زانایان دڵنیا نین لەوەی پلەی گەرمی کۆرۆنا لەناو ببات
«ئەگەر سارس هەمان خاسییەتەکانی ئەم ڤایرۆسەی هەبووایە، تائێستاش دەمایەوە»
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: پێگەی کایشینی چینی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
زۆرێک هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کەڤایرۆسی کۆرۆنا لەهاویندا بمرێت هەروەک ئەوەی بەسەر پەتای سارسدا هات لە ٢٠٠٣دا، بەڵام ئاخۆ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و کۆڤید-١٩ لەناودەچێت کاتێک پلەی گەرمی بەرز ببێتەوە؟
ئەوە هیوای زۆرێک لەخەڵکە، لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. هەندێک زاناش گومانی ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر نامێنێتەوەو رزگاری نابێت لەژینگەی گەرمدا، بەڵام راستی و دروستی ئەم گومانە هێشتا یەکلانەبووەتەوە.
ژمارەی حاڵەتە پشتراستکراوەکان نیشانەی کەمبوونەوەن لە چەند رۆژی رابردوودا، هەروەها هەموو رۆژێک نەخۆشی زیاتر لە نەخۆشخانەکان چاکدەبنەوە و دەردەچن، بەڵام ئەو خاڵەی کەتێیدا دەربکەوێت ژمارەی تووشبووان کەمببێتەوە هێشتا دیار نییە.
ژۆنگ نانشان، پسپۆرێکی چینی کۆئەندامی هەناسە کە بەهۆی رۆڵەکەیەوە لەپەتای سارسدا لە ٢٠٠٣ بەناوبانگ بوو، رایگەیاند چاوەڕوانی ئەوە دەکات حاڵەتە نوێیەکان لەکۆتایی شوباتدا بگەنە ترۆپک. بەڵام ئاخۆ ئەمە ببێتە نیشانەی خاڵی وەرچەرخان دەکەوێتەوە سەر ئەوەی دەستپێکردنەوەی کار لەسەرتاسەری چین چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
وانگ چێن، پسپۆرێکی کۆئەندامی هەناسە، لەدووشەممەی رابردوودا بە سی سی تیڤی چینی راگەیاند کە پێوەری پێویستی گلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە) لەگەڵ کەوشوهەوای گەرم یارمەتیدەر دەبن لەدامرکاندنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
بەشێوەیەکی تیۆری، کۆڤید-١٩ - کە بەشێکە لەخێزانی ڤایرۆسی کۆرۆناو سارس و میرسیش هەر لەهەمان خێزانن - هەستیارە بەرامبەر پلەی گەرمی. هەموو ڤایرۆسێک پێکدێت لەگەردیلەیەکی ناوکی ئەسیدی لەناو توێکڵێکی پرۆتینیدا کە پێی دەوترێت کاپسید. هەندیک ڤایرۆس، بەڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، چینێکیان هەیە لەدەرەوەی توێکڵەکەو ئەو چینە بەشێوەیەکی رێژەیی هەستیارە بەرامبەر گەرمی.
بەپێی ناوەندی چین بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لەنەخۆشییەکان، کۆڤید-١٩ لە ٤ پلەی گەرمیدا بەجێگری دەمێنێتەوە و دەشتوانێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە (٦٠) پلە خوار سفری سەدییەوە رزگاری ببێت. بەپێی زانیاری ناوەندەکە، لە پلەیەکی بەرزی گەرمیدا توانای بەرەنگاری ڤایرۆسەکە کەمدەبێتەوە، بەڵام پلەی گەرمییەکە تەنها کاردەکاتە سەر کاتی مانەوەی ڤایرۆسەکە نەک توانای بۆ تووشکردن.
دەرئەنجامی هاوشێوە لەڤایرۆسی سارسدا دۆزرایەوە. سارس لەپلەی گەرمی چوار پلەی سەدیدا بەجێگری دەمێنێتەوە بەڵام چالاکییەکەی لە (٣٧) پلەی سەدیدا لەماوەی سێ رۆژدا لەدەستدەدات و تەنها دەتوانێت بۆ ماوەی (١٥) خولەک بمێنێتەوە لە (٧٠) پلەی سەدیدا، بەپێی تووێژینەوەیەکی ئەکادیمیای سوپای چین بۆ زانستە پزیشکییەکان.
لەکاتی سەرهەڵدانی سارس لە ٢٠٠٣ لەهۆنگ کۆنگ، بۆ هەرپلەیەک لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە هۆنگ کۆنگ ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان بە لەسەدا ٣.٦% کەمی دەکرد. سارس تەنها لەهەرێمەکەدا (٣٠٠) کەسی کوشت و بۆ ماوەی هەشت مانگ مایەوە کە بەسەر (٢٩) وڵاتدا بڵاوبووەوە.
هاوشێوەی کۆڤید-١٩، یەکەم حاڵەتی سارس لەکۆتایی ساڵدا تۆمارکرا. ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لەنیسانی ٢٠٠٣دا گەیشتە لوتکەو هیچ نەخۆشێک لەمانگی تەمموز ڤایرۆسەکەی تێدا بەدی نەکرا. زاناکان چارەسەریان بۆ سارس نەدۆزییەوە، کە هەشت هەزار کەسی تووش کرد لەجیهاندا، هەروەها بڕواوایە ڤایرۆسەکە لەکەشوهەوای گەرمدا لەناودەچێت.
بەپێی پەرتووکی «سارس: چۆن پەتایەکی جیهانی وەستێندرا» کە لەلایەن شیگورو ئومی بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نووسراوە، رێکخراوەکە شکستی پەتاکەی دایەپاڵ حاڵەتی تووشبونی روون، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی لێشاوی کەسە تووشبووەکان، هەروەها پلەی گەرمی.
بەڵام جیاوازییەکانی سارس و کۆڤید-١٩ وادەکەن کە پێشبینی کردنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە سەخت بێت. بەپێچەوانەی سارسەوە، کە تووشبووەکە کاتیک کەسانی تر تووش دەکات کە تای هەبێت، ئەوانەی کۆڤید-١٩یان گرتووە دەتوانن ڤایرۆسەکە بڵاوبکەنەوە بەبێ بەدیکردنی هیچ نیشانەیەک، ئەمەش وادەکات کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە سەختتر ببێت.
تووێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە کۆڤید-١٩ زۆر گوێزەرەوە ترە لەسارس. تووێژینەوەکە لە ١٥ی شوباتدا بڵاوکرایەوە و لەلایەن تیمێک بەسەرکردایەتی توێژەر، جەیسۆن مەکلین لەزانکۆی تەکساس، بڵاوکرایەوەو بۆ ماوەی چەند ساڵێک تووێژنەوەی کردووە لەسەر جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک سارس و مێرس.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو هەوا هەڵدەکشێت یان خۆی دەبەستێتەوە بە رووتەختی تەنەکان -- کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا بۆ ماوەیەکی کورت دەتوانێت بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە لەگەڵ داغڵبوونی بەجەستەی مرۆڤ، توانای تووشکردنی کەسانی دیکەی کەمنابێتەوە ئەگەر پلەی گەرمیش بەرز بێت، (ما کی) پزشک لەنەخۆشخانەی وهانی تۆنگجی وای وت.
سارس لەماوەی چالاکیدا تەنها هەشت هەزاری تووش کردو (٧٧٤) کەسی کوشت، بەڵام کۆڤید-١٩ تائێستا ژمارەی تووشبوانی نزیکدەبێتەوە لە (٨٠) هەزارو زیاتر لەدوو هەزارو (٥٠٠) کەسی کوشتووە. ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە سارس کوشندە تر بوو بەجۆرێک کە لەهەر (١٠) تووشبوویەک یەک تووشبووی دەکوشت، هەرچەندە لە (٥٠) تووشبوو یەک کەس بەهۆی کۆڤید-١٩ەوە گیان لەدەستدەدات.
هەرچەندە ئەمە مانای ئەوەیە کە کۆڤید-١٩ کوشندە نییە، بەڵام دەریدەخات کە بەئاسانی لەناوناچێت وەک سارس.
کۆڤید-١٩ زۆر ئاڵۆزە تا هەنگاوێک یان چەند هەنگاوێک پێشیبکەویت بەهۆی خاسیەتەکانییەوە، بریتانی کموش توێژەرێکی تەندروستی لەزانکۆی سیراکوزی نیویۆرک وای وت.
بریتانی دەڵێت، ڤایرۆس کاتێک زۆر بڵاودەبێتەوە کە گوێزەرەوە بێت نەک کوشندە. ئەگەر ڤایرۆسێک زۆر کوشندە بێت، نەخۆشەکان پیش ئەوەی بیگوانزەوەبۆ کەسانی تر دەمرن.
بریتانی کموش ئەوەشی خستەڕوو کە رێژەی کەمی مردنی کۆڤید-١٩ بەبەراورد بە سارس، هەرچەندە دڵخۆشکەرە بۆ پزیشکان بەڵام رەنگە ببێتە بەربەست بۆ هەوڵەکانی رێگەگرتن و دامرکاندنەوەی.
«پێموایە ئەگەر سارس هەمان خاسییەتەکانی ئەم ڤایرۆسەی هەبوایە، تا ئێستاش دەمایەوە».