بەغدا داوای نیوەی داهاتی مەرزەکانی هەرێم دەکات
هەرێم مه‌رجه‌کانی به‌غدا جێبه‌جێ ناکات بۆ کردنه‌وه‌ی چوار ده‌روازه‌ی نوێ سەرەڕای ئەوەی ئێران له‌دیوی خۆیه‌وه چه‌ند بازاڕچهیەکی
5 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌ر فه‌تاح
حکومه‌تی عێراق دوو مه‌رجی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی دانبنێت به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی چوار ده‌روازه‌ى نافه‌رمی له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا. مهرجەکانیش بریتین لەەوەی 50%ی داهاته‌کانیان بۆ حکومه‌تی عێراق بێت و لێپرسراوی یه‌که‌م و هه‌یکه‌لی ئیداری ده‌روازه‌کان سه‌ر بهبەغدا بێت. بەڵام هەرێم رازیی نیە.
ئه‌و چوار ده‌روازه سنورییهش که‌وتوونه‌ته سنوری چه‌ند قه‌زایه‌ک له‌پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، حکومه‌تی ئێرانیش به‌نیازه له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ند ده‌روازه‌و بازاڕچه‌یه‌کی لاوه‌کی بکاته‌وه که‌ماوه‌ی زیاتر له‌دووساڵه داخراون.
ماوه‌ی سێ ساڵه حکومه‌تی هه‌رێم کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کات هه‌ریه‌که له‌ده‌روازه نافه‌رمیه‌کانی (پشته‌و ته‌وێڵه له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و کێلێ له‌سنوری قه‌ڵادزێ و سه‌یرانبه‌ن له‌سنورى پێنجوێن) بکاته ده‌روازه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆیان لێوه‌بکرێت له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، به‌ڵام تائێستا حکومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نه‌نواندووه.
سالار عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنورییه‌کان له‌باره‌ی دوایین هه‌نگاوه‌کانی به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی ئه‌و ده‌روازانه ئاماژه به‌وه ده‌کات حکومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌نگاوه هونه‌ری و ئیدارییه‌کان و ئه‌و فه‌رمانگه حکومییانه‌ی که‌پێویستن له‌و ده‌روازانه‌دا کردونیهتهوهو ته‌نها ئه‌وه ماوه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌فه‌رمی بڕیاری کردنه‌وه‌یان بدات.
نوێنه‌ره‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنورییه‌کان، به هاوڵاتى وت «حکومه‌تی عێراق و ده‌سته‌ی خاڵه سنورییه‌کان له‌ساڵی پاره‌وه دوو مه‌رجیان داناوه بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازانه، مه‌رجی یه‌که‌می ئه‌وه‌یه 50%ی کۆی داهاته‌کانی هه‌موو ده‌روازه‌کان له‌ئیبراهیم خه‌لیله‌وه تا په‌روێزخان بگه‌ڕێته‌وه بۆ حکومه‌تی عێراق و 50%شی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم بێت، مه‌رجی دووه‌میش ئه‌وه‌یه لێپرسراوی یه‌که‌م و هه‌یکه‌لی ئیداری هه‌موو ده‌روازه‌کان سه‌ر به ده‌سته‌ی خاڵه سنورییه‌کانی حکومه‌تی عێراق بێت، تائێستا ئه‌م دوومه‌رجه جێبه‌جێنه‌کراوه‌و هه‌نگاوه‌کان له‌قۆناغ و شوێنێکی دیاریکراودا وه‌ستاوه«.
له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا نوێنه‌ری چه‌ند وه‌زاره‌تێکی حکومه‌تی عێراق که‌پێکهاتبوون له‌وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆ‌و ته‌ندروستی و بازرگانی و دارایی و گواستنه‌وه‌و کشتوکاڵ و ده‌سته‌ی خاڵه سنوورییه‌کان، پێنج جار سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی و ده‌روازه‌کانی سه‌یرانبەن و پشته‌و کێلێ و ته‌وێڵه‌یان کردووه‌و راپۆرتیان له‌سه‌ر دوایین ئیشوکاره‌کان ئاماده‌کردووه‌و به‌رزیانکردووه‌ته‌وه بۆ حکومه‌تی عێراق تابڕیاری به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی ئه‌و ده‌روازانه بدات.
سالار عه‌بدوڵا، وتیشى «گفتوگۆ‌و سه‌ردانه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه، به‌ڵام به‌هۆی خۆپیشاندانه‌کان و ئه‌و بارودۆخه‌ى که به‌غدای تێکه‌وتووه هه‌نگاوی نوێ نه‌نراوه‌و چاوه‌ڕوانین بزانین بارودۆخه‌که به‌چی ده‌گات».
به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا حکومه‌تی عێراق ئه‌و ده‌روازه سنورییانه‌ی به‌فه‌رمی نه‌ناساندووه به‌نیمچه فه‌رمی داده‌نرێن و به‌شێوه‌یه‌کی سنوردار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێداده‌کرێت، به‌ڵام له‌کاتی بهنێودهوڵهتیکردنیاندا ده‌روازه‌یه‌کی نوێی بازرگانیه به‌ڕووی بازرگاناندا ده‌کرێته‌وه.
مه‌رزی پشته ده‌که‌وێته سنووری ناحیه‌ی به‌مۆ له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردوودا چه‌ند جارێک رێگاوبانی مه‌رزه‌که چاککراوه‌و تائێستا (14) فه‌رمانگه‌ی تایبه‌ت به‌خاڵه سنورییه‌کان له‌گوندی سه‌رته‌که‌وه له‌ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه بۆ مه‌رزی پشته له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه گوازراونه‌ته‌وه.
نزیکه‌ی دوو هه‌زار ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌مه‌رزی پشته کارده‌که‌ن و رۆژانه (150- 170) باری جۆربه‌جۆری که‌ره‌سته‌ی بیناسازی و ئامێره کاره‌باییه‌کان له‌ئێرانه‌وه هاورده ده‌کرێت و هیچ بارێک هه‌نارده ناکرێت، داهاتی رۆژانه‌ی مه‌رزه‌که‌ش له‌نێوان (50- 60) ملیۆن دیناردایه.
مه‌رزی سه‌یرانبه‌ن له‌سه‌ر رووبه‌ری ته‌نها حه‌وت دۆنم زه‌وی دروستکراوه‌و داواکراوه که رووبه‌ره‌که‌ی فراوانبکرێت بۆ (200) دۆنم و هه‌موو فه‌رمانگه‌کانیش بیناو که‌ره‌سته‌ی پێویستیان بۆ دابینبکرێت.
سه‌یرانبه‌ن ده‌که‌وێته باکوری قه‌زای پێنجوێن‌و (45) کیلۆمتر له‌ناوه‌ندی قه‌زاکه‌وه دووره له‌دوای مه‌رزی باشماخ ده‌بێته دووه‌م مه‌رز له‌سنوری پێنجوێندا، هاوسنووره له‌گه‌ڵ شاره‌کانی بانه‌و سهقزو سه‌رده‌شتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانداو ته‌نها (20) کیلۆمه‌تر له‌شاری بانه‌وه دووره.
ده‌روازه‌ی کێلێ ده‌که‌وێته سنورى قه‌ڵادزێوه له‌ئیداره‌ی راپه‌ڕین، هه‌ردوو شارۆچکه‌ی سه‌رده‌شت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و قه‌ڵادزێ له‌باشووری کوردستان پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، گرنگی ده‌روازه‌که‌ش له‌وه‌دایه که له‌سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێرو پارێزگای سلێمانییه‌وه نزیکه به‌به‌راورد به‌ده‌روازه سنوورییه‌کانی دیکه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان رۆژانه له‌و ده‌روازه‌یه‌وه (100) تا (150) ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌و مه‌رزه‌وه ده‌که‌ن.
له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌رین و هه‌ڵه‌بجه‌و پێنجوێن زیاتر له‌دوو ساڵه چه‌ند ده‌روازه‌یه‌کی نافه‌رمی له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، به‌هۆکاری نادیار له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌وه داخراون‌و سه‌دان هاوڵاتی بێکاربوون و بڕیاره جارێکی دیکه بکرێنه‌وه.
رۆژی هه‌ینی 7/2 به‌همه‌ن مورادنیا پارێزگاری سنه، به راگه‌یاندنه فه‌رمیه‌کانی ئێرانی راگه‌یاندوه «له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ند بازاڕچهو ده‌روازیه‌کی لاوه‌کی له‌سنوری شاره‌کانی مه‌ریوان و بانه‌و سه‌وڵاوای پارێزگای سنه، ده‌کرێنه‌وه ده‌بنه‌هۆی ره‌خساندنی هه‌لی کار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی کهبژێویی ژیانیان له‌سه‌ر کاری کۆڵبه‌رییه«.
سه‌باره‌ت بەبڕیاری کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازانه، سالار عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کاروباری ده‌روازه سنوریه‌کان وتی: «تائێستا به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و نافه‌رمی هیچ شتێکمان له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه لاوه‌کیانه پێنه‌گه‌یشتووه‌و ئێمه ئاگاداری ئه‌وه‌نین».
له‌کاتی به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی ئه‌و ده‌روازانه‌دا هۆکارێک ده‌بێت بۆ گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌و ناوچانه‌و ده‌بێته‌هۆی ره‌خساندنی هه‌لی کاری زیاتر‌و سه‌رچاوه‌یه‌کی نوێی داهات ده‌بێت بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و دانیشتووانی ناوچه‌که‌ش.