هەوڵی رفاندنی برایەکی مەزڵوم داغ دەدرێت لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئازاد داغ برای مەزڵوم داغ، کەتۆمەتبارە بەکوشتنی کەسێک لەهەولێر کە دەگووترێت کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا بووە، رایگەیاند چەند چەکدارێک کەخۆیان بە پۆلیس ناساندووە بەبێ فەرمانی دادوەر هەوڵی «رفاندنیان» داوە، لەنێوان رحاو ئامەد.
ئازاد داغی تەمەن (٢٧) ساڵ، کەهاوکات براى دێرسیم داغی پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەدە رایگەیاند کە لەلایەن پۆلیسی جلوبەرگ مەدەنییەوە ویستراوە بەزۆر دەستگیربکرێت و بڕفێنرێت.
ئازاد داغ کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیدا لەبەردەم نەخۆشخانەى ژنان لەسەر رێگاى رحا – ئامەد چاوەڕێی خوشکە پەرلەمانتارەکەى دەکرد، پۆلیس بەئۆتۆمبێلێکى جۆری فۆرد رانجەر لێی نزیکبوونەوەو دواى داواکردنى ناسنامەو پشکنینى زانیارییەکان لەبارەیەوە بەپاساوی ئەوەى ‹بڕیاری دەستگیرکردنى هەیە› ویستیان دەستگیری بکەن.
تەمموزی ساڵی رابردوو لەشاری هەولێر، کە لە رێستورانتێک بەناوی هوقەباز، کەسێک بەناوی عوسمان کۆسە کە دەگوترا کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا لەهەولێرو هەندێکی تر بەئەفسەری میت ناویان برد کوژران لەگەڵ دوو کەسی تردا.
دوای رووداوەکە مەزڵوم داغ برای دەرسێم داغ پەرلەمانتاری هەدەپە بە تۆمەتی کوشتنی عوسمان کۆسە دەستگیرکرا.
ئازاد داغ برای مەزڵوم داغ دەڵێت لەبەرئەوەى بڕیاری دەستگیرکردنى نەبووە ناڕەزایەتى نیشاندابوو. بەڵام ویستبوویان بەزۆر بیخەنە ناو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە. بەڵام داغ ناڕەزایەتیى نیشاندا بوو و رەتیکردبووەوە بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان.
ئازاد داغ لەو بارەیەوە بەمیدیاکانی نزیک لەهەدەپەی وتووە «هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنم بۆ دەرنەکرابوو، بەڵام هەر بەزۆر دەیانوت بڕیاری دەستگیرکردنت هەیە. پۆلیسێکى قژ سپی چەندجارێک بەتەلەفون قسەى کرد، بەڵام لەئەنجامدا دەرکەوت هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنم نەبوو».
وتیشیی «ئەوانەى ئەو کارانە دەکەن دەبێت ئاشکرابکرێن».
ئازاد داغ لەدژی ئەو هەوڵەی پۆلیس بۆ رفاندنی چوو بۆ لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لەئامەدو سکاڵاى تۆمار کردووە.
عوسمان کۆسە، کەگوایە کارمەندی کونسوڵخانەی تورکە لەهەولێرو لەگەڵ دوو کەسی تر کوژران، دوای ئەوە چەندین کەس دەستگیرکران، یەکێک لەوانە مەزڵوم داغە.
کۆسە پێشتر بەرپرسی دۆسیەی ئێران بووە لەدەزگای سیخوڕیی تورک (میت)داو دوای ئەوە لەمیت دا کراوە بە بەرپرسی دۆسیەی باشوری کوردستان.