ڵاو ده‌کرێت که‌ ئه‌مه‌ش ره‌وشه‌که‌ى ئاڵۆزتر کردووه‌. له‌راستیدا سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوو به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌ھدی، ھه‌موو ھه‌وڵى خۆیدا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ پشتگیریى نه‌کرا که‌ شایه‌نى بوو له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى دیکه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌جێنداکانى خۆی. ئێمه‌ پێمانوانه‌بوو که‌ ئه‌و به‌رپرسیاربێت به‌رامبه‌ر به‌ ھه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى وڵاته‌که‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. ھیواداریشم که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى نوێى راسپێردراو به‌ڕێز عه‌للاوى پشتگیریى زیاترى بکرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵک و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش تا سه‌رکه‌وتوو بێت.

فرانس 24: ئایا تۆ گه‌شبینى ئه‌وه‌ رووده‌دات؟ له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆر خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ ھیوایان پێى نییه‌؟

مه‌سرور بارزانی: جارێ دیارنییه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕێ بین و ته‌ماشا بکه‌ین. بێگومان ھه‌ندێک ھه‌ن دژى راسپاردنى ئه‌ون، به‌ڵام ژماره‌یه‌کى زۆریش پشتگیریى ده‌که‌ن، بۆیه‌ ھیوادارین که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بووه‌ سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌وا به‌ ته‌واوه‌تى پابه‌ندى جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور بێت که‌ ئه‌مه‌ش پێمانوایه‌ داواکارى سه‌ره‌کى زۆرینه‌ى گه‌لى عێراقه‌.

فرانس 24: به‌ڵام داواکارییه‌کى دیکه‌ى زۆربه‌ى عێراقییه‌کان و ھه‌روه‌ھا داواکارى ئایه‌توڵڵا سیستانی، ئه‌نجامدانى ھه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌یه‌. ئایا ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیازه‌دان تا بزانن ئایا خه‌ڵک ده‌یه‌وێت ئاینده‌ى وڵاته‌که‌یان به‌ چ ئاراسته‌یه‌ک بڕوات؟

مه‌سرور بارزانی: ھه‌ر شتێک زۆرینه‌ى گه‌لى عێراق له‌گه‌ڵى بێت. ئێمه‌ش پشتگیریى ده‌که‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ ھه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به‌ ته‌واوى سیسته‌مه‌که‌وه‌ ھه‌یه‌ که‌ مایه‌ى نیگه‌رانیه‌ و ده‌بێ ئه‌و نیگه‌رانییه‌مان له‌به‌رچاوبگیرێت. پێویسته‌ حکوومه‌تێکى گشتگیر وهه‌مه‌لایه‌نه‌ ھه‌بێت و نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵک بکات. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌نجامدانى ھه‌ڵبژاردنیش به‌و مه‌به‌سته‌ و ئاراسته‌یه‌ بێت.

فرانس 24: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووینه‌دا، پێشبینى رووخانى ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌که‌یت؟

مه‌سرور بارزانی:  له‌راستیدا نازانم. ھیوادارم وانه‌بێت. ھیوادارم که‌ چاره‌سه‌رێک ھه‌بێت بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ى که‌ زۆر ئازارى چه‌شتووه‌.

فرانس 24: حکومه‌ته‌که‌ى ئێوه‌ له‌ گفتوگۆدابوون له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌کانتان، به‌تایبه‌تى له‌باره‌ى پرسى نه‌وت، پێده‌چێ به‌ھۆى ئه‌و بارودۆخه‌ى له‌ به‌غدا ھه‌یه‌ گفتوگۆکانتان هه‌ڵپه‌سێردراون و جارێ هیچ رێککه‌وتنێک له‌ ئارادا نه‌بێت؟

مه‌سرور بارزانی: به‌ڵێ ئه‌وه‌ راسته‌. له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌که‌م راسته‌وخۆ چوومه‌ به‌غدا و به‌ کۆمه‌ڵێک پێشنیاز له‌گه‌ڵ تیمێکى به‌ھێزى کابینه‌که‌م. به‌رده‌وامبووین له‌ گفتوگۆکانمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌ھدى و کابینه‌که‌ى و دواتر گه‌یشتنه‌ رێگه‌چاره‌یه‌کى باش و چاوه‌ڕێ بووین بگه‌ینه‌ قۆناغى کۆتایى رێککه‌وتنه‌که‌، که‌ له‌و بڕوایه‌دا بووین له‌ به‌رژه‌وه‌ندى عێراق و ھه‌رێمى کوردستانیشدا بوو. به‌داخه‌وه‌ ره‌وشه‌که‌ له‌ عێراق یارمه‌تیده‌ر نه‌بوو. بۆیه‌ ھه‌موو شته‌کان راوه‌ستان. بۆیه‌ ھیوادارم حکوومه‌تى داھاتوو و سه‌رۆک وه‌زیرانى داھاتوو پابه‌ندبێت به‌وه‌ى که‌ رێککه‌وتنه‌که‌ بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغى کۆتایى که‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موو خه‌ڵکى عێراقدایه‌.

فرانس 24: بێگومان ئێستا زۆر باسیش له‌ کشانه‌وه‌ى ھێزه‌کانى ئه‌مریکا ده‌کرێت. له‌دواى کوشتنى ژه‌نه‌ڕاڵى ئێرانى قاسم سوله‌یمانى له‌لایه‌ن ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌، پێشموایه‌ تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیت بکشێنه‌وه‌. پێتوایه‌ که‌ ھێزه‌کانى ئه‌مریکا ده‌کشێنه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ جێى نیگه‌رانى ئێوه‌یه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئه‌مریکا و ھێزه‌کانى ھاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داواى فه‌رمى حکومه‌تى عێراقى له‌ عێراقن. ئه‌وانیش زۆر یارمه‌تیده‌رى ھێزه‌کانى عێراق و ھێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یان داوه‌ له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش. بۆیه‌ ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین مانه‌وه‌یان پێویسته‌، چونکه‌ داعش ھێشتا مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌یه‌ و به‌ ته‌واوه‌تى له‌ناونه‌چوون و ریشه‌کێش نه‌کراون. داعش تواناى خۆى رێکخستنه‌وه‌و ھێرشکردنیان هه‌یه‌، له‌ چه‌ندین شوێن ھێرشیشیان ئه‌نجامداوه‌. بێگومان ئه‌و بڕیاره‌ بڕیارێکى تاکلایه‌نه‌ بوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ و په‌له‌یان له‌ بڕیاردانه‌که‌ کرد و ھیوادارین، که‌ رێگه‌چاره‌یه‌ک یان میکانیزمێک ھه‌بێت که‌ ھه‌ردوو حکوومه‌تى عێراق و ھێزه‌کانى ئه‌مریکا و ھاوپه‌یمانان پێى رازى بن به‌ مانه‌وه‌ى ھێزه‌کانى ئه‌مریکا و ھاوپه‌یمانان له‌م ناوچه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ مانه‌وه‌یان زۆر پێویسته‌.

فرانس 24: له‌دواى ھێرشه‌که‌ى ئه‌مریکا که‌ بووه‌ ھۆى کوشتنى قاسم سوله‌یمانى و دواتریش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئێران که‌ بێگومان بنکه‌کانى ئه‌مریکا و وڵاتانى ھاوپه‌یمانانى کرده‌ ئامانج. ئێستا ئه‌مریکا باس له‌ ھێنانى سیسته‌مى دژه‌ مووشه‌کى پاتریۆت ده‌کات. ئایا له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ کردووه‌؟ تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌ بھێنرێت تا ھێرشى له‌وجۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌؟

مه‌سرور بارزانی:  ئه‌مریکا وه‌کو ھه‌ر حکومه‌تێکى دیکه‌ مافى خۆیه‌تى به‌رگرى له‌ خۆى بکات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بڕیاربدات له‌ ھه‌ر شوێنێک بنکه‌ى سه‌ربازى ھه‌بێت، ئه‌وه‌ بڕیارى خۆیانه‌ و چ سیسته‌مێک داده‌نێن بۆ به‌رگریکردن له‌خۆیان ئه‌وه‌ بۆ بڕیارى خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵام بێگومان ئه‌وان ھاوپه‌یمانن و ھاوکار و پاڵپشتیکاربوون له‌ ته‌واوى شه‌ڕى تیرۆریزم له‌ ناوچه‌که‌، ھه‌ربۆیه‌ش ئه‌وان لێره‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ بۆ بڕیارى ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وان خۆیان بڕیارده‌ده‌ن.


فرانس 24: ئایا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ کردووه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئه‌وان باسیان له‌وه‌ کردووه‌ که‌ سیسته‌مى به‌رگرى لێره‌ دابنێن، به‌ڵام بێگومان ئه‌وان چاوه‌ڕێن قسه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى عێراقى بکه‌ن و ره‌زامه‌ندى حکوومه‌تى عێراقى وه‌ربگرن.

فرانس 24: به‌ڵام ئێوه‌ پێشوازى له‌ هه‌نگاوێکى له‌م شێوه‌یه‌ ده‌که‌ن؟

مه‌سرور بارزانی: به‌ڵێ بێگومان به‌ڵام ده‌بێ به‌غدا ره‌زامه‌ندى بدات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ راى ئێمه‌ بێت ئه‌وه‌ لاریمان نییه‌.

فرانس 24: ئاماژه‌ت به‌وه‌ کرد که‌ داعش خه‌ریکى خۆڕێکخستنه‌وه‌ن و نوێنه‌رى ئه‌مریکاش له‌ ھاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش رایگه‌یاند که‌ ھێشتا نزیکه‌ى هه‌ژده‌ ھه‌زار چه‌کدارى داعش له‌ عێراق و سووریا ھه‌ن. ئایا تۆ بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ چییه‌ و مه‌زه‌نده‌ى ئێوه‌ش ده‌رباره‌ى خۆڕێکخستنه‌وه‌ى داعش چییه‌؟

مه‌سرور بارزانی: زۆر زه‌حمه‌ته‌ ژماره‌یه‌کى راست و دورستت بده‌مێ. به‌ڵام ئێمه‌ زانیاریمان ھه‌یه‌ که‌ ژماره‌ى چه‌کداره‌کان نزیکه‌ له‌و ژماره‌یه‌. واتا هه‌ژده‌ ھه‌زار یان زیاتر. به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌دڵنیاییه‌وه‌ که‌ ئێستا ژماره‌ى ئه‌ندامانى داعش زۆر زیاتره‌ له‌ ژماره‌ى ئه‌ندامه‌کانیان له‌ ساڵى 2013 پێش ئه‌وه‌ى ھێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر عێراق و سووریا ده‌ستپێبکه‌ن و خه‌لافه‌تى خۆیان رابگه‌یه‌نن. بۆیه‌ ئه‌گه‌رێکى زۆر ھه‌یه‌ بۆ سه‌رھه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و زۆر به‌ئاسانیش ده‌توانن خۆیان رێکبخه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵکى نوێ رابکێشنه‌ ناو ریزه‌کانیانه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و ھۆکارانه‌ى بوونه‌ ھۆکارى سه‌رھه‌ڵدانى داعش و ھه‌ماھه‌نگى خه‌ڵک له‌گه‌ڵ داعش ھێشتا ماون. بۆنموونه‌ ھێشتا سه‌قامگیریى سیاسى نییه‌. خۆشگوزه‌رانى ئابوورى نییه‌، ئارامى و ئاسایشێکى به‌ھێزیش نییه‌. ئه‌مانه‌ش ھۆکار بوون بۆ سه‌رھه‌ڵدانى گروپى تیرۆرستی، بێگومان له‌ئه‌گه‌رى نه‌بوونى ئه‌و فاکته‌رانه‌ى باسمکردن و ئه‌گه‌ر به‌ جیدى رووبه‌ڕوویان نه‌بینه‌وه‌ وه‌ک ھێزه‌کانى ھاوپه‌یمانان و هێزه‌کانى ناوچه‌که‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێکى زۆره‌ که‌ داعش سه‌رھه‌ڵبداته‌وه‌.

فرانس 24: وه‌ک ئاماژه‌م پێدا ئێستا ھاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى له‌دژى داعش ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه‌ له‌دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌یه‌ک رایانگرتبوو. ئایا  ده‌تانه‌وێت ھاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى رۆڵێکى کاراترى ھه‌بێت، خۆت ئاماده‌ى کۆنفڕانسى ئاسایشى میونشن ده‌بیت، ئایا له‌وێ داوا له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ى بۆ ھاوکارى زیاتر؟

مه‌سرور بارزانی: به‌ڵێ بێگومان. پێویسته‌ به‌ توندترین شێوه‌ رووبه‌ڕووى داعش ببینه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ چونکه‌ ئه‌وان ئێستا ھیچ ناوچه‌یه‌کى له‌ژێر ده‌ستدا نییه‌ وه‌کو رابردوو. بۆیه‌ ئێستا پێویستى به‌ ھه‌ماھه‌نگییه‌کى سه‌ربازیى و ھه‌واڵگریى ھه‌یه‌ و ده‌بێ بزانیت ئه‌وان له‌ کوێن و دواتریش به‌کرده‌وه‌ى سه‌ربازى رووبه‌ڕوویان ببیته‌وه‌.

فرانس 24: باست له‌ کردار کرد، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ ھه‌ماھه‌نگى نێوان حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى ناوه‌ند ھه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى به‌ ناوچه‌ى ناکۆکى له‌سه‌ر ناسراون و واده‌بینرێت که‌ ئێستا بۆشایى ئه‌منى له‌و ناوچانه‌ ھه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ھۆى ئه‌وه‌ى ھه‌ماھه‌نگى ته‌واو له‌نێوان ئێوه‌ و ئه‌واندا نییه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و ناوچه‌  که‌ سوننیانه‌ن له‌رابردوودا داعش پێگه‌ى به‌ھێزبوو، ئێستاش ھه‌ر له‌وێ خه‌ریکى خۆرێکخستنه‌وه‌یه‌و ده‌یه‌وێ دووباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئه‌مه‌ یه‌کێک بوو له‌و خاڵانه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دا گفتوگۆمان له‌سه‌ر کرد و پێشنیازمان بۆ به‌غدا کرد که‌ پێویسته‌ ھه‌ماھه‌نگییه‌کى باشتر له‌نێوان ھێزى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقدا ھه‌بێت. به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى که‌ به‌ ناوچه‌ ناکۆکى له‌سه‌ره‌کان ناسراون. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا بۆشایى ئه‌منى ھه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ھۆى ئه‌و گرژیانه‌ى له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا ھه‌بوو له‌دواى ساڵى 2017. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ناوچانه‌ پارێزگاریان لێ بکرێت و پێشنیازى ئێمه‌ش ئه‌وه‌بوو که‌ ھه‌ردوو هێزى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقى له‌یه‌کتر نزیک ببنه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ى له‌رابردوودا ھه‌بوو که‌ پێیده‌گوترا میکانیزمى ھه‌ماھه‌نگى ھاوبه‌ش، تاوه‌کو ئه‌و ھه‌ماھه‌نگیانه‌ ده‌ستپێبکه‌نه‌وه‌ تا چیدیکه‌ داعش نه‌توانێت له‌و ناوچانه‌ جموجۆڵى ھه‌بێت.

فرانس 24: به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ تا چه‌ند چاره‌سه‌رێکى واقیعیانه‌ ده‌بێت له‌کاتێکدا که‌ میلیشیا شیعییه‌کان ناوچه‌یه‌کى زۆریان له‌ژێر ده‌سته‌ و ھه‌ندێک پێیانوایه‌ زۆربه‌ى عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووه‌. ئایا ئه‌وانیش مه‌ترسى نین بۆ ئه‌و ھه‌ماھه‌نگیه‌ى تۆ باست کرد؟

مه‌سرور بارزانی: با ئه‌وه‌ روون بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌وان له‌رابردوودا رووبه‌ڕووى داعش بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ چۆن بتوانین رێگرى بکه‌ین له‌ مه‌ترسى سه‌رھه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌و ناوچه‌یه‌. بۆیه‌ ھه‌ر پرسێک یانیش ھه‌ر شتێک که‌ له‌و رووه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر نه‌بێت ده‌بێ بیر له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤى بکه‌ینه‌وه‌. تا ئه‌م ساته‌ش باشترین ئه‌ڵته‌رناتیڤ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوپاى عێراق و ھێزى پێشمه‌رگه‌ ئه‌و بۆشایه‌ پڕبکه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر له‌ دانیشتووانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ره‌نگه‌ دڵخۆش نه‌بن به‌وه‌ى ھێزى دیکه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بێت.

فرانس 24: بێگومان زۆرێک له‌و ھێزانه‌ى باستکردن په‌یوه‌ندیان به‌ ئێرانه‌وه‌ ھه‌یه‌ و باسم له‌ ھێرشه‌کانى سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ کرد که‌ مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامدران له‌ دواى کوشتنى قاسم سوله‌یمانی. پێتوایه‌ بڕیارێکى باش بوو ئه‌مریکا ئه‌و کاره‌ى کرد؟

مه‌سرور بارزانی: ئه‌وه‌ بڕیارى ئه‌مریکا خۆى بوو. من ناتوانم به‌ ناوى ئه‌مریکاوه‌ قسه‌ بکه‌م.

فرانس 24: ئایا له‌ دواى ئه‌و رووداوه‌وه‌، ھیچ ھه‌ڕه‌شه‌تان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ لێکراوه‌، یانیش گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ کردوون بۆ ئه‌وه‌ى ھیچ گرژییه‌ک دروست نه‌بێت؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ ھه‌موو ھه‌وڵێکى خۆمان داوه‌ که‌ دووربین له‌و گرژیى و ئاڵۆزیانه‌. ئێران دراوسێمانه‌ و په‌وه‌ندییه‌کى باشیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاش هه‌یه‌ و ھاوپه‌یمانمانه‌ و نامانه‌وێت ئه‌و گرژیانه‌ زیاتر بن، یان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ رووبدات. ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین که‌ پێویسته‌ ھه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌وڵى ھێورکردنه‌وه‌ و ئارامکردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ بده‌ن و ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان کردووه‌.

 فرانس 24: پێتوایه‌ ئه‌گه‌رى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى نێوان ئه‌مریکا و ئێران دووره‌؟

مه‌سرور بارزانی: ھیواداریم ھیچ شه‌ڕێک روونه‌دات. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ھیچ لایه‌کدا نابێت به‌تایبه‌تى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکه‌که‌ نابێت. ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌ گرژیى و ئاڵۆزى ره‌وشه‌که‌. بۆیه‌ ھیوادارم ھه‌موو لایه‌نه‌کان ھه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان بده‌ن.

فرانس 24: رات به‌رامبه‌ر قسه‌کانى ئه‌مدوایه‌ى ئه‌میندارى حزبوڵڵاى لوبنانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا چیبوو، که‌ گوتى ساڵى 2014 کاتێک داعش له‌ ھه‌ولێر نزیکبوویه‌وه‌، باوکت مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى ئه‌وکاتى ھه‌رێمى کوردستان، داواى هاوکارى له‌ قاسم سوله‌یمانى کرد و سه‌رۆکى ھه‌رێمییش زۆر نیگه‌ران بوو زۆریش په‌رۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ى ھاوکارى بکرێت، به‌ڵام نه‌سروڵڵا زۆر نیگه‌ران بووه‌ له‌ ھه‌ڵوێستى سه‌رکردایه‌تى کورد به‌رامبه‌ر کوشتنى قاسم سوله‌یمانی، تۆ چى ده‌ڵێیت؟

مه‌سرور بارزانی:  له‌راستیدا به‌و شێوه‌یه‌ى ئه‌و ھه‌ڵسوکه‌وتى کرد و قسه‌ى کرد، ئه‌و بێڕێزى به‌ خۆى کرد. که‌سێکى ئه‌وھا و له‌و پێگه‌یه‌دا ده‌بێ زۆر باشتر بزانێت چۆن ده‌رباره‌ى خه‌ڵکى دیکه‌ قسه‌ ده‌کات. بێگومان ئه‌وه‌ى گوتیشى راست نه‌بوو. ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێیم نه‌ده‌کرد ھه‌ڵوێستى زۆربه‌ى عه‌ره‌به‌کان بوو (به‌رامبه‌ر قسه‌کانى نه‌سڕوڵڵا) نه‌ک ته‌نیا کورد، به‌ڵکو عه‌ره‌به‌کانیش (به‌رپه‌رچى قسه‌کانى حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵلایان دایه‌وه‌)، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى سه‌رۆک بارزانى ده‌ناسن ده‌زانن که‌ ئه‌و به‌ خۆى سه‌رکردایه‌تى شه‌ڕى داعشى کرد و زۆربه‌ى کاته‌کانیش له‌ سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه‌که‌ بوو و شان به‌شانى پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕى دژى داعش ده‌کرد و له‌راستیدا ئه‌و که‌سایه‌تیه‌کى سه‌ره‌کى بوو که‌ توانى ئه‌فسانه‌ى داعش تێکبشکێنێت و شکست به‌ داعش بھێنێت. بێگومان له‌سه‌ره‌تادا بارودۆخ زۆر ناھه‌موار بوو. به‌ڵێ ئێرانییه‌کانیش ھاوکاریان کردین له‌رێگاى ناردنى چه‌ند چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌که‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ھاوکارییه‌ى ئه‌وان باسیان لێوه‌ده‌کرد زۆر گه‌وره‌ کرابوو. بێگومان ئێمه‌ سوپاسى ھه‌موو لایه‌کمان کردووه‌ که‌ ھاوکاریان کردین له‌و ساته‌ زه‌حمه‌تانه‌دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زۆر ھێزى ھاوپه‌یمانانى دیکه‌ش ھه‌بوون که‌ ھاوکاریان کردین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت دان به‌وه‌دابنێین که‌ ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌بوو له‌سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ شه‌ڕى دژى داعش ده‌کرد و قوربانیاندا له‌پێناو شکستپێھێنانى داعش. که‌ توانیان نه‌ک ته‌نیا پارێزگارى له‌ کوردستان بکه‌ن به‌ڵکو پارێزگارى له‌ ھه‌موو جیھانیش بکه‌ن له‌م مه‌ترسییه‌.

فرانس 24: به‌خێرایى من ده‌مه‌وێت بچمه‌ سه‌ر دۆخى سووریا. وه‌ک ده‌زانى شه‌ر و گرژییه‌کان له‌ نێوان تورکیا و حکومه‌تى سوریا سه‌ریانھه‌ڵداوه‌ته‌وه‌. دۆخى کورد له‌ سووریا به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێگه‌ى نیگه‌رانیه‌ بۆ ئێوه‌. ھه‌ڵوێستى ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ سوریا رووده‌دات چییه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌ دۆخى سووریا، له‌به‌رچه‌ند ھۆیه‌ک: پێش ھه‌موو شتێک پێمانوانییه‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى سه‌ربازى و شه‌ێ‌ ھاوکاربێت بۆ گه‌راندنه‌وه‌ى سه‌قامگیریى ناوچه‌که‌ به‌گشتی. داگیرکارییه‌کانى ئه‌مداوییه‌ى تورکیاش کێشه‌که‌ى ئه‌وه‌نده‌ى دیکه‌ ئاڵۆزتر کردووه‌.

فرانس 24: بریارێکى خراپ بوو؟

مه‌سرور بارزانی: پێموایه‌ ھاوکارنیه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاشتى درێژخایه‌ن له‌ ناوچه‌که‌دا. به‌تایبه‌تى که‌ ھه‌ندێک لایه‌نى ئۆپۆزسیۆنى سووریاش به‌شێکن له‌ کێشه‌که‌ و له‌لایه‌ن خه‌ڵکى خۆجێى ناوچه‌که‌وه‌ ره‌تکراونه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ھه‌موومان نیگه‌رانین له‌ ئاڵۆزتربوونى دۆخه‌که‌. ھه‌روه‌ھا نیگه‌رانین له‌وه‌ى شه‌پۆلێکى دیکه‌ى خه‌ڵکى له‌ سووریاوه‌ به‌ھۆى ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌وه‌ ئاواره‌بوون.20 ھه‌زار ئاواره‌ى دیکه‌ش له‌ سوریاوه‌ به‌ھۆى ئه‌و گرژییانه‌ى ئه‌م دواییه‌وه‌ روویان له‌ ھه‌رێمى کوردستان کردووه‌. له‌کاتێکدا پێشتریش زیاتر له‌ 250 ھه‌زار کوردى ئاواره‌ى سووریامان حه‌واندووه‌ته‌وه‌. ھه‌ربۆیه‌ راسته‌ خه‌ڵک نیگه‌رانه‌ له‌ گۆڕینى دیمۆگرافى له‌ ناوچه‌که‌دا. له‌م دواییانه‌دا سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌م کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانى دیکه‌ى تورکیا کۆبوومه‌وه‌. ئه‌وان دڵنیایان کردینه‌وه‌ که‌ نایانه‌وێت گۆڕینى دیمۆگرافى له‌ سوریا ئه‌نجام بده‌ن.

فرانس 24 باوه‌رت پێیان ھه‌یه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ھیوادارام که‌ گۆڕینى دیمۆگرافى روونه‌دات، چونکه‌ له‌به‌رژوه‌ندى ھیچ لایه‌کدا نییه‌.

فرانس 24: ده‌مه‌وێت بێمه‌ سه‌ر دۆخى ئێره‌ (هه‌رێمى کوردستان). باسمانکرد که‌ خۆپیشانده‌ران له‌ به‌غدا دژى گه‌نده‌ڵین و داواى حکومرانیه‌کى باش ده‌که‌ن، زۆر ناڕه‌زایى و خۆپیشاندان ھه‌ن له‌ ناوچه‌که‌ و جیھانیش به‌گشتی. کابینه‌که‌ى ئێوه‌ له‌ مانگى حوزه‌یرانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ و تا چه‌ند له‌ ره‌گه‌وه‌ ده‌رھێنانى گه‌نده‌ڵى و بنبڕکردنى بووه‌ته‌ کارى له‌پێشنه‌ى ئێوه‌. بۆئه‌وه‌ى حکومرانیه‌کى باش بھێننه‌ کایه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ى کورد و خه‌ڵکى دیکه‌ش داواى ده‌که‌ن ؟

مه‌سرور بارزانی: راسته‌ ئه‌وه‌ دروشمى کابینه‌که‌مه‌، که‌  گه‌نده‌ڵى نه‌ھێڵین. ئه‌وه‌ له‌ ئه‌جێنداى ئێمه‌ دایه‌ و کارنامه‌ى خۆشمان راگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاکسازى گشتى بکه‌ین له‌ بوارى ئابوورى و به‌ڕێوه‌بردنى حکومه‌ت و واته‌ به‌ڕێوه‌بردنى باش، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیش کارى ھه‌ره‌ له‌پێشینه‌مانه‌. ئێمه‌ سه‌رکه‌وتووبووین له‌وه‌ى که‌ گه‌نده‌ڵى رابگرین، پێداچوونه‌وه‌ به‌ھه‌ر کارێکى ھه‌ڵه‌دا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ رابردوودا روویدابێت. بۆیه‌ من پێموایه‌ تا ئێستا زۆر سه‌رکه‌وتوو بووین، به‌ڵام ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کى دوور و درێژه‌، ئێمه‌ش پابه‌ندین به‌وه‌ى رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببینه‌وه‌. ھیوادارین شه‌فافیه‌تى زیاتر بۆ خه‌ڵکى به‌دیبھێنین که‌ بۆ خه‌ڵکى به‌راستى پێویسته‌ و شایه‌نى ئه‌وه‌ن که‌ حکومه‌تێکى شه‌فافیان ھه‌بێت. پێویسته‌ متمانه‌ بنیات بنێن، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ حکومه‌ته‌که‌یان له‌خزمه‌تى ئه‌واندا بێت و باوه‌ڕیان پێیبێت له‌وه‌ى که‌ بۆیان ئه‌نجام ده‌دات. من باوه‌ڕى ته‌واوم ھه‌یه‌ ئێمه‌ رێگه‌یه‌کى باشمان بڕیوه‌، به‌ڵام ھێشتا زۆر کارى دیکه‌شمان ماوه‌ که‌ ده‌بێ ئه‌نجامیان بده‌ین، به‌ڵام من تا ئێستا زۆر به‌ ده‌رئه‌نجامه‌کان دڵخۆشم.

فرانس 24: پرسیارى کۆتاییم، له‌باره‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرێک له‌ خه‌ڵکى پێیانوایه‌ کارێکى باش نه‌بووه‌، وه‌کو پره‌نسیپ نا به‌ڵکو خراپیه‌که‌ى بۆ کاته‌که‌ى و ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازیانه‌ى که‌ له‌ دنیا و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و ھاوپه‌یمانه‌کانیشتانه‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامیشدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا لێکه‌وته‌وه‌ و خه‌ونى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان واده‌رده‌که‌وێت که‌ ئێستا پرسێک نه‌بێت له‌ داھاتوویه‌کى نزیکدا رووبدات.

مه‌سرور بارزانی: که‌واته‌ پرسیاره‌که‌ت چیه‌؟

فرانس 24: ئایا ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ھه‌ڵه‌ نه‌بوو؟

مه‌سرور بارزانی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر، ھیچ ھه‌ڵه‌ نه‌بوو. پێش ھه‌موو شتێک ئێمه‌ ریفراندۆممان ئه‌نجامدا بۆئه‌وه‌ى بزانین خه‌ڵکى خۆمان چیده‌ڵێن. ئه‌وه‌ ده‌ربڕینى خواستى خه‌ڵکى بوو که‌ پرۆسه‌یه‌کى ته‌واو دیموکراسى بوو. خه‌ڵکى ته‌نیا بۆچوونى خۆیان ده‌ربریوه‌ که‌ چییان ده‌وێت. ئه‌وه‌ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ واقیعى قسه‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ ته‌نیا ده‌ربرینى بۆچوون و خواستى خه‌ڵکى بوو که‌ چییان ده‌وێت. ئێمه‌ ده‌رگامان بۆ گفتوگۆکردنیش له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ کراوه‌یى به‌جێھێشت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى نایاسایى بوو کاردانه‌وه‌ى به‌غدا بوو، که‌ ھێزى به‌کارھێنا له‌ دژى پرۆسه‌یه‌کى دیموکراسی. چونکه‌ کوردستان به‌پێى یاسا به‌شێکه‌ له‌ عێراق و ئێمه‌ ھیچکات سه‌ربه‌خۆییمان رانه‌گه‌یاندبوو. ھه‌ربۆیه‌ نه‌خێر ریفراندۆم ھه‌ڵه‌ نه‌بوو. به‌ڵکو ته‌نیا ده‌ربڕینى خواستى خه‌ڵک بوو و ھۆکاریش ھه‌بوون بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و ریفراندۆمه‌. ئه‌ویش به‌ھۆى خراپ مامه‌ڵه‌کردنى حکومه‌تى به‌غدا بوو له‌گه‌ڵ کورد، که‌ چۆن کورد فه‌رامۆش ده‌کران و پشتگوێ ده‌خران. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ھه‌مووکات وتوومانه‌ ئێمه‌ ده‌ستوورمان ھه‌یه‌، پێویسته‌ به‌غدا به‌ته‌واوى جێبه‌جێى بکات. ئێمه‌ باوه‌رى ته‌واومان ھه‌یه‌ که‌ به‌ته‌واوى جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور یه‌کێکه‌ له‌ ھۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێکه‌وه‌ بژین و وڵاتێک بنیادبنێین. به‌داخه‌وه‌ به‌غدا ھاوبه‌شى ئێمه‌ى قبووڵ نه‌کرد و ئێمه‌ش وتمان نامانه‌وێت پشتگوێ بخرێین و به‌که‌م سه‌یر بکرێین. چونکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ھاوبه‌شى و دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات بنیادنراون. له‌راستیدا ھه‌رکات به‌غدا ئاماده‌بووبێت، ئێمه‌ له‌ واقیعى ناوچه‌که‌ و جیھانیش تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ھه‌رکاتێک به‌غدا ئاماده‌بووبێت بۆ دانوستان، ئێمه‌ چووینه‌ به‌غدا و گفتوگۆمان کرد له‌سه‌ر چۆنیه‌تى رێکخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق. ھه‌ربۆیه‌ له‌ راستیدا ئه‌وه‌ کورد نییه‌ که‌ ده‌ستوورى پێشێلکردووه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ رژێمى پێشووى به‌غدا بوو ده‌ستوورى پێشێلکرد و کوردى ناچارکرد ریفراندۆم ئه‌نجام بدات.

فرانس 24: تۆ باسى کاردانه‌وه‌کانى به‌غدات کرد، به‌ڵام ئه‌ى چى له‌ باره‌ى دراوسێکانتان و ھاوپه‌یمان و دۆسته‌کانتانه‌وه‌ ده‌ڵێی، له‌ ئه‌مریکاوه‌ ده‌ست پێده‌که‌م؟ ئه‌وان پاڵپشتیان نه‌کردن، ئه‌وان ئێوه‌یان به‌جێھێشت؟

مه‌سرور بارزانی: راسته‌، ئه‌وان پاڵپشتیان نه‌کردین، زۆربه‌داخه‌وه‌.

فرانس 24: له‌وانه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بووبێت که‌ ھه‌ڵه‌ بووه‌؟

مه‌سرور بارزانی: من پێموانییه‌ ھه‌ڵه‌ بووبێت. من پێموایه‌ ئه‌وانه‌ ھه‌ڵه‌یان کرد که‌ پاڵپشتى راستیان نه‌کرد، چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندى رۆڵێکى زۆر گه‌وره‌ترى گێڕا له‌به‌رامبه‌ر به‌ھا و پره‌نسیپه‌کان، شته‌کان به‌وشێوه‌یه‌ بوو. ئه‌گه‌رنا من ھیچ پێموانییه‌ که‌ کورد کارێکى ھه‌ڵه‌ى کردبێت.

فرانس 24: پێتوایه‌ کوردستان ببێته‌ وڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ؟

مه‌سرور بارزانی: باوه‌ڕبوون به‌ خواست وئاره‌زوو شتێکه‌ و راستى و واقیعیش شتێکى دیکه‌یه‌. ئه‌مڕۆ ئامانجى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشترمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ھه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین زۆرترین ده‌ستکه‌وت بۆ خه‌ڵکى کوردستان و ھه‌موو عێراقیش به‌ده‌ست بھێنین.

فرانس 24: سه‌رۆک وه‌زیران مه‌سرور بارزانى زۆر سوپاس که‌ پێشوازیتان لێکردین لێره‌ له‌ سه‌لاحه‌دین له‌ نزیک ھه‌ولێر، پایته‌ختى ھه‌رێمى کوردستانى عێراق، سوپاس بۆ ئێوه‌ش که‌ بینه‌رى ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ تایبه‌ته‌ بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار