90% ى سه‌وزه‌و میوه‌ى هه‌رێم لەئێرانه‌وه‌ دێت

رۆژانه‌ هه‌زاران تۆن سه‌وزه‌و میوه‌ هاوردە دەکرێن، تائێستا هیچ رێگرییه‌ک لەهاوردەکردنیان نەکراوە

5 ساڵ لەمەوپێش



عومهر فهتاح

وهزارهته پهیوهندیدارهکانی حکومهتى ههرێمى کوردستان، بۆ بهرگریکردن و خۆپاراستن لهڤایرۆسى کۆرۆنا، چهند بڕیارو رێنماییهکى تایبهتیان دهرکردووهو لهدهروازه سنورییهکانى نێوان ههرێمى کوردستان و ئێران و لهناو سهنتهرى شارو شارۆچکهکانیشدا چهند رێوشوێنێکى پزیشکییان گرتووهتهبهر.

هاتنى سهوزهو میوه قهدهغه بکرێت ئهزمه دروست دهبێت

بهپێى وتهى لێپرسراوى گشتیی عهلوهى سلێمانى له 90%ى سهوزهو میوهى ههرێمی کوردستان لهلایهن کۆمارى ئیسلامی ئێرانهوه دابیندهکرێت و ئهگهر ئاڵوگۆڕی بازرگانى رابگیرێت ئهزمه دروستدهبێت و نرخهکان زۆر بهرزدهبنهوه.

سهروهر عهلى لێپرسراوى گشتیی عهلوهى سلێمانى، لهلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئێستا لهههرێمى کوردستان و لهشارهکانی خۆمان تهنها بڕێکى کهم سهوزه بهرههمدههێنرێت و هیچ میوهیهکمان نیه لهناوخۆدا، بۆ پرکردنهوهى پێداویستى رۆژانهى هاوڵاتیانیش زۆرینهى لهئێرانهوهو لهدهروازهى سهیرانبهنهوه دههێنرێت بۆ ههرێم، چونکه نرخهکهى زۆر ههرزانتر دهکهوێت لهچاو شوێنهکانی دیکهو کوالێتیهکهشى زۆر باشه«.

بهپێى ئامارهکانى عهلوهى سلێمانى، رۆژانه لهدهروازه سنورییهکانهوه نزیکهى چوار ههزار تۆن سهوزهو میوهی جۆراوجۆر دێته ناو سلێمانى و دواتر دووباره دابهشدهکرێتهوه بهسهر شارهکانداو ههندێکیشى دهنێردرێت بۆ شارهکانى ناوهڕاست و باشورى عێراق، کهبریتین لهتهماتهو خهیارو باینجان و پهتاتهو ئهوانی دیکهش.

 سهروهر عهلى، وتیشى «تائێستا هیچ رێگرییهک نیه بۆ ئهوهى سهوزهو میوه نههێنرێت، بهڵام لهئهگهرى رێگریکردندا ماوهیهک گرفت دروستدهبێت، بهڵام بهدڵنیاییهوه بازرگانهکان رێگهو شێوازى دیکه دهدۆزنهوه بۆ ئهوهى پێداویستى ناوخۆ پڕبکرێتهوه«.

هاوکات وهزارهتی کشتوکاڵ و سهرچاوهکانی ئاوى حکومهتى ههرێمی کوردستان، بۆ خۆپاراستن لهڤایرۆسهکه ژورێکی تایبهتى پێکهێناوهو چهند بڕیارێکى دهرکردووه کهبریتیه لهقهدهغەکردنى هاوردهکردنى زیندهوهری ئاوی و باڵندهو ئاژهڵی جوانی، ههروهها ههڵمهتی پاککردنەوەی هۆڵهکانی ئاژهڵ و ئهو شوێنانهی ئاژهڵ و باڵندهی تیادا دهفرۆشرێت و ئاگادارکردنهوهی نۆرینگه و شوێنهکانی کهرتی تایبهت که مامهڵه بهباڵندهو ئاژهڵی جوانی دهکهن به پاککردنەوەی شوێنهکانیان.

لهدهروازهکان پشکنین بۆ گهشتیاران دهکرێت

لهسهرجهم دهروازه سنورییهکانی نێوان ههرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، پشکنینی پزیشکی بۆ سهرجهم ئهو گهشتیارانه دهکرێت کهدهگهڕێنهوه.

 لوقمان لهتیف، ئهندامی ژوورى عهمهلیات لهدهروازهى سنورى باشماخى نزیک قهزاى پێنجوێن، ئاماژهی بۆ ئهوهکرد لهدوو رۆژى رابردوودا بهبڕیارى وهزارهتی تهندروستى لهسهرجهم خاڵه سنورییهکان رێوشوێنی تهندروستی گیراوهتهبهر بۆ خۆپاراستن و رێگری کردن لههاتنه ناوهوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کهئێستا لهچهند شارێکی ئێران دهرکهوتووه.

ئهو به‌‌ هاوڵاتى وت «بیست و چوار کاتژمێر کارمهندانی تهندروستی لهسهر سنورن و پشکنینى پزیشکی دهکهن بۆ ئهو گهشتیارانهى که لهئێران دهگهڕێنهوه، لهفۆرمێکدا ههموو زانیارییهکی کهسییان لێوهردهگیرێت و هیچ کهسێک بهبێ پشکنین و وهرگرتنی زانیاری رێگهى پێنادرێت بێته کوردستان».

ئهندامهکهى ژووری عهمەلیاتی دهروازهی باشماخ ئهوهشى خستهڕوو دواى وهرگرتنی زانیارى و پشکنینهکان رهوانهى بهشى نشینگهو پۆلیس دهکرێن و دواتر له رێگهى ئۆتۆمبێلی تایبهتهوه ههموو گهشتیارهکان دهگوازرێنهوه بۆ شارى سلێمانى و لهوێوه چاودێرییان دهکرێت، لوقمان لهتیف وتیشى «ههموو ئهو شۆفێرانهشى کهبارى بازرگانى دههێنن چ ئهوانەى ئێرانین یان عێراقى دهبێت بهو رێوشوێنه پشکنینه پزیشکیانهدا تێپهڕببن کهدانراوه«.

ههموو گهشتیارێک (14) رۆژ لهژێر چاودێرییدا دهبن

بهپێى رێنماییهکانی وهزارهتى تهندروستى ههموو گهشتیارێک که لهکۆمارى ئیسلامی ئێران دهگهڕێنهوه بۆ ماوهى (14) رۆژ لهژێر چاودێری و پشکنیدا دهبن، محهمهد قادر وتهبێژى تهندروستى ههرێم، ئاماژهی بۆ ئهوهکرد بهدەر لهههمووو رێنماییهکانى ترى وهزارهتهکهی، بۆ رووبهڕووبوونهوهى ڤایرۆسی کۆرۆنا لهخاڵه سنورییهکانهوه ههموو ریگرییهک گیراوهتهبهر، وتهبێژى تهندروستى ههرێم لهلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى «ههموو ئهوانهى لهکۆماری ئیسلامی ئێرانهوه دهگهڕێنهوه جا هاوڵاتى ههرێمى کوردستان بن یان ئێرانى، ناتوانن داخڵی ههرێم بن تاماوهى (14) رۆژ لهژێر چاودێریدا دهبن، تائێستا نزیکهى (400) کهس لهدهروازهکانهوه هاتوونهتهوهو ئێستا لهژێر چاودێریدان».

ئهو بهرپرسهى وهزارهتی تهندروستی ئاماژهى بۆ ئهوهشکرد لهههموو خاڵه سنورییهکانی ههولێرو سلێمانى و دهۆک و ههڵهبجهو ئیدارهى راپهڕین و گهرمیانیش بهپێى خاڵه سنورییهکان شوێن دابینکراوه بۆ ئهو گهشتیارانهى که رۆژانه لهئێرانهوه دهگهڕێنهوه بۆ ههرێمى کوردستان.

دکتۆر محهمهد قادر جهختى لهوهشکردهوه ههموو ئامادهکارییهک کراوهو ئامێرى پشکنین و کۆمهڵێک پێداویستى پزیشکى بۆ ناوچه سنورییهکان دابینکراوه، وتیشى «بۆ ئهوهى بودجهیهکی فریاگوزارى دابین بکهین بۆ رووبهڕوبوونهوهى ڤایرۆسهکه لهلایهن سهرۆکى حکومهتهوه لهگهڵ ههموو وهزارهتهکان لهسهر خهتین».

سهردانى نهخۆش و زیندانییهکان قهدهغهکرا

بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تهندروستی سلێمانی، سهردانى نهخۆشى لهسهرجهم نهخۆشخانه و مهڵبهنده تهندروستیهکان و زیندانى چاکسازى گهوران بۆ ماوهیهکى نادیار قهدهغهکردووه.

یاد نهقشبهندى وتهبێژى بهڕێوهبهرایهتى تهندروستى سلێمانى، به هاوڵاتى وت «هیچ حاڵهتێکی نهخۆشی کۆرۆنا لهسنوری پارێزگای سلێمانى تۆمارنهکراوهو ههموو ئهو رێوشوێن و کارانهى گیراونهتهبهر تهنها بۆ رێگرییه لهبڵاوبوونهوهى ڤایرۆسهکهو خۆپارێزییه«.

وتهبێژهکهى تهندروستى سلێمانى ئاماژهی بۆ ئهوهکرد لهپێناو سهلامهتی گیانی هاوڵاتیان سهردانی نهخۆش بهههموو شێوهیهک قهدهغهکراوه تاکاتێکی نادیار، وتیشى «داواش لهههموو هاوڵاتیان دهکهین پابهندبن  بهو رێنماییهوهوو هاوکارمان بن».

هاوکات به‌فه‌رمانی وه‌زیری کارو کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی حکومه‌تى هه‌رێم، سه‌ردانیکردنی  سزادراوانی به‌ندیخانه‌ی چاکسازیی گه‌وران له‌لایه‌ن که‌سوکاریانه‌وه‌ له‌ رۆژی هه‌ینییه‌وه‌ راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی سزادراوان و که‌سوکاریان و دووربوون له‌مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار