ئازارى خێزانێک به‌ده‌ست کۆرۆناوه‌

حکومەتی چین قەرەوێڵەی بۆ دەیان هەزار نەخۆش داناوە لەناو یاریگا وەرزشییەکان و هۆڵی پێشانگاو شانۆکاندا

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: نیویۆرک تایمز

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

بێلا ژانگ ئاوێکی دڵۆپێنراو (مغەزی) بەلقی دارێکی درێژەوە هەڵواسی و لەدەرەوەی نەخۆشخانەکە خۆی بەسەر بەردێکی نەمامدا نووشتاندەوە. دایکی و براکەشی بەماندوێتییەوە لەتەنیشتییەوە دانیشتن و شانیان لەماندوێتیدا داکەوتبوو، لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان ئاوی دڵۆپێنراویان بۆ داندرابوو.

لەم رۆژانەی دواییدا، خاتوو ژانگی تەمەن (٢٥) ساڵ، کە بۆنفرۆشێکی قژ رەنگکراوی شینە، بەبێچارەییەوە شایەتحاڵی یەک بەیەکی کەسوکاری بوو کە بەڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشکەوتبوون، ڤایرۆسێک کە بەناو شارەکەیدا، وهان، بڵاوبووبووەوە. یەکەمجار داپیرەی ڤایرۆسەکەی گرت، پاشان تەشەنەی سەند بۆ باپیرەی و دایکی، خۆی و برا بچووکەکەی دوای ئەوان تووشبوون.

ئەم خێزانە داوای یارمەتییان کرد، بەڵام نەخۆشخانەکانی شارەکە، کە رووبەڕووی کەمی قەڕەوێڵە بووبوونەوە، لەخۆیانیان نەگرتن. لە ١ی شوباتدا، باپیرە ژانگ لەماڵەوە گیانی لەدەستدا.

«پێمان دەڵێن چاوەڕێ بکەن»، دایکی خاتوو ژانگ، یانگ لینگ بەتووڕەییەوە وای وت. خەریکبوو ئاوە دڵۆپێنراوەکەی لەدەستی دەکردەوە لەگەڵ ئەوەی قۆڵی لەبێزاریدا رادەوەشاند. «بەڵام تا کەی چاوەڕێ بین؟ تائێستا یەکێکمان لەدەستداوە».

شاری وهان، کە ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا سەریهەڵدا تێیدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکەی نییە. حکومەت گەشتی قەدەغە کردووە بەڵام ئەمە دۆخەکەی خراپتر کردووە بەهۆی سنوردارکردنی سەرچاوەکانەوە.

زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن

بەهۆی کەمی ستاف و قەرەباڵغییەوە، نەخۆشخانەکان چەندین نەخۆشیان بەڕێکردووە وەک خانەوادەی ژانگ، کە ناچاریان دەکەن بچنە ماڵەوەو خۆیان هەڵبستن بەجیاکردنەوەی خۆیان (گلدانەوەی تەندروستی) کە بەم جۆرەش مەترسی دروستدەکەن  بۆ ئەندامانی تری خێزانەکانیان.

زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن، دەسەڵاتدارانی چین لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو کەسانەیان کۆکردووەتەوە کەنیشانەی مامناوەندیان تێدا بەدیدەکرێت و لەناوەدنی گلدانەوەی تەندروستی دایانناون.

حکومەت یاریگا وەرزشییەکان و هۆڵەکانی پێشانگاو شانۆ دەکات بەم ناوەندانەوەو راشیگەیاندووە کە بەکۆی گشتی ئەم ناوەندانە (10) هەزار نەخۆش لەخۆدەگرن. قەڕەوێڵەکان لەنزیک یەکەوە داندراون و ریزەکانیش تەنگن، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە کەئاخۆ ئەمە بەبێمەبەست نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی تر لەناو نەخۆشەکاندا.

خاتوو ژانگ، کە لەپێنجشەممەی رابردوودا بۆ یەکێک لەم ناوەندانە داغڵکرا لەگەڵ دایکی، پێیوایە تاکە بژاردەیانە تا باوکیشی تووش نەکەن.

ناوەندی گلدانەوەکە ساردبوو، گەرماوەکان کەم بوون، کاتی تایبەتیش زۆر کەم بوو. بەڵام قەڕەوێڵەکان بەدۆشەکی کارەبایی گەرمکرابوون و تیمەکانی تەندروستی لەڕۆژێکدا سێ جار پلەی گەرمییان دەپشکنی و ژەمە خواردن و دەرمانی بێبەرامبەریان دەدانێ.

«لانیکەم ئێستا کەسێک گرنگیمان پێدەدا»، خاتوو ژانگ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا وای وت.

بۆ خانەوادەی ژانگ، نیشانەکانی سەرەتای کێشەکە لەسەرەتای هەفتەی ساڵی نوێی چینی دەستیپێکرد کاتێک داپیرەی (٧٠) ساڵەی، کە تەندروستییەکی باشی هەبوو، لەرزوتای لێ پەیدابوو، هەروەها دەستیکرد بەکۆکە کردن.

تائەوکاتە، ڤایرۆسە نوێیەکە چەند هەفتەیەک دەبوو لەناو شارەکە بڵاوبووبووەوە، هەرچەندە بەرپرسان بەگرنگییەوە لێیان نەدەڕوانی. تەنانەت دوای ئەوەی حکومەت دانی بەوەدانا کەدەکرێت لەناو مرۆڤدا بگوازرێتەوە، خانەوادەکە پێیانوانەبوو کە لەمەترسیدابن چونکە زۆربەی کاتەکانیان لەماڵەوە بەسەردەبرد. داپیرەیان برد بۆ نۆرینگەیەکی پزیشکی و پزیشکەکە دەرمانی هەڵامەتی بۆ نووسی و ناردیەوە ماڵەوە.

بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، حکومەت گەشتی بۆ دەرەوەو ناوەوەی شارەکە سنوردارکرد، گواستنەوە گشتییەکانی داخست، هەروەها زۆربەی ئۆتومبیلە تایبەتییەکانی قەدەغەکرد لەسەر رێگاکان. وەک زۆربەی دراوسێکانی، خاتوو ژانگ لەسەرەتادا نیگەران نەبوو. وێنەی گاڵتەئامێزی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆست دەکرد سەبارەت بەداخستنی گەشتەکان و بە رێکخستنی میوەی وشکە کاتی بەسەردەبرد.

کۆکەکەی داپیرەی بەردەوام بوو کە لەلای ئەوان مابووەوە لەکاتی پشووی سەری ساڵدا. تاکەی کەم نەدەبووەوە.

پاشان باپیرەی خاتوو ژانگ، کە شێرپەنجەی سییەکان لاوازی کردبوو، لەپڕێکدا دۆخی خراپ بوو. باپیرەی ئامێرێکی ئۆکسجینی بەکاردەهێنا بۆ هەناسەدان بۆ ماوەی (٣٠) خولەک لە بەیانیانداو دووبارە لەشەوانیشدا. ئا لەوکاتەکدا ئیتر نەیدەتوانی هەناسەش بدات و پێویست بوو ئامێرەکەی بەدەمەوە ببەسرێت هەر کاژمێرێک جارێک. دواتر تووشی تایەکی تووند بوو. خاتوو ژانگ وتی کە بۆ ماوەی چوار رۆژ ئەوەندە نائاسوودە بوو کەنەیدەتوانی بخەوێت.

بەهۆی ئەوەی کڵۆڵ بوون بۆ دەستی یارمەتی، خاتوو ژانگ و خێزانەکەی تەلەفونیان بۆ هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەمێشکیاندا هات. بەڵام نەخۆشخانەکان هەموویان پڕ بوون. وەڵامدەرەوانی باری لەناکاو (ئیمێرجنسی) پێیان راگەیاندبوون کە پێویستە  لەپێشدا قەرەوێڵەیەک لە نەخۆشخانەیەک دابین بکەن بۆ خۆیان، ئینجا ئەمبولانس دەنێردرێت.

خاتوو ژانگ تێکشکابوو کە دەیبینی باپیرەی لەمردن نزیک دەبێتەوە، باپیرەیەک کە لەبەخوێکردن و گەورەکردنیدا بەشداربوو.  لەو شەوەدا هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی، کە پڕبوو لەوێنەی گەشتی خۆی و خواردن، بووە لێشاوێک لەهاواری بەپەلەی یارمەتی. لەدوایین هەوڵیدا، پەیوەندی بەهێڵێکی گەرمی سەرۆک شارەوانییەوە کرد، بەڵام وەڵامدەرەوەکە هیچ وەڵامێکی پێنەبوو، پرسیاری لێکرد کەپلانیان چییە.

«تۆ پرسیار لە من، هاوڵاتییەکی سادە، دەکەیت کەچۆن ئەمە چارەسەر بکەم؟، ژانگ وەڵامی دایەوەو تەلەفونەکەی داخستەوە.

ئەو نیوەڕۆیە، باپیرەی لە ئاپارتمانی خانەوادەکەیاندا مرد.

کرێکارانی گۆڕستانێکی نزیک هاتن بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی. ئەوان وتیان کە لەبەرئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بووە، کەسوکاری رێیان پێنادرێت هاودەمی تەرمەکە بکەن و دەبێت دەستبەجێ تەرمەکە بسووتێنرێت.

بەڵام ئەوان کاتییان نەبوو بۆ ماتەمینی. تا ئەوکاتە داپیرەی خاتوو ژانگ دۆخی بەرەو خراپتر دەڕۆشت. گەیاندیانە نەخۆشخانە کەپزیشکێک پێی وتن سییەکانی لەپشکنینی تەنووریدا سپی دەرکەوتووە - ئەمەش نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی تووندی سییەکانە. دواتر پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی بوو.

پێویست بوو لەیەکێک لەو نەخۆشخانانە داغڵ بکرێت کەدیاریکرابوون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لەوێ رەنگە پزیشکەکان بتوانن چاودێری نیشانە سەرەکییەکانی بکەن و بەدژە ڤایرۆس و دەرمانی دژە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی چارەسەری بکەن و ئۆکسجینی پێویستی بۆ دابین بکەن. بەڵام هەر هیچ قەڕەوێڵەیەک بەردەست نەبوو.

دواتر پزیشکەکان بەخاتوو ژانگ و دایکیان وت کەئەوانیش تووش بوون. (ئالن)یش، برا بچووکەکەی، پشکنینی ئەرێنی بوو بۆ ڤایرۆسەکە. هەموویان پێیانوترا کە بگەڕێنەوە ماڵەوە.

باوکی کە تەمەنی (٥٠) ساڵە، تاکە ئەندامی خێزانەکە بوو کەتووشی ڤایرۆسەکە نەبووبوو. ئەو لەژووری دانیشتن دەخەوت بۆ ئەوەی دوور بێت لەژوورە نووستنەکان. بەهەمیشەیی دەمامکیان دەبەست تەنانەت کاتێکیش کەدەخەوتن و بەسەرە چاودێری داپیرەیان دەکرد  کە بەزەحمەت هەناسەی دەداو نەیدەتوانی لەسەر جێگە هەڵبستێت.

خاتوو ژانگ دڵنیابوو لەوەی کەتووشبوونی باوکیشی دەکەوێتەوە سەر کات. ئەوان هیچ پاکژکەرەوە (میکرۆب کوژ)، ئامێری هەناسەپێدەر، یان دەمامکی ئەستووریان نەبوو کە بیانپارێزێت لە ڤایرۆسەکە.

«هەموو رۆژێک پێکەوە نان بخۆیت، ئاو بخۆیتەوە، دانیشی، هەروەها سەیری هەواڵەکان بکەیت، گرنگ نییە چەنێک بەخەستی هەوڵبدەیت، بەدڵنیاییەوە ئەو هەر دەیگرێت»، ژانگ وای وت.

ژیانی رۆژانەی ژانگ بووە رۆتینات

لەناوەڕاستی شەودا کاتیک ریزەکانی سەرەگرتن کەمتر بوون، ژانگ داپیرەی دەبرد بۆ نەخۆشخانە بۆ بینینی پزیشکێک و وەرگرتنی دەرمان. لەکاتی رۆژدا، لەگەڵ دایکی دەگەڕایەوە بۆ نەخۆشخانەو لە ریزەکەدا دەوەستا.

«ئەمە چ حکومەتێکە؟› خاتوو یانگ، کە لەتەنیشتی کچەکەیدا بوو، بەشێوەزارێکی ناوخۆیی قیژاندی و دەنگەکەی  بەدرێژایی حەوشەی نەخۆشخانەکە دانگیدایەوە. «هەواڵەکان هەمیشە باسی ئەوە دەکەن هەموو شتەکان باشن، ئەوان تەنانەت گرنگی نادەن بەخەڵکی ئاسایی».

تەنها کاردانەوەی خاوی حکومەت نەبوو لەبەرامبەر پەتاکە کە بێزارکەربێت. ئەوەش بێزارکەربوو کە خەڵکی لەشکۆی سەرەتایی خۆی بێبەشدەکرا. دوای ئەوەی باپیرە ژانگ مرد، خاتوو یانگ وتی کە بەشێوەیەک تەرمەکەی برا وەک ئەوەی «بەرازێکی مردوو یان سەگێکی مردوو» بێت. ئەوان ئێستاش نازانن پاشماوەی تەرمەکەی لەکوێیەو کاتیان نییە تا بیر لەسازکردنی پرسە بکەنەوە.

«تەنانەت ناتوانم ئەو کەسانەش رزگار بکەم کەزیندوون»، یانگ وای وت.

«ئێستا ئەوەی کە دەتوانین بیکەین پاڕانەوەیە لەخوداکان، پاڕانەوە لەهەر کەسێکی تر سوودی نییە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار