کورد چۆن دەتوانێت سوود لەقەیرانی ئیدلیب وەربگرێت؟
5 ساڵ لەمەوپێش
وتاری: فەهیم تەشتکین
لەوێبسایتی ئەلمۆنیتەر
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەسەروبەندی قوڵبوونەوەی گرژییەکانی تورکیا-روسیا لەئیدلیب و پێگەیەکی بەهێزتری ئێران لەهەرێمەکەدا، دەوترێت کوردەکان بەبێدەنگی خەریکی لێکدانەوەی بژاردەکانیانن لەحاڵەتی پەرەسەندنی ململانێی ئیدلیبداو ئەگەری شەڕکردنیش هاوشانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەدوور نازانن.
مانگی رابردوو تورکیا بەهێمنی دەرکەوت کاتێک سوپای سوریا بەرەو مەرعەت نوعمان بەڕێکەوت، لەشکرکێشییەک کەپێچەوانەی چەندین پەیوەندی پشت پەردەی نێوان دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی سەربازیی و هەواڵگری روویدا لەمۆسکۆ. زیاد لەمەش، بەرپرسانی تورکی بەفەرماندەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان راگەیاندبوو کەدەبێت بەجۆڕێک رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥ بکرێنەوە لەگەڵ ئەوەی وردەکاری گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسیا بۆ باسکردن لەچەند کۆبوونەوەیەکدا لەشارەکانی غازی عەنتاب و رەیحانلی سەر سنوری تورکیا لە ١٥ی کانونی دووەم.
هەرچەندە کاتێک سوپای سوریا هەنگاوی بەرەو قۆناغی داهاتوی ئامانجەکەی نا، کە سەراقبە، لەکۆتایی کانونی دووەم، دەرکەوت کەتورکیا هەوڵی جەنگی زەمینی دەدات بۆ رێگەگرتن لەکەوتنی شارۆچکەکە کەدەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی رێگای خێرایی ئێم-٥ و ئێم-٤. تورکیا بەناردنی هێز دەستیپێکرد بۆ ئیدلیب، هەنگاوێک کە دوای سەردانی تۆد وۆڵتەرز، فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لەئەوروپا هات لە ٣٠ی کانونی دووەم بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی سوریا، لەگەڵ ئەوەی تۆپبارانی حکومەتی سوریا هەشت تورکی کوشت لەسەربازو مەدەنی لە ٣ی شوبات لەنزیک سەراقب. لەکاتێکدا ئەنقەرە داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ هێڵی ئاگربەست لەپشت ١٢ خاڵە چاودێرییەکەیەوە لەپارێزگای ئیدلیب، هێزەکانی سوریا لەماوەی هەفتەیەکدا کۆنتڕۆڵی (١٠٠) شوێنیان کردەوە بەبێ گوێدان بەهەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ نێو سوریا. بەوپێیەی هێزەکانی تورکیا رێگای رۆژهەڵاتیان بڕی، کەوانێکیان کێشا لە باشورەوە بۆ رۆژئاوا تا بەخێرایی سەراقب بگرنەوە. لەئەنجامی ئەمەدا، حەوت بنکەی سەربازی تورکیا، لەناویشیاندا سێ خاڵی چاودێری تازە دامەزرێنراو گەمارۆدران.
تورکیا بەردەوامە لەناردنی چەک و هێز بۆ ئیدلیب بەتێپەڕبوونی سەدەها ئۆتومبیلی بارهەڵگر بەسنورەکەیدا بۆ نێو سوریا. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوەیەکی تریان سازکردووە لەگەڵ (٤٠) فەرماندەی ئۆپۆزسیۆن لە رەیحانلی، کە پێیانوتوون دانوستانەکان لەگەڵ روسیا شکستیخواردووەو دەبێت ئۆپۆزسیۆن «خۆی ئامادە بکات بۆ خراپترین» دۆخ. سەرچاوەیەک کەئامادەی کۆبوونەوەکە بووە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە ئۆپۆزسیۆن شاری ئیدلیب بە «هێڵی سوور» دەبینێت.
هەموو ئەم پەرەسەندنانە لەباکوری رۆژئاوا کاردانەوەی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات، کە لەوێ کوردانی سوریا بەبێدەنگی ئامادەکاری دەکەن بۆ سینارۆ شیاوەکان. لەسەروبەندی پەرەسەندنەکان لەئیدلیب، سوپای نیشتمانی سوریای پاڵپشت بەتورکیا چەندین هێرشی ئەنجامداوە لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی، بەڵام شکستیهێناوە لە دروستکردنی بەرەنگارییەکی جددی بۆ کوردەکان. لەهەمانکاتدا، کوردەکان بەوردی بیر لەوە دەکەنەوە چۆن سوود لەو لەنگەرە پەرەسەندووە وەربگرن لەحاڵەتی روودانی ناکۆکییەکی فراوانتری روسیا-تورکیا.
دەنگی دەهۆڵی شەڕی تورکیا لەسەر ئیدلیب وای لەکوردەکان کردووە رەچاوی بژاردەی هاوکاریکردنی سوپای سوریا بکەن لەلەشکرکێشییەکانی کۆتاییدا بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای فورات. تیشکی سەرەکی کوردەکان هەرێمی عەفرینە کەتورکیا لەمارسی ٢٠١٨ داگیریکرد وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ بەربەست دانان بۆ خۆبەڕێوبەری کورد لەسوریا بەپاساوی ئەوەی لەلایەن نزیکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی کوردی کە لەلایەن ئەلمۆنیتەرەوە پەیوەندیان پێوە کراوە، دەکرێت سۆزو هەڵسەنگاندنەکانی کوردەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:
•کوردەکان وانەیەکی باش فێربوون لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کە تێیدا تورکیا پێگەی خۆی قایم کرد لە رۆژهەڵاتی فوراتدا. کوردەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە متمانەکردنی زۆر بە ئەمریکا هەڵەیەو نابێت روسیا فەرامۆش بکەن، هەروەها رێککەوتن تەنها لەڕێی دانوستانەوە لەگەڵ دیمەشق سەردەگرێت.
•بەوپێیەی هێزەکانی ئەمریکا تیشکیان خستووەتەسەر کێڵگە نەوتییەکانی رمێڵان، حەسەکە، هەروەها دێرەزوور لەباکوری رۆژئاوا، بیرۆکەی کردنەوەی بۆشایی زیاتر بۆ روسیا بەبێ ئەوەی زیان بگات بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. تەنانەت گفتوگۆ هەیە لەسەر پێشکەشکردنی بنکەیەکی نوێ بە روسیا کەپێشتر دەستیگرتووە بەسەر چەندین بنکەی سەربازی چۆڵکراوی ئەمریکا ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی مۆسکۆ تا فشار بخاتەسەر دیمەشق لەبەرژەوەندی کوردەکان بجوڵێتەوە.
•رەنگە کوردەکان دەروازەیەکی نوێیان بۆ بکرێتەوە تا بەوردی هەنگاو بنێن ئەگەر پەرەسەندنی بەردەوامی ئیدلیب سەربکێشێت بۆ کۆتاییهاتن بەهاوبەشی روسیا-تورکیا. کوردانی سوریا ئەگەری پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەدوور نازانن بۆ هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەگەر پێکدادانەکان لە ئیدلیب گەشەبستێنێت بۆ جەنگ لەنێوان سوپای سوریا و تورکیا. لە رووداوێکی وەهادا، رەنگە بەرەی نوێ بکرێتەوە لە تەل رەفعەت و مەنبج دژی سێگۆشەی داگیرکراوی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی تورکیا لەنێوان عەزاز، جەرابولس، هەروەها ئەلباب، سەرەڕای ئەگەری هەنگاوی سەربازی بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات کەسوپای تورکیا و سوپای نیشتمانی سوریای لێیە (مەبەست ئەو ناوچانەیە تورکیا لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی داگیریکرد).
•هەرچەندە هەموو ئەو ئەگەرانە دەکەوێتەوە سەر دانوستانی تەواوی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە، بنیادنانی ئەو دیالۆگەی کە روسیا دەستپێشخەری تێداکرد لەنێوان هەردوولادا دوای ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی تورکیا کە بووەهۆی گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ هەندێک ناوچەی دیاریکراوی سنوری تورکیا. ئەگەر مەترسی جەنگ لە ئیدلیب بەرجەستە نەبێت و سوپای سوریا بگاتە عەفرین، رەنگە کوردەکان لەو خاڵەشدا هەر بەشداری بکەن لەکەمپینەکەدا. لە ئێستادا، روسیا بەشێوەیەکی تاکتیکی ئاسانکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کوردەکان دژی ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بەتورکیا کەکۆنترۆڵی عەفرینیان کردووە.
ئەگەر پەرەسەندنەکان لێکەوتەی گرژی گەورەی لێبکەوێتەوە لەگەڵ تورکیا، رەنگە روسیا کۆتایی بەستراتیجییەتی خۆی بهێنت لە رێدانی تورکیا کە بەسەلامەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات لەوانە «چاوپۆشین»ی سیستەمە بەرگرییەکانی لەئاست چالاکی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رێگەگرتن لەڕووبەرووبوونەوەی نێوان سوپای تورکیاو سوریا، هەروەها گرتنی جڵەوی میلیشیاکانی سەر بەحکومەتی سوریاو کەمکردنەوەی مەترسی وەڵامدانەوەیان. کۆتای پێهێنانی ئەم جۆرە میکانیزمانە، کە کاری خۆیان کردووە بەهۆی ناوەندە هاوبەشەکانی هەماهەنگییەوە، رەنگە سەربکێشێت بۆ پەرەسەندن لەو شوێنانەی تر کەسوپای تورکیایی لێیە.
بەڵام ئەگەر تورکیاو روسیا لەسەر ئاگربەستێکی نوێ رێکبکەون دوای کردنەوەی رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥، رەنگە مۆسکۆ بگەرێتەوە بۆ ستراتیجی گرنگیدان بە نیگەرانییەکانی تورکیا لەسەر پرسی کورد. بۆ کوردەکان، ئەمە مانای گەڕانەوە دەبێت بۆ ژووری چاوەڕێکردن. بەڵام گۆڕانکارییە خێراکان لە ئیدلیب ئەگەری سەوزکردنی گڵۆپی روسیای بۆ لەشکرکیشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ لاوازکردووە لەبەرامبەر رێککەوتنیک لەسەر ئیدلیب، ئەمەش سیناریۆیەکە کەکوردەکان دەمێکە بەجددی وەریدەگرن.
لەهەمانکاتدا، لایەنێکی تر سەریهەڵداوە لەدەستتێوەردانی ئێران لەسوریادا، کەکوردەکان جارێ ئامادە نین باسی لێوەبکەن. هەتا ئێستا ئێران خۆی سەرکز کردووە لەکاتێکدا ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادەیی ئێرانیان بەکارهێناوە وەک پاساویک بۆ لێدان لەئامانجەکانی تاران لەسوریا. بەڵام لەکاتی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لەسەرەتاکانی کانونی دووەم، ئێران بەڵێنی داوە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا دەربکات وەک بەشێک لەستراتیجی فراوانی «تۆڵەکردنەوە»، کە دەردەکەوێت ئەم ستراتیجیەی هێنابێتە بەرەکانی پێشەوەی ئیدلیب و رۆژئاوای حەلەب. لەگەڵ حزبوڵا، گروپەکانی سەر بەئێران لەوانە فەیلەقی زەینەبییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی پاکستانی، هەروەها فەیلەقی فاتمییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی ئەفغانی بەشدارن لەشەڕەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکە. سەرەڕای ئەوەش، عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکارێکی باڵای عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەڵێنی ئەوەی داوە کە «حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی لەئیدلیبەوە دەڕۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات بەمەبەستی دەرکردنی ئەمریکییەکان».
ستراتیجی ئێران بەنزیکی پەیوەندی هەیە بەکوردەکانەوە. ئەگەر کوردەکان دووربخرێنەوە لەئەمریکاو زیاتر لە دیمەشق نزیک بکرێنەوە، ئەوا ئەوکات جێبەجێکردنی خواستی کوردەکان لەئاستێکی «شیاو»دا شتێک نییە کەئێران دژی بوەستێتەوە. سەرەڕای پرسی کورد لەوڵاتەکەی خۆیدا، ئێران بەوریاییەوە مامەڵەی کردووە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سوریا لەسەرەتای دەستپێکی قەیرانی سوریاوە. لەکاتێکدا روسیا بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان دەبینێت لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق وەک کورتبڕێک بۆ کۆتایهێنان بە بەرەکانی پێشەوەی شەڕو هەنگاونان بەرەو قۆناغی بنیادنانەوە، ئێران بێزارە لەوەی روسیا زۆر تورکیای دەستکراوە کردووە. لەهەمانکاتیشدا مەرجی ئەنقەرە لەسەر کوردەکان بەربەستی دروستکردووە بۆ ستراتیجی دەرچوونی مۆسکۆ. لای خۆیەوە تاران یەکبوونی کوردەکانی لەگەڵ دیمەشق پێ باشە بەجۆرێک کە بەرژەوەندی زیاتر دەستەبەربکات بۆ حکومەتی سوریا.
ئەوەی شایەنی باسە، سەرکردایەتی پەکەکە دیمەشق وەک چەقی رێککەوتن دەبینێت، بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەرەکانی ئێران هێندەی فاکتەری روسییەکان.
هەرچەندە ئەگەر هەسەدە بەردەوامی بدات بەهاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا رەنگە تووشی مەترسی سیناریۆکەی ئیدلیب ببێتەوەو لە رۆژهەڵاتی فورات لەسەر حسابی کورد هەمان شت رووبداتەوە، ئەمەش هۆشدارییەکەی ویلایەتی دەسەلمێنێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی وتران، هۆکاری سەرەکی پێناسەکردنی سۆزی ئێستای کوردەکان هەستی نادڵنیاییانە، بۆیە هیچ کەس لەبزوتنەوەی کوردیدا ئامادە نییە هەڵوێستێکی روونی خۆی بخاتەڕوو.