کرێنشینان چاوه‌ڕێى حکومه‌ت و په‌رله‌مانن بۆ لێخۆشبوو‌ن له کرێ
"دوو مانگه به‌قه‌رز کرێ خانوو ده‌ده‌م ...خاوه‌ن ماڵه‌که‌ش وه‌ک من کرێکارى ده‌کات و بژێوى له‌سه‌ر ئه‌و کرێیه‌یه"
5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
محه‌مه‌دى کرێنشین بێهیوایه له هه‌وڵه‌کانى په‌رله‌مان و حکومه‌ت بۆ هاوکارى کرێنشینان و ده‌ڵێت" باوه‌ڕم به هیچ هه‌وڵێَکى تر نه‌ماوه".
محه‌مه‌د بابه‌کر، ته‌مه‌ن 39 ساڵ، باوکى سێ منداڵه کارى کرێکاریه به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ له‌هه‌رێمى کوردستان، ماوه‌ى دوو مانگه بێکاره له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"دوو مانگه به‌قه‌رز کرێ خانوو ده‌ده‌م و خاوه‌ن ماڵه‌که‌ش وه‌ک من کرێکارى ده‌کات و بژێوى له‌سه‌ر ئه‌و کرێیه‌یه، بۆیه پێویسته حکومه‌ت هه‌نگاوێکى بنایه نه‌ک خاوه‌ن ماڵه‌که‌م".
محه‌مه‌د باسى له‌وه‌کرد له‌م ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆیه‌دا به‌دوو مانگ 35هه‌زار له‌ماڵیاندا هه‌بووه و خه‌رجیان نه‌کردووه و وتى" دامان ناوه نه‌ک منداڵێکمان نه‌خۆش بکه‌وێت پێویستمان به که‌س نه‌بێت".
له‌باره‌ى هه‌وڵه‌کانى په‌رله‌مانه‌وه وتیشى" له‌سه‌ره‌تادا هه‌وڵى باشیان دا و دڵمان ته‌واو پێى خۆش بوو، به‌ڵام دواتر زۆر بێ هیواى کردین که ته‌نانه‌ت متمانه‌مان به په‌رله‌مان نه‌ما، چونکه له‌ترسى گیانى خۆیان چونه‌وه ماڵه گه‌رمه‌کانیان و بێده‌نگ بون و هیچیان بۆ کرێچى و خه‌ڵکى هه‌ژار نه‌کرد".
ئه‌م پیاوه خێزانه‌که‌ى نانى تیرى بۆ ماڵان ده‌کات و به‌شێک له‌بژێوى ژیانیان له‌سه‌ر ئه‌و کاره بووه، وتى" ئه‌وه‌نده خه‌ڵکیان ترساند، ئه‌و نانه‌ى ئێمه‌شیان برى که خێزانه‌که‌م ده‌ستى ده‌که‌وت".
ماوه‌ى دوو مانگه به‌هۆى رێنماییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه زۆربه‌ى هاوڵاتیان ناتوانن کاربکه‌ن ئه‌وه‌ش بوه بێکار بونى ئه‌وانه‌ى بژێویان له‌سه‌ر په‌یداکردنى رۆژانه‌یه.
شیراز جاسم، 28ساڵ، خێزانى محه‌مه‌ده و هاوشانى پیاوه‌که‌ى بۆ په‌یداکردنى بژێوى ماڵ و منداڵه‌که‌ى نانى تیرى ده‌کات.
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد رۆژانه نانى بۆ دوو ماڵ کردووه و 20هه‌زارى ده‌ست که‌وتووه، به‌ڵام دوو مانگه که‌س ناوێرێت نان بکرێت و وتى" ئێستا ناتوانم نانه‌که‌ش بکه‌م بۆ خه‌ڵک و بارى ژیانمان زۆر قورسه".
بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له زۆربه‌ى وڵاتان و جیهان کاریگه‌رى کردۆته ئابورى وڵاتان و هاوڵاتیانى به‌تایبه‌تى بۆیه حکومه‌تى زۆربه‌ى وڵاتان هاوکارى حکوه‌مت ده‌که‌ن له‌رێگه‌ى پێدانى پاره یاخود هاوکارى له‌خواردن و پێداویستى ڕۆژانه.
به‌پێى ئامارى به‌رێوبه‌رایه‌تى ئامارى هه‌رێم زیاتر له 200هه‌زار کرێنشین له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه که به‌رده‌وام ئه‌و ژماره‌یه‌ش له هه‌ڵکشاندایه.
به‌رهه‌م قه‌ره‌داغى، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى کرێنشینانى کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که 90هه‌زار کرێنشین له‌م کۆمه‌ڵه‌یه ناوى تۆمارکراوه، وتیشى:" رێژه‌که زۆر له‌وه زیاتره و به‌داخه‌وه هه‌ندێک شوێن هه‌یه ئێمه ده‌ستمان پێناگات، وه‌ک شار و شارۆچکه‌کان، یا هه‌ندێک که‌س باوه‌رى به‌م رێکخراوانه نیه و خۆى تۆمارنه‌کردووه".
ناوبراو ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که به‌پێى ئاماره‌ى به‌رێوبه‌رایه‌تى ئامار نزیکه‌ى 200هه‌زار کرێنشین له‌هه‌رێمى کوردستاندا بونى هه‌یه و زۆربه‌ى کرێنشینان له سنورى پارێزگاى سلێمانیدان.
هاوکات به‌رهه‌م قه‌ره‌داغى وتیشى" خه‌ڵکانێکى زۆر په‌یوه‌ندیان پێوه کردوین له‌ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆدا که بارى ئابوریان ناجێگیر بوه و له‌دۆخێکى زۆر خراپ‌دا بون، به‌ڵام ئه‌مه ناگاته ئه‌وه‌ى که کۆى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت".
کۆمه‌ڵه‌ى کرێنشینان پرۆژه یاسایه‌کیان پێشکه‌شى حکومه‌تى هه‌رێم کردووه و که له‌چه‌ند خالێکدا خۆى ده‌بینێته‌وه که گرنگترینیان بریتییه له‌وه‌ى حکومه‌ت خۆى له پرۆژه‌کانى خۆیه‌وه ده‌ستپێبکات له‌خاوه‌ن موڵکه‌کانى خۆى خۆشبێت و له باج و رسوماتى سالێکى خاوه‌ن موڵکه‌کان خۆشبێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خاوه‌ن ماڵه کرێ وه‌رنه‌گرێت"
سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى کرێنشینان پێیوابوو " شتێک نیه به‌ناوى په‌رله‌مان و حکومه‌ت"ـ وتیى:" ئه‌وه‌ى بریارده‌دات ته‌نیا چه‌ند که‌سێکى ناو حزبێکن، بۆیه په‌رله‌مان ته‌نیا کارتۆنێکه مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ى من و تۆ ده‌ستمان پێنه‌گات به‌که‌سه به‌رپرسه‌کان و په‌رله‌مان بتوانێت له‌و نێوه‌نده‌دا سودى هه‌بێت".
له چوارى مانگى ئازاره‌وه ئه‌نجوومه‌نى پاریزگاى سلێمانى به نووسراوێک داواى له په‌رله‌مان کرد داوا له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بکات بڕیارى لێخۆشبوونى کرێى دوو مانگى کرێنشینان بدات.
فراکسیۆنه جیاوازه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان هه‌وڵه‌کانیان چڕ کردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به بریارێک ده‌ربکرێت و حکومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند بکات به لێخۆشبوو‌ن له کرێنشینانى حکومه‌ت.
روپاک ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"په‌رله‌مان ئێستا ده‌ستى به دانیشتنه‌کانى خۆى کردۆته‌وه و له‌دانیشتنه‌کاندا کێشه‌ى کرێچى ده‌خرێته‌روو و دوباره باس ده‌کرێته‌وه".
وتیشى" ئێمه کۆمه‌لێک په‌رله‌مانتارین که داوامان له حکوه‌مت کردووه ئه‌و له باج و کرێکانى خۆیان خۆشبن و تا خاوه‌ن ماڵ و دوکانه‌کانیش بتوانن له کرێچى خۆشبن".
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه به‌رده‌وام ده‌بن له‌هه‌وڵه‌کانیان و وتى" ئێمه‌ش چاورێى حکومه‌تین وه‌ڵاممان بداته‌وه و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵیشدا ده‌بین".
سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان، ده‌ڵێت پێویسته حکومه‌تى هه‌رێم لێ خۆشبوون بۆ کرێچییه‌کانى خۆى ده‌ربکات.
زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان به هاوڵاتى وت:" ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دوو به‌شه به‌شێکى حکومه‌ت خۆى له‌و باج و روسماتانه خۆشبێت و خۆى له‌و که‌سانه خۆشبێت که کرێچى حکومه‌تن و به‌شه‌که‌ى تر‌ى بۆ هاندانى ئه‌و که‌سانه‌ى که کرێچیان هه‌یه".
سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان وتیشى " ئه‌و به‌شه‌ى حکومه‌ت له‌کارداین و حکومه‌ت لیخۆشبونێک بکات بۆ ئه‌وه‌ى له‌و باج و روسماتانه خۆشبێت و ئه‌مانه هه‌مووى به روسمات کۆکراونه‌ته‌وه و له‌یه‌ک دوو رۆژى داهاتودا پێشکه‌شى حکومه‌ت ده‌کرێن".
زیاد جه‌بار ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه باجى حکومه‌ت ساڵانه ده‌درێت بۆیه دره‌نگ نیه بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه و له‌هه‌موو کاتێکدا بکرێت هه‌ر گونجاوه و هاوکاریه بۆ هاوڵاتیان.