هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان چنگی دڵسۆزەکانی خامنەیی بەسەر دەسەڵاتەوە توندوتۆڵتر دەکات
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: رۆیتەرز
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
چاوەڕوان دەکرێت دەمارگیرەکان (ئەوانەی پێداگرن لەسەر پشتگیرییان بۆ خامنەیی) کۆنترۆڵی زیاتری ئێران بکەن لەهەڵبژارادنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانیدا کە لەبەرژەوەندی ئەواندا رێکخراوە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردایەتی وڵاتەکە یەکگرتووە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی قووڵ لەگەڵ ئەمریکا.
بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە لەهەڵبژاردەنەکاندا لەلایەن سیاسییە ئەمنییە توندەکانەوە پشتڕاستی لەناوچوونی سیاسەتمەدارە پراگماتیکییەکانە، کە بەهۆی بڕیاری دەرچوونی واشنتن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥و سەپاندنەوەی سزاکان لاوازبوون.
کورسی زیاتری پەرلەمانی بۆ دەمارگیرەکان لەهەڵبژاردنەکانی ٢١ی شوباتدا رەنگە دەستکەوتێکی تریشی هەبێت بۆیان - سەربەخۆیی زیاتر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢١، پۆستێک کەبریتییە لەکۆنترۆڵی رۆژانەی کارەکانی حکومەت.
دەسەڵاتێکی ئاوا فراوان سەردەمێک دەهێنێتە کایەوە، کەتێیدا سوپای پاسداران لەکاروبارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکاندا دەسەڵاتێکی باڵاترو گەورەتری هەبێت.
هاوپەیمانەکانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، زامنی ئەوەیان کردووە کەدەمارگیرەکان دەستبگرن بەسەر مەیدانەکەدا، کەئەمەش وەلانانی میانڕەوو پارێزگارەکانە لەگەڵ سنوردانان بۆ دەنگدەران کەتەنها بژاردەیان لەنێوان کاندیدە توندڕەوەکان و ئەو پارێزگارە میانڕەواندە هەیە کەدڵسۆزی خامنەیین.
«دەقاودەق، ئەمە چیتر پێشبڕکێیەک نییە. توندڕەوەکان سەرۆکایەتییان دەوێت. ئەمە کۆتایی میناڕەوێتییە بۆ لانی کەم دەیەیەک ئەگەر زیاتر نەخایەنێت»، بەرپرسێکی ئێرانی وای وت بەمەبەرجی ناونەهێنانی.
پارێزگارەکانیش پشتگیری چینی ئایینی دەسەڵاتدار دەکەن، هەروەک دەمارگیرەکان، بەڵام ئەمان زیاتر دەیانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ رۆژئاوا هەبێت.
لەبەرئەوەی رووبەڕووی بژاردەیەکی کەمکراونەتەوە، زۆربەی دەنگدەران پێدەچێت تەرکیز بخەنەسەر کێشە سادەکانی رۆژانە، بەوپێیەی ئابوری وڵاتەکەیان زیانێکی زۆری پێگەیشتووە بەهۆی سیاسەتی «فشاری باڵا»ی دۆناڵد ترەمپەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئێران تووشی مەترسی پەراوێزخستن و هەڕەشەی ململانێ بووەتەوە لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەچەکی ئەتۆمی، هەروەها ناڕەزایەتی پەرەسەندوو لەناوخۆی وڵاتیشدا، رێژەی بەشداریکردن وەک ریفراندۆمیک دەبینرێت لەسەر سیستەمی حکومڕانی وڵاتەکە.
دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران
زۆربەی ئێرانییەکان تووڕەن لەمامەڵەکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە بەخێرایی ئاراستەی سیاسی وەرگرت بەوپێیەی خۆپیشاندەران داوای «گۆڕینی رژێم»یان دەکرد، ئەمەش سەریکێشا بۆ خوێناویترین پشێوی لەمێژووی کۆماری ئیسلامیدا.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەسەرپەرشتی سوپای پاسداران کوشتنی سەدەهاو دەستگیرکردنی هەزارەها خۆپیشاندەری لێکەوتەوە.
رای گشتی تووڕەشە لەخستنە خوارەوە بێ مەبەستەکەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەمانگی کانوونی دووەمدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی (١٧٦) سەرنشینی ناو فڕۆکەکە، کە زۆربەیان ئێرانی بوون. دوای چەند رۆژێک لەنکۆڵیکردن، تاران دانی بەوەدانا کەسوپای پاسداران بەرپرسیارە.
بەڵام کاندیدە دڵسۆزەکانی خامنەیی لەلایەن پشتیوانانی سەرسەختی رژێمەوە پشتگیرییان لێدەکرێت، ئەو پشتیوانانی لەهەموو بوارێکی ژیاندا بەکۆماری ئیسلامییەوە پابەندن، بەپێی وتەی بەرپرسان.
«پشتیوانەکانیان بڕوایان بەڕژێم هەیەو دەنگ دەدەن، چونکە دەنگدان وەک ئەرکێکی ئایینی سەیردەکەن»، بەرپرسە حکومییەکە وای وت.
بەپێی وتەی چەند بەرپرسێک، هەندێک لەدەسەڵاتداران پێشبینی لەسەدا ٦٠%ی رێژەی بەشداریکردنیان کردووە لەهەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمان، ئەمەش بەبەراورد بە لەسەدا ٦٢% و لەسەدا ٦٦%ی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٢. نزیکەی (٥٨) ملیۆن ئێرانی مافی دەنگدانیان هەیە لەکۆی گشتی (٨٣) ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکە. حەوت هەزار و (١٤٨) کاندید پێشبڕکێ دەکەن بۆ (٢٩٠) کورسی پەرلەمان لە (٣١) پارێزگای وڵاتەکەدا. بەتێکڕا هەر کاندیدێک پێویستی بە (١٩٠) هەزار دەنگ هەیە تادەربچێت، بەڵام ئەمە دەگۆڕێت بەپێی گەورەو بچووکی هەر پارێزگایەک. بەهۆی ئەوەی گەورەترین شارە، تاران (٣٥) پەرلەمانتار هەڵدەبژێرێت و دوای ئەویش ئەسفەهان و رۆژئاوای ئازربایجانە بەهەڵبژاردنی (١٩) پەرلەمانتار.
لەئێراندا (٨٢) پارتی نیشتمانی و (٣٤) پارتی پارێزگاری هەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەندامێتی رووتی پارتێکی دیاریکراوی تێدا نییە یان سەکۆی وردی پارتێکی دیاریکراو بوونی نییە، بۆیە سیاسەت لەهێڵی فراکسیۆنیدا بەڕێوەدەچێت و پارتەکان لیستی هاوپەیمانی پێکدەهێنن.
«ئێران تەنها تاران یان شارە گەورەکانی تر نییە، کەدەنگدەران لەڕووی سیاسییەوە هانبدرێن. لەشارە بچووکەکان، شارۆچکەکان و ناوچە گوندنشینەکانیش خەڵک دەنگ دەدەن»، بەرپرسێکی دەمارگیر وای وت.
لەبەرئەوەی هیچ راپرسییەکی سەربەخۆو باوەڕپێکراو نییە لەئێراندا، سەختە کە بزانرێت هەڵبژاردنەکان چ ئاراستەیەک وەردەگرن سەرەڕای ئەوەی تا چەندێک خامنەیی و سوپای پاسداران هەژموونی خۆیان زیاتر دەکەن لەهەڵبژاردنەکاندا بۆ توندوتۆڵکردنی مشتی خۆیان بەسەر دەسەڵاتەوە.
دیارترین ئەو لیستە هاوپەیمانانەی کە چاوەڕێی بردنەوەی زۆرترین دەنگیان لی دەکرێت هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی، پرەنسیپییەکان، بەرەی سەقامگیری شۆرشی ئیسلامی، هەروەها جێبەجێکارانی بنیادنانی ئێرانن.
بەڵام دەنگدەرانی پاڵپشتی چاکسازی نیگەرانن بەپشێوی نێو پارتەکانیان و شکستی حەسەن رۆحانی سەرۆکی پراگماتیکی لەسەر پابەندنەبوونی بە بەڵێنەکانی بۆ کەمکردنەوەی سنوردارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
«زۆربەی ئەو ئێرانیانەی (دەنگیاندا بە رۆحانی) هیوایان لەدەستداوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، چیتر متمانە بەبزوتنەوەی چاکسازیی ناکەن، ئەوان تەنها گۆڕان و گۆڕانکارییان دەوێت»، بەرپرسێکی پێشووی چاکسازیخواز وای وت.
پەرلەمانێکی پڕ لەدەمارگیر رەنگە فشارەکانی زیادبکات لەسەر رۆحانی، کە ئەندازیاری رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥یە و لەلایەن هاوپەیمانە دەستڕۆیشتووەکانی خامنەییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە لەسەر ئەداکردنی لەدەسەڵاتدا.
رۆحانی لەوتارێکدا لە ١١ی شوبات وتی، «لێتان دەپاڕێمەوە خۆتان بەدەسەتەوە مەدەن... داواتان لێدەکەم پشت لەسندوقەکانی هەڵبژاردن مەکەن».
چەند بەرپرسێکی حکومی و شیکەرەوەی سیاسی، لیستی کاندیدە دەمارگیرەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، کە راستەوخۆ بۆ خامنەیی دەگەڕێتەوە، لەگەڵ میلیشیای نزیکیان لە بەسیج.
جگە لە لایەنە فراوانەکەی لەبواری ئابورییدا، سوپای پاسداران لەم دەیەی دواییدا لەڕووی دەسەڵاتی سیاسییەوە زیاتر گەشەی کردووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی سیاسەتمەدارەکانی لەدەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا.
محەممەد باقر قالیباف فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران - کە بەپێی بروسکەیەکی دزەپێکراوی دیبلۆماسی ئەمریکا لە ٢٠٠٨ سوودی گەورەی بینیوە لەپشتگیری بەهێزی کوڕەکەی خامنەیی، موجتەبا - لە یەکەمەکانی لیستەکانی پارتە دەمارگیرەکاندایە لەتاران.
هاوسەنگی هێز
«ئێمە لەهەرکوێیەک شۆڕش و ئیمامەکەمان (خامنەیی) پێویستی پێمان بێت خزمەت دەکەین»، بەرپرسێکی پێشووی سوپای پاسداران وای وت کە لەحکومەتەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووی وڵات خزمەتی کردووە. دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد لە ٢٠٠٩دا خۆپیشاندانی چەند مانگەی لێکەوتەوە لەسەر ساختەکاری هەڵبژاردن.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کاریگەرییان هەبووە لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەو چەکی ناوکی، کە لەلایەن خامنەییەوە دادەڕێژرێن، هەروەها پارتە گەورە چاکسازیخوازەکان لە ٢٠٠٩ەوە یان کارەکانیان قەدەغەکراوە یان لەناوبراون.
بەڵام هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری نیشانداوە لەهاوسەنگی دەسەڵاتدا لەنیوان سیستەمی دوانەی ئایینی و کۆماری.
بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لەکاندید لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٠٤ چاکسازیخوازەکانی بۆ ماوەی چەند ساڵیک وەلانا، ئەمەش بووەهۆی دەستپێکی سەردەمی ئەحمەدی نەژادنی دەمارگیر لە ٢٠٠٥دا.
لەساڵی ٢٠١٦دا دەنگدەران مەیلی خۆیاندایە پاڵ، ئەمەش ئاماژە بووە بۆ ئەوەی زۆربەی گەلی ئێران دیموکراسی کراوەو ئازادی فراوانتریان دەوێت.
ئەمجارە کەیازدەهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت لەکاتی دروستبوونی کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٩٧٩، ئەنجومەنی سەرپەرشتی کەدەزگایەکی وردی پشکنین و لێکۆڵینەوەیە، شەش هەزار و (٨٥٠) هیواخوازی بێبەشکرد لەپێشبڕکێ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەکۆی (١٤) هەزار کاندید کەپێکهاتبوون لەکەسانی میانڕەوو پارێزگار. نزیکەی یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانی ئێستاش خۆکاندیدکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە.
سەرەتا کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی سەر بەحکومەتەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراو دواتر ئەنجومەنی سەرپەرشتی، کەپێکهاتووە لەکۆمەڵێک زانای ئایینی و پارێزگارو دادوەر، کاریان ئەوەیە لێکۆڵینەوە لەمیانڕەوەکان بکەن لەسەر پابەندبوونیان بەئیسلامەوە و باوەڕیان بەویلایەتی فیقه و کۆماری ئیسلامی.
«ئێمە ئەرکی سەرشانمان ئەنجامدا، ئێستاش نۆرەی (دەنگدەران) ئێوەیە»، ئایەتوڵا ئەحمەد جەنەتی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرپەرشتی وای وت.
کۆمەڵێک سیاسەتمەدار، بە رۆحانیشەوە بەتووندی رەخنەیان لەبڕیارەکەی ئەنجومەن گرت لەسەر رەتکردنەوەی لەسەدا ٥٠%ی هیواخوازەکان، بەڵام ئەنجومەنەکە هەموو لایەنگرییەکی رەتکردەوە.
خامنەیی، کەکۆتا قسە هی ئەوە لەسیستەمی ئاڵۆزی حوکمڕانی وڵاتەکەدا، پشتگیری لەدەزگاکە کردو وتی پەرلەمان هیچ جێگایەکی نییە بۆ «ئەوانەی دەترسن لەدەربڕینی رای خۆیان دژی دوژمنانی دەرەکی»