کۆرۆنا ئابووریی جیهان بەرەو داڕمانەکەی 2008 رادەکێشێت
چاوەڕوان دەکرێت هێڵە ئاسمانییەکان نزیکەی 29 ملیار دۆلار لەدەست بدەن لەمساڵدا، بەتایبەتی لەئاسیادا
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: گۆڤاری نیو ساینتست
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
بازاڕە داراییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا خراپترین زیانیان بەرکەوتووە لە هەفتەی رابردوودا لەسەردەمی داڕمانی ئابووری ٢٠٠٨ەوە لەگەڵ ئەوەی کۆڤید-١٩ بەرەو پەتای جیهانی هەنگاو دەنێت.
نزیکەی پێنج ترلیۆن بەهای پشکی بازاڕەکان لە هەفتەی رابردوودا کەمیان کرد لەهەموو جیهاندا هاوئاهەنگ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ هەموو کیشوەرەکان جگە لە ئەنتارتیکا سەرەڕای ئەوەی ژمارەی نوێی تووشبوان بەردەوامە لەزیادبوون بەخێراتر لەچین.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس، دەگونجێت پەتایەکی جیهانی کە شەش مانگ بخایەنێت یەک ترلیۆن و (١٠٠) ملیار دۆلار کەمبکاتەوە لەگەشەی جیهانی چاوەروانکراودا.
ئیکۆنۆمیکس ئەوەی خستوەتەڕوو کە بەکاربەران کەمتر پارە خەرج دەکەن، خەڵک ناتوانن کاربکەن، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشت و سەردان کەم دەبنەوە و هەروەها وەبەرهێنان کز دەبێت، ئەمەش بەپێی ئەو شیکردنەوانەی لەسەر ڤایرۆسەکانی پێشوو کراوە وەک سارس.
«ترلیۆنێک و (١٠٠) ملیار دۆلار زۆر کەمتر دەبێت لەکاریگەری داڕمانە داراییەکەی ٢٠٠٨، ئابوری جیهان هەر لەگەشەدا دەبێت. پێشبینی ئێمە لەسەدا ٢.٣% دەبێت لەگەشەی ئابوری جیهانیدا»، بێن مەی، توێژەر لە ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس وای وت.
بێن مەی دەشڵێت لێکدانەوەو هەژمارکردنی زیانە ئابوورییەکان تائێستا سەختە بەهۆی کەمی داتاو زانیارییەکانەوە. ژمارەکانی چالاکی پیشەسازی بەلەسەرخۆیی دەرکەوتن و بەراوردەکانی رابردووش قورستر ئەنجامدەدرێن ئەویش بەهۆی گۆڕانی کاتی ساڵی نوێی چینی - سەرهەڵدانی سەرەکی ڤایرۆسەکە لە وهان لەگەڵ پشوی سەری ساڵ روویدا.
بەڵام، چەندین بەڵگە بوونیان هەیە لەچەند کەرتێکدا، وەک گەشتوگوزار. تایلەندا، کە بەشێوەیەکی ئاسایی تەنها یەک لەسر چواری سەردانکەرانی لەچینەوەیە، بە لەسەدا ٧٠% ژمارەی گەشتیارانی لەدەستدا لە تەنها (١٠) رۆژی یەکەمی شوباتدا، ئەمەش بەبەراورد بەهەمان بەروار لەساڵی ٢٠١٩.
«بەڕوونی کاریگەری گەورە دەبێت لەسەر گەشتوگوزار، کە ئێستا دەیبینین، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لاوازتر دەبێت و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ کێشەی زنجیرەی خستنەڕوو. هەندێک بزنس کێشەیان بۆ دروستنابێت، بەڵام ئەوانی تر خراپ زیانیان بەردەکەوێت»، مەی وای وت.
خواستی چاوەڕوانکراوی هێڵە ئاسمانییەکان لەسەدا ٤.٧% کەمدەبێتەوە لەمساڵدا، کەئەمەش بەرەو یەکەم کزبوونی گشتگییر هەنگاو دەنێت لەگەشتی ئاسمانی جیهانیدا لەسەردەمی قەیرانی ئابووری ٢٠٠٨ەوە. بەپێی دەزگای ئاڵوگۆڕی بازرگانی یەکێتی گواستنەوەی نیودەوڵەتی ئاسمانی، چاوەڕواندەکرێت داهاتی هێڵە ئاسمانییەکان نزیکەی (٢٩) ملیار دۆلار لەدەستبدەن لەمساڵدا، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی ئاسیا زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.
شیکەرەوان لەبواری نەوتدا لەکۆمپانیای رایستاند ئێنێرجی بە پێشبینییەکانیاندا چوونەوەو نرخی تێکڕای نەوتیان بۆ نەوتی خاوی برێنت لە (٦٠) دۆلارەوە کەمکردەوە بۆ (٥٦) دۆلار و هۆشداری ئەوەیاندا کەکەمتریش ببێتەوە. پێدەچێت دەردانی کاربۆنیش بەشێوەیەکی کاتیی لەچین کەم بووبێتەوە بەهۆی رێکارەکانی گلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە)ەوە.
بەرهەمهێنەرانی ئۆتومبیل کزبوونی خواستیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەپێی وتەی دەیڤد بەیڵی پرۆفیسۆر لەزانکۆی بێرمینگهام کە ئەوەی خستوەتەڕوو کەچەندین کۆمپانیا لەوانە جاگوار رایانگەیاندووە کە لەئێستادا هیچ ئۆتومبێلیک لەچین نافرۆشن. «رەنگە کەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتومبیلیش لەجیهاندا ببینین لەمساڵدا بۆ یەکەم جار کە شتی وا رووبدات لەچەند ساڵی رابردوودا»، بەیڵی وای وت.
هەرچەندە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتومبیل بەمۆدێلی «کات» کاردەکەن، بەمانای ئەوەی پارچەکانی ئۆتومبیل کاتێک دەگەنە کارگەکە کەپێویست بن لەجیاتی ئەوەی لەعەمبارێکدا دابنرێن، بەڵام دەگونجێت ئەمانیش رووبەڕووی زیان ببنەوە. هەر کاتێک بەرهەمهێنان لەچین دەستپێبکاتەوە، زنجیرەی دابنیکردنی پارچەکان درەنگ دەگەن، چونکە شەش بۆ حەوت هەفتیەیان پێدەچێت تا دەگەنە شوێنی مەبەست.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەنێک پەتای جیهانی دەمێنێتەوە، دەگونجێت داڕمانی ئابووری بۆ هەندێک وەک خودی ڤایرۆسەکە کوشندە بێت.
ئارۆن ریڤز، پرۆڤیسۆر لەزانکۆی ئۆکسفۆرد کەیەکێک بوو لەو تیمەی ئەوەیان ئاشکراکرد داڕمانە ئابورییەکەی ٢٠٠٨ پەیوەست بووە بەزیاتر لە (10) هەزار خۆکوژی لەئەوروپاو ئەمریکای باکور، دەڵێت کزبوونی ئەمدواییەی بۆرسەی جیهانی رەنگە ببێتەهۆی خۆکوژی زیاتر.
«ئەگەرێکی گەورە هەیە کەئەمە سەربکێشێت بۆ بەرزبوونەوەی بێکاری لەسێ بۆ شەش مانگی داهاتوو، دەکرێت هەندێ لێکەوتەی تەندروستی دەروونی رووبدات، قورسترینیان خۆکوشتن دەبێت».
شتێکی سەیر دەبێت ئەگەر بەپەتابوونی جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەربکێشێت بۆ خۆکوشتن بەقەبارەی داڕمانەکەی ٢٠٠٨ لەگەڵ ئەوەی ژمارەی مردنەکان تائێستا «بەرچاون»، ریڤز وای وت.
ریڤز ئەوەشی خستەڕوو خراپی کاریگەرییەکە دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کەزیانە ئەبورییەکە لەکوێ سەرهەڵدەدات: ئەو وڵاتانەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییان بەهێزترە کاریگەری خۆکوشتن خراپتر دەکەن بەمانی ئەوەی، کردەی خۆکوژی زیاتر تێیاندا روودەدات.