هەڤرین؛ دەنگی ژنێک بە کزی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە بۆ بەردەم بڵندگۆی پەرلەمانی ئەوروپا
دایکی هەڤرین خەڵەف لەپەرلەمانی ئەوروپا: شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەو دەورەی ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین خەڵەف، دەتوانێت چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ببینی، کەوەستاون بەسەر لاشەی پیاوێکی کەوتوو، لەناو ئۆتۆمبێلەکەش دەنگی ژنێک بە کزی لەناویدا دەبیسترێت.
سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، دەڵێت « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.»
چەند رۆژێک دوای ئەم قسانەی دایکی هەڤرین بۆ کەناڵی بی بی سی، رۆیشتە پەرلەمانی ئەوروپاو لەوێدا وتی «»دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان».
سوعاد مستەفا دایکی ژنە سیاسەتمەداری تیرۆرکراوی کورد هەڤرین خەڵەف کەیەکێکە لەبەشداربووانی کۆنفڕانسی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆنفڕانسەکەدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی ژنان کرد کە لەدژی ئەردۆغان یەکبگرن.
کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا رۆژانی ( ٥ و ٦)ی شوبات لە ژێر ناوی ‹یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد› بەڕێوە چوو، بە بەشداری چەندین پەرلەمانتارو بیرمەمندو کەسایەتی جیهانی و کوردی.
«دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان»
سەرەتای دانیشتنەکە، سوعاد مستەفا قسەی کرد دایکی سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەف وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان»، هەڤرین لەتشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیاوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا.
سوعاد مستەفا وتی «لەلایەن گەلی رۆژئاواو لەبەرەکانی خۆڕاگرییەوە سڵاوم بۆ هێناون و تیشکیشی خستە سەر شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی ژنانە».
سوعاد مستەفا هەروەها وتی « شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە، بەهێرشکردنەسەر ژنان، مرۆڤایەتی دەکەنە ئامانج.»
سوعاد مستەفا ئەو قسانەی لەبەردەم دەیان کەسایەتی سیاسی و دبلۆماسی و ئەکادیمی جیهانیدا کرد کەهەندێکیان براوەی خەڵاتی نۆبڵ بوون و بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون.
چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانیش پشتیوانی کۆنفڕانسەکەیان کرد وەکو: دیسمۆند توگو خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ کە بە رەچەڵەک خەڵی ئەفریقای باشوورە، شیرین عەبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، جاگیر بیەنجا باڵیۆزی باڵای ئاشتی لەکۆنسەی ئەوروپاو سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤ-ی بیانجا، نوام چۆمسکی بیرمەندو زمانناسی جیهانی و لەیلا زانا خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤ و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپەو چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانی.
سوعاد مستەفا دایکی هەڤرین خەڵەف لەدرێژەی قسەکانیدا لەکۆنفرانسەکە وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان و مرۆڤایەتی و بۆ ئازادی ژنان بوو بەسیمبۆل و پیرۆزی».
هەروەها وتی «ئەم دوژمنە مرۆڤایەتی ناناسێت. ئێستا بەملیۆنان هەڤرین هەن. لەدژی ئەم دیکتاتورە (ئەردۆغان) راپەرین و ئەم راپەڕینە بەگوڕتریش دەبێت. بانگەوازییەک ئاڕاستە هەموو ژنان دەکەم و پێیان دەڵێم: دەست لەناو دەست، ببن بەیەک و لە دژی ئەردۆغان و ئەوانەی هاوکاریی ئەو دەکەن، بڵێن ‹ئێمە هەموومان هەڤرینین، لەدژی تۆ تێکۆشان دەکەین».
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەکوشتنی هەڤرین
لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی عەرەبی بەڵگەی گوماناوی ئاشکرادەکات کەکچە سیاسەتمەداری کورد، هەڤرین خەڵەف کوژراوە لەلایەن دەستەیەکی سوپای سوریای ئازاد بەناوی « ئەحرار شەرقیە» کەتورکیا پشتگیرییان دەکات و دەستەی چەکدارانی بەرپرسیار حاشا لەو تاوانە دەکات، بەڵام بەڵگەکان چیرۆکێکی ترمان پێدەڵێن.
هەرچەندە هەڤرین خەڵەف تەنها (٣٤) ساڵان بوو کاتێک کەمرد، بەڵام داکۆکی دەکرد لەنێوان هەموو نەتەوەکان لەسوریا و بنکەیەکی بەهێزی کرد دژی چالاکی «بەهاری ئاشتی» تورکی لەبەشی باکوری سوریا کەکوردەکان باڵادەستن تیایدا، ئەو شوێنەی کەکوردەکان پێی دەڵێن رۆژئاوا.
هەڤرین تەنها داکۆکی لەمافەکانی کورد نەدەکرد، بەڵکو «داهاتووی سوریا» کەهەڤرین دامەزرێنەری بوو، دەیویست کوردو عەرەب و مەسیحیەکان شانبەشانی یەکتری کاربکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگی دروستکردنەوەی ناوچەکە.
نەوبەهار مستەفا ، هاوڕێ و هاوژینی دەڵێت «بۆ من و هاوڕێکانم خوشکێک، یاوەرێک و سەرکردەیەکمان لەدەستدا»و زۆر ئەستەم دەبێت کەسێک بدۆزینەوە شوێنی هەڤرین بگرێت « ژنێکمان لەدەستدا کەدەیویست دەنگی ژنان و تواناکانیان بەرزبکاتەوە، ئەو هەمیشە کاری بۆ ئاشتی دەکرد.
لەنزیکی ٥:٣٠ ی سەرلەبەیانی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هەڤرین لەڕێگەی خێرای “M4” بەئۆتۆمبێلەکە کەوتەڕێ لەحەسەکەوە بۆ بنکەی حزبەکەی لە رەققە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر. ئەمەش دوای سێ رۆژ لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو دەستپێکردنی ئەردۆغان بەئەنجامدانی هاوینی ئاشتی لەوێدا.
رێگای خێرای “M4” بە رێگەیەکی سەلامەت رەچاودەکرێت، بەڵام لەو بەیانییەدا، شایەتحاڵەکان وتیان کاروانێکی سەربازییان لەسوریا بینیوە کە لەتورکیاوە بەرەو رێگای خێرای « M4» هاتوون.
ئەو کاروانەش بەشێک بوو لەسوپای سوریای ئازاد کە لە (٤١) دەستەو زیاتر لە (٧٠) هەزار سەرباز پێکهاتووە. ئەمانیش لەلایەن تورکیاوە دروستکراون.
تورکیا چاودێری و راهێنان و چەکداری ئەم دەستانە دەکات، کەدژی هێزە کوردیەکان دەجەنگن لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەو کاتەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە کشانەوەو لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تورکیا دەستی بەکرداری سەربازیی کرد.
لەو پارچە ڤیدیۆیانەی لەبەرنامەی تێلیگرام بڵاوبووەوە، دەستەکە خۆیان بە (ئەحرار شەرقییە) ناساندو بەشوێنکەوتووەکانیان وت کەئەمە «ساتەکانی یەکەم گەشتنی موجاهدینی ئەحراری شەرقییە بۆ حەسەکە و بۆ رێگای خێرای مەنبەج»
لەیەکێک لەڤیدیۆکان دەتوانیت خۆر ببینیت کاتێک هەڵدێت لەنێوان کاتژمێر ٦:٣٠ بۆ ٧ی بەیانی.
لەناو ڤیدیۆیەکی تردا، دەتوانین بەربەستێکی دیار ببینین، ستوونێکی گەورە بۆ گواستنەوەی پەیوەندیەکان و هەروەها رێگەیەکی خۆڵی دەبینین. بەراوردکردنی شوێنەکانی ئەم بەشانە بەوێنەکانی سەتەلایت، دەتوانین شوێنی زەویناسی ڤیدیۆکە دیاری بکەین. ئەویش خاڵی پشکنینی تەراوزییە، هەمان خاڵی پشکنین کەئەو بەیانییە هەڤرین بۆی دەچوو .
پاشان پارچە ڤیدیۆکان خولانەوەیەکی تاریک وەردەگرێت، تیایدا گرتنی سێ چەکدار دەردەکەوێت، دەڵێن ئەوان سەر بە پەکەکە بوون. دواتر یەکێک لەسەربازەکانی ئەحرار شەرقییە داوا لەهاوڕێکەی دەکات وێنەی بگرێت کەتەقە لەپیاوێک دەکات لەسەر زەویەکە راکشاوە، وا دیارە کە بەفیشەک کوژراوە.
لەو رۆژەداو لەهەمان خاڵی پشکنینی ئەو ناوچەیە هەرسێ پیاوەکە کوژران.
دەستەی ئەحرار شەرقییە نکۆڵی تەواوەتی کرد، کە ئەوان لەو شوێنەدا بووبن، بەڵام لەلێدوانێکی دواتریان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن.»
هەروەها وتیان ئەوان دەستیان کردووە بەتەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکە بەهۆکاری « نەوەستانی». لە لێدوانەکە ئەوەیان زیاد کردووە کە ئەوان هەڤرینیان نەکردۆتە ئامانج بەتایبەتی و نازانن چۆن کوژراوە.
بەڵام پارچە ڤیدیۆ تایبەتاکانیان و ئەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوەو شایەتحاڵەکان کە بەتایبەتی بۆ بی بی سی دووان، هەموویان شایەدیان بۆ ئەوەدا کەهەڤرین لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە کوژراوە.
لەو رۆژەداو لەکۆتا ڤیدیۆدا کەدەستەی ئەحرار شەرقییە بڵاویکردەوە، دەتوانیت جەنگاوەرەکان ببینی کە دەوری ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین دەدەن و لاشەیەکیش لەسەر زەویەکە کەوتووە کەگوایە دەگەڕێتەوە بۆ فەرهاد رەمەزانی شۆفێری. دەنگی ژنێک بەکزی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەبیستیت.
«ئەوە دەنگی هەڤرینە»
سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، کاتێک بی بی سی پارچە ڤیدیۆکانی پیشاندا وتی « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.»
وا دیارە کە هەڤرین خەڵەف لەژیاندا بووەو توانیویەتی ناسنامەی بکوژەکان بناسێتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی وەستێنراوە، هەروەها بەڵگەی تر هەیە کەهەڤرین لەئۆتۆمبێلەکەدا نەمردووە.
جوتیارێکی ناوچەکە، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەو رۆژەدا لە نزیک خاڵی پشکنینەکەوە بووە کاتێک دەستەی چەکدارەکان دەستییان بەسەر هەڤریندا گرتووەو وتی « کاتێک سەربازەکان کشانەوە لەکاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی چوومە سەر رووداوەکەو دیمەنێکی زۆر ترسناکم بینی، یەکەم کەسیش کەبینیم کچێک بوو. لاشەکەی لەدوری (پێنج) مەتر لەئۆتۆمبێلەکەوە دوور بوو... هەموو دەموچاوی شێوێنراو بوو. قاچەکانی زۆر بەقورسی بریندار ببوو کەوابزانم شکابوو» .
هەروەها وتی «لەبەربەستی تراوزییە نۆ لاشەم دۆزییەوەو خەڵکی ناوچەکە رەتیانکردەوە یارمەتیم بدەن لەهەڵگرتنی لاشەکان و بیخەمە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەوە دەترسان کەئەوانیش بکوژرێن»
کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی هەمان رۆژ، لاشەی هەڤرین و سێ کەسی تر رادەستی نەخۆشخانەی مالیکیەی سەربازیی کرا.
راپۆرتی پزیشکی ئەوکاتە بڵاویکردەوە کەهەڤرین زیاتر لە (20) فیشەکی پێوە بووەو قاچەکانی شکابوون و بەتوندی دەستدرێژی کراوەتەسەر.
پیش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتەسەر
هەموو ئەو بەڵگانەی لەلایەن بی بی سی کۆکراونەتەوە دەمانباتە ئەو دەرئەنجامەی کەچەکدارانی دەستەی ئەحرار شەرقییە هەڤرینیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە راکێشاوەتە دەرەوە کەهێشتا لەژیاندا بووەو پاشان دەستدرێژییان کردۆتە سەر پێش ئەوەی لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بیکوژن.
سپێدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر تورکیا کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەو دادپەروەرانە ئەنجامبدەن بۆ کوشتنەکەی هەڤرین خەڵەف.
هەڤرین، یەکێکە لەسەدان ئەو خەڵکانەی کەکوژراون لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩و بەجێهێشتنی بۆشاییەک بۆ دروستبوونی هێزی سوریای ئازاد کە لەلایەن تورکیاو دەستە گروپەکانی وەک ئەحرار شەرقییە هاوکاری دەکرێن و تیایدا بتوانن هەموو کارێک بێ سزا ئەنجام بدەن.
ئەحرار شەرقییە لە لێدوانێکیان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن و ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەکوشتنی هەڤرین خەڵەفەوە نییە.»
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ بی بی سی دواو وتی «پێویستە لێکۆڵینەوە لەکوشتنی هەڤرین و ئەوانی تر بەدەستی ئەحرار شەرقییە کوژراون بکرێت بەشێوەیەکی رێکوپێک و تاوانبارەکان رادەستی دادگا بکرێن... ئەگەر تورکیا سنورێک بۆ دەستەکانی دانەنێت کە بەوەکالەت لەسوریا دەجەنگن و سنورێک بۆ سزادانیان دانەنێت، ئەوا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستەکانی تریش کەپێشێلکاری زیاتر ئەنجامبدەن.»
حکومەتی تورکیا، کەهاوکاری گروپەکانی سوریای ئازاد دەکات، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە بۆ داواکاریەکەی بی بی سی تاسەرنج بدات لەسەر رووداوەکە.