‌ره‌حمان غه‌ریب: پێشێلکاران له‌ یاسا و دادپه‌روه‌رى باڵاده‌سترن

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: هاوڵاتى
ئه‌گه‌رچى له‌ رواڵه‌تدا چه‌ندین یاسا و رێنمایى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى رۆژنامه‌نوسان و روماڵى رۆژنامه‌وانیدا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێى راپۆرته‌کانى سه‌نته‌رى میترۆ،  رۆژانه‌ پێشێلکارى ئه‌نجام ده‌درێن،  سالانه‌یش  لێشاوێک یاساشکێنى ده‌که‌نه‌ راپۆرت و بڵاویده‌که‌نه‌وه‌.

ره‌حمان غه‌ریب، رێکخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ باس له‌وه‌ ده‌کات ئه‌نجامى ئه‌و ئاڵۆزى و بارگرژییه‌ سیاسى و ئابوریه‌ی، سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانه‌کان، رواڵه‌ته‌کانى توندوتیژی، ئه‌زیه‌تدان و رێگرى و زه‌وتکردنى که‌ره‌سته‌کانى رۆژنامه‌نوسان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. تاوانباران و هێرشبه‌ران یان ون ده‌کرێن، یان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دۆسیه‌کانیان ئاوه‌ژوو ده‌کرێن و رۆژنامه‌نوس له‌ قوربانییه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ تۆمه‌تبار.

هاوڵاتی: ساڵانه‌ داتاکان  ژماره‌یه‌ک له‌ پێشێلکارى له‌ یاساى رۆژنامه‌گه‌رى و زانیارى ده‌خنه‌ روو، پێشکه‌وتنێک هه‌یه‌ یان به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ چوارگۆشه‌ى یه‌که‌م؟
 رێکخه‌رى میترۆ:  پێش هه‌ر وه‌ڵامێک ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێن که‌ بوونى داتا و پۆڵێنکردنى جۆرى پێشێلکارى یاساییو دیکۆمینتکردنیان، کاراکردنى پرۆسه‌ى چاودێرى گرنگن بۆ زانینى ئاستى ژیانى دیموکراسى له‌هه‌ر وڵاتێکدا، ئینجا هه‌م رێکخراوى جیهانی، هه‌م خوێندکارانى خوێندنى باڵا ، بۆ تویژینه‌وه‌و راپۆرته‌کانیان پشتى پێده‌به‌ستن. (9) نۆ راپۆرتى ساڵانه‌ 2011بۆ 2019، ژینگه‌ى کارى رۆژنامه‌نوسى و گرفته‌کانى ده‌خه‌نه‌ روو.

هاوڵاتی: ئه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان سودیان له‌و راپۆرتانه‌ وه‌رگرتوه‌، به‌دواداچوونیان بۆ کردووه‌؟
رێکخه‌رى میترۆ: ساڵانه‌ داتاکانى سه‌نته‌رى میترۆ، تۆمارکردنى پێشێلکارییه‌کان دژ به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى رۆژنامه‌نوسان و شکۆى پیشه‌که‌یان، ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستى راى گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان و جیهان، هه‌ڵسوڕاوانى ئازادى رۆژنامه‌وانی، جا ئازادى رۆژنامه‌نوسى پێوه‌رێکى بنه‌ڕه‌تى و ده‌رخه‌رى بارودۆخى مافى مرۆڤه‌ له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا، جا پشتگوێخستنى ئه‌م بواره‌ له‌هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ک به‌ ماناى گوێنه‌دانه‌ به‌ بارودۆخى مافى مرۆڤ، ئه‌گه‌ر گرنگى ته‌واو بدرایه‌ به‌ راپۆرته‌ نێوخۆییه‌کان ئه‌وا له‌ ناو راپۆرته‌ جیهانییه‌کاندا بارودۆخمان به‌و شێوه‌ خراپه‌ نه‌ده‌بوو که‌ ئێستا هه‌یه‌.

هاوڵاتی: رێکخراوه‌ جیهانییه‌کان له‌ راپۆرتى ساڵانه‌یاندا هه‌رێمى کوردستان وه‌ک به‌شێک له‌ عێراق ته‌ماشا ده‌که‌ن، ئایا ئه‌مه‌ به‌راوردێکى راسته‌؟
رێکخه‌رى میترۆ: به‌ڵى هه‌رێمى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پۆڵینکردنانه‌دا دێن، بۆ نمونه‌ عێراق له‌ پۆلێنى رێکخراوى په‌یامنێرانى بێسنووردا له‌ ریزى (162)دا دێت، واته‌ کوردستانیش له‌ناو پۆلێنه‌که‌دایه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت فه‌زاى ئازادیمان له‌ ئاستى وڵاتانى ئه‌ورپایى بێت نه‌ک خۆمان به‌راورد بکه‌ین به‌ عێراق. کارى رۆژنامه‌نوسى له‌ هه‌رێمى کوردستان پێ‌ ئاسته‌نگ و پێشێلکارییه‌و ته‌عداکردن له‌ رۆژنامه‌نوس نه‌بۆته‌ مایه‌ى شه‌رمه‌زارى بۆ هه‌ر که‌سێک که‌ ئه‌نجامى ده‌دات جا له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌کى ده‌سه‌ڵاتدا بێت. تاوانکارى به‌بێ سزا تێده‌په‌ڕێت چ جاى پێشێلکارى ساده‌. بوارى پارێزگارى له‌ گیان و جه‌سته‌ و که‌رامه‌ت و شکۆى کارى رۆژنامه‌وان پێشکه‌وتنێکى ئه‌وتۆ و به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. توندوتیژى که‌مى نه‌کردوه‌، کامێرا و که‌ره‌سته‌ى رۆژنامه‌نوسیان زه‌وتده‌کرێن، جیاوازى له‌ نێوانیاندا ده‌کرێت و رێگرى له‌ کارى رۆژنامه‌نوسیان ده‌کرێت، به‌ به‌بێ بڕیارى دادگا ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌سگیرده‌کرێن. پێشێلکاران له‌ یاسا و دادپه‌روه‌رى باڵاده‌سترن.

هاوڵاتی: نه‌ده‌بوو یاسا رۆژنامه‌نوس و کاره‌که‌ى بپارێزێ؟ئه‌ى یاساى کارى رۆژنامه‌نوسى له‌ کوێى ئه‌م روودانانه‌دایه‌؟
رێکخه‌رى میترۆ:  یاسا نه‌یتوانییوه‌ ئه‌و که‌شه‌ دوژمنکارانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوس له‌ئارادایه‌ بگۆڕێت. له‌هه‌ندێ که‌یسى رۆژنامه‌گه‌ری، دادگاکان په‌نا بۆ یاساى رۆژنامه‌گه‌رى نابه‌ن ته‌نانه‌ت له‌ناو میدیاکانیشیاندا، زۆربه‌یان بێ مافن، پێنه‌دانى موچه‌ى چه‌ند مانگه‌یان بووه‌ به‌ دیارده‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیشدا موچه‌کانیان دواده‌که‌وێت، په‌یوه‌ستنامه‌یان بۆ ناکرێ یان که‌ ده‌کرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌زگاکه‌یه‌ نه‌ک میدیاکاران، سه‌ندیکا وه‌ک پێویست چاودێرى ئه‌و عقدانه‌ ناکات له‌کاتێکدا که‌ یاسا رێگه‌ى داوه‌ به‌ سه‌ندیکا تا چاودێرى ئه‌و عه‌قدانه‌ بکات ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌زگاکانى راگه‌یاندن زۆر بێ باکانه‌ و بێ گوێدانه‌ مه‌رجه‌کانى سه‌لامه‌تی، رۆژنامه‌نوسان ده‌خه‌نه‌ ناو مه‌ته‌رسییه‌وه‌.

هاوڵاتى : ئێوه‌ چى ده‌ڵێن به‌رامبه‌ر ئه‌و دابه‌شبونه‌ى میدیا له‌کاتى سه‌رهه‌ڵدانى ناکۆکى و قه‌یرانى سیاسی؟
رێکخه‌رى میترۆ: فره‌یى ده‌نگى میدیایى له‌ پاش راپه‌رینه‌وه‌، ده‌ستکه‌وته‌و گوزارشته‌ له‌ فره‌یى سیاسى و حزبی، ئێمه‌ له‌ مۆدێلى یه‌ک ده‌نگی، یه‌ک ته‌له‌فزیۆن و یه‌ک رادیۆو یه‌ک رۆژنامه‌ له‌ سه‌رده‌مى به‌عسدا، گواستمانه‌وه‌ بۆ ژیانى فره‌ ده‌نگ،فره‌یى میدیایی، به‌ڵام زۆبه‌ى میدیاکان که‌مینه‌یه‌کى لێده‌ربێنه‌، میدیا به‌شێوه‌یه‌کى فراوان له‌ ده‌ستى حزب و سه‌رکرده‌ى حزبه‌کانن، یا سێبه‌رن یا خاوه‌ن ئیمتیازکه‌ سه‌رکرده‌ى حزبه‌ و بۆ شه‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانى خۆیان به‌کاریان ده‌هێنن، په‌یتا په‌یتا بڕى زانیارى و هه‌واڵ که‌ مافێکى سه‌ره‌تایى مرۆڤه‌ له‌م ده‌زگایانه‌دا ده‌بێته‌ قوربانى گوتارى سیاسى و شه‌خسى و حزبی.

هاوڵاتی: ئه‌و که‌مینه‌یه‌ش که‌ باسیان ده‌که‌یت گه‌مارۆ دراون و جیاکاریان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، وایه‌؟

رێکخه‌رى میترۆ: به‌ڵێ جیاکارى له‌ پێدانى زانیاری، روماڵکردن، پێدانى ریکلام، به‌ زه‌قى هه‌ستى پێده‌کرێت، ئینجا به‌هۆى بارودۆخى ئابورى له‌لایه‌ک و فشارى ده‌سه‌ڵاتداران له‌لایه‌کى تر، میدیاى ئازاد له‌ هه‌رێمى کوردستان، پاشه‌کشه‌یه‌کى کاتى کردوه‌، هه‌ندێکیان هه‌ر مقاوه‌مه‌ ده‌که‌ن، به‌هۆى که‌مده‌رامه‌تیه‌وه‌ تادێت دیارده‌ى وابه‌سته‌یى به‌سه‌رچاوه‌ داراییه‌کانیان و بوێریان به‌رامبه‌ر به‌و سه‌رچاوانه‌ له‌ده‌ستده‌ده‌ن.

هاوڵاتی: ئه‌مرۆ له‌سه‌رتاپاى جیهان قسه‌ له‌سه‌ر کاریگه‌رى هه‌واڵى درۆ ده‌کرێت ، ئایا میدیاى کوردستانى خۆى له‌م دیارده‌یه‌ پاراستووه‌؟
رێکخه‌رى میترۆ: هه‌واڵى درۆو بوونى سوپایه‌کى ئه‌لیکترۆنى حزبه‌کان له‌ناو سۆشیال میدیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى ترسناکه‌ نه‌ک ته‌نها بۆ سه‌ر ئازادى میدیا و ساغنه‌بونه‌وه‌ى درۆ له‌ راستی، به‌ڵکو هه‌ره‌شه‌ن بۆسه‌ر ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تی. به‌شێکى زۆریان به‌پاره‌ى سیاسى به‌ڕێوه‌ده‌برێن، له‌پشت شاشه‌ى کۆمپیوته‌ره‌وه‌ سه‌رقاڵى به‌رهه‌مهێنانى درۆن. خۆیان وه‌ک میدیاى ئازاد ده‌ناسێنن، نزیک بێت یان دور ئه‌مانه‌ ئاشکرا ده‌بن. 

هاوڵاتی: ئه‌مساڵ یۆنسکۆ ئاهه‌نگه‌کانى رۆژى جیهانى ئازادى رۆژنامه‌نوسى به‌ هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى فایرۆسى کۆرۆنا راگرت، ئێوه‌ به‌رنامه‌تان چییه‌؟
هه‌موو رێکخراوه‌ نێوده‌وڵتییه‌کان به‌ تیابه‌تى یۆنسکۆ پێشینه‌ى داخوازییه‌کانیان له‌ دامه‌زراوه‌کانى میدیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێوشوێنى سه‌لامه‌تى بۆ گیانى رۆژنامه‌نوسان په‌یڕه‌و بکه‌ن به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى ناردنى زانیارین له‌سه‌ر ڤایرس کۆرۆنا داوایان لێده‌کات پێداویستى سه‌لامه‌تیان بۆ دابین بکات و راهێنانى خۆپارێزییان له‌کاتى رماڵکردن پێشکه‌ش بکات. ترسى ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ ئازادى رۆژنامه‌نوسى بکرێته‌ قوربانى رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌کان، ئه‌وان جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا  زیاد له‌  هه‌موو کاتێکى تر ئازادى میدیا گرنگه‌ داوایان له‌ حکومه‌ته‌کان کردوه‌ له‌کاتى روماڵکردنى رووداوه‌کانى کۆرۆنا ئازادى رۆژنامه‌نوسان بپارێزن و ده‌خاله‌ت له‌کاره‌کانیان نه‌که‌ن، شه‌فاف بن له‌ پێدانى زانیارى بۆ راى گشتی. عێراق به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ که‌ ئه‌ندامى ئه‌و رێکخراوه‌ن ئه‌بێت پابه‌ند بن به‌و داوایه‌ى یۆنسکۆو فایرۆسى کۆرۆنا نه‌که‌نه‌ پاساو بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ى ئازادى کارى رۆژنامه‌نوسى .

هاوڵاتى : میترۆ بۆ ئه‌مساڵ چى ده‌کات؟ داخوازییه‌کانتان چییه‌؟
 رێکخراوى CPJ له‌گه‌ڵ 100 رێکخراوى جیهانى و نیشتمانى که‌مپینێکى جیهانیان راگه‌یاند، میترۆ له‌و سه‌د رێکخراوه‌ بوو که‌ رێکیخست داواده‌که‌ن ده‌ستبه‌جێ ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى له‌ زیندانه‌کانیانن، ئازادبکرێن و حکومه‌ته‌کانیان رێز له‌ ئازادى رۆژنامه‌نوسى بگرن و مافى ده‌ستکه‌وتنى زانیارى و بڵاوکردنه‌وه‌ بپارێزێت. .
ئه‌و رێکخراوانه‌ له‌سه‌ره‌تاى راگه‌یاندنى ئه‌م که‌مپه‌ینه‌ جیهانییه‌ رایانگه‌یاندووه‌ له‌ ناو بڵاوبونه‌وه‌ى کۆڤید-19 داوا له‌ هه‌موو حکومه‌ته‌کانى جیهان ده‌که‌ین ده‌ستبه‌جێ و بێمه‌رج هه‌موو رۆژنامه‌نوسان ئازاد بکه‌ن که‌ ژماره‌یان 250 رۆژنامه‌نوسه‌، جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ " ئازادى بۆ ئه‌وان له‌ نێوان ژیان و مه‌رگدایه‌ ئه‌و زیندانیانه‌ ناتوانن ده‌وروبه‌رى خۆیان له‌ناو به‌ندیخانه‌کاندا کۆنتڕۆڵ بکه‌ن و خۆیان که‌ره‌نتینه‌ بکه‌ن و له‌ خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى بێبه‌شده‌کرێن"

هاوڵاتی: دووا وته‌ى ئێوه‌؟
پاڵپشتى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ناوخۆیى و جیهانى له‌ خه‌باتى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان دژى تیرۆرکردنیان به‌هۆى پیشه‌که‌یانه‌وه‌ له‌ساڵانى رابردوودا ده‌بوو هانده‌ربوایه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م هه‌رێمه‌ که‌ بکوژان ده‌ستگیربکه‌ن و به‌سزاى ره‌وایان بگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئاشکرانه‌کردنى سیماى ره‌شى بکوژانى (سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، سه‌رده‌شت عوسمان و کاوه‌ گه‌رمیانی، ویدات حسێن) هانده‌رى به‌رده‌وامبوونى ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ قێزه‌ونه‌بوو. به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ین که‌ رێگه‌ناده‌ین له‌یادبکرێن و تاوانه‌که‌ به‌رامبه‌ریان به‌ ئاسایى بکرێت له‌ کۆمه‌ڵگادا، له‌م مینبه‌ره‌وه‌ داوا ده‌که‌ین رێگه‌بده‌ن به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆ و ئازاد له‌ هه‌موو که‌یسه‌کانى تاوان به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان.
هاوڵاتی: سوپاس
رێکخه‌رى میترۆ: سوپاس بۆ هاوڵاتى یه‌که‌مین قوتابخانه‌ى میدیاى ئه‌هلى و سه‌ربه‌خۆى دواى راپه‌رین.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار