زانایان پەنا دەبەنە بەر دەرمانی ئایدز بۆ چارەسەری کۆرۆنا
چاوەڕێ دەکرێت چارەسەری سەرەتایی کۆڤید-١٩ لەسەرەتای ئازارەوە دەربچێت
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: گاردیانی بەریتانی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەکۆتاییەکانی ٢٠١٩، زانایان وێڵن بەدوای چارەسەرێکدا بۆ ڤایرۆسەکە، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ گەشتوونەتە چارەسەرێکی سەرەتایی کە رەنگە ببێتە چارەسەری بنەڕەتی و تەواوی ڤایرۆسەکە بنەبڕ بکات.
پزیشکان لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا بۆیان ئاشکرادەبێت کە ئەو دەرمانانەی بەکارهێنراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کاردەکات یان نا، بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.
خشتەی دەرئەنجامی سەرەتایی بۆ دوو تاقیکردنەوە کە لەچین ئەنجامدراوە کورتن بەڵام گونجاون بەهۆی چڕبوونەوەی زەبەلاحی کەسە نەخۆشەکان لەناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەپارێزگای چین. ئەمە رێگەی خۆشکرد بۆ بەراوردکردنی کەسانی هاوتەمەن، هاو توانای جەستەیی، هاوقۆناغی نەخۆشییەکەیان.
ئەو دەرمانانەی بەکارهێنراون بۆ کۆڤید-١٩، پێشتر بۆ حاڵەتی تریش پەسەندکراون، بۆیە ئەمە مانای ئەوەیە پێویست ناکات بەتاقیکردنەوەی سەلامەتیدا تێپەڕن لە ئاژەڵدان ئینجا بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێن.
لەسەر رێنمایی پسپۆرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدراون. نەخۆشەکانی تاقیکردنەوەی یەکەم دەرمانی (کالێترا)یان پیدراوە کە بەشێوەی ئاسایی بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت ڤایرۆسی «ئێچ ئای ڤی» یان هەیە. دەرمانەکە پێکهاتووە لەدوو دژە ڤایرۆس، لۆپیناڤێر و ریتۆناڤێر. زاناکان چاوەڕێی دەرئەنجامەکانی ئەو (٢٠٠) کەسە دەکەن کەئەم دەرمانەیان پیدراوە بۆ چارەسەر.
دەرمانەکەی تر کە لەتاقیکردنەوەکەدا بەکارهێنراوە «ریمیدسڤێر»ە کە لەلایەن کۆمپانیای «گیلید»ی ئەمریکییەوە دروستکراوە. دەرمانەکە لەکاتی سەرهەڵدانی ئیبۆلا لەکۆنگۆ لەساڵی ٢٠١٨ تاقیکرایەوە، بەڵام بەشێوەیەکی پێویست کاریگەر نەبوو بەرامبەر ڤایرۆسەکە.
تاقیکردنەوە نوێیەکەی «ریمیدسڤێر» دەبێتە «ستاندارد»و لێکۆڵینەوە لەوەدەکات کە تاچەند توانای چاکبوونەوەی هەیە لەنەخۆشە مامناوەندو سەختەکاندا بەبەراورد بەو نەخۆشانەی کەتەنها پلاسیبۆیان دراوەتێ - ئەو دەرمانەی کە هیچ کاریگەرییەکی نییەو تەنها بۆ باشترکردنی لایەنی دەروونی نەخۆشەکە دەدرێت.
«تەنها یەک دەرمان هەیە لەئێستادا کە پێمانوایە کاریگەری راستەقینەی هەبێت، ئەویش ریمیدسڤێرە:، بروس ئەیلوارد، یاریدەدەری سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت.
سکترێکری گشتی رێکخراوەکە، تێدرۆس ئەدهانۆم، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا دەرئەنجامە سەرەتاییەکان دەردەچن. ئەو دەرمانانەی دەستنیشانکراون لەلایەن پسپۆران و تووێژەرانی رێکخراوەیەکەوە هەڵبژێردراون.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کەدەرمانی سێیەم، دژە مەلاریا کە لەچین بەکارهێنراوە، لەتاقیکردنەوەکاندا پەسەند نەکراوە.
تێدرۆس وتی ئەو تیمە نیودەوڵەتییە بەسەرکردایەتی رێکخراوەکە، کە ئێستا لەچینن، لەگەڵ کارمەندانی بەرەی پیشەوەی ڤایرۆسەکە گفتوگۆ دەکەن لەسەر کاریگەری چارەسەرەکانی ڤایرۆسەکە. پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشەکان دەستبەجێ گرنگ بوو، چونکە «هەتا نەخۆشەکان زووتر پشکنینیان بۆ بکرێت و چارەسەر بکرێن، زووتر باش دەبنەوە»، تێدرۆس وای وت.
تیمەکە پسپۆرانی چەند وڵاتێکی تێدایە، لەوانە ئەمریکا، ئەڵمانیا، یابان، نێجیریا، روسیا، کۆریای باشوور، هەروەها سەنگافورە.
تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکی پەسەندکراو نییە بۆ کۆڤید-١٩ هەروەک ئەوەی هیچ پێکوتەیەکیش نەبوو بۆ سارس لەساڵی ٢٠٠٣. کالێترا لەسەر ڤایرۆسی مێرس تاقیدەکرێتەوە بەڵام حاڵەتەکان زۆر کەمن تائەنجامەکان بەخێرایی دەربچن.
تێدرۆس ئاماژەی بەوە کرد کەتیمەکەی چوستن لەدۆزینەوەی پێکوتەیەک بۆ مەودای درێژخایەنە، بەڵام رەنگە نزیکەی (١٨) مانگی پێبچێت.
حاڵەتەکانی تووشبوونی کۆڤید-١٩ نزیک دەبێتەوە لە (٨٠) هەزارو ژمارەی مردووانیش دوو هەزار و (٥٠٠)ی تێپەڕاندووە لەچین. «داتاکانی چین بەردەوامن لەنیشاندانی کەمبوونەوەی حاڵەتی پشتڕاستکراوە، ئەمە بەجۆرێک هانمان دەدات، بەڵام ئێستا کاتی کەمتەرخەمی نییە»، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت.
لەدەرەوەی چین، ژمارەی مردووان نزیکدەبێتەوە لە (٥٠) کەس و نزیکەی دوو هەزارو (٧٠٠) توشبوو هەیە.
«بەهۆی ئەو پێوەرە جددیانەی چین گرتویەتییە بەر، ژمارەی حاڵەتەکان لەجیهاندا کەمن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو ژمارە کەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بەم جۆرە بمێنێتەوە»، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وای وت.
تێدرۆس ئەوەشی خستەڕوو کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوایەکی بەرزکردووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی (٦٧٥) ملیۆن دۆلار، چونکە «هێشتا بودجەی ئامادەکراو بۆ ڤایرۆسەکە کەمە».