ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى: پزیشکانى موقیم ئه‌قده‌م و کارمه‌ندان مانیان گرتووه‌

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى: وه‌زاره‌تى دارایى نه‌چووه‌ ژێربارى ئه‌وه‌ى که‌ى موچه‌ دابه‌ش ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌کۆى 13 بۆ 14 هه‌زار کارمه‌ند و پزیشک، نیوه‌یان زیاتر مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌و ده‌شڵێت:" وه‌زاره‌تى دارایى نه‌چووه‌ ژێربارى ئه‌وه‌ى که‌ى موچه‌ دابه‌ش ده‌کات.

هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"مانگرتنى کارمه‌ندان سه‌ندیکاى کارمه‌ندان رایگه‌راندووه‌و له‌ تاک و ته‌راوه‌ بووه‌ به‌گشتى مانگرتنه‌که‌ و سه‌رتاسه‌رییه‌".

ده‌رباره‌ى پزیشکان، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد پزیشکان سێ به‌شن، پزیشکانى موقیم ئه‌قده‌م ئه‌وان هه‌موویان مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌و ده‌ستیان پێکردووه‌، به‌ڵام پزیشکانى دیکه‌ له‌رۆژى 5 شه‌ممه‌ کۆبونه‌وه‌ ده‌که‌ن و بڕیار له‌سه‌ر مانگرتن ده‌ده‌ن.

له‌کۆى 13 بۆ 14 هه‌زار کارمه‌ند و پزیشک، نیوه‌یان مانگرتنیان ئه‌نجامدراوه‌ به‌پێى وته‌ى جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى

دکتۆر هێرش سه‌لیم، وتیشى:" به‌هۆى کۆرۆناوه‌ به‌شێک له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌کانمان راگرت بۆیه‌ مانگرتنه‌که‌ وه‌ک پێویست دیار نییه‌".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى گفتوگۆیان کردووه‌و پێشتریش هۆشداریان داوه‌ته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ موچه‌ دابه‌ش نه‌کرێت مانگرتن ئه‌نجام ده‌ده‌رێت، وتیشى:" وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وتى هیچ شتێکم لانییه‌ تا به‌ڵێنى له‌سه‌ر بده‌م، قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى کرد ئه‌وانیش نه‌چونه‌ ژێربارى ئه‌وه‌ى له‌ چ کاتێکدا موچه‌و شایسته‌ داراییانه‌ى ته‌ندروستى ده‌ده‌ن".

قوباد تاڵه‌بانى، جێ"رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم به‌هاوڕێیه‌تى وه‌زیرى دارایى و پلاندانان و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى به‌غداد و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مڕۆ گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان، که‌ به‌پێى یاساى بدوجه‌ى 2019 عێراق، مانگانه‌ بڕى 453 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى راگرتووه‌ به‌هۆى پابه‌ند نه‌بوونى هه‌رێمى کوردستان به‌ راده‌ستنه‌کردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌وه‌.

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى باسى له‌وه‌کرد ته‌نها موچه‌ نییه‌، به‌ڵکو حکومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پزیشکانى راوێژکار(به‌ده‌ل عیادات) و حه‌وافز خه‌رج ناکات" پێشتر له‌به‌شى تیشک بۆ نه‌خۆشییه‌کانى شێرپه‌نجه‌ له‌سه‌دا 80% داهاته‌که‌ى ده‌درا به‌ پزیشک و کارمه‌ندان و له‌سه‌دا 20% بۆ حکومه‌ت بوو له‌ به‌یانى کاتژمێر 8 تا 11 شه‌و کار ده‌کراو نه‌خۆش به‌رێده‌کرا و لۆدێکى زۆر له‌سه‌ر ئێمه‌ ناماو خه‌ڵکێکى زۆر سوود مه‌ندبوو تێیدا، ئێستا حکومه‌ت ئه‌وه‌شى نه‌هێشتووه‌و پزیشک و کارمه‌ندان ته‌نها ده‌وامى به‌یانیانى خۆیان ده‌که‌ن".

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى خه‌ریکى ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌یه‌کن بۆ لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێڕى بۆ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانى راپه‌رین و گه‌رمیان، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند لامه‌رکه‌زیه‌ت که‌رتى ته‌ندروستى ده‌بوژێنێته‌وه‌، هێرش سه‌لیم وتى:"لامه‌رکه‌زیت له‌ دواى 2009 بابه‌ت بووه‌، پێشتر یه‌کێتى و پارتى له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون، ئێستا فراکسیۆنى سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌گه‌ڵیدان و هاتونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ و ئه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ که‌رتى ته‌ندروستى سه‌رجه‌م که‌رته‌کانى دیکه‌ى ژیان".

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى هۆشدارى ده‌داته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ دواکه‌وتنى موچه‌و شایسته‌ داراییه‌کان مه‌ترسییه‌کانى کۆرۆنا زیاتر ده‌کات و ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌ هێشتا حاڵه‌ته‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوونیان هه‌یه‌"جگه‌ له‌ مه‌ترسى که‌مبونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌کان، مه‌ترسى کۆرۆناشى دێته‌ سه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵى جدى بدات بۆ چاره‌سه‌رکردنى موچه‌و شایسته‌ داراییه‌کان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار