کلیلى پڕۆسه‌ى ئاشتى له‌تورکیا لاى ئۆجه‌لانه
عائیشه باشاران، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌سه‌ر فراکسیۆنى هه‌ده‌په بۆ هاوڵاتى:
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
په‌رله‌مانتارێکى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) ده‌ڵێت کلیلى پڕۆسه‌ى ئاشتى له‌تورکیا لاى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌و ده‌بێت کورد ده‌نگ به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان به‌رزبکاته‌وه.
عائیشه باشاران، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌فراکسیۆنى هه‌ده‌په له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه ده‌بێت کورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگ و هه‌ڵوێستى یه‌کبخات »ئێمه له‌باکور هه‌شت پارتى سیاسى هاتووینه‌ته باشور بۆ ئه‌وه‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر ئاستى رۆشنبیران و نووسه‌ران دروستبکرێت».
عائیشه باشاران ده‌شڵێت:» ده‌سه‌ڵاتدارانى داگیرکارى ده‌یانه‌وێت فشارى توند بخه‌نه‌سه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان، له‌لایه‌ک هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر رۆژئاواى کوردستان، ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت ده‌ستکه‌وته‌کانى رۆژئاواى کوردستان له‌ناوبه‌رێت، له‌لایه‌کى تر له‌کاتى ریفراندۆمدا گه‌مارۆیان خسته‌سه‌ر باشورى کوردستان».
هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌ش ده‌کات له‌باکورى کوردستان سیاسه‌تمه‌دارانى کورد ده‌خرێنه زیندانه‌وه، «بەهه‌موو جۆرێک کوردان ده‌کوژرێن و ده‌ستگیرده‌کرێن، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ له‌سه‌ر گه‌لى ئێمه له‌باکور هه‌یه، له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان رۆژانه کورد له‌سێداره ده‌ده‌ن، واته ئێستا له‌چوار پارچه‌ى کوردستان فشار‌و زه‌ختى زۆر هه‌یه«.
هاوڵاتى: له‌م کۆنفڕانسه‌دا یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتووى رۆشنبیرانت بۆ ده‌رکه‌وت؟
عائیشه باشاران: ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا ئێمه خه‌باتێکمان ده‌ستپێکرد بۆ دروستکردنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌بوو و ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردنیش نه‌بوو، به‌ڵکو بۆ دروستکردنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆ دانانى ستراتیژییه‌کى نه‌ته‌وه‌یی، له‌کاتێکدا که سه‌د ساڵ به‌سه‌ر په‌یمانى لۆزاندا تێپه‌ڕده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى داگیرکارى ده‌یانه‌وێت فشارى توند بخه‌نه‌سه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان، له‌لایه‌ک هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر رۆژئاواى کوردستان ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت ده‌ستکه‌وته‌کانى رۆژئاواى کوردستان له‌ناوبه‌رێت، له‌لایه‌کى تر له‌کاتى ریفراندۆمدا گه‌مارۆیان خسته‌سه‌ر باشورى کوردستان، له‌باکورى کوردستان سیاسه‌تمه‌دارانى کورد ده‌خرێنه زیندانه‌وه، بەهه‌موو جۆرێک کوردان ده‌کوژرێن و ده‌ستگیرده‌کرێن، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ له‌سه‌ر گه‌لى ئێمه له‌باکور هه‌یه، له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان رۆژانه کورد له‌سێداره ده‌ده‌ن، واته ئێستا له‌چوار پارچه‌ى کوردستان فشار‌و زه‌ختى زۆر هه‌یه، هێرشه‌کان به‌رامبه‌ر گه‌لى ئێمه له‌هه‌موو کوردستان دژوارن، ئێستا کورد به‌خه‌بات و ناسنامه‌ى خۆى له‌هه‌موو جیهان ناوى ده‌رکردووه، بۆیه ئێمه وه‌ک باکورى کوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه ده‌ستمانکردوه به نزیکبوونه‌وه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یی بۆ رێککه‌وتنێکى نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ش ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ سێ پارچه‌که‌ى دیکه‌ى کوردستان، پێویسته هه‌ر پارهچهیهکى کوردستان به‌پێى تایبه‌تمه‌ندى و دۆخى خۆى له‌یه‌کتر نزیکببنه‌وه‌و رێکه‌وتن بکه‌ن، ده‌ست به‌خه‌باتێکى نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ن، ئێمه وه‌ک ئه‌و شانده‌ى ده‌ستمان به‌و تێکۆشانه کردووه هه‌شت پارتى سیاسى کوردى تێدایه، نه‌ک ته‌نیا پارتى سیاسى، به‌ڵکو رۆشنبیر‌و شاعیر‌و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسى تێدایه‌و ده‌ستى کردووه به‌و خه‌بات و تێکۆشانه نه‌ک ته‌نیا له‌باکورى کوردستان، به‌ڵکو له‌هه‌موو پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان.
هاوڵاتى: بۆچى ته‌نها باکوورى کوردستان؟
عائیشه باشاران: ئێمه ئێستا ئه‌و خه‌باته له‌باکورى کوردستان ده‌که‌ین، له‌داهاتوودا ده‌توانرێت ببێته بنه‌مایه‌ک یان پایه‌یه‌ک بۆ سێ پارچه‌که‌ى تر‌ى کوردستان، چونکه ئێستا باکور کراوه‌ته ئامانج بۆ ئه‌وه‌ى پارتى ئازاد نه‌بێت، تاکى ئازا‌و سیاسى ئازاد‌و ژنى ئازاد نه‌بێت، ئێمه ده‌خوازین ئه‌مه ببێته بنه‌مایه‌ک بۆ پارچه‌کانى دیکه‌ش هاتووین بۆ باشور تا ئه‌وه لێره‌ش دروستبکه‌ین، پێویسته له‌باشوریش که‌ئه‌م رێککه‌وتنه نه‌ته‌وه‌ییه نییه، هه‌بێت تاستراتیژیهکى نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت.
هاوڵاتى: له‌ئێستادا دۆخى هه‌ده‌په چۆنه‌و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات به‌رامبه‌ر ئه‌ندام و سه‌رکرده‌کانى ئێوه گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێک؟
عائیشه باشاران: ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات دوژمنایه‌تیه به‌رامبه‌ر به‌کورد، ئێستا سیاسى کورد‌و چالاکوانانان و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران، ژنان و گه‌نجان له‌زیندانه‌کانى تورکیادان، ئه‌وان ئێستا دوژمنایه‌تى گه‌لى کورد ده‌که‌ن، نه‌ک ته‌نیا دوژمنایه‌تى کوردى باکور، به‌ڵکو دوژمنایه‌تى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌که‌ن، له‌هه‌ر جێیه‌ک کورد هه‌بێت ئه‌وان دوژمنایه‌تى ده‌که‌ن، ئه‌مه ته‌نیا گروپێکى سیاسى و که‌سایه‌تیه‌ک نیه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌تى تورک و ئه‌ردۆغان دژى هه‌موو گه‌لى کوردن، له‌سه‌ر دوژمنایه‌تى کورد سیاسه‌ت ده‌که‌ن و حسابى خۆیان ده‌که‌ن، ئه‌مه له‌کاتى ریفراندۆمه‌که‌ى باشورى کوردستاندا زیاتر ده‌رکه‌وت، ئه‌ردۆغان وتى گه‌لى باشور برسی ده‌که‌م، ئه‌وه دوژمنایه‌تى نیشانده‌دات، ده‌یه‌وێت کورد بێ ماف و بێ شوێن و بێده‌سه‌ڵات بن، له‌باکورى کوردستان ئێوه ده‌بینن شاره‌وانیه‌کان داگیرده‌که‌ن و سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان زیندانى ده‌که‌ن، په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌گرن و ده‌یانخه‌نه زیندانه‌وه، ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت ناهێڵن کورد له‌هیچ کوێیه‌کى دونیا خاوەن ماف بن، له‌هه‌ر شوێنێک کوردیک بڵێت من مافم هه‌یه‌و ده‌مه‌وێت بژیم، ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت من ناهێڵم تۆ بژی و مافت هه‌بێت، بۆیه ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ى دژى کوردان سیاسه‌ت ده‌کات.
هاوڵاتى: چه‌ند پهرلهمانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى ئێستا له‌زیندانه‌کانى تورکیادان؟
عائیشه باشاران: پێشتر پانزه په‌رله‌مانتارى ئێمه ده‌ستگیرکرابوون، به‌ڵام دواتر هه‌ندێکیان ئازادکران، ئێستا هه‌شت په‌رله‌مانتار له‌زیندان ماون، له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 21ى ئادارى رابردوو (28) سه‌رۆک شاره‌وانى ده‌ستگیرکراون، یه‌کێکیش له‌وانه سه‌رۆک شاره‌وانى گه‌وره‌ى ئامه‌ده سه‌لجوق میرزاکلییهو (32) شاره‌وانیش داگیرکراون و قه‌یوم له‌شوێنیان دانراوه، ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت نابێت کوردان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، کاتێک که قه‌یومه‌کان ده‌ستبه‌کاربوون ده‌چن ئەو کوردانه ده‌گرن و ده‌یانخه‌نه زیندانه‌وه، ئه‌و قه‌یومانه خزمه‌تى خه‌ڵک ناکه‌ن، به‌ڵکو دژایه‌تى کردنى گه‌لى ئێمه‌یه، کلتورو مێژووى کورد لاده‌ده‌ن و کلتورى تورک ده‌سه‌پێنن، ناوى که‌سانى وه‌ک ئه‌حمه‌دى خانى و یه‌ڵماس گۆنای و ئه‌حمه‌د کایا لادهبەن و چالاکوانانى ژن ده‌گرن، نایانه‌وێت ژن کاربکه‌ن و سیاسه‌ت بکه‌ن، ئه‌مه دژایه‌تیکردنى گه‌لى کورده، من که په‌رله‌مانتارم ناتوانم بهکوردى قسه بکه‌م، بشتوانم رێگه‌مان نه‌دراوه بهکوردى بنووسین، ئێمه به‌هه‌زاران ساڵه له‌و خاکه‌دا به‌یه‌که‌وه ده‌ژین، گه‌لى ئێمه زۆرتره له‌وان، که‌چى رێگه به‌زمانمان نادرێت و دان به‌بوونى ئێمه‌دا نانێن، زمانى کوردى له‌خوێندنى په‌روه‌رده‌دا به‌کارناهێنرێت و رێگه‌ى پێناده‌ن.
هاوڵاتى: ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په کردى بۆ سه‌رۆک شاره‌وانى ئه‌سته‌نبوڵ چ سودێکى بۆ کورد هه‌بوو، ئه‌مه تاکتیک بوو یاستراتیژى بوو؟
عائیشه باشاران: تاکتیک بوو، ئێمه بڕیارێکماندا که وتمان ده‌بێت کوردستان سه‌رکه‌وێت و له‌تورکیاشدا ده‌سه‌ڵاتداران شکست بهێنن، ئه‌م هه‌نگاوى ئێمه تاکتیک بوو، وتمان له‌به‌رامبه‌ر فاشیزمدا به‌ره‌ى دیموکراسى به‌هێز بکه‌ین و ته‌نیا دیموکراسى ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به رێگای سێیه‌مه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا کێ به‌رامبه‌ر فاشیزم و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه ئێمه پشتگیرى ئه‌و ده‌که‌ین، به‌لاى ئێمه‌وه پشتیوانیکردن له‌جه‌هه‌په تاکتیک بوو نه‌ک ستراتیژى، ئێمه پشتیوانیمان له‌جه‌هه‌په نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان وه‌ستاینه‌وه.
ئه‌مه بۆ ئه‌وه نه‌بوو که‌سێک قازانج بکات یان هاوڕێیانى ئێمه شاره‌وانى به‌ده‌ستبهێنن، به‌لامانه‌وه گرنگ بوو ئه‌و سیسته‌مى فاشیسته تێکبده‌ین، هه‌موومان بینیمان تێکیشچوو، واته جاری یه‌که‌مینه دواى (17) ساڵ ئه‌ردۆغان شکستى هێناو ئه‌سته‌نبوڵى له‌ده‌ستدا، گه‌لى تورکیا ئه‌وه‌ى بۆ ده‌رکه‌وت که به‌یه‌کێتى ده‌توانین سیسته‌م تێکبدرێت، له‌داهاتووشدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رووبه‌ڕووى لاوازى و فشار ده‌چێت.
هاوڵاتى: له‌ڕووى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مان په‌یوه‌ندى هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په باشتره به‌راورد به‌لایه‌نه‌کانى تر؟
عائیشه باشاران: ئێمه هه‌ڵسه‌نگاندنى باش و خراپ بۆ ئه‌مه ناکه‌ین، به‌ڵکو ئێمه سیاسه‌ت ده‌که‌ین، سیاسه‌تی ئێمه به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په‌و هه‌ر لایه‌نێکى تر تاکتیکه.
هاوڵاتى: هه‌ڵوێستى جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر پرسى کورد چۆنه؟
عائیشه باشاران: جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و پرسى ئه‌وانیش باکورى کوردستان نییه، ئه‌وانیش ئه‌وه ده‌زانن ئه‌گه‌ر فشار له‌سه‌ر هه‌ده‌په توندتر بێته‌وه‌و گۆشه‌گیر بکرێت ئه‌ردۆغان گه‌وره‌تر ده‌بێت، فاشیزم و ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌تر ده‌بێت، بۆیه ناچارن ئه‌وانیش به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌نگ به‌رزبکه‌نه‌وه.
هاوڵاتى: ئه‌وه‌نده‌ى تۆ زانیاریت هه‌بێت چه‌ند هاوڵاتى کورد ئێستا له‌زیندانه‌کاندان؟
عائیشه باشاران: تائێستا نزیکه‌ى حه‌وت هه‌زار کورد له‌زیندانن، ئه‌و ژماره‌یه گۆڕانکارى به‌سه‌ردا دێت، رۆژانه خه‌ڵک ده‌گیرێت و ئازاد ده‌کرێن.
هاوڵاتى: دۆسیه‌ى ئازادکردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌زیندان چۆنه‌و چیتان کردووه بۆ ئازادکردنى؟
عائیشه باشاران: ئه‌مڕۆ ئه‌و زوڵم و زۆرییهى به‌رامبه‌ر کورد‌و هه‌ده‌په، مه‌سه‌له هه‌ده‌په‌و حزبێک نییه، مه‌سه‌له دژایه‌تیکردنى گه‌لى کورده، به‌رامبه‌ر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و هه‌موو ئه‌و دژایه‌تییه‌ى به‌رامبه‌ر کورد ده‌کرێت، پێویسته هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌ک گه‌لى کورد له‌چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌نگى خۆمان یه‌کخست و ده‌نگى نه‌ته‌وه‌ییمان به‌رزکرده‌وه ده‌توانین هه‌موو زیندانیه‌کانیش ئازاد بکه‌ین، ده‌توانین رووبه‌ڕووى هه‌موو زۆردارى و فاشیستێک ببینه‌وه.
هاوڵاتى: ئێستا وه‌ک ئاگادارن ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ حزبى دروستکردوه و بڕیاره عه‌لى باباجانیش حزب دروستبکات، ئه‌مه تاچه‌ند شکست به ئه‌که‌په‌و ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت؟
عائیشه باشاران: سیاسه‌تى ئه‌که‌په له‌ناوخۆیدا وایکرد که‌ئه‌و حزبه ببێت به سێ پارچه‌وه، له‌پاشه‌ڕۆژدا ده‌شبێت به (33) پارچه‌وه، چونکه مه‌سه‌له‌ى ئه‌وان ئایدۆلۆژى نییه، به‌رژه‌وه‌ندییه، ئه‌وه‌ش واده‌کات ئه‌که‌په زیاتر به‌ره‌و پارچه‌بوون بچێت.
هاوڵاتی: پێتانوایه پرۆسه‌ى ئاشتى له‌تورکیا ده‌ستپێبکاته‌وه یان ده‌بێت تورکیا‌و په‌که‌که رێکبکه‌ون ئینجا ئاشتى دروستده‌بێت؟
عائیشه باشاران: ئێمه هه‌میشه خه‌بات بۆ ئاشتى ده‌که‌ین، لاى ئێمه لهئاشتى پیرۆزتر هیچ شتێکی تر نییه، شه‌ڕ ئاشتى له‌ناوده‌بات، پێویسته شه‌ڕ رابگیرێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پرۆسه‌ى ئاشتى گرێدراوه به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه، واته ئۆجه‌لان شه‌ڕ کۆتایی پێدێنێت نه‌ک له‌باکورى کوردستان، به‌ڵکو له رۆژئاواى کوردستانیش، چاره‌سه‌ری رۆژئاواش لاى به‌ڕێز ئۆجه‌لانه، رێگاى ئاشتى لهئیمیراڵی لای ئۆجه‌لانه‌و پێویسته گفتوگۆى له‌گه‌ڵ بکرێت، پرسى کورد پرسێکى مێژووییه، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌گفتوگۆو رێکه‌وتن هه‌یه، گه‌ڕانه‌وه بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى که له‌ساڵى 2013دا پێکهات ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری و ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له‌ڕێى ئمیراڵییه‌وه ده‌بێت، بۆیه ئه‌دره‌سى ئاشتى دیاره کهئمیراڵی و به‌رێز ئۆجه‌لانه.