وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى: حاڵه‌تى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌ئاستى چاوه‌ڕوانکراودایه‌

" له‌ئێستا 23 توشبووى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌کانن و سه‌رجه‌میان بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌"

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

وته‌بێژى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند  ناتوانرێت به‌ تۆمارکردنى هه‌ر حاڵه‌تێکى نوێى ڤایرۆسه‌که‌ ناوبنرێت شه‌پۆلى دووه‌مى کۆرۆنا و ده‌ڵێت" حاڵه‌تى نوێ له‌ئاستى چاوه‌ڕوانکراودایه‌".

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت"  شتێکى ئاساییه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک حاڵه‌ت تۆمار نه‌کرێت و دواتر حاڵه‌تى توشبون تۆماربکرێت و هه‌بێت، چونکه‌ ماوه‌ى ده‌رکه‌وتنى ئه‌و ڤایرۆسه‌له‌که‌سێکدا ده‌کرێت تا دوو هه‌فته‌ش دوابکه‌وێت و بۆیه‌ ئه‌ه‌م هه‌ر شه‌پۆلى یه‌که‌مى توشبونه‌ و مه‌ترسیه‌که‌ وه‌ک خۆى هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ و له‌کاتى تۆمارنه‌کردنى حاڵه‌تیش مه‌ترسیه‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامى ده‌بێت".

 له‌دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى 4رۆژ بۆ هه‌فته‌یه‌ک له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ حاڵه‌تێکى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارنه‌کراو، 10حاڵه‌تى تر له‌شار و ناوچه‌ جیاوازه‌کان تۆمارکران.

وته‌بێژى ته‌ندروستى وتیشى"  ئه‌م ده‌ حاڵه‌ته‌ هه‌موو جۆرێکى تێدایه‌ و هه‌یانه‌ له‌ که‌ره‌نتینه‌کاندا بون و هه‌شیانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بون و به‌رکه‌وتووى توشبوى پێشتر بون، وه‌ که‌سێکیش هه‌یه‌ که‌تائێستا سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ جێگه‌ى مه‌ترسییه‌  چونکه‌ نازانرێت ئه‌مه‌ به‌رکه‌وته‌ى له‌گه‌ڵ که‌سانى تر هه‌بوه‌ یان نا و له‌کێوه‌ توشبووه‌  به‌ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌که‌ به‌رزتر ده‌کاته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى لێبوه‌ که‌ره‌نتینه‌ کراوه‌".

محه‌مه‌د قادر، ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد " له‌ئێستا 23 توشبووى کۆرۆنا له‌هه‌رێمدا له‌نه‌خۆشخانه‌کانن و سه‌رجه‌میان بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى لابردنى ته‌واوه‌تى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه‌  باسى له‌وه‌کرد  "تا 1ى5 قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ وه‌ک خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت،  دواى ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ژماره‌ى توشبوون به‌تایبه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌ى که‌ که‌ره‌نتینه‌ کراوه‌ تاچه‌ند زیاد و که‌م ده‌کات و وه‌ راده‌ى پابه‌ندبونى هاوڵاتیان به‌و رێنماییه‌ى ئێمه‌ بڵاومان کردۆته‌وه‌ و وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتنى ڤۆرۆنا ڤایرۆس له‌سه‌ر ئاستى جیهان چۆن ده‌بێت که‌ ئه‌مه‌ خاڵه‌ گرنگه‌که‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین له‌سه‌ر ئاستى جیهان ئه‌م ڤایرۆسه‌ شه‌پۆلى دووه‌مى ده‌بێت یاخود به‌ره‌و که‌مى ده‌ڕوات بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بریار له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ یان هه‌ڵگرتنى ده‌ده‌ن بۆیه‌ تائێستا بریارى کۆتایى نه‌دراوه‌".

جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌" قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ڕۆلێکى زۆر ئیجابى گێڕا له‌ کۆنترۆڵکردنى ئه‌و ڤایرۆسه‌، بێگومان به‌هه‌ر شێوازێک له‌ شێوازه‌کان که‌مکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کان مه‌ترسیه‌که‌ زیاتر ده‌کات، بۆیه‌ ناتوانین له‌ سه‌دا سه‌د بڵێین ئه‌مانه‌ له‌ئه‌نجامى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ یان هه‌ر شتێکه‌وه‌ بووه‌ به‌ڵام به‌شێوازه‌ زانستیه‌که‌ى ئه‌گه‌رى توشبون زۆر زیادده‌کات ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و هاتوچۆیه‌ ۆزر بێت که‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رىێکى چاوه‌ڕوانکراوه‌".

له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستان ژماره‌ى توشبون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ 347حاڵه‌ت، ، که‌ له‌و رێژه‌یه‌ 320 که‌سیان چاکبونه‌ته‌وه‌ و 4حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار