ئۆجه‌لان په‌یامێک ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانى ده‌کات
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: پارتى و یه‌کێتى نه‌که‌ونه ناو ئه‌و جۆره لێکدانه‌وه بڵێن "ئێمه شه‌ڕ ده‌که‌ین و له به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
محمه‌د ئۆجه‌لان ته‌واوی ورده‌کارییه‌کانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فونییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) ئاشکرا ده‌کات و جه‌ختله‌وه کردووه‌ته‌وه که "پێویسته پارتى و یه‌کێتى نه‌که‌ونه ناو ئه‌و جۆره لێکدانه‌وه و حساباتانه‌وه و بڵێن (ئێمه شه‌ڕ ده‌که‌ین و له به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه‌تمان پێده‌ده‌ن)"
له‌رۆژی 27ى نیسانى 2020 عه‌بدوڵا ئۆجالان(ئاپۆ) رێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان له ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌که‌ى قسه‌یکرد، ئه‌و په‌یوه‌ندییه که له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئۆجالان ئه‌نجامدرا 20 بۆ 25 خوله‌ک به‌رده‌وام بووه
محه‌مه‌د ئۆجه‌لان له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، داواتر میدیاکانی نزیک له‌پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویانکرده‌وه ڕایگه‌یاند:" عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕه‌خنه‌ی له‌ئه‌گه‌ری دوباره بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوان کوردان‌دا گرتووه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماژه‌ی بۆ په‌یمانه 10 خاڵییه‌که‌ى ساڵى 1982 که له‌گه‌ڵ ئیدریسى باوکى نێچیرڤان بارزانى واژوی کردووه.
محه‌مه‌د ئۆجالان به‌م شێوه‌یه باس له دیالۆگى نێوان خۆى و ئۆجالان له رێگه‌ى ته‌له‌فونه‌وه ده‌کات و ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا به منى وت، کاتمان زۆر سنورداره. بۆ شیکردنه‌وه‌ى دۆخه‌که کاتێکى درێژمان له‌به‌رده‌ست نییه. ده‌بێت له‌باره‌ى بابه‌ته پێویسته‌کانه‌وه قسه بکه‌ین".
هه‌روه‌ها عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سه‌ره‌تا باسى رووداوه‌کانى باشوورى کوردستان کرد( به سه‌رۆکم وت له‌نێوان قه‌ندیل، په‌ده‌که و یه‌نه‌که‌دا کێشه‌ى گه‌وره دروست بووه. له ڕۆژه‌ڤى گه‌لدا ئه‌و کێشه‌یه هه‌یه. دواتر وتم ڤایرۆسى کۆرۆنا هه‌یه) عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان باسى په‌تاکه‌ى نه‌کرد. سه‌رۆکایه‌تى زیاتر له‌باره‌ى کێشه‌ى نێوان قه‌ندیل و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى باشوور قسه‌ى کرد. ئێمه له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه قسه‌مان کرد. سه‌رۆکایه‌تى له‌باره‌ى ئه‌وه دۆخه‌وه قسه‌مان کرد و سه‌رۆکایه‌تى له‌باره‌ى پێشهاته‌کانى باشوورى کوردستانه‌وه وتی، "ئه‌وه سیاسه‌تێکه که کورد به ده‌ستى کورد به کوشت بده‌ن و بیانده به‌شه‌ڕدا. کورد هیچ سوودێک له‌و سیاسه‌ته به‌ده‌ستناهێنێت، ئه‌و سیاسه‌ته سوود به گه‌لى تورکیاش ناگه‌یه‌نێت پێویسته په‌ده‌که و یه‌نه‌که و پارته‌کانى تر و بزوتنه‌وه کوردیه‌کان نه‌که‌ونه ناو ئه‌و جۆره لێکدانه‌وه و حساباتانه‌وه و بڵێن 'ئێمه شه‌ڕ ده‌که‌ین و له به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه‌تمان پێده‌ده‌ن' ئه‌وه نابێت و قبوڵ ناکرێت. پێویسته یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى به بنا‌غه وه‌ربگیرێت. پێویست بوو ٤٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێتیى نێوان کوردان دروست بکرایه. ئه‌وانه‌ى له‌وێ ده‌ژین کوردن. ئه‌گه‌ر خوێن بڕژێت، که‌س ناتوانێت له ژێر باره‌که‌ى بێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه په‌یامى منه هه‌م بۆ قه‌ندیل و هه‌میش بۆ حکومه‌تى هه‌رێم. هه‌روه‌ها ئه‌مه په‌یامى منه بۆ بنه‌ماڵه‌ى بارزانی، بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانی، که‌سایه‌تییه‌کان و هه‌موو خه‌ڵکى باشوور. کورد پێویستى به شه‌ڕ و خوێنڕشتن نییه. کورد پێویستى به یه‌کێتى هه‌یه. کورد پێویستیى به‌وه نییه بڵێت، ئه‌م شوێنه بۆ من ئه‌و شوێنه بۆ تۆ. کورد پێویستى به ئاشتى و یه‌کێتى هه‌یه. به‌بڕواى من ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین په‌یامه."
محه‌مه‌د ئۆجالان باسى ئه‌وه‌شیکرد، رێبه‌رى گه‌لى کورد عه‌بدوڵلا ئۆجالان پرۆتۆکلى ١٠ خاڵیى ساڵى ١٩٨٢ى ئیمزاکراو له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانیى باوکى نێچیرڤان بارزانى وه‌بیرهێنایه‌وه و ڕایگه‌یاند، ئیدى پێویسته به پێى پرۆتۆکۆله‌که له‌نێوان کورددا شه‌ێ روو نه‌دات و خوێن نه‌ڕژێت و وتی، 'سه‌رۆک وتی، حکومه‌تى باشوور، بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و سه‌رۆکى حکومه‌ت، هه‌روه‌ها یه‌نه‌که، که پشتگیرى له حکومه‌ت ده‌کات، جه‌لال تاله‌بانیش پرۆتۆکۆله‌که‌یان قبوڵ کردووه. سڵاوى بۆ ئه‌و بنه‌ماڵانه نارد. سه‌رۆک بۆ هه‌ڤاڵانى قه‌ندیل و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى وتی، ئیدى ڕژاندنى خوێن له نێوان کوردندا قبوڵناکرێت. هه‌م گه‌ل و هه‌م ئێمه‌ش قبوڵى ناکه‌ین. سه‌رۆک وتی، ئه‌گه‌ر که‌موکورتییه‌کیش هه‌بێت، پێویسته به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکرێت و ئاشتى به‌دێ بێت. رێگاى یه‌کێتیى نێوان کوردان به رۆژهه‌ڵات، باشوور، رۆژئاوا و باکووردا تێده‌په‌ڕێت. سه‌رۆک وتیشى 'پێویسته ئێدى کورد له شوێنێکدا له‌سه‌ر خاڵێک ڕێکبکه‌ون و کێشه‌کانى نێوانیان به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ئه‌و که‌سانه‌ى که ده‌توانن ئه‌مه‌ش بکه‌ن بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى و هه‌ڤاڵانى قه‌ندیلن. هیواى ئێمه و هیواى گه‌له‌که‌مان ئه‌وه‌یه، که خوێنى کورد به ده‌ستى کورد نه‌ڕژێنرێت."
محه‌مه‌د ئۆجالان ڕاشیگه‌یاند، ئۆجالان باسى ڕۆژئاواى کوردستانیشى کرد و له‌باره‌ى ئه‌و بابه‌ته‌وه ڕایگه‌یاندووه، "ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادارم دۆخى ڕۆژئاوا باش نییه و خراپیش نییه. سه‌رۆک وتی، حیزب و ده‌زگاکانى ڕۆژئاوا رێکخستبوونى دیموکراسییان گه‌وره نه‌کردووه و زۆر بچووک ماونه‌ته‌وه. به‌و بچووکییه هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ناکرێت، هه‌تا هێزێک دروست نه‌بێت چاره‌سه‌رى دروست نابێت، بۆیه پێویسته ڕێکخستنکردن به‌رفراوانتر بکرێت. له هه‌مانکاتدا پێویسته له هه‌ر چوار پارچه ڕێکخستن به‌هێزتر بکرێت. له دۆخى ڕێکخستن و به‌هێزبووندا چاره‌سه‌رى دروست ده‌بێت. سه‌رۆک به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامیى به قسه‌کانیدا و وتى 'به‌ڵام ئێمه نزیکایه‌تیى ئه‌وه‌ى با دوکان بچوک بێت و هى من بێت قبوڵ ناکه‌ین. دوکانى بچوک نه بۆ کورد و نه بۆ گه‌لانى تر پێویست ناکات. پێویسته دوکان گه‌وره بێت و هه‌موو که‌سێک نوێنه‌رایه‌تیى خۆى له‌و دوکانه‌دا ببینێت. ئه‌و دوکانه هى نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بێت نییه و حیزبه‌که‌مان هه‌رگیز ئه‌وه قبوڵ ناکات. و پارتێک نه‌بێت و ئه‌وه قبوڵ ناکرێت. به ناوى نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به‌وه رێکخستنبوون نابێت. بۆ یه‌کێتیى دیموکراتیک، ئێوه حیزبى پێشکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون دروست بکه‌ن و گه‌وره‌ى بکه‌ن، ئه‌وه بۆ ئێوه باش ده‌بێت".
ئۆجالان له به‌ردوامیى قسه‌کانیدا وتویه‌تى "به پێى مه‌زه‌نده‌کانم له‌ناو ئه‌و هێزانه‌دا هه‌ندێک که‌س به باشى به‌رانبه‌رم ناجووڵێنه‌وه و سه‌یرم ناکه‌ن. له‌وانه‌یه باش سه‌یرم نه‌که‌ن، به‌ڵام هه‌موو دونیا ده‌زانێت من ٥٠ ساڵه چیده‌که‌م. من و ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى له‌گه‌ڵمن له ژووره تاکه‌که‌سییه‌کانى زینداندا هه‌تاکو له ده‌ستمان بێت بۆ هه‌ڤاڵانمان شتى باش ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر که‌سانێک راست و دروست لێکدانه‌وه‌م بۆ نه‌که‌ن، ئه‌وه قبوڵ ناکرێت. هه‌موو شتێک له‌به‌رچاوه و هیچ شتێک له گۆڕێ نییه بۆ شاردنه‌وه. ئه‌وه‌تا له گۆڕه‌پانه‌که کێشه‌ى گه‌وره هه‌یه و ده‌بێت هه‌موو که‌سێک بۆ ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌کى راست و دروست کار بکات. ئه‌وه‌تا له گۆڕه‌پانه‌کاندا خوێن ده‌ڕژێت، ئه‌گه‌ر تۆ ببیت به هێز، ده‌توانێت رێگرى له‌و خوێنڕشتنه بگریت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویسته هه‌موو که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، تێکۆشان و بۆچوونى به‌مشێوه‌یه بێت".