حكومه‌ت ورده‌کارى ئه‌و هاوکاریانه‌ى خراونه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاشکرا ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌باره‌ی ئه‌و هاوكاری و به‌خشین و كۆمه‌كانه‌كه‌ی تایبه‌ت بۆ ڤایرۆسى كۆرۆنا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری ناوه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

 فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 16نیسانى2020راگه‌یاندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند " تا ئێستا 20 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار، وه‌ك كۆمه‌ك خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری ناوه‌ندی، ئه‌وه‌ش بۆ كڕینی ده‌رمان و خۆراك سه‌رف ده‌كرێت و به‌شێكیشی به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتووان به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش ده‌كرێت".

له‌ باره‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ نێردراوه‌ "ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

"وردەکاری هاوکارییه‌كان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبه‌ت بە پەتای کۆرۆنا

ئەو ھاوکارییانەی لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا گەیشتوونەتە دەست حکومەتی هەرێم بەم شێوەی خوارەوەیە:

یەکەم: کۆمەك (تبرعات)

تاكو ئێستا 20 مليۆن و 500 هه‌زار دۆلار کۆمەك خراوه‌ته‌ سه‌ر هەژماری ناوەندی ئەنجومەنى وەزيران، ئەم پارەیە بۆ كڕينى خۆراك ودەرمان تەرخان دەکرێ، دواتر بەسەر هەموو پارێزگاکانی ھەرێم بە پێی رێژەی دانیشتووان دابەش دەکرێت.

دووەم: بەغدا 3 مليار و 500 ملیۆن دينارى ناردووە، ئەنجومەنی وەزیران  نووسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت.

سێیەم: رێکخراوی WHO هيچ بڕە پارەیەکی کۆمەك نەكردووە، تەنها هەندێك ئامێر و کەرەستەی تەندروستی رادەستی وەزارەتی تەندروستی کردووە.

چوارەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕيارى داوه (600) مليار دينار بەسەر خەڵكى هەژار دابەش بکات، ھەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی كردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هيچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم نەناردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

حکومەتی هەرێمی کوردستان

16 نیسانی 2020"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار