جه‌میل بایک بۆ هاوڵاتى: عێراق و پارتى بیانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دۆخی پێش ئابی 2014 له‌شه‌نگالدا قابیلی قه‌بووڵ نییه
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
به‌شى دووه‌م
جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکى (ک.ج.ک) له‌به‌شى دووه‌مى چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێکى هه‌ستیار ده‌داته‌وه له‌باره‌ى بوونیان له شه‌نگال و کوژرانى دوو کادره‌که‌یان له شاخى ئه‌زمه‌ر له سلێمانى و هاتنى هێزه‌کانى تورکیا بۆ ناو خاکى هه‌رێمى کوردستان و چه‌ندین پرسى په‌یوه‌ندیدارى دیکه.
جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکى(ک.ج.ک) له‌به‌شى دووه‌مى چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌ڵێت هیچ که‌سێک مافی ئه‌وه‌ی نییه بڵێیت بۆ له شه‌نگال کاریگه‌ری رێبه‌ر ئاپۆ و پ.ک.ک هه‌یه" کاتێک که گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR و هه‌روها شه‌رڤانانیYPG و YPJ خۆیان گه‌یانده شه‌نگال نه هێزی عێراقی لێی مابوو، نه پێشمه‌رگه‌ی PDK و نه هیچ هێزیکی دیکه‌ی سیاسی و سه‌ربازی".
هه‌روه‌ها جه‌ختله‌وه‌شده‌کاته‌وه که" ئه‌و هێزانه‌ی که تا ئه‌و کاته له شه‌نگال بوون، له به‌رامبه‌ر هێرشی داعش به‌رگرییان نه‌کرد، هه‌ڵاتن و گه‌لی ئێزیدیان له گه‌ڵ جینوساید رووبه‌روو هێشته‌وه. گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR به‌ریان له پێشره‌وی داعش گرت، ئێزیدیه‌کانیان پاراست و شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی ئێراق و PDK، ته‌نانه‌ت شه‌ره‌فی مرۆڤایه‌تیشیان پاراست".
هاوکات له‌باره‌ى شه‌هید کردنى دوو کادریان له‌شاخى ئه‌زمه‌ر له سلێمانى که له‌ماوه‌ى رابردوودا روویدا، بایک ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که" ئه‌و هه‌ڤاڵ‌نه ته‌نیا پێنج خوله‌ک دوای گه‌یشتنیان به ئه‌زمه‌ر شه‌هید ده‌کرێن".
ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه که" وادیاره هه‌ر له‌و کاته‌وه که له ماڵ ده‌رده‌که‌ون ده‌که‌ونه ژێر چاودێری و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به ئه‌زمه‌ڕ هێرش ده‌کرێته سه‌ریان. له هه‌رێمی دوور له شه‌ڕ ئه‌گه‌ر به فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان هێرش بکرێته سه‌ر که‌سێک یان شوێنێک، ئه‌مه زانیاری سیخوڕی هه‌رێمی له‌پشته‌وه‌یه".
جه‌میل بایک ده‌شڵێت:" رێکخستنێک که راسته‌وخۆ سه‌ر به پ.ک.ک بێت له باشووری کوردستاندا نییه، به‌ڵام که‌سایه‌تی و دامه‌زراوه هه‌ن که رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ و پ.ک.ک کاریگه‌ری له سه‌ریان هه‌یه. چه‌ند رێکخستن و بزووتنه‌وه‌یه‌ک هه‌ن که له‌سه‌ر رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ کار و خه‌باتی سیاسی و کۆمه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که بیر و رامانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ده‌توانێت کاریگه‌ری له سه‌ر هه‌ر شوێنێک دا‌نێت".
هاوڵاتى: بۆچونى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که) له‌سه‌ر کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم؟
جه‌میل بایک: کاتێک که مه‌سرور بارزانی حکومه‌تی راگه‌یاند، پیرۆزباییمان لێی کرد و هیوای سه‌رکه‌وتنمان بۆ خواست. هیوا و چاوه‌ڕوانی ئێمه ئه‌وه‌یه که ئه‌م حکوومه‌ته بۆ گه‌لی باشووری کوردستای کاری باش بکات. ئه‌م په‌یامه‌شمان پێی گه‌یاند و له هه‌مانکاتدا داخوازمان کرد که له به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی له نێوان هێزه کوردستانیه‌کاندا هاوکار بێت.
مه‌گه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ حکوومه‌تی باشووری کوردستان چ هیوایه‌کی دیکه‌مان ده‌بێت؟ لێره‌دا گرنگ ئه‌وه نییه که ئێمه چۆن له‌م حکوومه‌ته ده‌ڕوانین، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه که گه‌لی باشووری کوردستان چۆن لێی ده‌ڕوانێت.
خواستی ئێمه ئه‌وه‌یه که حکوومه‌تی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان له دژی هیچ یه‌ک له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ هێزێک نه‌کات.
ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی له سه‌ر که‌مپی مه‌خموور دانراوه، ئێمه‌ش ئازار ده‌دات.
ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی که له سه‌ر که‌مپی مه‌خموور دانراوه، هه‌روه‌کو چۆن هه‌موو گه‌لی کورد ئازارێکه، ئێمه‌ش ئازار ده‌دات. پێویسته ئه‌م جۆره شتانه له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی مه‌خموور نه‌کرێت.
ئه‌م گه‌له به بیانوی ئه‌وه‌ی که پشتیوانی تێکۆشانی ئازادیخوازی یان کردووه، هه‌موو ماڵ و موڵک و گوندیان خاپوور کراوه و ناچار بوون هه‌رێمی بۆتان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی باشووری کوردستان ببن. هه‌ربۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که حکوومه‌تی هه‌رێم به شێوه‌یه‌کی جیاواز نزیک بێته‌وه. ئه‌مه چاوه‌ڕوانی هه‌موو گه‌لی کوردستانه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه، چاوه‌ڕوانی گه‌لی باشووری کوردستانه.
هاوڵاتى: خه‌ڵکى باشوورى کوردستان( هه‌رێمى کوردستان) سۆز‌و عاتیفه‌یه‌کى زۆریان بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان و قوربانییه‌کانیان هه‌یه، به‌ڵام پێتانوایه هێشتا وه‌ک پێویست له‌رووى رێکخستنه‌وه کار له‌سه‌ر گه‌لى باشوور نه‌کراوه؟
جه‌میل بایک: گه‌لی باشووری کوردستان رێز و به‌های ئه‌و که‌سانه که بۆ نیشتمان تێده‌کۆشن و له‌و پێناوه‌شدا شه‌هید ده‌بن زۆر به باشی ده‌زانێ. ژیانی ئازاد و دیموکراتی کاتێک بونیاد ده‌نرێت که که‌سانێک له‌و پێناوه‌دا ژیانی خۆیان فیدا بکه‌ن. به تایبه‌ت له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا که تا ئێستاش دوژمنایه‌تی بۆ گه‌لی کورد له ئارادایه، خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و دوژمنکارییانه کارێکی زۆر به واتا و به‌نرخه.
گه‌لی باشووری کوردستان گیانبازی شه‌هیدانی پ.ک.ک زۆر باش ده‌ناسێت. ئه‌ندامانی پ.ک.ک هه‌موو ژیانی خۆیان بۆ گه‌ل و وڵاتی خۆیان فیدا ده‌که‌ن. له هه‌موو شوێنێک خاوه‌ندارێتی له شه‌هیدانی پ.ک.ک ده‌کرێت، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی که خۆ نه‌ویستن و هه‌موو ژیانیان بۆ گه‌له‌که‌یان ته‌رخان کردووه.
گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان
پشتیوانی له تێکۆشانی پ.ک.ک ده‌کات
گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان پشتیوانی له تێکۆشانی پ.ک.ک ده‌کات، له شۆڕش و خۆڕاگری رۆژئاوای کوردستان که له سه‌ر رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ هاتۆته ئاراوه به خاوه‌ن ده‌رده‌که‌وێت. به سه‌دان گه‌نج له باشووری کوردستانه‌وه روویان له رۆژئاوای کوردستان کرد و به‌شداری خۆڕاگری و شۆڕش بوون. زۆرێک له‌و گه‌نجانه گه‌یشتنه کاروانی شه‌هیدان. گه‌لی باشوورهه‌روه‌ها له دژی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی که به‌سه‌ر رێبه‌رئاپۆ دا سه‌پێنراوه تێکۆشان ده‌کات. گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان له دژی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای کوردستان و سیاسه‌تی قڕکردن له باکووری کودستان هه‌ڵمه‌تی بایکۆتی راگه‌یاند. هه‌ڵمه‌تی بایکۆت پشتیوانییه‌کی زۆر به‌نرخ و هێژایه.
لێره‌دا پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بکه‌ینه‌وه رێکخستنێک که راسته‌وخۆ سه‌ر به پ.ک.ک بێت له باشووری کوردستاندا نییه. به‌ڵام که‌سایه‌تی و دامه‌زراوه هه‌ن که رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ و پ.ک.ک کاریگه‌ری له سه‌ریان هه‌یه. چه‌ند رێکخستن و بزووتنه‌وه‌یه‌ک هه‌ن که له‌سه‌ر رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ کار و خه‌باتی سیاسی و کۆمه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که بیر و رامانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ده‌توانێت کاریگه‌ری له سه‌ر هه‌ر شوێنێک دا‌نێت. زۆر ئاساییه که بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی کوردی وه‌کو پ.ک.ک به مێژوییه‌کی ٤٧ ساڵه‌ی خه‌باته‌وه له به‌شێکی کوردستان، وه‌کو باشوور، کاریگه‌ری هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م کاریگه‌رییانه به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ له شه‌کل و شێوازی رێکخستنی پ.ک.ک دا کۆ نه‌کراونه‌ته‌وه. له‌م رووه‌وه، له نێوان کاریگه‌ری پ.ک.ک و رێکخستن کردنی ئه‌م کاریگه‌رییه دا فه‌رق و جیاوازی هه‌یه.
پ.ک.ک ته‌نیا رێبازێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نییه. به‌ڵکو له هه‌مان کاتدا شێوازی ژیان و تێکۆشانه. هه‌ربۆیه رێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به پێشکه‌وتنی پ.ک.ک ده‌ڵێت ” گه‌ل به‌رله ئه‌وه‌ی سه‌رنج له قسه‌ی کادێرانی پ.ک.ک بدات، سه‌یری شێوازی کار و شێوازی ژیانی ئه‌وانی ده‌کرد، کاریگه‌ری له سه‌ر دروست ده‌بوو و به‌م شێوه‌یه له ده‌وری پ.ک.ک کۆ ده‌بووه‌وه و به‌شداری تێکۆشان ده‌بوو."
یه‌کێک له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه که پ.ک.ک له هه‌موو رێکخستنێکی دی جیا ده‌کاته‌وه ئه‌مه‌یه. نوێنه‌رایه‌تی کردنی رێبازی پ.ک.ک پێویستی به قووڵبوونه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی هه‌یه. نوێنه‌رایه‌تی کردنی که‌سایه‌تی پ.ک.ک کارێکی ئاسان نییه. هه‌وڵ و تێکۆشانی زۆری ده‌وێ. پێویستی به‌وه هه‌یه که که‌سایه‌تی مرۆڤ به‌رله هه‌موو شتێک له‌به‌رامبه‌ر نه‌فسی خۆی دا تێکۆشان بکات. واته، پێویستی به جیهادی ئه‌کبه‌ره.
به کورتی ده‌توانم ئه‌وه بڵێم له به‌ر ئه‌وه‌ی که پ.ک.ک له باشووری کوردستاندا به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ کاری رێکخستنی ناکات ئه‌و دڵسۆزییه‌ی که بۆ پ.ک.ک هه‌یه شێوه‌ی پشتیوانییه‌کی کاریگه‌ری له خۆ نه‌گرتووه. به‌ڵام ئه‌و دڵسۆزی و لایه‌نگرییه‌ش که هه‌یه له جێی خۆیدا زۆر به‌نرخ و گرنگه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، گه‌لی باشووری کوردستان گرنگی به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات. ئه‌مه‌ش گوزراشتنێکی روون و ئاشکرایه بۆ گرنگیدان و پشتیوانیکردن له پ.ک.ک.
هاوڵاتى: له‌هه‌رێمى کوردستان ئاسته‌نگى بۆ ته‌ڤگه‌رى ئازادى و لایه‌نگرانى پارتى کرێکارانى (په‌که‌که) کوردستان دروست ده‌کرێت، پێتانوایه هۆکاره‌که‌ى چیه؟
جه‌میل بایک: موخاته‌بی ئه‌م پرسیاره‌ی ئێوه ته‌ڤگه‌ری ئازادییه. ئه‌وان به باشترین شێوه ده‌توانن وه‌ڵامی ئێوه بده‌نه‌وه سه‌باره‌ت به هۆکاری ئه‌و ئاسته‌نگییانه. به تێڕوانینی ئێمه هه‌ر لایه‌نێک که له رێبازی سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی دڵنیا له به‌رامبه‌ر به‌ڕێکخستنبوونی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لایه‌نه‌کانی دیکه ئاسته‌نگی دروست ناکات. خه‌باتی یاسایی و مه‌ده‌نی پێویستییه‌کی دیموکراسییه.
له هه‌ر شوێنێک که بۆچوونێکی دیموکراتی هه‌بێت، پێویسته کار و خه‌باتی سیاسی که له چوارچێوه‌ی مه‌ده‌نی و یاسایی دا بن ئاسته‌نگییان بۆ دروست نه‌کرێت.
تورکیا سه‌باره‌ت به ته‌ڤگه‌ری ئازادی
گوشار ده‌خاته سه‌ر حکوومه‌تی عێراق و یه‌كێتی و پارتی
وه‌ک بیستوومانه ده‌وڵه‌تی تورکیا، سه‌باره‌ت به ته‌ڤگه‌ری ئازادی، زه‌خت و گوشار ده‌خاته سه‌ر حکوومه‌تی عێراق و هه‌روه‌ها PDK و YNK. ئه‌وانه‌ی که له دژی رێبازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی رێبه‌ر ئاپۆن و ئه‌م رێبازه بۆ خۆیان به مه‌ترسی ده‌زانن، نایانه‌وێت که ئه‌م رێبازه له هیچ شوێنێک خۆی رێک بخات.
ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ڵوێستی به‌م شێوه‌یه‌یه و پێمانوایه ئه‌و زه‌خت و گوشارانه‌ی به‌رامبه‌ر ته‌ڤگه‌ری ئازادی ده‌کرێت ده‌ستى تورکیای له پشته. به‌ڵام پێویسته ئه‌و راستییه‌ش بزانین که گوشار و ئاسته‌نگییه‌کان ناتوانن رێگه له ئه‌و رێبازانه‌ی تێکۆشان بگرن که وه‌ڵامن بۆ پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگا.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بکه‌مه‌وه که ئه‌گه‌ر کورد له نێو خۆیدا دیموکراسی بونیاد بنێت، دیموکراسییه‌ت ده‌بێته خاڵی بنه‌ڕه‌تی به‌هێزبوونی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌گه‌ر کورد دیموکراسی ناوخۆیی خۆی پێش بخات، ئه‌مه کاریگه‌ر کورد له هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیادتر ده‌کات. زیادبوونی کاریگه‌ری باشووری کوردستان له سیاسه‌تی ئێراقیشدا گرێدراوی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی دیموکراسیبوونه.
هاوڵاتى: پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که) رۆڵى هه‌بووه له ئازادکردنى شه‌نگال، به‌ڵام ئێستا له‌لایه‌ن پارتى و هه‌ندێ لایه‌نه‌وه ده‌ڵێن ناکرێت بمێننه‌وه قسه‌تان چییه له‌وباره‌یه‌وه؟
جه‌میل بایک: کاتێک که داعش له ساڵی ٢٠١٤ هێرشی شه‌نگالی کرد گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR به په‌له خۆیانیان گه‌یانده شه‌نگال. له سه‌ره‌تادا ته‌نیا گروپێکی بچووک له به‌رامبه‌ر داعشدا شه‌ڕیان کرد و پاشان هێزی پێشتیوانی یان بۆ چوو و هێرشی داعش تێکشکێنرا و گه‌لی ئێزیدی له قڕکردن رزگاری بوو. YPG ش بۆ ماوه‌یه‌ک پشتیوانی گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR ی کرد. HPG و YJA-STAR ماوه‌یک له شه‌نگالدا مانه‌وه و پاش ئه‌وه‌ی که داعشیان له شه‌نگال ده‌رکرد، له شه‌نگال پاشه‌کشه‌یان کرد. له‌و ماوه‌یه‌ی که گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR له شه‌نگال بوون گه‌نجانی ئێزیدی یان په‌روه‌رده کرد.
کاتێک که YBŞ و YJŞ وه‌کو هێزی خۆپاراستنی گه‌لی ئێزیدی بوون به خاوه‌ن هێز و ئه‌زموون، HPG و YJA-STAR له شه‌نگال پاشه‌کشه‌یان کرد.
دوابه‌ودوای ئه‌و هێرشانه‌ی که له‌م دواییانه‌دا کرانه سه‌ر شه‌نگال، HPG رایگه‌یاند که ئه‌وان ئاماده‌ن جارێکی دی به هه‌واری خه‌ڵکی شه‌نگاله‌وه بچن.
رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ له سه‌ر هه‌ژمارێکی به‌رچاو
له گه‌لی ئێزیدی له شه‌نگال کاریگه‌ری داناوه
رێبازی رێبه‌ر ئاپۆ له سه‌ر هه‌ژمارێکی به‌رچاو له گه‌لی ئێزیدی له شه‌نگال کاریگه‌ری داناوه. پێشتریش هه‌ر کاریگه‌ری رێبه‌ر ئاپۆ له نێو گه‌لی ئێزیدی هه‌بوو. دڵسۆزی بۆ پ.ک.ک له نێو ئێزیدییه‌کاندا له ئاستێکی زۆر بڵنددا بوو. هێرشی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال له ساڵی 2014 و به‌رگریکردنی گه‌ریلا له گه‌لی ئێزیدی ئه‌م دڵسۆزییه‌ی زۆرتر کرد. هه‌ندێک لایه‌ن ده‌ڵێین با پ.ک.ک له شه‌نگال ده‌رکه‌وێت، با هه‌ستی دڵسۆزی بۆ رێبه‌ر ئاپۆ و پ.ک:ک له شه‌نگالدا نه‌مێنێت.
ئه‌مه مومکین نییه. PDKش له به‌شه‌کانی دیکه کوردستاندا، هه‌ر چه‌نده زۆریش نه‌بێت، کاریگه‌ری له سه‌ر گه‌ل هه‌یه. ئایا ئێمه ده‌توانین بڵێین با ئه‌م کاریگه‌رییه نه‌مێنێت؟ له چوارچێوه‌ی چه‌مکی سیاسه‌تی دیموکراتیدا هه‌رکه‌س به پێ کاریگه‌ری رێبازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و هێزی رێکخراوه‌یی خۆی ده‌توانێت به‌رده‌وامی به هه‌بوونی خۆی بدات.
هیچ که‌سێک مافی ئه‌وه‌ی نییه بڵێیت بۆ له شه‌نگال کاریگه‌ری رێبه‌ر ئاپۆ و پ.ک.ک هه‌یه. کاتێک که گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR و هه‌روه‌ها شه‌رڤانانیYPG و YPJ خۆیان گه‌یانده شه‌نگال نه هێزی عێراقی لێی مابوو، نه پێشمه‌رگه‌ی PDK و نه هیچ هێزیکی دیکه‌ی سیاسی و سه‌ربازی.
ئه‌و هێزانه‌ی که تا ئه‌و کاته له شه‌نگال بوون، له به‌رامبه‌ر هێرشی داعش به‌رگرییان نه‌کرد، هه‌ڵاتن و گه‌لی ئێزیدیان له گه‌ڵ جینوساید رووبه‌روو هێشته‌وه. گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR به‌ریان له پێشره‌وی داعش گرت، ئێزیدیه‌کانیان پاراست و شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی ئێراق و PDK، ته‌نانه‌ت شه‌ره‌فی مرۆڤایه‌تیشیان پاراست.
ئه‌گه‌ر گه‌ریلاکانی HPG و YJA-STAR خۆیان نه‌گه‌یاندبا شه‌نگال و به‌رگرییان له گه‌لی ئیًزیدی نه‌کردبایه، ئێستا عێراق و PDK چ تۆمه‌تێکیان ده‌هاته سه‌ر؟ له‌م رووه‌وه، پێویسته سوپاسی هێزی گه‌ریلا بکه‌ن. ئه‌و زیهنییه‌ته‌ی که ده‌ڵێت با ئه‌م و ئه‌و له شه‌نگال نه‌بێت زیهنییه‌تێکی ده‌سه‌ڵاتخوازییه.
چ مافێکیان هه‌یه گوتارێکی وه‌ها هه‌ڵبژێرن؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌هێڵینه‌وه بۆ رای گشتی گه‌لی ئێزیدی، رای گشتی گه‌لی کورد و هه‌موو مرۆڤایه‌تی.
هه‌ر که‌س و لایه‌نێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که سیاسه‌ت بکات. هێزه سیاسییه‌کان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ئارمانجی خۆیانیان هه‌بێت. به‌ڵام پێویسته ویژدان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ویژدان نه‌بێت، سیاسه‌ت چ واتایه‌کی هه‌یه؟ ئه‌وانه‌ی که گه‌لی ئێزیدییان تووشی جینوسایدکرد، پاشان چوون له کۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌و هێزه‌ی که ئێزیدییه‌کانی له جینوساید پاراست. 2 هه‌ڤاڵی گه‌ریلامان بۆ ئه‌وه‌ی که شه‌ڕ روونه‌دات خۆیان له به‌رده‌م سه‌یاره‌ی ده‌رع کرده قه‌ڵغان. به‌ڵام ده‌ستڕێژییان کرایه سه‌ر و شه‌هید کران. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌وانێکی ژن و 2 شه‌رڤانی YBŞ شه‌هید کران. خه‌ڵکێکی زۆر بریندار بوو. رای گشتی ئاگای له هه‌موو ئه‌م رووداوانه هه‌یه.
ئێمه پشتگیری له خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌نگال ده‌که‌ین
ئێمه پشتگیری له خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌نگال ده‌که‌ین. له‌و بڕوایه‌داین که هه‌م له ناو ئێراق و هه‌م له ناو فیدراسیۆنی باشووری کوردستاندا خاوه‌ن ئۆتۆنۆمی (خوه‌سه‌ری)خۆیان بن. له دوای ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ی که به سه‌ر گه‌لی ئێزیدیدا هات، ئێدی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که داوای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ئۆتۆنۆم (خوه‌سه‌ر) بکه‌ن. نه ئێراق و نه ده‌سه‌ڵاتی PDK مافی ئه‌وه‌یان نییه دژ به‌مه راوه‌ستن. هه‌ر که‌سێک دژ به ئه‌م مافه‌ی گه‌لی ئێزیدی بوه‌ستێته‌وه نه ویژدانی هه‌یه نه عه‌داله‌ت. ئه‌گه‌ر ئێزیدخان خوه‌سه‌ر بایه، خاوه‌ن هێزی خۆپاراستن بایه، داعش نه‌یده‌توانی بچێته ناو شه‌نگاله‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌کینه‌یه‌کی بچووکی گه‌ریلا توانی به‌ره‌نگاری هێرشی داعش ببێته‌وه و رایبوه‌ستێنێت، گه‌نجانی ئێزیدی و هێزه‌کانی خۆ پاراستن ده‌یانتوانی به‌رگرییه‌کی به‌هێزتر بکه‌ن. ئه‌گه‌ر له‌و کاته‌دا شه‌نگال خاوه‌ن خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی بایه، بڕیاری خۆڕاگری ده‌گرت و پێکێشی ده‌هێنا. ئه‌م راستییانه خوه‌سه‌ربوونی شه‌نگال وه‌کو پێویستییه‌ک ده‌سه‌پێنن. له هه‌مان کاتدا، گه‌لی ئێزیدی خاوه‌ن بڕوا و فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به خۆیه. گه‌لی ئێزیدی به درێژایی مێژوو تووشی زۆر فه‌رمان و ناعه‌داله‌تی بۆته‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه که گه‌لی ئێزیدی پێویستییان به خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و خوه‌سه‌ری هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێراق و PDK بیانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دۆخی به‌ر له 3ی ئابی 2014، ئه‌مه قابیلی قه‌بووڵ نییه. ئه‌و چه‌مکه‌ی که ده‌ڵێت با من به سه‌ر هه‌موو شوێنێکدا زاڵ بم، چه‌مکێکی راست نییه. ئه‌مه له کاتێکدایه که نه‌ک ته‌نیا شه‌نگال و ئێزیدخان، به‌ڵکو له هه‌ر هه‌رێمێکی عێراق و فیدراسیۆنی باشووری کوردستان پێویست به دیموکراسی هه‌رێمی هه‌یه. هه‌رێمه‌کان، شاره‌کان، کۆمه‌ڵگاکان، باوه‌ڕه ئایینییه‌کان پێویسته بتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن. ئه‌مه پێویستییه‌کی چه‌مکی سیاسه‌تی دیموکراتییه. ئۆتۆنۆمییه‌کان (هه‌رێمه خۆسه‌ره‌کان) و دیموکراسییه هه‌رێمییه‌کان به واتای دابڕان نایێن، به‌ڵکۆ ده‌بنه زه‌مینی یه‌کێتییه‌کی به‌هێزتر. پێویسته هه‌موو هێز و لایه‌نی سیاسی کوردی پشتیوانی له‌م داخوازییه‌ی ئێزیدییه‌کان بکه‌ن. له سه‌رۆی هه‌مووشیانه‌وه PDK له رووی ئه‌خلاقی و ویژدانی و سیاسییه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا به‌رپرسیاره.
گه‌لی ئێزیدخان داوای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌که‌ن. نایه‌نه‌وێت هیچ هێزێکی سیاسی یان حکوومه‌تێکی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌یان ببات. ئێمه پشتگیری له‌م داواکارییه‌ی گه‌لی ئێزیدخان ده‌که‌ین. گوتنی “با له شه‌نگال ده‌رکه‌ون” دێته واتای “با شه‌نگال خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری نه‌بێت”. واتاکه‌ی ئه‌مه‌یه. ئه‌وه‌ش گوتارێکی راست نییه. له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ڵوێستی راست و ویژدانی و ئه‌خلاقی و دیموکراتی ئه‌وه‌یه که عێراق و PDK ده‌ست له‌م جۆره خۆسه‌پاندنانه هه‌ڵگرن.
هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى رابردوودا دوو کادرى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که) له شاخى ئه‌زمه‌ر له سلێمانى بوونه قوربانى؟ پێتانوایه که‌سانێک هه‌ن هاوکارى هه‌واڵگرى میتى تورکیان کردووه و زانیاریان پێداون؟
جه‌میل بایک: مسۆگه‌ر که‌سانێک هه‌ن که له شه‌هاده‌تی ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌دا هاوکاری میتی تورکیایان کردووه. ئه‌گینا ئه‌نجامدانی هێرشێکی وه‌ها مومکین نه‌ده‌بوو. ئه‌و هه‌ڤاڵ‌نه ته‌نیا پێنج خوله‌ک دوای گه‌یشتنیان به ئه‌زمه‌ر شه‌هید ده‌کرێن. وادیاره هه‌ر له‌و کاته‌وه که له ماڵ ده‌رده‌که‌ون ده‌که‌ونه ژێر چاودێری و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به ئه‌زمه‌ڕ هێرش ده‌کرێته سه‌ریان. له هه‌رێمی دوور له شه‌ڕ ئه‌گه‌ر به فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان هێرش بکرێته سه‌ر که‌سێک یان شوێنێک، ئه‌مه زانیاری سیخوڕی هه‌رێمی له‌پشته‌وه‌یه. به هۆی ئه‌زموونی شه‌ڕه‌وه ده‌زانین که ئه‌م جۆره هێرشانه چۆن ده‌کرێن. پێشتریش له قه‌ندیلدا چه‌ند هه‌ڤاڵێکمان به هۆی زانیاری هه‌رێمییه‌وه بوونه‌ته ئارمانجی هێرشی ئه‌م جۆره فڕۆکانه و شه‌هید کراون. له بادینانیشدا هێرشی به هه‌مان شێوه کراون. لێکۆڵینه‌وه‌مان له سه‌ر ئه‌م رووداوانه به‌رده‌وامن و له هه‌ندێکیاندا گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجامی کۆنکرێت. ئێمه وه‌ک بزووتنه‌وه ٤٧ ساڵه له ناو شه‌ڕداین و له‌نزیکه‌وه به‌دواداچوون بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌کان ده‌که‌ین. له‌م رووه‌وه له چۆنیه‌تی و ئه‌گه‌ره‌کانی کارکردنی میت له‌م هه‌رێمانه‌دا ئاگادارین.
هه‌ر گرێ‌دراو به ئه‌م پرسیاره‌ی به‌ڕێزتان پێویسته جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه بکه‌مه‌وه که میت له باشووری کوردستاندا به شێوه‌یه‌کی جیددی کاری رێکخستنی ده‌کات. هه‌ندێک له‌م کاره رێکخستنیانه به ئاگاداری ده‌زگا ئیستیخباراتییه‌کانی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێن و هه‌ندێکیشیان به شاراوه‌یی ده‌کرێن. هه‌ندێک خائینیش هه‌ن که خۆیان بۆ پاره ده‌فرۆشن. ئه‌مه راستییه‌کی تاڵه به‌ڵام که‌سانی وا بوونیان هه‌یه.
هاوڵاتى: به‌هۆى بۆردومانى تورکیا بۆسه‌ر شه‌نگال زه‌رده‌شت شه‌نگالى و چه‌دن که‌سێکى دیکه بوونه قوربانى؟ قسه‌تان چییه له‌وباره‌یه‌وه؟
جه‌میل بایک: کۆمه‌ڵکوژکردنی زه‌رده‌شت شه‌نگالی و هه‌ڤاڵه‌کانی ده‌توانێت چ په‌یامێکی بۆ ئێمه هه‌بێت؟ له‌وه زیاتر که په‌یامێک بۆ ئێمه‌ی تیا هه‌بیت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئاشکرایه دژ به‌و که‌سانه‌ی که خوازیار و خه‌باتکاری ژیانێکی ئازاد و دیموکراتین له شه‌نگال.
له شه‌نگالدا هه‌ندێک سیخۆڕ و خائین و خۆ فرۆش هه‌ن
که هاوکاری ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌که‌ن
راسته، هێرشه‌که به رێگه‌ی فڕۆکه‌ی جه‌نگی ده‌وڵه‌تی تورکیاوه پێک هات، به‌ڵام له شه‌نگالدا هه‌ندێک سیخۆڕ و خائین و خۆ فرۆش هه‌ن که هاوکاری ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ن که ده‌ڵێین هۆکاری هێرشه‌کانی سه‌ر شه‌نگال هه‌بوونی پ.ک.ک یه.
ده‌یانه‌وێت به ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیاوه له شه‌نگال بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری شه‌نگال و گه‌لی شه‌نگال دا ناکۆکی دروست ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان YBŞ و گه‌لی شه‌نگالدا ناکۆکی دروست ببێت. ده‌یانه‌وێت ئه‌و که‌سانه‌ی که رێبازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی رێبه‌ر ئاپۆیان په‌سند کردووه مه‌جبووری پاشه‌کشه بکرێن. گه‌لی شه‌نگال ده‌بێ چی بکات؟ ته‌سلیمی ئه‌و که‌سانه ببێت که نه‌یانپاراست و تووشی جینوسایدیان کرد؟ ئه‌وانه‌ی که ده‌یانه‌وێت کاریگه‌ری رێبازی ئایدیۆلۆژی-سیاسی رێبه‌رئاپۆ له شه‌نگالدا نه‌مێنێت تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه بۆ گه‌لی ئێزیدی له شه‌نگال. به گوێره‌ی ئه‌م خائینانه گه‌لی ئێزدی وه‌ک مه‌ڕ و مێگه‌له و پێویسته که‌سێک لێیان بخوڕێت. به‌ڵام گه‌لی ئێزیدی گه‌لێکی زانایه و دڵسۆزی هه‌یه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له جینوساید پاراستیان. به شه‌هید کردنی زه‌رده‌شت شه‌نگالی ویستیان ئه‌و په‌یامه بده‌نه هاوبیرانی شه‌هید زه‌رده‌شت که ئێوه له شه‌نگالدا مافی ژیانتان نییه. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌وه‌کی که په‌یامی ده‌وڵه‌تی تورکیا بێت په‌یامی به‌کرێگیراوه‌کانی تورکیایه.
هاوڵاتى: تا ئێستاش ده‌یان باره‌گاى سه‌ربازى تورکیا له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌و ده‌یان کیلۆمه‌تر هاتونه‌ته ناو خاکى باشوورى کوردستان؟ پارتى دیموکراتى کوردستان(PDK) به فه‌رمى ده‌ڵێن بیانووه‌که‌یان بوونى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که)، ئێوه ده‌ڵێن چى له‌وباره‌یه‌وه؟
جه‌میل بایک: ئه‌وانه‌ی که ده‌ڵێین هۆکاری هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ لێره و له‌وێ هه‌بوونی پ.ک.ک یه ره‌وایه‌تی ده‌ده‌ن به‌م هێرشانه.
به‌م شێوه‌یه، به زانابوون بێت یان بێ زانابوون، ده‌بنه ئامرازێک بۆ سیاسه‌تی .دوژمنکارانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا دژ به گه‌لی کورد.
هه‌ر که‌سێک که تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی به‌ڕێوه‌ببات دوژمنانی گه‌لی کورد هێرش ده‌که‌نه سه‌ری. جا ئه‌و که‌سه چ ناسنامه‌یه‌کی هه‌یه زۆر گرنگ نییه. به لای دوژمنه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه تێکۆشه‌ری رێگای ئازادی و دیموکراسی بێت. له زۆر شوێنی باشووری کوردستان باره‌گای سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی تورکیا دامه‌زراوه. ئه‌مانه بۆچی مۆڵه‌تیان پێی دراوه؟ باره‌گا سه‌ربازییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له به‌عشیقا چ ده‌که‌ن؟ ئێراق ده‌ڵێت که پێویسته ئه‌م باره‌گایانه هه‌ڵگیرێن، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ڵێت که من لێرانه ده‌رناکه‌وم. له سوریاش زۆر شوێنی داگیر کردووه، ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر له‌م شوێنانه‌ی داگیرمان کردووه ده‌رکه‌وین پارێزگای هاتای(HATAY) له ده‌ستمان ده‌چێت، تورکیامان له‌ده‌ست ده‌چێت. ده‌وڵه‌تی تورکیا سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی سه‌ر له نوێ داڕشتۆته‌وه. به گوێره‌ی ئه‌م سیاسه‌ته، پاراستنی تورکیا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌ست پێده‌کات.
له تورکیا زیهنییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی دژه کورد و داگیرکه‌ر و فراوانخواز هه‌یه. ئه‌گه‌ر پ.ک.ک ش نه‌بایه، بیانۆیه‌کی دیکه‌یان بۆ فراوانخوازی و داگیرکاری ده‌دۆزییه‌وه. له خۆیدا، بۆ داگیرکردنی که‌رکووک و موسڵیش بیانووه‌که‌یان ئاماده‌یه. گوایه هاوڕه‌گه‌زه‌کانیان له‌وێن. له روانگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیادا کورد گه‌لێکه که پێویست ده‌کات هه‌رچی زووتره هه‌بوونی بسڕدرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به رۆژئاوای کوردستان گوتیان که ” ئێمه رێگه ناده‌ین کۆریدۆرێکی (رێڕه‌و) کوردی دروست بکرێت “ و ده‌ستیان به داگیرکاری کرد. ئه‌ردۆغان بۆ خۆی گوتی که ” په‌یمانی لۆزان بۆ ئێمه مایه شکسته و ئێمه هێشتا خاکمان له ده‌ره‌وه‌ی میساقی میللی ماوه‌ته‌وه. “ تێناگه‌ین، سیاسه‌تمه‌دارانی باشووری کوردستان بۆ ئه‌مه نابینن و هه‌موو هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له هه‌موو شوێنێک ده‌به‌ستنه‌وه به هه‌بوونی پ.ک.ک وه؟ ئه‌و هێرشانه ته‌نیا له دژی پ.ک.ک نین، له دژی هه‌موو کوردن. هێزی جینوسایدکار بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بکاته سه‌ر کورد به‌رده‌وام له بیانۆیه‌ک ده‌گه‌ڕێت. ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ هێرشکردنه سه‌ر لیبیاش بیانۆیه‌کی دۆزیوه‌ته‌وه. هۆکاری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای کوردستانیش هه‌ر دوژمنایه‌تی کورده. که‌سێک که له‌مه تێنه‌گات له‌و دژایه‌تییانه‌ی که به‌رامبه‌ر به کورد ده‌کرێن تێناگات. ئه‌وانه‌ی که دۆست و دوژمنی خۆیان نه‌ناسن به‌رده‌وام تووشی شکست ده‌بن. هه‌ربۆیه، هۆکاری سه‌ره‌کی هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا دوژمنایه‌تی کورد و کاره‌کته‌ری فاشیستی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یه.
پێویسته هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا
له کاتی ریفراندۆمه‌که‌ی ٢٠١٧ به بیر بهێنینه‌وه
لێره‌دا پێویست ده‌کات هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له کاتی ریفراندۆمه‌که‌ی ٢٠١٧ به بیر بهێنینه‌وه. چۆن ده‌بێت هێزێکی سیاسی کوردی بۆ پاساوکردنی هێرشکاری بۆ سه‌ر کورد هه‌مان بیانووه‌کانی دوژمنانی کورد دووباره بکاته‌وه؟ ئه‌مه قابیلی قه‌بووڵ نییه. پێویسته هیچ سیاسه‌تمه‌دارێکی کوردی سه‌ر له گوتارێکی وه‌ها نه‌دات. دوژمنانی گه‌لی کورد بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردان به‌رده‌وام بیانوویه‌ک ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌م بیانووانه به گوێره‌ی کات و شوێن ده‌گۆڕدرێن به‌ڵام گه‌وهه‌ری هه‌موویان یه‌که و ئه‌ویش دوژمنایه‌تی کورده.