عەللاوی دەتوانێت ببێتە فریادڕەسی قەیرانی عێراق؟

«پێویستە نزیک ببێتەوە لەئەمریکا، ئەمریکاش لای خۆیەوە دەبێت ئەوە بکاتە مەرج لەسەرعێراق کەفشار بخاتەسەر ئێران و بریکارەکانی»

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

سەدەها چالاکوان لەچەند رۆژی رابردوودا گەڕانەوە سەر شەقامەکانی عێراق بۆ دەربڕینی نارەزایەتییان دژی دەستنیشانکردنی وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان موحەممەد عەللاوی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە.

عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشانکرا لەشەممەی رابردوودا وەک جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر کە لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە.

لەدوای چەند هەفتەیەک لەبنبەستی سیاسی، بەرهەم ساڵح دوامۆڵەتی ١ی شوبات بوو بۆ پەرلەمان تا رێکبکەون لەسەر دەستنیشانکردنی سەرکردەیەک کە ئەمەش وای کرد «گفتوگۆی نائاسایی ئەنجامبدەن و لەسەر عەللاوی رێکبکەون»، بەپێی راپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی.

لەکاتێکدا عەللاوی پەیمانیدا کەخواستەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات سەبارەت بەچاکسازی فراوان و پاکتاوکردنی گەندەڵی، بەڵام زۆرێک لەشیکەرەوان پێیانوایە کەگۆڕانکاریەکی گرنگ و بەرچاو روونادات.

«دەستنیشانکردنی موحەممەد تۆفیق عەللاوی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ پێناچێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروستبکات لەداینەمۆی داهێزراوی عێراقدا، ئەمەش مانای ئەوەیە کەپشێوی بەردەوام دەبێت بەبێ کۆتاییەکی دیار. بەڕوونی دیارە عێراقییەکان دڵخۆش نین بەدەستنیشانکردنی لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندەران لەبەغداد رەتیانکردووەتەوە لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی»، ئەنتۆنی فاف توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەتلانتیک کاونسڵ وای وت.

ماوەی چوار مانگە لەبەغدادو شارەکانی باشوری عێراقدا خۆپیشاندان دەستیپێکردووە دژی حکومەت کەداوای هەڵبژاردنی پێشوەخت، سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆ، هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی و سزادانی ئەوانەی توندوتیژییان ئەنجامداوە دژی خۆپیشاندەران دەکەن.

زیاتر لە (٤٨٠) کەس کوژراون و نزیکەی (٣٠) هەزار کەسیش برینداربوون بەهۆی توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەران. لەکاتێکدا عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، خۆپیشاندەران داوای کۆتایهێنانی تەواوەتی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیان کرد لەگەڵ بنەبڕکردنی دەستوەردانی دەرەکیی، بەتایبەتی هەژموونی ئێران لەوڵاتەکەدا.

دوای بنبەستێکی  سیاسیی درێژخایەن،  بەرهەم ساڵح، عەللاوی (٦٥) ساڵی هەڵبژارد، کەپێشتر وەزیری پەیوەندییەکان بوو لەکابینەکەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر پێش ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە لەساڵی ٢٠١٢دا لەسەر گەندەڵی حکومەت و دەستوەردانی دەرەکی لەوەزارەتەکەیدا.

عەللاوی ماوەی مانگێکی پێدراوە تاحکومەت پێکبهێنێت کەدەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبکرێت. ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی پیدراوە تاهەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت کە تائێستا بەروارێکی دیاریکراوی بۆ دیارینەکراوە.

دوای ئەوەی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ هەڵبژێردرا، عەللاوی گرتە ڤیدیۆیەکی لەتویتەر پۆست کرد کەتێیدا پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ خۆپیشادەران «چونکە ئەگەر ئێوەم لەگەڵ نەبن، ناتوانم هیچ شتێک بکەم، ئەم هەڵبژاردنەی من بەرپرسیاریەتییەکی گەورەو مێژوویی دەخاتە سەرشانم».

ئەنتۆنی فاف پێیوایە کەیەکەم کاری لەپێشینەی عەللاوی دەبێت «تێکشکاندنی ئەو پێگە بەهێزەی ئێران و میلیشیاکانی بێت کەهەیانە لەسەر عێراق بەبێ دنەدانی پەرەسەندنی تر» و ئەوەش شیاوو گونجانە، چونکە پێگەی عەللاوی لەناو شیعەدا بەهێزە.

«ئەو دەبێت دەستبەجێ پاکتاوی توندوتیژی خۆپیشاندەران کۆتایی پێبهێنێت و فەرمان بەمیلیشیاکانی ئێران بکات توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران رابگرن، ئەگەرنا لەحەشدی شەعبی دەریان دەکات کە بودجەکەیان لەوێوە بۆ تەرخان دەکرێت و ئەگەر ئەمەش نەکرا هێزە ئەمنییەکان بەکاربهێنێت بۆ دەستگیرکردنیان».

زۆربەی خۆپیشاندەران عەللاوی بەوە تۆمەتباردەکەن کەهەر لەهەمان ریزی ئەو سیاسییانەدایە کەشکستیانهێناوە لەفەرمانڕەوایەتی وڵاتداو جێبەجێنەکردنی خواستەکانیان. دوای ماوەیەکی کەم لەدەستنیشانکردنی، سەدەها خۆپیشاندەر لەمەیدانی تەحریری بەغداد کۆبوونەوەو هوتافی «موحەمەد عەللاوی رەتدەکەینەوە»یان کێشا.

خۆپیشاندان لەشارەکانی تریش دژی هەڵبژاردنی عەللاوی وەک سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا، لەوانە دیوانییە کەخۆپیشاندەرێک بە رۆژنامەی گاردیانی وت «دەستنیشانکردنی عەللاوی بەهۆی پەسەندکردنی هەمان ئەو لایەنە سیاسییە گەندەڵانەوە هاتووە کەماوەی چوار مانگە ئێمە دژیان خۆپیشاندان دەکەین».

بەڵام عەللاوی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پشتگیریی لێکرا، کەگەورەترین کوتلەی  هەیە لەپەرلەمانی عێراقدا، داوای لەخۆپیشاندەران کرد شەقامەکان چۆڵ بکەن و «ژیانی ئاسایی» دەستپێبکنەوە.

لەتویتێکدا موقتەدا سەدر وتی، «ئەمە هەنگاوێکی باشە، هیوام وایە دەستنیشانکردنی موحەممەد عەللاوی پەسەندبکرێت لەلایەن گەلەوەو ئارام بگرن».

هەرچەندە هەموو کوتلەکانی پەرلەمان پاڵپشتی خۆیان دەرنەبڕی بۆ عەللاوی، بەڵام عەزیز جەبار، شیکەرەوەی سیاسی لەکەناڵی ئەلجزیرە وتی بەوپێیەی موقتەدا سەدر پشتگیریی خۆی دەربڕی ئەوا «ئەوانی تریش هەمان شت دەکەن».

دەستنیشانکردنی عەللاوی لەلایەن ئێران و ئەمریکاشەوە پێسوازی لێکراو بەهەنگاوێکی باش وەسفیانکرد کەبتوانێت خواستەکانی خۆپیشاندەران بەجێبگەیەنێت.

لەبەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد کەهیواخوازە دەستنیشانکردنی عەللاوی ببێتە مایەی دروستبوونی «حکومەتێکی سەربەخۆو راستگۆ کەپابەندبێت بەداخوازی گەلی عێراق».

بەپێی وتەی شارەزایان کارەکتەرانی دەرەکی تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دروستکردنی هەژمونی خۆیان لەحکومەتی نوێداو ئاراستەکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بەپێی ئەجێندای خۆیان، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کەدەبێت ئەمریکا هەنگاوی باشتر بهاوێژێت و سستی نەنوێنێت وەک پیشتر لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیدا، چونکە ئێستا «ئەمریکا پاڵپشتی زۆری نییە لەعێراق وەک پیشووتر» زۆربەی سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێت بەتەواوی هێزەکانی لەوڵاتەکە دەربچن.

«بەردەوامیدان بەهەڕەشەی ئاشکرا بۆ سزادانی عێراق لەحاڵەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا سەردەکێشێت بۆ ناکۆکی زیاتر لەنیوان واشنتن و بەغداد، لەجیاتی ئەوە ئەمریکا دەبێت هەنگاوی دروستکردنەوەی متمانە بنێت لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق و بەڵێنی پاڵپشتی جددی بدات بۆ هێنانەوەی عێراق بۆ سەر رێگا راستەکە»، عەباس کازم، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەتلانتیک کاونسڵ وای وت.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەفرۆکەخانەی بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە، کوتلە شیعەکانی پەرلەمان  - بەبێ بەشداری سوننەو کوردەکان - لە ٥ی کانونی دووەم دەنگیاندا بۆ دەرکردنی هیزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق.

ئەمە بووەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک هەڕەشەی سزای ئابوری بکات لەسەر عێراق لەحاڵەتی دەرکردنی هێزەکانیان لەوڵاتەکەدا.

ئەنتۆنی فاف ئاماژە بەوەدەکات کەهەر کاتێک عەللاوی توانی سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات، «پێویستە نزیک ببێتەوە لەئەمریکاو دەستبکات بەگفتوگۆ بۆ داهاتوو، نەک هەر لەسەر هەماهەنگی سەربازیی، بەڵکو هەماهەنگی لەسەر کۆمەڵیک هاریکاری کەئەمریکا دەتوانێت دابینی بکات، ئەمریکاش لای خۆیەوە دەبێت ئەوە بکاتە مەرج لەسەرعێراق کە فشار بخاتەسەر ئێران و بریکارەکانی تاهەوڵەکانیان کەمبکەنەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقدا».

ئەنتۆنی فاف باس لەوەش دەکات کەئەگەر عەللاوی بەفەرمانەکە هەڵنەستێت ئەوا «پەیامێکە بۆ ئەمریکا کە حکومەتەکەی ئارەزووی نییە لەبەردەوامیدان بەپەیوەندییەکان کە لەبەرژەوەندی هەردوولادایە».

هەرچەندە عەباس کازم پێیوایە کەدەبێت عەللاوی هاوسەنگی رابگرێت لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانی عێراقدا، بەڵام «ئەمە پێناچێت رووبدات لەماوەی کورتخایەندا بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی ئابوری، سیاسی، هەروەها ئەمنیی عێراق»و وڵاتەکە پشتی بەستووە بەبازرگانی لەگەڵ ئێراندا جگە لەوەی زۆربەی کەرتی وزەی عێراق لەلایەن ئێرانە دابیندەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار