ئیدلیب؛ ناوجەرگەی جەنگی سوریاو تورکیا

سوپاى ئه‌سه‌د شارۆچکه‌یه‌کى گرنگیان کۆنتڕۆڵ کردووه‌ته‌وه‌و شه‌ر به‌رده‌وامه‌و تورکیاش تانک و هێزێکى زۆرى سه‌ربازى ره‌وانه‌ کردوو

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: بی بی سی

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

پارێزگای ئیدلیب لەباکوری سوریا دوایین پێگەی بەهێزی هێزەکانی دژی بەشار ئەسەدە کە لەئێستادا لەژێر هێرشی ئاسمانی و زەمینی سوریاو روسیادان.

نزیکەی دوو مانگە هێزەکانی حکومەتی سوریا، بەپاڵپشتی روسیای هاوپەیمانی، لەبەرەوپێشچووندان بۆ گرتنەوەی تەواوی پاریزگاکە و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، سەربازانی سوری بەهاوکاری میلیشیاکانی ئێران و هێزی ئاسمانی روسیا چەندین شارۆچکەو گوند لەباکور-رۆژئاوای پارێزگاکەی گرتووە.

لەدوایین بەرەوپێشچووندا، سەربازانی حکومەتی سوری چەند بەشێکی زۆری شارۆچکەی ستراتیجی سەراقبیان گرت.

بۆ ماوەی دوو رۆژ یەکەکانی سوپای سوریا گەمارۆی شارۆچکەکەیاندا، چەندین تۆپباران لەلایەن سوپاو هێزەکانی تورکیاوە، کە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن، ئاڵوگۆڕ کران.

سەراقب دەکەوێتە نیوان یەکتربڕی رێگای خێرایی ئێم-٤ و ئێم-٥ کە شارەکانی ژیردەستی حکومەت لەوانە دیمەشق و حەلەب پێکەوە دەبەستێتەوە و بەناو ئەو ناوچانەدا دەڕوات کە لەژیر دەستی ئۆپۆزسیۆندان.

جگە لە سەراقب، حکومەتی سوریا دەستیگرتووە بەسەر شارۆچکەی خوەیر ئەلعیس، عەباد، تەل تەبەریز، هەروەها خوەیری.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەگرتووەکان، لەشکرکێشییەکەی سوریا بووەتەهۆی ئاوارەبوونی (500) هەزار خەڵکی سڤیل لەئیدلیب کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن .

ئاماژەش بەوەدراوە کە نزیکەی (280) هەزار سڤیل لەژیر مەترسی ئاوارەبووندان لەگەڵ ئەوەی بەرەوپیشچوونی سوریا نزیکدەبێتەوە لێیان.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەگرتووەکان باس لەوەدەکات ئەوانەی شەڕی گرتنەوەی ئیدلیب دەکەن گرنگی کەم دەدەن بەپاریزگاریکردنی خەڵکی سڤیل.

«بابەتێکی شۆکهێنەرە کەخەڵکی سڤیل بەردەوام زۆرترین پرشکی ململانێی سەرجەم لایەنەکانیان بەردەکەوێت. وادیارە زلهێزەکانی دەرەوە بۆ سوودی سیاسیی و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیی شەڕ دەکەن لەگەڵ ئەوەی پابەندی خۆیان بەپارێزگاریکردنی خەڵکی سڤیلەوە فەرامۆش کردووە».

نەتەوەیەگرتووەکان دەڵێت لەمانگی کانونی دووەمدا (186) سڤیل کوژراون و لەپێنج رۆژی سەرەتایی مانگی شوباتیشدا (40) سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

حکومەتی تورکیا، کەترسی لێشاوی پەنەبارانی هەیە بۆ وڵاتەکەی، داوای لە روسیا کردووە کۆتایی بهێنێت بە بەرەوپێشجوونی حکومەتی سوریا.

سوپای تورکیا هێزەکانی جوڵاندووە بۆ ئیدلیب بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنێکی هێورکردنەوەی دۆخەکە، رێککەوتنی ئەستانە لە ٢٠١٧، کە لەلایەن مۆسکۆو ئەنقەرەوە ئیمزاکراو چەندین جار سەرپێچی لێکراوە.

رێککەوتنەکە بەمەبەستی وەستاندنی هێرشی حکومەتی سوریا ئیمزاکرا بۆ سەر ئیدلیب.

لەساڵی ٢٠١٨شدا رێککەوتنێکی تر ئەنجامدرا، رێککەوتنی سۆچی، لەنێوان هەردوولادا بۆ دامەزراندنی (12) خاڵی چاودێری سوپای تورکیا بەدرێژایی باشوری رۆژهەڵاتی پاریزگای ئیدلیب.

تورکیا دەڵێت کەئێستا نۆ لەو خاڵە چاودێرییانە لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدراون و بەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ رۆیتەرز قسەی کردووە سێ خاڵی چاودێری تورکیا لەو ناوچانەدان کە لەژێر دەست حکومەتی سوریادایە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەپێنجشەممەی رابردوودا رایگەیاند تورکیا چوار خاڵی چاودێری نوێی لە رۆژهەڵاتی شاری ئیدلیب دروستکردووە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی حکومەتی تورکیا، تائیستا تورکیا (150) ئۆتۆمبیلی هاریکاری سەربازی لەچەک، تانک، ئۆتومبیلی زرێپۆش. هاریکاری لۆجیستی ناردووە بۆ بەهێزکردنەوەی خاڵە چاودێرییەکانی.

بەڵام روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەدات لەهەفتەی رابردووەوە نزیکەی (400) ئۆتۆمبیلی هاوکاری سەربازیی تورکی گەشتووەتە سوریا بۆ ئیدلیب.

لەوکاتەوەی کەساڵی ٢٠١٥ کەوتووەتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، ئیدلیب لەلایەن چەند گروپێکەوە کۆنترۆڵ کراوە نەک لەلایەن تەنها گروپێکەوە.

ئەو گروپە سەرەکییانەی لەوێدا چالاکییان هەیە حەیات تەحریر شام، بەرەی ئازادی نیشتمانی، هەروەها پارتی ئیسلامی تورکستانن.

حەیات تەحریر شام یەکێکە لە گروپە بەهێزەکان لە ئیدلیب کە زۆرترین ناوچەکانی پاریزگای ئیدلیبی بەدەستەوەیە لەوانە، ناوەندی پاریزگاکە و خاڵی سنوری بابلهەوا لەگەڵ تورکیا.

پێشتر گروپەکە ناوی بەرەی نوسرە بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠١٧ چووە نێو چەند گروپێکی تری جیهادی و حەیات تەحریر شامیان پێکهێنا.

هەرچەندە شیکەرەوانی سەربەخۆ خۆیان بەدووردەگرن لە خەمڵاندن، بەڵام چارلس لیستەر شیکەرەوە لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوای وایە کە حەیات تەحریر شام (١٥) هەزار شەڕکەری ئامادەی هەبێت جگە لە چەند هەزار کارمەندێکی سڤیل.

«لەدەرەوەی حەیات تەحریر شام، ئیدلیب جێگەی نزیکەی دەرزەنیک گروپی جیهادی ترە کە زۆربەیان دڵسۆزی گروپی قاعیدەن - رەنگە هەموویان پێکەوە فەرمادەیی حەوت هەزار و (٥٠٠) چەکدار بکەن»، لیستەر وای وت.

ئەمریکا ئەو ژمارەیەی بەزیاتر خەمڵاندووە و باس لەوە دەکات (٢٠ بۆ ٣٠) هەزار چەکداری میلیشیا هەبن لەئیدلیب لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە (٢٠) هەزار شەڕکەر هەن لە ئیدلیب کە پەیوەستن بە حەیات تەحریری شامەوە، کە زۆربەیان خەڵکی دەرەوەن.

فارس شەهابی پەرلەمانتاری حکومەتی سوریا بە بی بی سی راگەیاند کە نزیکەی (١٠٠) هەزار چەکداری حەیات تەحریر شام لەئیدلیب هەن.

هێزیکی دیاری تر بەرەی ئازادی نیشتمانییە، کە تورکیا پشتیوانی دەکات، لە ٢٠١٨ لەلایەن بەرەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دامەزرا.

ئەم هێزە هاوپەیمانیەتییەکی تورکیایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە گروپە توندڕەوەکانی وەک ئەحرار شامیان تێدایە لەگەڵ چەند گروپێکی تر کە لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سوریا دەجەنگن کە ژمارەیان دەگاتە (٨٠ بۆ ١٠٠) هەزار شەڕکەر.

پێشتر حەیات تەحریر شام و بەرەی ئازادی نیشتمانیی دژی یەکتر بوون و حەیات تەحریر شام زۆربەی ئەو ناوچانەی داگیرکرد کە بەدەست بەرەی ئازادی نیشتمانییەوە بوون. دواتر، لەسەروبەندی لەشکرکێشی حکومەتی سوریا بۆ سەر ئیدلیب لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩، هەردوو گروپ گەشتەن رێککەوتن و ئێستا هاوشانی یەکتر دژی هێرشی حوکمەتی سوریا دەجەنگن.

ئارۆن لەند، توێژەر لە رێکخراوی «سێنچری فاوندەیشن»ی ئەمریکی، دەڵێت کەبەرەی ئازادی نیشتمانی لەلایەن سەرکردایەتی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت لەگەڵ پارەو چەک و سەرچاوەی تورکیا.

«کەوتن یان سەرکەوتنی  بەرەی ئازادی نیشتمانی دەکەوێتەوە سەر دەستتیوەردانی تورکیا لەسوریا»، لەند وای وت.

هەروەها چەندین جیهادی بیانی هەیە لە ئیدلیب کە زۆربەیان شەڕ بۆ ئەو گروپانە دەکەن کە نزیکن لەقاعیدەوە.

پارتی ئیسلامی تورکستان گروپێکە کە پێکهاتووە لەشەڕکەری ئیغۆری. موسوڵمانانی ئیغۆری، کە کەمینەیەکن لە پاریزگای شینجیانگی چین، لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی سوریادا پێگەی خۆیان دروستکرد لەوڵاتەکەدا.

هەروەها گروپی تەوحید هەن کە زۆربەیان خەڵکی ئۆزبەکستانن و جگە لەدەستەی جیهادو ئیمام بوخاری.

«بڕوامان وایە کە نزیکەی (٣٠ بۆ ٤٠) هەزار شەڕکەری بیانی هەن کە زۆربەیان ئیغۆری، تاجیکی، ئۆزبەکی، تورک، هەروەها شەڕکەری (١٠٣) وڵاتی جیاوازی تر»، فارس شەهابی، پەرلەمانتاری حکومەتی سوریا وای وت.

بەڵام رافائێلۆ پانتوچی، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی بەریتانی «رۆیاڵ یونایتد سێرڤسز» بڕوایوایە ئەو ژمارەیە زۆر زۆرە.

«ئەوانە خۆیان و خیزانەکانیشیان رەنگە ژمارەیان نەگاتە چەند هەزارێک»، بانتوچی وای وت.

باوەڕوایە کەشەڕکەری بیانی تریش هەبن لە ئیدلیب، لەوانە چیچانی هەرچەندە ژمارەی ئەمان پێدەچێت کەمتر بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار