سوپای لیبیا: تورکیا 17 هەزار تیرۆرستی لە سوریاوە رەوانەی لیبیا کردووە
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
وتهبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا رایگەیاند توركیا 17 ههزار چهكداری تیرۆریستی سوری بۆ شهڕ له دژیان هێناوەتە لیبیا و وتیشی: بەهاوکاری تورکیا حکومەتی ویفاقی لیبیا هێرشی کردووەتەسەر شاری تەرهونە.
ئهحمهد ئهلمسماری وتهبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا، کە خهلیفه حهفتهر سەرۆکایەتی دەکات، بە رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهتی سعودی راگەیاند "توركیا 17 ههزار چهكداری تیرۆریستی سوری بۆ هێناوەتە لیبیا" تا شانەبەشانی سوپای حکومەتی ویفاقی نیشتمانی شەڕ بکەن بەسەرکردایەتی فائز سەراج.
بەپێی وتەی ئەلمسماری، لەو 17 هەزارە نزیكهی 1800 چەکداریان به برینداری گهڕاونهتهوه سوریا و زیاتر له ههزاری تریان كوژراون.
ئەلمسماری ئەوەشی خستەڕوو کە بەیارمەتی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و سەربازی تورکی، حکومەتی ویفاقی نیشتمانی "لەئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردەسەر تەرهونە" بەڵام نەیانتوانیووە لە سنوری شارەکەش نزیك ببنەوە.
تەرهونە 88 کم دوورە لە باشوری رۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەختەوە و بنکەیەیکی سەرەکی سەرچاوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای نیشتمانی لیبیایە.
بەپێی وتەی چاودێران، لەدەستدانی ئەمشارە دۆرانێکی گەورە دەبێت بۆ خەلیفە حەفتەر و تەوژمی هێز پێچەوانە دەکاتەوە.
لەسەرەتایی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی هێرشێکی گەورەی پێچەوانەی دەستپێکرد بۆ سەر سوپای نیشتمانی لیبیا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی لەدەستیدابوو لە باکوری رۆژئاوای لیبیا.
تا ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە و فائز سەراج توانیویەتی سێ هەزار مەتر چوارگۆشە بگرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر لە نیسانی ساڵی رابردوو توانی زۆربەی شارەکانی لیبیا بگرێت و تەنها تەرابلوسی پایەتەختی مابوو کە لەژێر دەستی سەراجدا بوو، بەڵام بەهۆی دژایەتی تورکیاوە ماوەی ٦ مانگە نەیتوانیوە بەرەوپێش بڕوات و لەئێستادا لە پاشەکشەدایە.