چه‌ندین جۆر پیلانگێڕییى له‌دژى هاوپه‌یمانى تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌

ئارام قادر، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى نیشتمانى بۆ هاوڵاتى:

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ده‌ڵێت حاڵه‌تێکى سروشتییه‌ چه‌ند هاودیدێکیان له‌ هاوپه‌یمانى ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ و پێشیوابوو به‌شێک له‌وانه‌ ده‌رکراون و پابه‌ند نه‌بوون به‌ عورفى سیاسى هاوپه‌یمانییه‌وه‌.

ئارام قادر، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌مچاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌کاتى دورکه‌وتنه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى ئێستاى عێراق تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ و ده‌شڵێت:" هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیانله‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ مافى ئه‌وه‌یان نییه‌ مۆرى هاوپه‌یمانى به‌کاربهێنن و به‌پێى یاسا به‌تاوان هه‌ژمار ده‌کرێت و روبه‌رووى دادگایان ده‌که‌ینه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"چه‌ندین جۆر پیلانگێڕییى له‌دژى هاوپه‌یمانى کراوه‌، ساخته‌کارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌وڵى فرۆشتنى هاوپه‌یمانی، هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌ رێگه‌ى یاسایى و سیاسى ، به‌کار هێنانى فشارى سیاسى و مادى له‌سه‌ر ھاودیدانمان که‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانى ، ئه‌مه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌".

هاوڵاتى: دۆخى هاوپه‌یمانى چۆنه‌ له‌ ئێستادا؟
ئارام قادر: سه‌ره‌تا هیواى سه‌لامه‌تى و ته‌ندروستى بۆ هاووڵاتیانى کوردستان ده‌خوام، ده‌ست خۆشیم بۆ کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ ھه‌یه‌ ، خوازیارم هاووڵاتیان کوردستان پابه‌ندى ڕێنماییه‌کانى هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بن له‌ پێناو پاراستنى خۆیان و پارێزگارى  خه‌ڵک،  ناچار نه‌بوینایه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌مان  نه‌ده‌وروژاند ، چونکه‌ هاوپه‌یمانى کارده‌که‌ین پرسه‌ حزبى و سیاسیه‌کان بخه‌ینه‌ به‌رژه‌وه‌ندى  نیشتیمانه‌وه‌ نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. 

 سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌که‌شت ئێمه‌ له‌هاوپه‌یمانى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونیه‌وه‌ فشارى زۆرله‌سه‌ربووه‌، به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ هێزێکى کاریگه‌ر و له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین جۆر پیلانگێڕییى له‌دژى کراوه‌، ساخته‌کارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌وڵى فرۆشتنى هاوپه‌یمانی، هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌ رێگه‌ى یاسایى و سیاسى ، به‌کار هێنانى فشارى سیاسى و مادى له‌سه‌ر ھاودیدانمان که‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانى ، ئه‌مه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵى به‌هێزتربوون و به‌رده‌وامى ده‌ده‌ین و هێزى ئێمه‌ش له‌و سه‌رمایه‌ مرۆییه‌ گه‌وره‌یه‌دایه‌، له‌ هه‌مانکاتدا ستراتیژ و پلانى ڕوون و دیارمان هه‌یه‌، ڕاسته‌ ئه‌م پیلانانه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام هاوپه‌یمانى ناوه‌ستێنن و چاومان له‌ داهاتووه‌.

هاوڵاتى: ئه‌و هاودیدانه‌ى ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن سێ له‌سه‌ر چوارى هاوپه‌یمانى ده‌بین و هاوپه‌یمانى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌؟
ئارام قادر: هیچ لۆژیکێک ئه‌وه‌ى لاپه‌سه‌ند نیه‌ زۆرینه‌ که‌مینه‌ به‌ جێبهێڵێت، گه‌ر وابوایه‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ میکانیزمى زۆر ڕوون و ئاشکراو بێ سه‌رئێشه‌ى تیایه‌ که‌ زۆرینه‌ ده‌توانێ بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى بدات، بۆیه‌ ڕاستییه‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ و ژماره‌یه‌کى ئه‌وتۆ نیه‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ى بڕیار هه‌بێت، هه‌ندێک ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێکیان ده‌رکراون ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پابه‌ندى پره‌نسیپ و ئه‌ته‌کێتى سیاسى نه‌بوون، له‌ناو زیاتر  له‌ 70 ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ باڵاکان زۆرینه‌ به‌رده‌وامه‌ و کارى خۆى ده‌کات ، گه‌ر زۆرینه‌بوون بۆچى ده‌ستیان له‌کارکێشایه‌وه‌؟ !!!!
با به‌و زۆرینه‌یه‌ى که‌ خۆیان باسیانکردووه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانیدا ئه‌و بڕیاره‌یان بدایه‌ که‌ ده‌یانویست.

 سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانی، ئه‌و بابه‌ته‌ کۆنه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌، هه‌مان هه‌وڵدرا که‌ هاوپه‌یمانى هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌رده‌وامبوو، له‌ناو ئه‌وانه‌ى که‌ ده‌رکراوون هه‌ندێکیان باسى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ته‌نها بۆئه‌وه‌یه‌ بڵێن هاوپه‌یمانى به‌بێ ئه‌وان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌ ڕۆشتنى سه‌رۆکه‌که‌ى و لێسه‌ندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م باره‌گاکانى وبردنى سه‌رجه‌م که‌ل و په‌له‌کانى هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه‌، ئێستا به‌ به‌یاننامه‌یه‌کى دوور له‌ لۆژیک، چۆن هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، له‌ په‌یڕه‌ودا به‌ ڕوونى باسى ئه‌وه‌ کراوه‌، ده‌بێت هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ کۆببنه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى سێ له‌سه‌ر چوارى ده‌نگه‌کان بڕیار له‌ به‌رده‌وامى یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ یان تێکه‌ڵبوون و هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ لایه‌نى تر بدرێت، که‌سێک ده‌رکرابێت یان ده‌ستى له‌کار کێشابێته‌وه‌ مافى باس کردنى هاوپه‌یمانى نیه‌.

هاوڵاتى: به‌ڕێزتان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌وه‌ى به‌ تاکڕه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ت کردووه‌، قسه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌مه‌؟
ئارام قادر:  قسه‌ کردن به‌ ره‌هایى نا زانستیه‌ ، بۆچى تا دوێنێ تاک ڕه‌ونه‌ بووم!!! ئێمه‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆمان هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ سه‌رۆک، کارنامه‌ى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌پێى په‌یره‌و کارنامه‌ کارمان کردووه‌ ، گه‌ر کێشه‌یان له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌و هه‌یه‌ ئه‌وه‌ کۆنگره‌ بڕیارى له‌سه‌ر داوه‌ و کۆنگره‌ش ده‌توانێت ده‌ستکارى و هه‌موارى بکات.
هاوڵاتى: بۆچى هه‌وڵتان نه‌دا به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟
ئارام قادر: کێشه‌ مان هه‌ر نه‌بووه‌ تا به‌ په‌یڕه‌و چاره‌سه‌ر بکرێت، کێشه‌ خوڵقێنراوه‌ و گرفت دروست کراوه‌.

هاوڵاتى: هاوپه‌یمانى بڕیاربوو له‌ حزبه‌ ته‌قلیدییه‌کان نه‌چێت و جیاواز بێت، به‌ڵام به‌ پێى قسه‌ى به‌یاننامه‌ى هاودیدان هیچ شه‌فافییه‌تێک له‌ په‌یوه‌نییدیه‌ حزبییه‌کاندا نییه‌؟
ئارام قادر:  ئێمه‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسییمان هه‌یه‌، هه‌موو په‌یوه‌ندى و کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تر به‌ ئاماده‌یى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى بووه‌ و کۆبونه‌وه‌کان کۆنوسیان هه‌یه‌ و بڕیاره‌کان تۆمار کراوون.
هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ده‌ستى سیاسى له‌ پشت ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى هاودیدانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سلێمانی؟

ئارام قادر: بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ سلێمانیه‌وه‌ ، له‌ هاوپه‌یمانیدا ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ ئازاده‌ ته‌نانه‌ت پێویستى به‌ په‌سه‌ند کردن نیه‌، ئه‌مه‌ى کرا ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ نه‌بوو، که‌سێک ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کات و ده‌ڕواته‌ حزبێکى سیاسى تر، بڕیاره‌که‌ى ڕێز لێگیراوه‌، پرسیاره‌که‌ لێره‌دایه‌ ده‌ست له‌کاربکێشیته‌وه‌و بڕۆیته‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانى و ده‌ست بکه‌یت به‌هه‌ڵمه‌تى دژایه‌تى کردنى هاوپه‌یمانى و هاندانى هاودیدان بۆده‌ست له‌کارکیشانه‌وه‌ هه‌موو که‌سێکى عاقڵمه‌ند ده‌زانێت ئه‌م بابه‌ته‌ چیه‌؟!!.
هاوڵاتى: پرسى دارایى یه‌کێکه‌ له‌ تێبیینییه‌کانى هاودیدان، پشتان به‌ چ سه‌رچاوه‌ى داهاتێک به‌ستوه‌ بۆ خه‌رجییه‌کانى حزب؟
ئارام قادر: حزب کۆمپانیا نییه‌ تا داهاتى هه‌بێت، داهات واتا شتێک بفرۆشیت و له‌به‌رامبه‌ردا بڕێک پاره‌ت ده‌ستبکه‌وێت، ئه‌وه‌ش بازرگانییه‌ نه‌ک سیاسه‌ت، حزب پێویستى به‌ سه‌رچاوى دارایى هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى چالاکییه‌کانى به‌ڕێوه‌ببات، ئێمه‌ ژماره‌یه‌کى که‌م کارمه‌ندمان هه‌یه‌ و هاودیدان زۆربه‌یان خۆبه‌خشن، ژماره‌یه‌کى که‌م باره‌گاشمان هه‌یه‌، که‌ناڵى ئاسمانییمان نییه‌ تا پاره‌یه‌کى زۆرى بوێت، که‌واته‌ خه‌رجییه‌کى که‌ممان ده‌وێت، له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌ هاوکارى دۆستان و هاودیدان به‌و توانا مادییه‌ که‌سییه‌ى که‌ هه‌مان بووه‌، کارمانکردووه‌ و بۆ داهاتووش، وه‌کو دامه‌زراوه‌ى گه‌شه‌پیدانى ئابوورى پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ که‌ هاوپه‌یمانى ببێته‌ خاوه‌ن داراییه‌کى تایبه‌تى خۆى و هه‌موو بابه‌ته‌ داراییه‌کان تۆمار کراوه‌.
هاوڵاتى: ئایا هاوپه‌یمانى ده‌مێنێته‌وه‌ یان گۆرانکارى تێدا ده‌کرێت یا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌؟
ئارام قادر: هاوپه‌یمانى له‌ قۆناغى به‌رده‌وام بوون تێپه‌ڕین، هه‌نگاومان هه‌ڵگرتوه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى ترمان، هاو په‌یمانى موڵکى که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک نیه‌ خاوه‌نداریه‌تیه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌موو هاودیدان، هاوپه‌یمانى له‌ ئه‌نجامدانى گۆرانکارى به‌رده‌وامه‌ که‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ى زیندوێتى ئه‌و قه‌واره‌یه‌ .

هاوڵاتى: به‌ پێى هه‌ندێک زانیارى که‌ ده‌ست هاوڵاتى که‌وتووه‌ دکتۆر محه‌مه‌د ڕه‌ئوف یش نیگه‌رانه‌ و دانیشتووه‌ له‌ ماڵه‌وه‌؟

ئارام قادر: به‌ڕێز مامۆستا محه‌مه‌د یه‌کێک بووه‌ له‌ نیشانه‌ جوانه‌کانى هاوپه‌یمانی، بێ ئه‌وه‌ى هیچ پۆستێکى فه‌رمیى هه‌بێت ، دڵسۆزانه‌ کارو چالاکى کردوه‌،  هاوپه‌یمانى ئه‌وه‌ى سه‌لماند کارکردن په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ پۆسته‌وه‌، مامۆستا محمد  نه‌ک ته‌نها به‌رده‌وامه‌ به‌ڵکو  پێکه‌وه‌  داڕێژه‌رو دامه‌زرێنه‌رى پرۆژه‌ى نیشتیمانین  .

هاوڵاتى:  ئایا پلانتان چییه‌ دواى دوورکه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و هاودیدانه‌تان؟ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان؟

ئارام قادر: هاوپه‌یمانى کۆیله‌ په‌روه‌رده‌ناکات و گره‌نتى له‌که‌س وه‌رناگرێت تا مردن بمێنێته‌وه‌ له‌ ناو هاوپه‌یمانى و ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ تایبه‌ت نیه‌ به‌ هاوپه‌یمانى، هه‌موو حزبێکى سیاسى له‌ رابردوو، له‌ ئێستا و داهاتووش ئه‌ندامه‌کانى مافیان هه‌بووه‌ ده‌ست له‌کاربکێشنه‌وه‌، حاڵه‌تێکى سروشتى و ئاساییه‌ ، پێشتریش چه‌ند جارێک هه‌ندێک هاودیدمان ده‌ستیان له‌ کار کێشاوه‌ته‌وه‌ و پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێک له‌و هاودیدانه‌ وه‌ک چۆن له‌ رابردوودا هاوڕێ و هاوکارمان بوون هه‌ر وا ده‌مێننه‌وه‌.
 ئێمه‌ سیاسه‌ت تێکه‌ڵ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵام وه‌کو عورفى حزبایه‌تى هه‌ر دواى وازهێنانى ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێکى که‌مدا به‌پێى په‌یڕه‌ووه‌ پشت به‌ست به‌ ریزبه‌ندى ژماره‌ى ده‌نگى هاودیدان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌کان چه‌ند هاودیدێکى تر له‌ شوێنه‌کانیان دانراوه‌ و ئێستا هیچ کێشه‌یه‌کمان نه‌ماوه‌.
هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌، پیلانگێڕیى وهه‌راسان کردن و گرفته‌کان پرۆژه‌ى هاوپه‌یمانى و دیدگاى نیشتمانى ناوه‌ستێنیت و کاروان به‌رده‌وامه‌ و ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌بنه‌ مێژوو .
به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ر که‌سێک ده‌رکرابێت یان ده‌ستى له‌کار کێشابێته‌وه‌ مافى نیه‌ ناو مۆرو پێگه‌و نامه‌ى فه‌رمى هاوپه‌یمانى به‌کار بهێنێت و به‌ مافى خۆمانى ده‌زانین رێکارى یاسایى بگرینه‌ به‌ر، چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ له‌ یاسادا به‌ تاوان هه‌ژمار کراوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار