کۆچبەران دەبنە داشی دامە بەدەست ئەردۆغانەوە
دوای کوشتنی سەربازەکانی لەئیدلیب، تورکیا بەکۆچبەران فشار دەخاتە سەر ئەوروپا
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لێشاوێکی زۆری پەنابەرو کۆچبەر بەرەو ئەوروپا مل دەنێن دوای ئەوەی تورکیا رایگەیاند پابەند نابێت بەو رێککەوتنەوە کە رێگەیان لێدەگرێت بچنە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی تورکیا ئەوەی خستەڕوو وڵاتەکەی پاڵپشتی پێویست نەکراوە لە لەخۆگرتنی ملیۆنەها پەنابەری سوری.
بڕیارەکەی تورکیا دوای هێرشێکی جەرگبڕ هات بۆ سەر سەربازەکانی لە باکوری سوریا لەلایەن حکومەتی سوریاوە.
ئەم رووداوە ترسی دروستکردووە لەسەرهەڵدانی جەنگێک لەنیوان تورکیاو هاوپایمانەکەی سوپای سوریا، کە روسیایە.
یۆنان و بولگاریا – کە سنووریان هەیە لەگەڵ تورکیا – هێزیان رەوانە کردووە بۆ رێگەگرتن لە پەنابەرەکان لەداغڵ بوون. هەندێک لەراپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن پۆلیسی یۆنان بەگازی فرمێسکڕێژ ریگری لەپەنابەران دەکات تاسنوور نەبەزێنن.
لانی کەم (٣٣) سەربازی تورکیا لەبۆردومانێکدا لەئیدلیب کوژران کەدوایین پارێزگای سوریایە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان زۆرترین ناوچەیان بەدەستەوەیە.
ماوەیەکی زۆرە هێزەکانی حکومەتی سوریا، بەپاڵپشتی روسیا، لەهەوڵی ئەوەدان ئیدلیب لەژێردەستی گروپە جیهادییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بەتورکیا دەربهێنن.
لەماوەی داهاتوودا بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆببێتەوە بەهۆی پێشهاتەکانی سوریاوە. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆرڵ هۆشداریدا کەدۆخەکە مەترسی دروستکردنی «پێکدادانێکی سەربازیی گەورەی نێودەوڵەتی» دروستکرد.
بۆچی تورکیا رێ بەکۆچبەران دەدات بڕۆن؟
تورکیا سێ ملیۆن و (٧٠٠) هەزار پەنابەری سوریای لەخۆگرتووە سەرەڕای کۆچبەرانی تر لەوڵاتەکانی ترەوە وەک ئەفغانستان و عێراق – بەڵام پێشتر بەربەستی بۆ داناون لەگەیشتنیان بەئەوروپا بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.
کۆچبەران بەلێشاو رێیان دەکرد لەسنوری یۆنان لەنزیک شارۆچکەی ئەدەرنەی تورکیاو هەروەها لەباشورەوە بەبەلەم بەرەو لێسبۆس.
کیراکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاند ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەسنوورەکاندا کۆبونەوتەوە بەڵام «هیچ داغڵبوونێکی نایاسایی بۆ ناو یۆنان قبوڵ ناکرێت». سەرۆک وەزیرانی یۆنان ئەوەشی خستەڕوو کەئاسایشی سنوری ئاوی و وشکانی توندوتۆڵکراوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی تورکیا، فەهرەتین ئاڵتون وتی کەئێستا کۆچبەرەکان کێشەی ئەوروپاو جیهانیشن. ئاڵتون ئاماژەی بەوەشکرد تورکیا «هیچ بژاردەیەکی تری نەبووە» جگە لەکردنەوەی سنوور، چونکە پاڵپشتی پێویستی پێنەگەیشتووە لە لەخۆگرتنی پەنابەرانی سوری.
بەڵام دژبەیەک هەیە لەسیاسەتی تورکیا بەوپێیەی جۆسێپ بۆرێڵ رایگەیاند کە مەولود چاوشئۆغلۆ دڵنیایی کردووەتەوە تورکیا پابەنددەبێت بەکۆنترۆڵکردنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەوروپا.
ئاڵتون پێشتر رایگەیاندبوو تورکیا توانای ئەوەی نییە رێ بەداغڵبوونی یەک ملیۆن پەنابەری سوری بدات کە لەئیدلیبەوە دێن. داوای لەکۆمەڵگەی نیودەوڵەتی کرد کەپارێزگاری لەسڤیلەکان بکەن لەئیدلیب لە «جینۆساید» کردنیان بەدانانی ناوچەی دژەفڕین.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەمانگی کانونی یەکەمەوە نزیکەی (٤٦٥) سڤیل، کە (١٤٥)یان منداڵن، لەئیدلیب بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی سوریاوە کوژراون. منداڵان بەهۆی سەرماشەوە لەگیانداندان.
لەکاتی هێرشکردنەسەر سەربازە تورکییەکانەوە چی روویداوە؟
لەهەینی رابردوودا سەرۆکانی تورکیاو روسیا پێکەوە بەتەلەفون قسەیان کرد. ڤالادمیر پوتن و ئەردۆغان لەسەر پێویستی «رێکاری زیادە» رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، بەپێی راگەیەندراوی کریملین.
یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ بەڵێنی «پاڵپشتی بەهێزی سیاسی و کردەیی»دا بۆ تورکیا لەکاتێکدا ئەمریکا وتی «لەگەڵ» تورکیاداین.
روسیا باس لەوە دەکات سەربازەکانی تورکیا بۆیە هێرشیان کرایەسەر چونکە هاوشانی شەڕکەرە جیهادییەکان ئۆپەراسیۆنیان دەکرد. مۆسکۆ نکوڵی لەوەدەکات هێزەکانی خۆی لەشەڕەکە بەشداربووبن لەناوچەی بەلیون.
بەپێ وتەی بەرپرسانی تورکیا، سوپای وڵاتەکە هێرشی کردووەتەسەر (٢٠٠) ئامانجی حکومەتی سوریا وەک تۆڵەکردنەوەیەک، (٣٠٩) سەربازی سوری بوونەتە قوربانی. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند (٢٠) سەربازی سوریا کوژراون.
روسیا دەڵێت لەپەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ تورکیا تا زامنی ئەوەبکات سەربازانی تورکی نەکرێنە ئامانج لەئیدلیب و ئاگادارنەکراونەتەوە لەوەی هێزەکانی تورکیا لە بەلیون چالاکییان هەبووبێت.
بەڵام خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا جەختی لەوە کردەوە روسیەکان لەشوێنی سەربازانی تورکیا ئاگادارکراونەتەوەو وتی هیچ گروپێکی چەکدار لەنزیک سەربازەکانەوە چالاکییان ئەنجامنەداوە.
ناوەڕۆکی ئەم دۆخە چییە؟
هێرشی سەر سەربازانی تورکیا دوای ئەوەدێت کەگروپەکانی نزیک لەتورکیا شارۆچکەی ستراتیجی سەرقابیان گرتەوە. ئیدلیب دوایین پارێزگایە کەتێیدا گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان زۆرترین ناوچەیان بەدەستەوەیە.
لەجەنگە ناوخۆییەکەدا روسیاو تورکیا پاڵپشتی لەهێزە رکابەرەکان دەکەن. تورکیا دژی حکومەتی بەشار ئەسەدە و پاڵپشتی لەهەندێک لەگروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات.
سوریاو روسیا داخوازی ئەردۆغانیان رەتکردووەتەوە سەبارەت بەکشانەوە بۆ هێڵەکانی ئاگربەست کە ٢٠١٨ لەسەری رێککەوتبوون.
تورکیا بەشێوەیەکی چالاکیش هەوڵدەدات رێگە لەکوردانی سوریا بگرێت کۆنترۆڵی خۆیان دابمەزرێنن لەسەر هەرێمەکانی سەر سنور، لەترسی ئەوەی کەئەمە هانی جیابوونەوەی کرد دەدات لەناوخۆی تورکیادا.
تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کەدەیەوێت کورد لەسنورەکان دووربخاتەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لەناو سوریا تا دوو ملیۆن پەنابەری سوری تێدا نیشتەجێ بکات کەئێستا لەتورکیان.
روسیا هەموو ئەو داوایانەی رەتکردووەتەوە لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بەئاگربەستێکی مرۆیی و دەڵێت تاکە چارەسەر ئەوەیە تیرۆریستەکان راوبنرێت لەوڵاتەکەدا.
حکومەتی سوریا، کەزۆرجار تۆمەتبار دەکرێت بەئەنجامدانی کردەی دڕندانە دژی سڤیل، دەڵێت ئیدلیب لەدەستی «تیرۆریستان» ئازاد دەکات.