" نێچیرڤان بارزانى به‌ڵێنیدا ئیستحقاقى لایه‌نه‌کان بخاته‌ ئه‌ستۆى خۆى"

نوێنه‌رى یه‌کگرتوو: ئێمه‌ ده‌بێت خه‌مى به‌غداش بخۆین بێجگه‌ له‌ هه‌رێم

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
نوێنه‌رى یه‌کگرتووى ئیسلامى له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ سایتى هاوڵاتى ده‌ڵێت:"سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم چه‌ترى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌و نێچیرڤان بارزانى به‌ڵێنیدا ئیستحقاقى لایه‌نه‌کان له‌ به‌شدارى حکومه‌تى داهاتووى عێراق بخاته‌ سه‌رشانى خۆى".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ى ئازارى 2020 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و نوێنه‌رى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو کۆبونه‌وه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یاندا یه‌کهه‌ڵوێستى نێوانیان دووپات کردووه‌ته‌وه‌.

خه‌لیل ئیبراهیم، نوێنه‌رى یه‌کگرتوو له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد یه‌کهه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان خاڵێکى سه‌ره‌کى بووه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا که‌ باسى پاراستن و گرنگى یه‌کریزى کرا، وتیشى:" ئێمه‌ هیچ به‌دیلێمان نییه‌ جگه‌ له‌یه‌کریزى، چونکه‌ دۆخى عێراق و ناوچه‌که‌ زۆر ئاڵۆزه‌ و مه‌ترسییه‌کان هه‌یه‌و ناتوانین ده‌ستکه‌وته‌کانمان بپارێزین ئه‌گه‌ر به‌ یه‌کریزى نه‌بێت، ناتوانین مافه‌کانى خۆمان که‌ له‌ده‌ستور هاتووه‌ بیخه‌ینه‌ ناو به‌رنامه‌ى حکومه‌تى داهاتوو ئه‌گه‌ر یه‌کریز نه‌بین".

خه‌لیل ئیبراهیم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ ئه‌و یه‌کریزییه‌ که‌ى پارێزراو و جدى ده‌بێت کاتێک ده‌بێت مه‌بده‌ئى ماف و ئه‌رک هه‌ردووک پێکه‌وه‌ بن" راسته‌ ئێمه‌ هه‌موومان به‌رپرسیارێتی نیشتمانیمان له‌سه‌ر شانه‌، به‌ڵام به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌سئولییه‌ته‌ شایسته‌ى هه‌ر حزبێک لایه‌نێک ئه‌ویش مه‌وزوعێکه‌، الحه‌مدولیلا ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ هاورابووین".

هه‌روه‌ها وتى:"سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم وه‌کو مه‌وقع هى هه‌موانه‌و دامه‌زراوه‌یه‌کى نیشتمانى و ده‌ستورییه‌، ئێستا ئێمه‌ وه‌ک هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمداین، نێچیرڤان بارزانى  جه‌ختى له‌سه‌ر ئیستحقاقى لایه‌نه‌کان کرده‌وه‌  که‌  پابه‌ند ده‌بن و جدى بوو له‌و مه‌وزوعه‌ وه‌کو مه‌سئولییه‌ت کاک نێچیرڤان ئیستحقاقى لایه‌نه‌کانى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆى".

نوێنه‌ره‌که‌ى یه‌کگرتوو له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌شکرد، شتى هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌ بووه‌ شاندى به‌غدا به‌ یه‌کریزى و یه‌ک وتارى ئیشیان کرد له‌کاتى گفتوگۆى کابینه‌که‌ى عه‌لاوى له‌ به‌غدا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وله‌ویه‌تى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورده‌.

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، شه‌وى 2ى ئازار داواى لێبوردنى له‌ گه‌لى عێراق کرد که‌ نه‌توانرا حکومه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ پێکبهێنێت و رایگه‌یاند:" له‌نێوان خه‌ڵک و پۆستى سه‌رۆک وه‌زیران، خه‌ڵکم هه‌ڵبژارد، هه‌ندێک لایه‌نى سیاسى بوونه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م دروستکردنى حکومه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ".

نوێنه‌ره‌که‌ى یه‌کگرتوو ده‌ڵێت ئه‌و وه‌فده‌ى هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و کاته‌ى کاندید له‌به‌غدا بۆ سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق دیارى ده‌کرێت، وتیشى:"به‌رنامه‌ى کارمان ده‌بێت به‌رچاو روون ده‌بین، وه‌ره‌قه‌ى دانوسندنمان ده‌بێت، ئێمه‌ ده‌بێت خه‌مى عێراقیش بخۆین بێجگه‌ له‌ هه‌رێم، هه‌ر ئاڵۆزییه‌ک و قه‌یرانێک له‌ عێراقدا هه‌بێت راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت".

هاوکات، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ وه‌فدى هه‌رێم به‌پێى پێویست ده‌چێته‌ به‌غدا که‌ کاندیدێک راده‌سپێردرێت، ئه‌و شانده‌ ئیش و کارى خۆى ده‌کات له‌به‌غداو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت که‌ جۆرو ته‌مه‌ن و مه‌هام و ئه‌رکه‌کانى ئه‌و حکومه‌ته‌ و به‌شى کورد چۆنه‌ هه‌مووى تاوتوێ ده‌کرێت" لاى ئێمه‌ مافه‌کانى کورد و شایسته‌ داراییه‌کان و کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت و تاچه‌ند وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داخوازییه‌کانى کورد ده‌بێت ئه‌وه‌ لاى ئێمه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت و گرنگه‌".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار