په‌تاته‌ی کوردستان دەگاتە ئاستی خۆژێنی
5 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌ر فه‌تاح
وه‌رزی چاندنی په‌تاته‌یه‌و له‌شاره‌زوور دەستیپێکردوە، ده‌یان جوتیاری سنوره‌که سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن به‌ڕێگه‌یه‌کی نوێ چه‌ند جۆرێکی په‌تاته به‌رهه‌مبهێنن و ده‌یانه‌وێت ئیدی کوردستان پێویستی به‌به‌رهه‌می هاورده‌ى ده‌ره‌وه نه‌بێت، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵیش ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن چه‌ند ساڵێکه له‌وه‌رزی پێگه‌یشتندا دوو هێنده‌ی پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خرێته بازاڕه‌کانه‌وه.
ده‌شتی شاره‌زوور، بەیه‌کێک له‌ده‌شته به‌ناوبانگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت و به‌هۆی به‌پیتی خاکه‌که‌ی و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی به‌توخمه کانزاییه‌کان به‌باشترین شوێن داده‌نرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته.
دارا مه‌سته‌کانی، جوتیارێکی نمونه‌ییه‌و ساڵانه له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی ده‌شتی شاره‌زوور نزیکه‌ى (400) ته‌ن به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خاته بازاڕه‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات ئه‌مساڵ جۆرێکی نوێی بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی چاندووه‌و به‌ناوی (سامتا) که له‌ئێرانه‌وه هێناویه‌تی و به‌وته‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئاووهه‌وای شاره‌زوور گونجاوه‌و ناوه‌که‌ی زۆر زه‌ردو جوانه‌و تامی خۆشتره له‌جۆره‌کانی دیکه.
له‌شاره‌زوور زیاتر له‌حه‌وت جۆر تاقیکراوه‌ته‌وه‌و ئه‌م جۆره نوێیه له‌ڕێگه‌ى دڵۆپاندنه‌وه کردویانه سه‌رکه‌وتوو بووه.
دارا وتی «ده‌بێت خۆڵه‌که‌ی زۆر نه‌رمبێت، شیبکرێته‌وه‌و نابێت زه‌ویه‌که ره‌ق بێت، چونکه به‌رهه‌مه‌که‌ی باش نابێت، ئه‌مجۆره له‌فه‌ڕه‌نسی و هۆڵه‌ندیه‌که‌ش به‌رهه‌مه‌که‌ی زۆرتره«.
ئه‌و جوتیاره نمونه‌ییه باس له‌وه‌ده‌کات ئێستا په‌تاته‌ی جۆری ئه‌ریزۆناش له‌ناو خانووی پلاستیکیدا به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌کرێت و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌سێ مانگ به‌رهه‌مه‌که‌ی پێده‌گات، وتیشی «ئه‌و جۆرانه‌ی به‌رهه‌مدێ زیاتر بۆ خواردنه، ئه‌وه‌ی بۆ جبس و برژاندن و بابه‌ته‌کانی دیکه‌یه زۆر که‌متر ده‌کرێ».
په‌تاته به‌هایه‌کی خۆراکیی به‌رزی هه‌یه، به‌یه‌کێک له‌ناسراوترین و به‌رفراوانترین به‌رهه‌مه خۆراکییه کشتوکاڵییه‌کان داده‌نرێت و یه‌کێکه له‌خۆراکه رۆژانه‌ییه‌کان، چاندنه‌که‌ی له‌مانگی شوباته‌وه ده‌ستپێده‌کات و له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران ده‌ستده‌کرێت به‌هه‌ڵکه‌ندنی، هه‌روه‌ها له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئابیشدا په‌تاته ده‌کرێت و مانگی (12) هه‌ڵده‌که‌نرێت و ئه‌و جۆره‌یان پێیده‌وترێت په‌تاته‌ی پایزه.
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه ئێستا کوردستان له رووی به‌رهه‌می په‌تاته‌دا گه‌یشتووه‌ته ئاستی خۆبژێویی، به‌ڵام گرفت له‌شێوازی هه‌ڵگرتن و به‌بازاڕکردنی به‌رهه‌مه‌که‌دایه.
سه‌میر ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌که‌دا کهدهکهوێتە کۆتایی وه‌رزی هاوینه‌وه، خواردنی په‌تاته له‌کوردستان له‌نزمترین ئاستدایه، ئه‌و به هاوڵاتی وت «گرفتی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه جووتیاران به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕه‌کان ساغ نابێته‌وه‌و نرخه‌که‌شی زۆر داده‌به‌زێت».
ئه‌و وتیشى «زۆرێک لهجوتیارهکانیش کۆگای پێویستیان نیه بۆ هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌که تا ئه‌وکاته‌ی پاره ده‌کات، ته‌نها بازاڕیش که پهتاتەی کوردستانی بووێت شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه«.
به‌پێی توێژینه‌وه‌کان که‌شوهه‌واو خاکی کوردستان بۆ چاندنی په‌تاته گونجاوه‌و ده‌تواندرێت له‌وه‌رزی به‌هارو پایزدا بچێنرێت، به‌ڵام به‌رهه‌می پایزه زۆر باش نییه، بۆیه جوتیاران زۆرترین بڕ له‌وه‌رزی به‌هاردا ده‌چێنن.
به‌شێکی زۆری جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌رگای سنوره‌کان ده‌کرێته‌وه‌و له‌ئێران و تورکیاوه به‌رهه‌می وڵاتانی دیکه دێننه هه‌رێم، حه‌سه‌ن عه‌لی ته‌مه‌ن (58) ساڵ جوتیارێکی دیکه‌یه‌و له‌سنوری قه‌زای پێنجوێن ساڵانه ده‌یان دۆنم زه‌وی ده‌کات بهپهتاته، ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌پێنجوێن و ده‌وروبه‌رى زیاتر په‌تاته‌ی هۆڵه‌ندی، فه‌ڕه‌نسی ده‌کرێت، بۆ یه‌ک دۆنم زه‌وییش بڕی یه‌ک ته‌ن بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی تێده‌کرێت و به‌پێی ساڵیش (7 – 11) ته‌ن په‌تاته به‌رهه‌می ده‌بێت.
جوتیارێک: حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات
حه‌سه‌نی جوتیار به هاوڵاتی وت «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌ت هیچ هاوکارییه‌کمان ناکات و بنهتۆوو ده‌رمان و ئامێری پێویستمان ناداتێ، چوار مانگیش ماندودهبین بهبهرههمهکانمانهوه، به‌ڵام له‌کاتی پێگه‌یشتنیدا له‌سنوره‌کانه‌وه رۆژانه سه‌دان ته‌ن به‌رهه‌م دێننه بازاڕه‌کانه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌که‌ی ئێمه له‌بازاڕ هیچ ناکات».
ئه‌و جوتیاره‌ی پێنجوێن ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که‌ساڵانه زۆربه‌ی جوتیاران به‌هۆی دابه‌زینی نرخه‌وه تووشی زه‌ره‌ر ده‌بن، وتیشى «له‌سه‌رەتاوه تاکۆتایی تێچووی به‌رهه‌مه‌که له‌ئه‌ستۆی جوتیاراندایه، حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات».
به‌پێی پێشبینیه‌کانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌رهه‌می ئه‌مساڵی په‌تاته بگاته (250) هه‌زار ته‌ن، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه ساڵانه دانیشتوانی هه‌رێم پێویستیان به (100) هه‌زار تۆن په‌تاته هه‌یه بۆ خواردن و ساڵ به‌ساڵ رووبه‌ری چێنراو به به‌رهه‌می په‌تاته‌ش له‌زیادبووندایه.
به‌وته‌ی سه‌میر ئیسماعیل چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته له‌هه‌رێمی کوردستان قۆناغێکی باشی بڕیوه، ساڵ به‌ساڵیش به‌رهه‌م روو له‌زیادبوونه، وتیشی «بۆ پارێزگاریکردن له‌به‌رهه‌می ناوخۆیی و ساغبوونه‌وه‌ی له‌بازاڕدا له‌مانگی یانزه‌ی ساڵی پاره‌وه هێنانی په‌تاته‌مان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کردووه‌و ته‌نها ئه‌و جۆرانه دێت که بۆ جبس و فینگه‌رو برژاندن و چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌یه«.
ساڵانه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ناوخۆ‌و بۆ ئه‌وه‌ی جوتیاران تووشی زه‌ره‌ر نه‌بن، له‌مانگی (11) به‌دواوه تاوه‌کو ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار هه‌رێمی کوردستان پشت بهپهتاتهی بیانی ده‌به‌ستێت و بۆ هه‌ر کیلۆیه‌کی هاورده‌کراویش بڕی (350) دینار باجی گومرگی ده‌خرێته‌سه‌ر.
هه‌رچه‌نده ساڵانه به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌شێک لهبهروبوومهکان رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیاد ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی وه‌ک پێویست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ‌و سه‌رچاوه‌کانی ئاوه‌وه هاوکارییان نه‌کراوه‌و به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕدا به‌نرخی گونجاو نافرۆشرێت، ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌وان ساردبنه‌وه له‌که‌رتی کشتوکاڵى.
به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکانی هه‌رێم هەزارو (600) جوتیار ساڵانه به‌ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌وی به په‌تاته ده‌چێنن و له‌ماوه‌ی (10) ساڵی رابردوودا، گرنگی زۆر به‌چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته ده‌درێت و چه‌ند کۆمپانیایەکی که‌رتی تایبه‌ت له‌هۆڵه‌نداو فه‌ره‌نساو ئێرانه‌وه بنه‌تۆوی تایبه‌تی په‌تاته ده‌هێننه کوردستان.
سه‌میر ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو ساڵانی پێشتر سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری به‌رهه‌می په‌تاته، بنه‌تۆویان له‌کۆمپانیاکان کڕیوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شیان کردووه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه راگیراوه.