مایکڵ روبن: پێویستە ئەمریکا چاو لەبەلجیکا بکاتو کۆتایی بەناساندنی پەکەکە بهێنێت وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی
«لابردنی پەکەکە لەلیستی تیرۆردا ئەو کێشە دیبلۆماسییانە چارەسەردەکات کەپەیوەندی ئەمریکای بەگروپە کوردییە سورییەکانەوە کەمکردووەتەوە»
5 ساڵ لەمەوپێش
وتاری: مایکڵ روبن لەگۆڤاری واشنتن ئێکزامینەر
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
دەیەیەک لەمەوبەر، حکومەتی تورکیا داوای لەبەلجیکا، فەرەنسا، هەروەها ئیتاڵیا کرد کۆمەڵێک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد دەستگیربکەن لەسەر تۆمەتی ئەوەی کەئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون. وڵاتە ئەوروپییەکان داواکەیان جێبەجێکرد بەدەستبەسەرکردنی (40) کورد. لەوکاتەدا بەرپرسانی تورکی ئاهەنگیان گێڕا. «ئێمە زۆر دڵخۆشین چونکە بەلجیکا هەستا بە ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتی خۆی»، ئەحمەد داودئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەوکات ئەمەی وت و ئەوەشی خستەڕوو کە دەستبەسەرکردنەکان «پەیامێکی روونن بۆ ئەوانەی کەدابینکەری سەرچاوەن بۆ کردەی تیرۆر».
پێچەوانەی پێشبینییەکان، خۆشییەکەی حکومەتی تورکیا پێی نەگرت و سەرکەوتنەکەیشی باجێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا. لەتورکیا بەشێوەیەکی تووند حکومەت کۆنتڕۆڵی دادگاکان دەکات؛ سەربەخۆیی دادوەری زیاتر تیۆرییە وەک لەوەی راستەقینە بێت. ئەمە بەتایبەتی زەقترە لە رژێمی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، کەتێیدا هەردوو لایەنی تۆمەتبارکراوو داوەران دەزانن کە رووبەڕووی تۆمەت و زیندانی دەبنەوە ئەگەر کەیسی ورد بخەنەڕوو یان پاڵپشتی پارێزگاری بکەن. بەمانەیەکی تر، لە تورکیادا تاوان گوێزەرەوەیە (وەک پەتا) بۆ هەر کەسێک کەدژی ئەردۆغان، کوڕەکەی یان زاواکەی بوەستێتەوە.
بەڵام، لەدەرەوەی تورکیا دادگاکان ئامادەن بەبێلایەنی تەماشای بەڵگەکان بکەن. زۆرجار، ئەمە سەردەکێشێت بۆ شکستی گەورە بۆ حکومەتی تورکی. بۆ نمونە، لە ٢٠٠٥دا دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتگیری لەقەدەغەکردنی لەچک کرد لە تورکیا کەئەردۆغان زۆر بەتووندی دژی بوو. بەڵگەکانی تورکیا دژی فەتحوڵا گولەنی جودابیر، کە ئێستا لەئەمریکایە، بەتۆمەتی ئەوەی هەوڵی کودەتاکردنی داوە بەسەر حکومەتدا، لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە بە ناقایلکەر لەقەڵەمدران.
ئێستا رژێمی ئەردۆغان سێ بەهیچ دۆڕاوە. لایەنی تۆمەتباری کورد لەبەلجیکا رووبەڕووی ئەوە وەستانەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی بێت. لە ٨ی مارسی ٢٠١٩دا، دادگای پێداچوونەوەی برۆکسل کەیسی (41) کەسی داخست کەتۆمەتبار کرابوون بەسەرکردە یان ئەندام لەچالاکی رێکخراوێکی تیرۆرستیدا. بەشێوەیەکی وردتر، دادگاکە ئەوەی یەکلایی کردەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو «پارتێکە لە ململانێیەکی چەکداری نانێودەوڵەتیدا». لەبەرئەمە، دادگاکە گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کەپێویستە بەلجیکا یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات لەکەیسەکەدا نەک یاساکانی دژەتیرۆر.
داواکاری گشتی بەلجیکا تانەی لەم دەرئەنجامەدا، بەڵام لە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، دادگایی پووچەڵکردنەوە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی پەسەندکرد. دوای ئەمە هیچ تانەیەک نییە. لەمەودوا، بەلجیکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا ناکات، بڕیارێک کەهەرگیز رووینەدەدا ئەگەر تورکیا هەوڵی فراوانکردنی سیستەمی زۆرداری (ئەسۆریتاریانیزم)ی خۆی نەدایە لەدەرەوەی سنوری وڵاتەکەی.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە پەکەکە لەدەرەوەی رەخنەکان بێت. سەرەتای پەیدابوونی خوێناوی بوو، هەروەها زۆر خەڵکی بێتاوان، کوردو تورک، گیرۆدەی شەڕەکەی بوون. عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەرەکەی، کە ئێستا لەزیندانی تورکیادایە لەساڵەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠کاندا سیستەمی مارکسیزمی پەیڕەودەکرد هەرچەندە لەوکاتەوە بزووتنەوەکە پەرەیسەندووە. هەندێک لقی پەکەکە، وەک هەڵۆکانی ئازادی کوردستان (تاک)، هێشتا بەشدارن لەکردەی تیرۆریستیدا، هەرچەندە هەندێک گروپی تر کە لەپەکەکەوە پەرەیانسەندووە (بۆ نمونە پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا، پەیەدە) ئەو جۆرە تاکتیکانە پەیڕەو ناکات و لەڕاستیدا تۆمارێکی زۆر باشتری هەیە لەسوپای تورکیا کاتێک دێتەسەر بابەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و گرنگیدان بەماف و ئاسایشی مەدەنی.
لەگەڵ ئەوەی بەلجیکا ئاراستەیەکی نوێی وەرگرت لەتەماشاکردنی پەکەکەدا، رەنگە ئێستا کاتی ئەوەبێت ئەمریکا بەو بەڵگەیەدا بچێتەوە کە بووەهۆی ئەوەی پەکەکە وەک تیرۆریست بناسێنێت لەیاسای ئەمریکیدا. ئێستا روونە کە بەڵگەی تورکیا جێی متمانە نییەو زۆرجاریش هەڵبەستراوە. جگەلەمەش، دۆخی ئەوکاتی ناساندنی پەکەکە وەک تیرۆریست لە ١٩٩٧دا - سیازدە ساڵ دوای ئەوەی یاخییووبی دەستیپێکردو وادەردەکەوێت کەکات بۆدانراو بوو وەک شیرینییەک بۆ فرۆشتنی چەک لەلایەن ئیدارەی کلینتۆنەوە بەتورکیا - ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم ناساندنە زیاتر دیبلۆماسی بووە وەک لەوەی بابەتی بێت.
لابردنی پەکەکە لەلیستی تیرۆردا مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەمریکا باوەش بۆ گروپەکە بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی تورکیا هاوکاری نزیکەکانی قاعیدە دەکات لەسوریاو پەیوەندی ئاڵۆزی ئەنقەرە لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامی تادێت روونتر دەبێت، لابردنی پەکەکە لەلیستی تیرۆردا ئەو کێشە دیبلۆماسییانە چارەسەر دەکات کەپەیوەندی ئەمریکای بەگروپە کوردییە سورییەکانەوە کەمکردووەتەوە. هەروەها ئەو کێشە پەرەسەندووەش چارەسەردەکات کە رێگەدانە بە دیبلۆماسییەت تا ژینگەی ناساندنی تیرۆری پیس بکات، دیاردەیەک کە چوارچێوەی یاسایی سەرزەنشتکردن (ستیگما) نادات بەگروپە تیرۆریستییە راستەقینەکان. هەروەها رەنگە پرۆسەی ئاشتی و پێکهاتنەوە وەگەڕبخاتەوە لەناو تورکیادا بەئاماژەکردن بۆ ئەنقەرە کەقەبارەو ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆدا مانای ئەوەی نییە دەبێت جیهانی دەرەوە یاسا ناماقوڵ و نەژادپەرستییەکانی قبوڵ بکات یان گروپە ئاشتیخوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەنانەت یاخیبووەکان وەک تیرۆریست لەقەڵەم بدات. لەواشنتن و بەتایبەتی لەوەزارەتی دەرەوەدا، پێویستە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەسەر بەرژەوەندییەکانی تورکیادا زاڵ ببێت.