تورکیا ئاگرەکەی ئیدلیب بۆ رۆژئاڤا دەگوازێتەوە
هەسەدە: تورکیا شەش هەزار تیرۆریست لەئیدلیبەوە بۆ گرێ سپی دەگوازێتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت تورکیا شەش هەزار چەکداری تیرۆریستی لەناوچە جیاوازەکانی ئیدلیبەوە هێناوەتە رۆژئاوای کوردستان ئەوەش بۆ پاکتاوکردنی کورد. ئەوەش دوای راگەیاندنی ئاگربەستی ئیدلیب.
مستەفا بالی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی «هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا هێرش نیە بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵکو هێرشێکە بۆسەر کورد بەئامانجی پاکتاوکردنی».
هەروەها وتی «تورکیا کەڵک لەهەموو هەڵمەتێک وەردەگرێت بۆ داگیرکاریی زیاترو دابەشکردنی سوریا شتێکی نوێ نییە، بۆیە ئێستاش شەش هەزار چەکداری تیرۆریستی لەناوچە جیاوازەکانەوە هێناوەتە باکوری سووریا».
سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێنجشەممە گەیشتنە رێکەوتنێک، دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆکردن لەمۆسکۆ بۆئەوەی شەڕ لەئیدلیب رابگیرێت
پارێزگای ئیدلیب لهباکوری خۆرئاوای سوریا بەیانیی هەینی (6ی ئازار)ی بە ئارامی دەستپێکرد، ئاسمانی شارەکە بۆ یەکەمین جار لەماوەی چەند مانگدا بێ فڕۆکەن، لە دوای ئاگربەستەکەی نێوان روسیا و تورکیا.
بەڵام ئەم ئارامییە پێدەچێت گرژی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت و تورکیا هێزە بریکارەکانی لەئیدلیبەوە بگوازێتەوە بۆ رۆژئاڤای کوردستان.
تورکیا پێشتر رێکەوتنێکی ئاگربەستی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد کەپەلامارەکانی رۆژئاڤا بوەستێنێ و نەچێتە قوڵایی زیاتر لە (٣٠) کیلۆمەترەوە.
مستەفا بالی وتی «دوو شت نابێت لەبیر بکرێت ئەوەش دوو گرێبەستی ئاگربەستە یەکیان لەنێوان ئەمریکاو تورکیا، ئەوی دیکەش لەنێوان روسیا و تورکیا، بەڵام تورکیا پابەندی هیچ لەو گرێبەستانە نەبووە.
وتیشی «ئەو پێشێلکارییەی تورکیاش لەکاتێکدایە کەئێمە بەندەکانی هەردوو رێککەوتنەکەمان جێبەجێ کردو هەم هێزەکانمان لەسەر سنووری تورکیا کشانەوەو هەم بۆ پاراستنی خەڵک دوو شاری سەرێ کانی و گرێ سپی-مان چۆڵ کرد».
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیشی «ئێستا هێزەکانی ئێمە لەخاڵەکانی سەر سنووردا نین و هێزەکانی حکومەتی ناوەندی سنوورەکان دەپارێزن، هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆسەر ناوچەی کوردستانی سوریا هێرش بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات نییە، بەڵکو هێرشێکە بۆسەر کورد بەئامانجی پاکتاوکردن».
هێمنییەکی بێوێنه لهئیدلیبی سوریادا دوای رێکهوتنێکی ئاگربەست
ههرێمی ئیدلیب لهباکوری خۆرئاوای سوریا بەیانیی هەینی (6ی ئازار)ی بەئارامی دەستپێکرد، ئاسمانی شارەکە بۆ یەکەمین جار لەماوەی چەند مانگدا بێ فڕۆکەن، لەدوای ئاگربەستەکەی نێوان روسیا و تورکیا.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهکانی مرۆڤ و پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لەپارێزگای ئیدلیب رایانگەیاند رێکەوتننامەکە، کە لەنیوەشەودا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پێدەچوو رهچاوبکرێت.
سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان «نەبوونی هیچ ئامادەییەکی فڕۆکەکانی رژێم و روسیا لەئاسمانی ئیدلیب» پشتڕاستکردەوە.
ناوبراو وتی شەڕو پێکدادانێک لەپێش بەرەبەیاندا بووەهۆی کوشتنی شەش چەکداری رژێم و نۆ ئەندامی پارتی تورکستانی ئیسلامی، گروپێکی تووندڕەو کە زۆرینەیان ئوغورن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێدەچوو شهڕکهران تێبینی ئاگربەستەکە بکهن.
سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێنجشەممە گەیشتنە رێکەوتنێک، دوای چەند کاتژمێرێک لەگفتوگۆکردن لەمۆسکۆ.
رێکەوتنەکە دەبێتەهۆی دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی لەسەر شاڕێگەی سەرەکیی M4 لەباکوری سوریا، ئەو شوێنەی هێزەکانی تورکیاو روسیا دواتر دەورییەی هاوبەشێ لێ ئەنجامدەدەن.