" گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو خزمه‌تى ئه‌جێنداى پارتیان کرد"

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

په‌رله‌مانتارێکى گۆڕان ھەرسێ فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕانی تۆمەتبارکرد بە  "خزمه‌تکردنى ئه‌جێنداکانى  پارتی" لە پرسی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی حوکەمەتی نوێی عێراق، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەۆکی پارتی سوپاسی ئەو لایەنانەی کرد لەسەر شکستپێھێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکھێنانی حکومەتدا. بەلام پارتی دەڵیت سوپاسەکە "گرنگ" بووە.

کاوه‌ محه‌مه‌د ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌سایتى هاوڵاتى وت "نه‌ده‌بوو گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى بچێته‌ ناو وه‌فدێکه‌وه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌ت، گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو خزمه‌تى ئه‌جێنداکانى پارتیان کرد بۆیه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى له‌ په‌یامێکدا سوپاسیان ده‌کات".

دوای ئەوە شەوری رابردوو محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراوى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق  رایگەیاند نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا کابینەکەی راگەیەنێت، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى ئازارى 2020 مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى په‌یامێکى پێزانینى بۆ لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌ "پڕ به‌دڵ سوپاسى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌م که‌ سه‌ربارى بوونى بۆچوونى جیاوازى سیاسی، به‌ڵام له‌ بابه‌تى پێدان و پێنه‌دانى متمانه‌ به‌ حکومه‌تى تازه‌ى عێراق یه‌کڕیزبوون".

 هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانى ده‌شڵێت:" ئه‌م یه‌کهه‌ڵوێسته‌ى حیزبه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا به‌ ده‌ستکه‌وتێکى مێژوویى بۆ گه‌لى کوردستان و جێگه‌ى پێزانینه‌"

به‌پێى ده‌ستور به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا که‌سێکى دیکه‌ ده‌ستنیشان ده‌کات و رایده‌سپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق و ئه‌و که‌سه‌ش ده‌بێت له‌ماوه‌ى 30 رۆژدا کابینه‌که‌ى پێکبهێنێت.

کاوه‌ محه‌مه‌د وتی "گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو خزمه‌تى ئه‌جێنداکانى پارتیان کرد".

له‌به‌رانبه‌ردا، ڤیان سه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى وتى " ئه‌و سوپاکردنه‌ى سه‌رۆک بارزانى بۆ لایه‌نه‌کان گرنگ بووه"‌.

ناوبراو له‌باره‌ى په‌یامه‌که‌ى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ وتى:" ئه‌و سوپاکردنه‌ى سه‌رۆک بارزانى بۆ لایه‌نه‌کان گرنگ بوو، چونکه‌ لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ یه‌ک هه‌ڵوێست بوون له‌ بابه‌تى پێکهێنانى حکومه‌ت  له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه‌".

بەپێی دەستوری عیراق ده‌بێت سه‌رۆک کۆمار کاندیدێکی تر ده‌ستنیشان بکات له‌ ماوەی 15 رۆژدا و رایبسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت.

دوێنێ شه‌و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراوى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق داواى لێبوردنى کردو رایگه‌یاند "له‌نێوان خه‌ڵک و پۆستى سه‌رۆک وه‌زیراندا، خه‌ڵکم هه‌ڵبژارد". به‌و پێیه‌ى ماوه‌ى یاساییه‌که‌ى که‌ مانگێک بوو کۆتایى هات و نه‌یتوانى سه‌رکه‌وتوو بێت له‌پێکهێنانى کابینه‌که‌یدا.

هه‌روه‌ها داواى لێبوردنى له‌ گه‌لى عێراق کردو وتى "به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان که‌ پێشتر ئیدعاى پێکهێنانى حکومه‌تێکى دوور له‌ حزبیان ده‌کرد، به‌ڵام له‌ واقعدا رێگریان له‌به‌رده‌م له‌دایک بونى حکومه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ دروست کرد"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار