حکومه‌ت گوێی خەواندووە لەپلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران
سێ هه‌فته‌یه په‌رله‌مانتاران پرسیاریان لەحکومەت کردووه کەی پله به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران بەرزدەکاتەوە، بەڵام بێ وەڵامە
5 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌ر فه‌تاح
دوای زیاتر له‌سێ هه‌فته هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی په‌رله‌مانی نه‌داوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌کاتی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران که‌ماوه‌ی زیاتر له‌چوار ساڵه راگیراوه، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدات.
سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر (36) په‌رله‌مانتاری کوردستان له‌فراکسیۆنه جیاوازه‌کان یاداشتێکیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌و داواده‌که‌ن به‌زوویی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبکاته‌وه.
شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌باره‌ى وه‌ڵامی یاداشتهکهیانهوە به وت «تائێستاش ئێمه چاوه‌ڕوانین و هیچ وه‌ڵامێکمان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه به‌پێی یاساش ده‌بێ له‌دوای دوو هه‌فته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه، که لهپهرلهمانەوه ئاراسته‌ی حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کرێت».
سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد به‌رده‌وامیدان به راگرتنی پله به‌رزکردنه‌وه سته‌مێکی گه‌وره له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌کرێت و ناکرێت حکومه‌ت ئه‌و مافه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دات، پێشى وایه سته‌مه له‌فه‌رمانبه‌ران و جۆرێکه له‌پاشه‌که‌وت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تا چه‌نده حکومه‌ت نیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌ستبکات به پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران، شێرکۆ جه‌وده‌ت وتی «له‌ڕاستیدا ناوێرم به‌ناوی حکومه‌ته‌وه هیچ به‌ڵێنێک بده‌م، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بین».
هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنی رای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی په‌رله‌مانتاران، په‌یوه‌ندیکرد بهوتهبێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ قسه‌یه‌ک بکات.
جگه لهیاداشتهکهی په‌رله‌مان، دوو هه‌فته‌یه له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌شێک له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران که‌مپینێکیان راگه‌یاندووه به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌یان، هاوکات یاداشتێکیشیان ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌که له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی کردووه.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه به‌پاساوی قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێم به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی راگرتووه.