وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى: ئه‌و لامه‌رکه‌زیه‌ى سلێمانى داواى ده‌کات سیاسییه‌

"پشتیوانى کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌که ين‌ که‌ له‌ناویدا باسى لامه‌رکه‌زییه‌تى کارگێرى کراوه‌ له‌ژێر چاودێرى حکومه‌ت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت ئه‌و لامه‌رکه‌زییه‌ته‌که‌ى سلێمانى داواى ده‌کات زۆر لۆکاڵییه‌و داوایه‌کى سیاسییه‌ نه‌ک کارگێرى و ده‌شڵێت:" ئێمه‌ پشتیوانى کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌که‌ین که‌ له‌ناویدا باسى لامه‌رکه‌زیه‌تى کارگێرى کراوه‌".

 ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 30ى نیسانى 2020 لیژنه‌یه‌کى هه‌شت که‌سى پێکهێناوه‌ له‌ سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کانبۆ ئاماده‌کردنى راپۆرتێک تایبه‌ت به‌ لامه‌رکه‌زى کارگێرىو دارایى بۆ پارێزگاى سلێمانى و بریاره‌ دواى ئاماده‌کردنى راپۆرته‌که‌و په‌سه‌ندکردنى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى ره‌وانه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و لامه‌رکه‌زییه‌ته‌ى سلێمانى داواى ده‌کات زۆر لۆکاڵییه‌و زیاتر سیاسییه‌، چونکه‌ ئه‌وان باسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌که‌ن که‌ ئه‌وه‌ نایاساییه‌".

ناوبراو وتیشى:" سلێمانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌یه‌و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نییه‌ ناکرێت به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ئه‌م داوایه‌ بکرێت".

وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ پشتیوانى کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن که‌ له‌ناویدا باسى لامه‌رکه‌زییه‌تى کارگێرى کراوه‌ له‌ژێر چاودێرى حکومه‌تدا" حکومه‌تى هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ پارێزگاره‌کان بۆ ئه‌وه‌ى له‌رووى کارگێرییه‌وه‌ ئه‌رکى سه‌رشانى حکومه‌تى هه‌رێم سووک بکه‌ن".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و لامه‌رکه‌زییه‌ته‌ى داوا ده‌کرێت ته‌نها کارگێرى نییه‌، به‌ڵکو داواى لامه‌رکه‌زییه‌تى دارایش ده‌کرێت، پێشه‌وا هه‌ورامى وتیشى:" که‌ ده‌ڵێن کارگێرى دارایش ده‌گرێته‌وه‌و ئاساییه‌، به‌ڵام خۆ ناکرێت سلێمانى له‌ ئاستى لۆکاڵى داواى بکات و بۆ هه‌ولێر و دهۆک لامه‌رکه‌زیى نه‌بێت، که‌ لامه‌رکه‌زییه‌ت جێبه‌جێ بکرێت سه‌رجه‌م پارێزگاکان ده‌گرێته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى به‌شێک له‌ به‌رپرسانى یه‌کێتى ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ که‌ داهاتى پارێزگاى سلێمانى و دهۆک بۆ هه‌ولێر خه‌رج ده‌کرێت، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ چۆن بودجه‌ بۆ پارێزگاى هه‌ولێر ته‌رخان کراوه‌ به‌پێى رێژه‌ى دانیشتوان، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ پارێزگاى سلێمانى و دهۆکیش ته‌رخان کراوه‌، به‌ڵام" له‌ماوه‌ى رابردوودا داهاتى سلێمانى نه‌ده‌چووه‌وه‌ بۆ حکومه‌ت و له‌وباره‌یه‌وه‌ ئامارو به‌ڵگه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ى چووه‌ بۆ هه‌ولێر و دهۆک خه‌رج کراوه‌و خزمه‌تگوزارى پێئه‌نجامدراوه‌و سلێمانى بودجه‌که‌ى له‌ خزمه‌تگوزاریدا خه‌رج نه‌کردووه‌و و خواره‌وه‌".

پێشه‌وا هه‌ورامى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ هه‌ر کات پڕۆژه‌یه‌ک بێته‌ په‌رله‌مانى کوردستان بۆ لامه‌رکه‌زى کارگێرىو دارایى پشتیوانى ده‌که‌ن، به‌ڵام ده‌بێت له‌ژێر چاودێرى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا بێت"ناکرێت هه‌رێمى کوردستان که‌ لاواز بکرێت له‌به‌رانبه‌ر عێراقدا".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار