جه‌میل بایک بۆ هاوڵاتى: ئه‌كه‌په‌ له‌ لاوازترین قۆناغی ژیانی خۆیدایه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

به‌شى یه‌که‌م

جه‌میل بایک، هاوسه‌رۆکى (ک.ج.ک) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ پارتى دادو گه‌شه‌پێدان(ئه‌که‌په‌) له‌ لاوازترین قۆناغى ژیانیدایه‌و ده‌شڵێت:" ئه‌وه‌ی که‌ AKP له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌ خواره‌وه‌ نه‌ پارته‌که‌ی ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆیه‌ و نه‌ پارته‌که‌ی عه‌لی باباجان، به‌ڵکو تێکۆشانی هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کان و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ تیکۆشانی گه‌لی کورده‌".

جه‌میل بایک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا که‌ له‌ وێب سایتى هاوڵاتى له‌به‌شى یه‌که‌مى بڵاوده‌کرێته‌وه‌ باس له‌ سیاسه‌تى ئه‌ردۆغان و پارته‌که‌ى به‌رانبه‌ر به‌ کوردى باکورى کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت:" یه‌که‌م هه‌نگاوی دوای داگیرکردنی شاره‌وانییه‌کان ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌موو کار و خه‌باتی که‌لتوور و زمانیان راگرت. ههموو هێما و ئاسه‌وارێکی کوردی یان له‌ ناو برد، ته‌نیا کانالێکی ته‌له‌ڤیزیۆنی به‌ کوردی هه‌یه‌، ئه‌وه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌ که‌ رای گشتی دونیای پێ بخه‌ڵه‌تێنن. ئه‌و کاناڵه‌ش شه‌و و رۆژ جوێن به‌ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی کوردان ده‌دات

هه‌روه‌ها بایک جه‌ختله‌وه‌شده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌ردۆغان له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ گه‌لی تورک ده‌ڵێت که‌ له‌ هه‌ر خێزانێکدا لانی که‌م با  3 منداڵ  هه‌بێت، با 5 منداڵ هه‌بێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ کوردستاندا سیسته‌می کۆنترۆڵکردنی زاوزێ پێشده‌خه‌ن و پێشیوایه‌" ئه‌مه‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌. نایانه‌وێت که‌ رێژه‌ی کورد له‌ نفوسی گشتی تورکیادا به‌رزبێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی تورکیا ته‌نانه‌ت له‌م بابه‌ته‌شدا به‌ زیه‌‌نییه‌تێکی جینوسایدییه‌وه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌".

ئه‌گه‌ر پ.ک.ک به‌ تێکۆشانی خۆی ئه‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ی نه‌خولقاندبایه‌، کاریگه‌ری سیاسی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویندا له‌م ئاسته‌ی ئيستادا نه‌ده‌بوو.  گه‌لی باشووری کوردستان ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌ که‌ پ.ک.ک تا چه‌نده‌ ده‌وری هه‌بووه‌ له‌ ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌ عێراقدا. هه‌موو که‌سێکیش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت که‌ رێبازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی رێبه‌ر ئاپۆ  سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی هێزی سیاسی کورده‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان و له‌ سوریادا

 

هاوڵاتى: تورکیا به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌کانى بۆ سه‌ر پارتى کرێکارانى کوردستان، هۆکار چییه‌؟ پێتانوایه‌ تاچه‌ند پارتى کرێکارانى کوردستان کاریگه‌رى له‌سه‌ر پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان هه‌یه‌؟

جه‌میل بایک: ده‌توانرێت له‌ چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌. چونکه‌ زۆر گشتی یه‌‌ و پێویستی به‌ وڵامێکی دوور و درێژهه‌یه‌.  هه‌ربۆیه‌ به‌ کورتیش بێت وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه‌. ده‌توانم بڵێم که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌موو سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی خۆی له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی  پ.ک.ک داڕشتووه‌. به‌‌ ته‌نیا  ئه‌م راستییه‌ ده‌توانێت دۆخی گشتی و ئاستی تێکۆشانی پ.ک.ک نیشان بدات، ده‌سه‌ڵاتی تورکیا هه‌ڵده‌ستێت و داده‌نیشێت هه‌ر باسی پ.ک.ک ده‌کات.هه‌موو که‌سێک شاهیدی ئه‌و هێرشانه‌یه‌‌‌ که‌ ده‌کرێنه‌ سه‌ر گه‌لی کورد و  هێزه‌ سیاسیه‌ دیموکراسیخوازه‌کان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ بۆچوونێکی ئه‌رێنی یان بۆ پرسی کورد هه‌یه‌.

 ئه‌م هێرشانه‌ی ئێستا ئاستی ساڵه‌کانی ١٩٩٠ی تێپه‌ڕ کردووه‌، ئه‌مه‌ش هێز و کاریگه‌ری پ.ک.ک نیشان ده‌دات، ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ به‌رئه‌وه‌ی که‌ له‌م کاریگه‌رییه‌ ده‌ترسێت به‌رده‌وام هێرش ده‌کات. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ بواری سیاسیدا له‌ سه‌ر دۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ زاڵ بوایا، ئه‌م هه‌موو هێرشکارییه‌ی ئه‌نجام نه‌ده‌دا.  

هه‌روه‌کو ئاشکرایه‌، رێبازی ئایدیۆلۆژی-سیاسی رێبه‌ر ئاپۆ له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و له‌ ناو کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشدا به‌ کاریگه‌رترین رێبازه‌،  ئه‌گه‌ر کورد هه‌ندێک ده‌سکه‌وتی هه‌یه‌ و کاریگه‌ری سیاسی کورد  روو له‌ زیاد بوونه‌،  ئه‌و که‌ش و هه‌وا سیاسییه‌ی که‌ به‌ هۆی تێکۆشانی پ.ک.ک وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ گه‌وه‌رترین ده‌وری هه‌بووه‌ له‌ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌دا.

 ئه‌گه‌ر پ.ک.ک به‌ تێکۆشانی خۆی ئه‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ی نه‌خولقاندبایه‌، کاریگه‌ری سیاسی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویندا له‌م ئاسته‌ی ئيستادا نه‌ده‌بوو.  گه‌لی باشووری کوردستان ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌ که‌ پ.ک.ک تا چه‌نده‌ ده‌وری هه‌بووه‌ له‌ ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌ عێراقدا. هه‌موو که‌سێکیش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت که‌ رێبازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی رێبه‌ر ئاپۆ  سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی هێزی سیاسی کورده‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان و له‌ سوریادا.

 ئه‌وه‌ راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ تێکۆشانی ٤٧ ساڵه‌ی پ.ک.ک کاریگه‌ری چاره‌نووسسازی ههبووه‌ له‌و پێشکه‌وتنانه‌ی که‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

هه‌ربۆیه‌ که‌ گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژئاوای کوردستان وێنه‌ و ئاڵای رێبه‌ر ئاپۆ به‌رز ده‌کاته‌وه‌.  پ.ک.ک ده‌ورێکی زۆری هه‌یه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئیعتباری (قورسایی، سه‌نگ، گرانایی) سیاسی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویندا.  

هه‌روه‌ها رێبازی ئایدیۆلۆژی رێبه‌ر ئاپۆ و تێکۆشانی پ.ک.ک له‌ نێو گه‌لانی دونیاشدا خاوه‌ن ئیعتبارێکی زۆر بڵنده‌.  ئێدی گه‌لانی دونیا، چینه‌ ره‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تکێشه‌کان و هه‌روه‌ها ژنان له‌ رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ به‌ خاوه‌ن ده‌رده‌که‌ون.

ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نیا کاریگه‌ری پ.ک.ک ی زیاد کردووه‌ به‌ڵکۆ ئیعتباری کوردی له‌ هه‌موو جیه‌‌اندا به‌رزکردۆته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ش هێز ده‌به‌خشێته‌ تێکۆشانی کورد به‌ گشتی. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئاستی تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنان له‌ جیهاندا بڵندتر ده‌بێته‌وه‌ و سه‌ده‌ی ٢١له‌ وه‌کو سه‌ده‌ی ژنان به‌ ناو ده‌کرێت  له‌مه‌دا کاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیای رێبه‌ر ئاپۆ بۆ ئازادی ژنان و به‌ پراکتیزه‌ کردنی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ له‌ لایه‌ن ژنانی کورده‌وه‌ زۆر مه‌زنه‌. ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو کورد مایه‌ی شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزییه‌.  

ته‌ڤگه‌رێکی سیاسی که‌ خاوه‌ن تێکۆشانێکی وه‌ها کاریگه‌ر بێت، بێگومان دۆست و دوژمن به‌ جیددی وه‌ریده‌گرێت. له‌ لایه‌که‌وه‌ گه‌لان، هێزه‌ دیموکراسی خوازه‌کان و ژنانی ئازادیخواز به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ نزیکی ده‌بنه‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ دوژمنانی کورد و هێزه‌ دژه‌ دیموکراسییه‌کان هێرشی ده‌که‌نه‌ سه‌ر. ئه‌مه‌ش تێکۆشانێکی جیددی ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. بێگومان ئاستی هێرشه‌كان زۆرن. ئه‌مه‌ش له‌ ده‌وری مێژوویی پ.ک.ک و مه‌زنایه‌تی تێکۆشانه‌که‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. 

ئه‌وه‌ی که‌ AKP له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌ خواره‌وه‌ نه‌ پارته‌که‌ی ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆیه‌ و نه‌ پارته‌که‌ی عه‌لی باباجان، به‌ڵکو تێکۆشانی هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کان و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ تیکۆشانی گه‌لی کورده‌

هاوڵاتى: چه‌ند پارت و گروپێک له‌ حزبى دادو گه‌شه‌پێدان(ئه‌که‌په‌) جیابونه‌ته‌وه‌؟ تا چه‌ند رۆڵى ده‌بێت له‌ لاوازکردنى ئه‌ردۆغان و پارته‌که‌ى له‌ تورکیادا؟ ئایا سوودى بۆ کورد هه‌یه‌ له‌ باکوردى کوردستان؟

جه‌میل بایک: دامه‌زراندنی ئه‌م پارتییانه‌ به‌و واتایه‌ نایه‌ت که‌ ئه‌ردۆغان تووشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ بووه‌ و ده‌روخێت. بێگومان ده‌رکه‌وتنی پارتی نوێ له‌ نێو AKPوه‌ ئه‌و حیزبه‌ تا راده‌یه‌ک لاواز ده‌کات. له‌ خۆیدا، مانه‌وه‌ی AKP به‌نده‌ به‌ راگرتنی هاوسه‌نگی سیاسی له‌ نێو خۆی تورکیادا. ئه‌گه‌ر پشتیوانی دوژمنانی کورد و هێزه‌ دژه‌‌‌-دیموکراسییه‌کان نه‌بێت، AKP ناتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت. AKP  ئێستا ه‌‌یج جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ MHP  و ئه‌رگه‌نه‌کۆنه‌کاندا نییه‌.

 له‌ سایه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌ردۆغاندایه‌ که‌ ئه‌م هێزانه‌ توانییویانه‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی تورکیادا تا ئه‌م راده‌یه‌ی ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا جێگای خۆیان بکه‌نه‌وه‌. ئه‌م هێزه‌ دژ-کورد و دژ-دیموکراسییانه‌ له‌ هیچ قۆناخێکی مێژووی تورکیادا کاریگه‌رییه‌کی وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان نه‌بووه‌. AKP ، هه‌روه‌کوهه‌موو ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌ فاشیسته‌کانی دیکه‌، هه‌وڵ ده‌دات که‌ به‌ بڵندکردنی ئاستی شۆڤنیزم له‌ سه‌ر پێی بمێنێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ دوژمنایه‌تی کورد و سیاسه‌تی شه‌ڕ له‌ لووتکه‌دا په‌یڕه‌و ده‌کات. به‌ هیچ شێوه‌یه‌کی دی شانسی مانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات نییه‌. له‌م رووه‌وه‌ AKP له‌ لاوازترین قۆناغی ژیانی خۆیدایه‌. ئه‌وه‌ی که‌ بۆته‌ هۆکاری ئه‌م لاوازییه‌ش تێکۆشانی گه‌لی کورد و هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کانه‌. ئه‌وه‌ی که‌ AKP له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌ خواره‌وه‌ نه‌ پارته‌که‌ی ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆیه‌ و نه‌ پارته‌که‌ی عه‌لی باباجان، به‌ڵکو تێکۆشانی هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کان و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ تیکۆشانی گه‌لی کورده‌. 

رێبه‌رئاپۆ تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر گرنگی تێکۆشان له‌ پێناو نیشتمانێکی ئازاد و دیموکراتی. گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ چه‌ند منداڵ هه‌بن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وڵاتێکی ئازاد بۆ منداڵان بونیاد بنێن. لێره‌دا به‌رپرسیارێتییه‌کی وه‌ها ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانی هه‌‌ه‌موو دایکان و باوکان و هه‌موو گه‌لی کوردستان

هاوڵاتى: پلانى رێگریکردن له‌ خێزانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى بوونى له‌دایک بوون سنورداربکرێ تا چه‌ند دژایه‌تییه‌ بۆ که‌مبونى ژماره‌ى کوردان له‌ باکورى کوردستان؟

جه‌میل بایک: له‌م بابه‌ته‌دا سیاسه‌تی زۆر سه‌رنجراکێش له‌ تورکیادا په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ئه‌ردۆغان له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ گه‌لی تورک ده‌ڵێت که‌ له‌ هه‌ر خێزانێکدا لانی که‌م با  3 منداڵ  هه‌بێت، با 5 منداڵ هه‌بێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ کوردستاندا سیسته‌می کۆنترۆڵکردنی زاوزێ پێشده‌خه‌ن. ئه‌مه‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌. نایانه‌وه‌ێت که‌ رێژه‌ی کورد له‌ نفوسی گشتی تورکیادا به‌رزبێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی تورکیا ته‌نانه‌ت له‌م بابه‌ته‌شدا به‌ زیه‌‌نییه‌تێکی جینوسایدییه‌وه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌. 

رێبه‌ر ئاپۆ له‌م بابه‌ته‌دا به‌م شێوه‌یه‌ بانگ له‌ دایکان و باوکانی کوردستان ده‌کات: ”راسته‌ ئێوه‌ منداڵ دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ی ئێوه‌ به‌ڵێنی به‌‌‌ منداڵه‌کانتان ده‌ده‌ن چۆن وڵاتێکه‌؟  ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ دێنه‌ دونیا پێویستییان به‌ وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتی هه‌یه‌“ . لێره‌دا رێبه‌رئاپۆ تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر گرنگی تێکۆشان له‌ پێناو نیشتمانێکی ئازاد و دیموکراتی. گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ چه‌ند منداڵ هه‌بن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وڵاتێکی ئازاد بۆ منداڵان بونیاد بنێن. لێره‌دا به‌رپرسیارێتییه‌کی وه‌ها ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانی هه‌‌ه‌موو دایکان و باوکان و هه‌موو گه‌لی کوردستان. کاتێک که‌ هه‌ستێکی به‌رپرسیارێتی به‌م شێوه‌یه‌ بونیاد نرا، ئێدی ئه‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌کان ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ بڕیاربده‌ن ئاخۆ چه‌ن منداڵ هه‌بن. ئێمه‌ هه‌روه‌کو چۆن له‌ دژی ئه‌وه‌ین که‌ ده‌وڵه‌ت خۆی تێکه‌ڵی هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی کۆمه‌ڵگا بکات، پێمان راست نییه‌ که‌ خۆمانیش  له‌م بواره‌دا ده‌ستێوه‌ردان بکه‌ین. له‌ خۆیدا، ئێمه‌ له‌ دژی چه‌مکی ده‌وڵه‌تین. چونکه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ لای ئێمه‌وه‌، ئامرازێکی مژووکداری و چه‌وسانه‌وه‌یه‌. به‌ره‌و سه‌رده‌مێک  هه‌نگاو ده‌نێن که‌ تیایدا ده‌وڵه‌ت نامێنێت یان زۆر که‌مڕه‌نگ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ بنه‌مای وه‌رده‌گرین ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌ل بتوانێت له‌ ده‌روه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراسی و کۆنفیدراڵی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات، له‌و بڕوایه‌داین که‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژماری منداڵان، بڕیار ته‌نیا به‌ ده‌ستی پیاوه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵکو له‌م بواره‌دا پێویسته‌ ژن و پیاو پێکه‌وه‌ بڕیار بده‌ن.  بێگومان ئیراده‌ و بڕیاری ژن له‌ هه‌موو شتێک گرینگتر و سه‌ره‌کی تره‌.

سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌ کورد نه‌ک ته‌نیا بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان به‌ڵکو بۆ هه‌موو کورد جێگای مه‌ترسییه‌.  ئه‌و سیاسه‌ته‌ بۆ باشووری کوردستانیش زۆر مه‌ترسی دروست ده‌کات. له‌ دۆخی ئێستادا، له‌ به‌رئه‌وه‌ی که‌ له‌ به‌رامبه‌ر پ.ک.ک شه‌ڕ ده‌که‌ن، به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ باشووری کوردستان ناکه‌نه‌ ئامانجی هێرشه‌کانیان

هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ئه‌ردۆغان ته‌نها دژى کورده‌ له‌ باکورو رۆژئاواى کوردستان یان هه‌مان بۆچونیان به‌رانبه‌ر باشوورى کوردستان(هه‌رێمى کوردستان) هه‌یه‌؟

جه‌میل بایک: سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌ کورد نه‌ک ته‌نیا بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان به‌ڵکو بۆ هه‌موو کورد جێگای مه‌ترسییه‌.  ئه‌و سیاسه‌ته‌ بۆ باشووری کوردستانیش زۆر مه‌ترسی دروست ده‌کات. له‌ دۆخی ئێستادا، له‌ به‌رئه‌وه‌ی که‌ له‌ به‌رامبه‌ر پ.ک.ک شه‌ڕ ده‌که‌ن، به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ باشووری کوردستان ناکه‌نه‌ ئامانجی هێرشه‌کانیان. به‌ڵام ئه‌ردۆغان له‌ لێدوانه‌کانیدا شتێکی درکاند. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ وتی: ”ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له‌ باکووری عێراق کردمان له‌ باکووری سوریا دووباره‌ی ناکه‌ینه‌وه‌“. واتای ئه‌م وتنه‌ چییه‌؟ واتاکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رکاتێک هه‌لێکیان بۆ ره‌خسا ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ سه‌ره‌ڕاست ده‌که‌نه‌وه‌. واتا هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌ باشووری کوردستاندا له‌ناو ده‌به‌ن. هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان و AKP له‌ کاتی ریفراندۆمه‌که‌ی ساڵی 2017دا چی بوو؟ مه‌گه‌ر له‌ سه‌ر سنوور مانۆڕی سه‌ربازی نه‌کرد و نه‌یگوت نانتان لێی ده‌بڕین؟ هه‌ر ئێستا نزیکه‌ی 20 بنکه‌ و باره‌گه‌ی له‌شکه‌ری له‌ باشوور هه‌یه‌، ده‌زگای هه‌واڵگری میت خۆی له‌ باشووردا رێکخستووه‌ و چالاکی هه‌یه‌،  ئایا له‌و شوێنانه‌ی که‌ له‌ سوریا داگیری کردووه‌ ده‌رده‌که‌وێت؟ بۆ خۆیان ده‌ڵێن که‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئیدلیب و عه‌فرین ده‌ربکه‌وین پارێزگای هاتای(HATAY) مان له‌ ده‌ست ده‌چێت. وابڕوات  سبه‌ی هه‌مان قسه‌ بۆ باشووریش ناکه‌ن؟ واته‌، ناڵێین: ئه‌گه‌ر له‌ باشوور ده‌رکه‌وین، جۆله‌مێرگ و شرناخ و وان و دیاربکرمان له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێت؟

له‌ باکووری کوردستاندا سیاسه‌تێکی به‌ ته‌واوی دژه‌ کورد په‌یڕه‌و ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێت کورد جینوساید بکه‌ن. ده‌یانه‌وێت کوردستان بکه‌نه‌ جێگایه‌ک بۆ به‌ربڵاوبوونه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی نه‌ته‌وایه‌تی تورک. ئه‌مه‌ راستییه‌کی حاشه‌هه‌ڵنه‌گره‌.  شاره‌وانییه‌کانی داگیرکرد. یه‌که‌م هه‌نگاوی دوای داگیرکردنی شاره‌وانییه‌کان ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌موو کار و خه‌باتی که‌لتوور و زمانیان راگرت. هه‌موو هێما و ئاسه‌وارێکی کوردی یان له‌ ناو برد، ته‌نیا کانالێکی ته‌له‌ڤیزیۆنی به‌ کوردی هه‌یه‌، ئه‌وه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌ که‌ رای گشتی دونیای پێ بخه‌ڵه‌تێنن. ئه‌و کاناڵه‌ش شه‌و و رۆژ جوێن به‌ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی کوردان ده‌دات،  ئه‌و رادیۆیه‌ی که‌ کاتی خۆی له‌ به‌غداده‌وه‌ به‌ زمانی کوردی پرۆگرامی بڵاو ده‌کرده‌وه‌ سه‌دان جار له‌و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌ کوردییه‌ی  AKP  کوردانه‌تر بوو. له‌ په‌رله‌مانی تورکیادا که‌س بۆی نییه‌ بلێی "کوردستان" یان "پارێزگا کوردنشینه‌کان". هه‌ر زوو سزای دیسیپلینی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، هه‌ر پارله‌مه‌نتارێک وا بڵێت بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌جلیس دووری ده‌خه‌نه‌وه‌. ئێدی چی له‌مانه‌ زیاتر که‌ بیسه‌لمێنێت AKP  دوژمنی کورده‌؟ یان ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین با بێت هه‌موو باشوور داگیر بکات و ئه‌وجا بۆمان ده‌رکه‌وێت که‌ دوژمنی کورده‌؟ نه‌ک ته‌نیا کورد، هه‌موو هێزێکی سیاسی پێویسته‌ ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاتی AKP باش بناسێت. ئه‌گینا په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ و ئێدی ئه‌و په‌شیمانییه‌ش هیچ واتایه‌کی نابێت. پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک ئه‌م راستییه‌ باش بزانێت که‌ مه‌ترسیدارترین سیاسه‌ت، تێکه‌ڵاوکردنی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و دین په‌رستییه‌. AKP  و ئه‌ردۆغانیش ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیدار په‌ره‌ پێده‌ده‌ن. 

ده‌وڵه‌تی تورکیا تا ساڵی 2007 ئاماده‌ نه‌بوو دان به‌ باشووری کوردستاندا بنێت. له‌ چاوپێکه‌وتنی 05.11.2007 له‌ نێوان بۆش و ئه‌ردۆغاندا، بۆش گوتی که‌ پ.ک.ک دوژمنی هاوبه‌شمانه‌. فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانی به‌ تورکیا دا. له‌وه‌به‌دوا بوو که‌ ئێدی تورکیا دانی به‌ باشووری کوردستاندا نا. ئه‌م دانپێدانانه‌ش کاتی بوو. هه‌رکاتێک هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت ده‌ڵێت ”ئه‌م هه‌رێمانه‌ له‌ کاتی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا له‌ ده‌ستمان چووه‌ و له‌ ئه‌ساسدا هه‌ر خاکی ئێمه‌یه‌“

 

هاوڵاتى: پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) له‌رووى سیاسییه‌وه‌ چ ده‌ستکه‌وتێکى بۆ پارچه‌کانى دیکه‌ى کورد هه‌بووه‌؟ ئایا چ رۆڵێکتان له‌ پاراستنى کورداندا بووه‌؟

جه‌میل بایک: پ.ک.ک ده‌سکه‌وتی گه‌وره‌ی بۆ هه‌ر چوار به‌شی کوردستان هه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر تێکۆشانی بێ پچڕانی 47 ساڵه‌ی پ.ک.ک نه‌بووایه‌، دۆخی کورد له‌ هه‌ر چواربه‌شی کوردستان ئێستا زۆر نیگه‌تیف ده‌بوو. هه‌ر  هێز یان مرۆڤێکی بێ لایه‌ن و  راستی پارێز ده‌توانێت به‌ ئاسانی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ببینێت. له‌ راستییدا، گه‌له‌که‌مان له‌هه‌ر چواربه‌شی کوردستان له‌ ناخه‌وه‌ ه‌‌ه‌ست به‌م راستییه‌ ده‌کات. هه‌ربۆیه‌ دڵسۆزییان بۆ پ.ک.ک هه‌یه‌. با زۆریش دوور نه‌چین، مه‌گه‌ر گه‌ریلاکانی  HPG  و YJA-STAR له‌ پاراستنی که‌رکووک و مه‌خموور دا به‌رپرسیارێتی یان له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرت؟ ئه‌ی کێ بوو که‌ گه‌لی ئێزیدی شه‌نگالی له‌ جینوساید پاراست؟ 

ده‌وڵه‌تی تورکیا تا ساڵی 2007 ئاماده‌ نه‌بوو دان به‌ باشووری کوردستاندا بنێت. له‌ چاوپێکه‌وتنی 05.11.2007 له‌ نێوان بۆش و ئه‌ردۆغاندا، بۆش گوتی که‌ پ.ک.ک دوژمنی هاوبه‌شمانه‌. فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانی به‌ تورکیا دا. له‌وه‌به‌دوا بوو که‌ ئێدی تورکیا دانی به‌ باشووری کوردستاندا نا. ئه‌م دانپێدانانه‌ش کاتی بوو. هه‌رکاتێک هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت ده‌ڵێت ”ئه‌م هه‌رێمانه‌ له‌ کاتی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا له‌ ده‌ستمان چووه‌ و له‌ ئه‌ساسدا هه‌ر خاکی ئێمه‌یه‌“. ره‌نگه‌ گه‌لی باشووری کوردستان بڵێن هه‌ندێک هێز مۆڵه‌ت به‌ تورکیا ناده‌ن ئه‌م کاره‌ بکات. به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین کاتێک که‌  هه‌ل و مه‌رجی سیاسی گۆڕانی به‌ سه‌ردا هات هه‌موو شتێک ده‌گۆڕدرێت. لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانین وا بکه‌ین تورکیا واز له‌م خه‌ون و زیه‌‌نییه‌تی خۆی به‌‌ێنێت. ئه‌وه‌ی که‌ کۆتایی به‌م خه‌ون و زیه‌‌نییه‌تی تورکیاش به‌‌ێنێت تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی پ.ک.ک یه‌.

کاتێک که‌ باس له‌ ده‌سکه‌وتی سیاسی ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ده‌سکه‌وت له‌ ده‌وڵه‌تدا ببینینه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆچوونێکی زۆر رواڵه‌تی ده‌بێت.  له‌ بابه‌تی پرسی کورددا، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وت خولقاندنی گه‌لێکه‌ که‌ له‌ پێناو ژیانێکی ئازاد و  دیموکراتی دا تێکۆشان بکات. هه‌روه‌ها، له‌ تاکه‌ تاکه‌ی وڵاتانی هه‌رێمدا، و به‌ گشتی له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناویندا بۆ پێشخستنی دیموکراسی هه‌نگاو  بنرێت. له‌ کاتی ئێستادا، له‌و وڵاتانه‌ی که‌ کورد تیایدا ده‌ژین، کورد تا چه‌نده‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداو و پێشهاته‌ سیاسییه‌کان هه‌یه‌؟ ته‌نیا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین تێکۆشانی پ.ک.ک رێگای له‌ به‌رده‌م چ ده‌سکه‌وتی گرنگ کردۆته‌وه‌.

بارودۆخی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ کورد تیایدا ده‌ژیت شێوازی خه‌بات و تێکۆشانی کوردانی ئه‌و وڵاته‌ دیاری ده‌کات. ئه‌مه‌ شتێک نییه‌ که‌ گرێدراوی نیه‌ت و ویستی کوردان بێت. مه‌گه‌ر پ.ک.ک ئه‌وه‌ ٢٠ ساڵه‌ باسی ئاشتی ناکات، باسی چاره‌سه‌ری سیاسی ناکات؟ له‌ سه‌ره‌تادا ره‌خنه‌مان لێی ده‌گیرا که‌ بۆ هێنده‌ باسی ئاشتی و چاره‌سه‌ری سیاسی ده‌که‌ین. ئه‌وانه‌ی که‌ ئێستا ده‌ڵێین با پ.ک.ک خه‌باتی سیاسی بکات، ئه‌و کاته‌ ئێمه‌یان به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرد که‌ ده‌ستمان له‌ تێکۆشان به‌رداوه‌.  ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پ.ک.ک له‌ ١ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٠٤دا ، وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی بێ چاره‌سه‌ری ده‌وڵه‌تی تورکیا،  جارێکی تر تێکۆشانی گه‌ریلایی ده‌ست پێنه‌کردبایه‌، فیدراسیۆنی باشووری کوردستان پارێزراو نه‌ده‌بوو.  له‌ که‌شی تێکۆشانێکی وه‌ها دا بوو که‌ توانرا فیدراسیۆنی باشووری کوردستان بپارێزرێت. بێگومان له‌ هێنانه‌ ئاراوه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستاندا ره‌نج و تێکۆشان و قوربانیدانی گه‌لی باشوور نکۆڵی لێی ناکرێت و ه‌‌ه‌موو خاوه‌ن گرنگی تایبه‌تی خۆیانن. به‌ڵامی پێویسته‌ کاریگه‌ری دیاری تێکۆشانی پ.ک.ک له‌ سه‌ر ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ش ببینرێت.

ئێمه‌ دوو جار هێزی گه‌ریلامان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی تورکیا پاشه‌کشه‌ پێی کرد. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ جیاتی چاره‌سه‌ری هه‌وڵی دا پاکتاومان بکات. قۆناخه‌کانی ئاگربه‌ستی وه‌کو قۆناخی ئاماده‌کاری بۆ پاکتاوکردنی پ.ک.ک گرته‌ ده‌ست.  ئه‌گه‌ر که‌سێک  ئه‌م راستییانه‌ نه‌بینێت و ته‌نیا بڵێت با پ.ک.ک خه‌باتی مه‌ده‌نی بکات، وه‌کو ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڵێت با پ.ک.ک ته‌سلیم بێت. با هه‌ر که‌سێک ئه‌م راستییه‌ بزانێت: تێکۆشانی ئێمه‌ باشووری کوردستان تووشی زووری و زه‌حمه‌تی ناکات.  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،  تێکۆشانی ئێمه‌  ده‌سکه‌وته‌کانی باشووری کوردستان ده‌پارێزێت.  مه‌گه‌ر پێویسته‌ پاکتاو ببین تا ده‌رک به‌م راستییه‌ بکرێت؟ ئه‌م شێوازی ده‌رک و تێگه‌یشتنه‌ش تا چه‌ند شێوازێکی راست ده‌بێت؟ 

گوتنی ” با بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ باکوور” دێیته‌ چ واتایه‌ک؟ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ باکوور هه‌بووین و  باکوور گۆڕه‌پانی ئه‌ساسی تێکۆشانمان بووه‌. له‌ باکووردا بوو که‌ پ.ک.ک ده‌رکه‌وته‌ مه‌یدانی خه‌بات و هه‌ر له‌وێش مه‌زن بوو و گه‌شه‌ی کرد. زۆر له‌ مێژه‌ که‌ له‌ هه‌رێمه‌کانی پاراستنی میدیاش هه‌ین. ئێمه‌ تازه‌ نه‌ه‌‌اتووینه‌ته‌ ئه‌م شوێنانه‌. له‌ ٨٠کانه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمه‌کانی پاراستنی میدیاین. واته‌ ٢٣ تا ٢٤ ساڵ به‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٣ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمه‌کانی پاراستنی میدیا  بوونمان هه‌بووه‌.  هه‌رێمه‌کانی پاراستنی میدیاش به‌شێکی خاکی کوردستانه‌. له‌ لای ئێمه‌ی دابه‌شبوونی کوردستان به‌ سه‌ر ٤ به‌شدا هیچ ره‌وایه‌تییه‌کی نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هێزی گه‌ریلا له‌ هه‌مان کاتدا هێزی خۆپاراستنی باشووری کوردستانیشه‌. ئه‌م راستییه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤دا به‌ شێوه‌یه‌کی روون و ئاشکرا بینرا.  سه‌رده‌مانێک پێشمه‌رگه‌کانی باشووری کوردستان چیا و گوند و پێده‌شته‌کانی باکووری کوردستانیان به‌کار ده‌ه‌‌ێنا.  هیچ که‌سێکیش به‌ پێشمه‌رگه‌ی نه‌گوتووه‌ که‌ "ئێوه‌ ئیشتان چییه‌ لێره‌"؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، پشتیوانیشیان لێی کردوون. پ.ک.ک و گه‌ریلا له‌ هه‌ر کوێ ین پارێزگاری له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی کورد ده‌که‌ن. که‌س ناتوانێت بڵێت زه‌ره‌ر له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی کورد ده‌ده‌ن. با که‌س به‌ زمان و بۆچوونی ده‌وڵه‌تی تورکیا یان هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ گه‌ڵ گه‌ریلا و پ.ک.ک هه‌ڵسوکه‌وت نه‌کات.

 

هاوڵاتى: میدیاى تورکیا به‌رده‌وام باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) کوژراوى زۆریان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌هۆى هێرشه‌کانیانه‌وه‌و تورکیا بۆ خۆیشى ئامارى کوژراوه‌کانى وه‌ک پێویست ئاشکرا ناکات؟

جه‌میل بایک: بێگومان له‌م شه‌ڕه‌دا له‌ هه‌ر دوو لا زیان هه‌ن. چاپه‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی تورکیا ئاماری کوژراوه‌کانی خۆی که‌م ده‌کاته‌وه‌ و  ئاماری زیان و خه‌ساره‌تی ئێمه‌ زیاد ده‌کات. ئه‌مه‌ش دۆخێکه‌ که‌ مرۆڤ لێی تێده‌گات بۆ وا ده‌که‌ن. له‌ خۆیدا، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانییه‌کی وه‌ه‌‌امان نییه‌ که‌ ئامارێکی راستیش بده‌ن.  له‌م دواییانه‌دا، له‌ شه‌ڕی ئیدلیب دا زیاتر له‌ 50 کوژراویان هه‌بوو، به‌ڵام ته‌نیا گوتیان که‌ ٣٣ کوژراومان هه‌یه‌.  گوتنێک هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێیت  "ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕدا به‌ر له‌ هه‌موو که‌سێک ده‌کوژرێت راستییه‌کانن". ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌وڵه‌تێکی شه‌ڕی تایبه‌ته‌ و هێزێكی جینوسایدکاره‌. هه‌ر بوویه‌ راستییه‌کانیش پێچه‌وانه‌ ده‌کاته‌وه‌. شه‌ڕی ده‌روونی به‌شی هه‌ره‌ گرنگی  شه‌ڕه‌ تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکیایه‌. وه‌کو نموونه‌، له‌م دواییانه‌دا دوو جار هێرشی ئاسمانی کرایه‌ سه‌ر قه‌ندیل. گه‌ریلا ه‌‌یچ خه‌سارێکی نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وان وایان راگه‌یاند که‌ جارێک ٦ و جارێکیش ٩ گه‌ریلایان کوشتووه‌. له‌م رووه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین که‌ راگه‌یاندنه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا هیچ کاتێک گوزارشت له‌ راستییه‌کان ناکه‌ن. 

ئێمه‌ش له‌م شه‌ڕه‌دا خه‌ساره‌تمان هه‌یه‌. فه‌رماندارێتی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل هه‌موو ساڵێک ئاماری ئه‌م خه‌ساره‌تانه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌. له‌ ساڵی ٢٠١٩دا  ١٢٢٠ که‌س له‌ هێزه‌کانی دوژمن کوژراون و ٤٥٦ هه‌ڤاڵی گه‌ریلاش شه‌ه‌‌ید بوون.  له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا، ده‌وڵه‌تی تورکیا ئێدی راسته‌وخۆ ناکه‌وێته‌ شه‌ڕه‌وه‌. هێزێکی وای نه‌ماوه‌ که‌ بێت راسته‌وخۆ شه‌ڕ بکات. زیاتر هێزی ئاسمانی به‌ کار دێنێت. له‌م بابه‌ته‌شدا، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ئه‌زموون و ته‌گبیره‌کانمان، ئاماری خه‌ساره‌ته‌کانمانیش که‌م ده‌بێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌، به‌ به‌راورد کردن له‌ گه‌ڵ ساڵانی پێشوو، خه‌ساره‌تی گه‌ریلا له‌ ساڵی ٢٠١٩دا  زۆر که‌می کردووه‌. 

 

هاوڵاتى: تاچه‌ند هاوپه‌یمانێتى ئه‌که‌په‌و مه‌هه‌په‌ رێگرى ده‌که‌ن له‌ئه‌نجامدانى ئاگربه‌ست و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیادا؟

جه‌میل بایک: ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی و جینوسایدی AKP-MHP ده‌ڵێت تا گه‌ریلایه‌ک مابێت شه‌ڕی ئێمه‌ به‌رده‌وامه‌ ده‌بێت، هه‌مان ده‌سه‌ڵات ناهێڵێت که‌ سیاسه‌تی مه‌ده‌نی و دیموکراتی هه‌ناسه‌ بدات. به‌رده‌وام خه‌ریک زیندانیکردن و گوشار و سه‌رکوتکردنه‌. مه‌گه‌ر مرۆڤ ده‌توانێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ها دا ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت؟ ساڵی رابردوو رێبه‌ر ئاپۆ رایگه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بیه‌وێت ده‌توانین کێشه‌ی کورد له‌ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. پێشنیارێکی چاره‌سه‌ری خسته‌ روو که‌ زۆر واقیعبینانه‌ و مه‌عقوول بوو. وه‌ڵامی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ ئه‌م پێشنیاره‌ به‌رده‌وامکردنی گۆشه‌گیری و داگیرکردنی سه‌رێکانی و گرێ سپی بوو. ده‌سه‌ڵاتی ئێستای تورکیا نزیک ئاشتی و چاره‌سه‌ری نابێته‌وه‌. ته‌نیا یه‌ک سیاسه‌ت په‌یڕه‌و ده‌کات: پاکتاوکردن. ئاگر به‌ست به‌ ئارمانجی چاره‌سه‌ری سیاسی راده‌گه‌یه‌نرێت. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا چاره‌سه‌ری سیاسی و ئاشتی به‌ لایه‌ک، ته‌نانه‌ت ه‌‌ه‌بوونی کوردیش قه‌بوول ناکه‌ن.  له‌ دۆخێکی وه‌ه‌‌ادا بانگه‌وازیکردن بۆ ئاگربه‌ست دێته‌ واتای چاو نوقماندن له‌ راستیینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی تورکیا. 

ئێمه‌ زۆر جار ئاگربه‌ستمان راگه‌یاندووه‌ و له‌ پێناو چاره‌سه‌ری چاوپێکه‌وتنمان ئه‌نجام داوه‌. به‌ڵام هه‌موو که‌س ده‌زانێت که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا چۆن هه‌ڵسوکه‌وتییان کردووه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک بڵێت  کێشه‌یه‌ک به‌ناو کێشه‌ی کورد ه‌‌ه‌بوونی نییه‌ تو ده‌توانی چی له‌ گه‌ڵدا چاره‌سه‌ر بکه‌ی؟! به‌رله‌ ه‌‌ه‌موو شتێک پێویسته‌ که‌ ه‌‌ه‌بوونی کێشه‌یه‌ک به‌ ناو کێشه‌ی کورد قه‌بووڵ بکه‌ن و ئیراده‌ی چاره‌سه‌ری نیشان بده‌ن.  ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیری له‌ سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ ه‌‌ه‌ڵگیرێت، هه‌بوونی کێشه‌یه‌ک به‌ ناو کێشه‌ی کورد دانی پێدا بنرێت و ئیراده‌ی چاره‌سه‌ری نیشان بدرێت، ئه‌و کاته‌ بابه‌تی ئاگربه‌ستیش ده‌بێته‌ مژاری باس و له‌ پێناو چاره‌سه‌ریدا چاوپێکه‌وتنیش ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا ه‌‌یچ کام له‌م شتانه‌ ناکرێت. رێبه‌ر ئاپۆ  جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ه‌‌ه‌م خۆی  و ه‌‌ه‌م پ.ک.ک ئه‌وی که‌وتۆته‌ سه‌ر شانیان ئه‌نجامیان داوه‌. کێشه‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ چی بکه‌ین یان چی نه‌که‌ین. کێشه‌که‌ له‌ سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا و ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووکه‌یی ئه‌و وڵاته‌دایه‌.  له‌ دۆخی ئێستادا، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی تورکیا جگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی  هیچ بژارده‌یه‌کی دی له‌ به‌رده‌مماندا نییه‌. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار