که‌جه‌که‌ له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌کانى زینى وه‌رتێ داواى هه‌ڵوێست له‌ لایه‌نه‌کان ده‌کات

په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى: ئه‌گه‌ر ئاڵۆزییه‌که‌ به‌رى پێنه‌گیرێت شه‌ڕێکى ناوخۆیى رووده‌دات

5 ساڵ لەمەوپێش




ئارا ئیبراهیم
‌کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌)، ڕاگه‌یه‌ندراوێکى له‌سه‌ر ئالۆزییه‌کانى زینى وه‌رتێ و بوردومانه‌کانى سوپاى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌ و داواى هه‌ڵوێست له‌لایه‌نه‌کان ده‌کات و په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتیش ده‌ڵێت:" دۆخه‌که‌ ئاڵۆزه‌و ئه‌گه‌رى شه‌رێکى ناوخۆى ده‌کرێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى نیسانى 2020 کۆماجڤاکێن کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکى له‌سه‌ر دۆخى ئاڵۆزى زینى وه‌رتێ و بۆرودمانى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چوار که‌س شه‌هید بوون و دوانى دیکه‌ش برینداربوون.

 که‌جه‌که‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا رایگه‌یاندووه‌ "ئێمه‌ له‌ رۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ چاودێرى دۆخى مه‌ترسیدارى ناوچه‌که‌ ده‌که‌ین، بانگه‌واز بۆ هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین، له‌باره‌ى دۆخى هه‌ستیارى ناوچه‌که‌، هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و به‌ئاگابن".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه‌ "ئه‌م دۆخه‌ ته‌نیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌وڵه‌تى تورکیادایه‌، داواش له‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى ناوچه‌که‌ ده‌کات، هێزه‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌ بکشیننه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆیان".

هاوکات، سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر ته‌نها هێزى یه‌کێتى لێبووه‌، به‌ڵام دواتر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ لیوایه‌کى یه‌کگرتووى ناردووه‌ بۆ ناوچه‌که‌ که‌ ئامر لیواکه‌ پارتى و ئامر فه‌وجه‌که‌ یه‌کێتییه‌، به‌ڵام پارتى هێزێکى زۆرى 80ى خۆى هێناوه‌ته‌ ناوچه‌که‌و جێگیرى کردووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد یه‌کێتیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێک له‌ هێزه‌کانى 70ى له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر کرد و دواتر تیمى یه‌کێتى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم گفتوگۆیان کرد و بڕیار درا ته‌نها لیوا یه‌کگرتووه‌که‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بمێنێته‌وه‌و هێزه‌کانى 80 ى پارتى و 70ى یه‌کێتى بکشێنه‌وه‌، به‌ڵام "پارتى پابه‌ند نه‌بوو به‌ بڕیاره‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌و هێزه‌کانى 80 هه‌ر له‌ شوێنى خۆیاندا ماون، بۆیه‌ هێزه‌کانى 70ى یه‌کێتى هه‌رچه‌نده‌ پاش بریاره‌که‌ى حکومه‌ت کشانه‌وه‌، به‌ڵام که‌ زانرا هێزه‌کانى 80ى پارتى ماونه‌ته‌وه‌ یه‌کێتیش هێزه‌که‌ى گێرایه‌وه‌".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ناوچه‌که‌ ته‌واو ئاڵۆز بووه‌و شه‌ڕێکى ناوخۆیى ئه‌گه‌رى روودانى هه‌یه‌.
هاوڵاتى به‌دواداچونى له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى زینى وه‌رتێ کردووه‌و یه‌کێک له‌ به‌رپرسانى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ پارتى داوایان له‌ یه‌کێتى کردووه‌ به‌شه‌ڕ په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دووربخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام یه‌کێتى ئه‌وه‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانى کوردستان و سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت تا رێگرى له‌ شه‌ر له‌ ناوچه‌که‌ بکرێت.
پێشتر پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) باره‌گایه‌کیان له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌و چه‌ند گه‌ریلایه‌کیان له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌، بۆردومانه‌کانى ئه‌مڕۆى تورکیاش بووه‌ته‌ هۆى شه‌هید کردنى 4 که‌س و برینداربوونى دوو که‌سى دیکه‌.

له‌شه‌وى رابردووه‌وه‌ فڕۆکه‌کانى تورکیا بۆردومانى زینى وه‌رتێ ده‌که‌ن که‌ ئێستا هێزى پارتى و یه‌کێتى و په‌که‌که‌ى لێیه‌.

دوو په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى له‌ زینى وه‌رتێ له‌گه‌ڵ چه‌ند پله‌دارو پێشمه‌رگه‌یه‌کى یه‌کێتى له‌ناوچه‌که‌

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار