په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا: ئاماژه‌کان به‌ئاراسته‌ى پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ى کازمین

"بڕواناکه‌م نامه‌که‌ى ئه‌مریکا بۆ مالیکى راى نورى مالیکى بگۆڕێت"

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند تائێستا  ئاماژه‌کان به‌و ئاراسته‌یه‌ن کابینه‌ وزاریه‌که‌ى مسته‌فا کازمى تێپه‌رێنرێت و  له‌باره‌ى نامه‌که‌ى بالیۆزى ئه‌مریکا بۆ نورى مالیکى ده‌ڵێت " بڕواناکه‌م راى نورى مالیکى بگۆڕێت".

شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" تائێستا ئه‌وه‌ى که‌ رایانگه‌یاندووه‌ ده‌نگى پێناده‌ن زۆرینه‌ نین ته‌نیا ده‌وڵه‌تى یاسا به‌ سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى و لیستى وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌یاد عه‌للاوى، ین، ئه‌وانه‌ش که‌ رایانگه‌یاندووه‌ ده‌نگى پێده‌ده‌ن زۆرینه‌ى شیعه‌ و زۆرینه‌ى سوننه‌ و کوردیش له‌سه‌ى راى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم  پشتیوانى مسته‌فا کازمى ده‌که‌ن و رایه‌کى پێچه‌وانه‌ نییه‌ له‌ناو کوردا بۆیه‌ تا ئه‌م کاته‌دا ئاراسته‌کان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ن به‌یانى حکومه‌ته‌که‌ى کازمى تێده‌یه‌رێنرێت".

سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند: بڕیاریانداوه‌ سه‌عات 9ى ئێواره‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ 06/05/2020 دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر کارنامه‌ى وه‌زارى و کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت به‌ڕێوه‌بچێت.

پێشتر نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى راسپێردراو رایگه‌یاند، ناوبراو له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکى په‌رله‌ماندا کۆبونه‌ته‌وه‌و تاوتوێى دانیشتنى په‌رله‌مانیان بۆ ده‌نگدان به‌ حکومه‌تى نوێ کردوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد " هه‌رچه‌نده‌ سوننه‌ لێدوانێکى ئوسامه‌ نوجه‌یفى هه‌یه‌ که‌ ئه‌وان ره‌تیده‌که‌نه‌وه‌ به‌شداربن له‌حکومه‌ته‌که‌ى مسته‌فا کازمى و به‌ڵام ده‌نگى پێده‌ه‌دن بۆ ئه‌وه‌ى تێپه‌رێنرێت".

نووری مالیکی  سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە عێراق  ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 5ئایارى 2020 لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "نامەیەکم لە لایەنێکەوە پێگەیشت کە دەڵێت سەر بە باڵیۆزی ئەمریکایە، ئەگەر ئەم نامەیە ساختە بێت پشتگوێی دەخەین، بەڵام ئەگەر دروست بێت، ئەوا عێراق پیاوانی خەمخۆری بەرژەوەندیی خۆی و گەلەکەی هەیە و رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییمان نادەین، ئەمە ئەرکی دیپلۆماسیی باڵیۆز نییە".

  له‌ده‌قى نامه‌که‌دا هاتووه‌ " ئەمریکا زۆر بە پێویستی دەزانێت حکومەتی مستەفا کازمی پێکبهێنرێت و دەبێت هەر خاڵێکی لاواز لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکان پشتگوێ بخرێت، کاتێک بە پێشبینییە خراپەکانی ئایندەی عێراق بەراورد دەکرێن".

شیروان میرزا، وتیشى:"  برواناکه‌م کاریگه‌رى له‌سه‌ر گۆرینى راى نورى مالیکى بکات، به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت کاریگه‌رى پێچه‌وانه‌ى هه‌بێت به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و هێزانه‌ى که‌  ده‌نگیان به‌ رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا داوه‌ و نارازین و ناکۆکن  له‌سه‌ر کاریگه‌رى بالیۆزى ئه‌مریکا له‌سه‌ر عێراق".

به‌ڵام رونیکرده‌وه‌ و وتى" به‌شێوه‌یه‌کى گشتى نامه‌که‌ى بالیۆزى ئه‌مریکا بۆ نورى مالیکى  ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریکردن بێت بۆ عێراقیه‌کان یان ئاگادارکردنه‌وه‌ بێت له‌م دۆخه‌ى له‌عێراقدا روده‌دات، شتێکى ئاساییه‌ ده‌کرێت ئه‌مریکا تائێستاش خۆى به‌ دۆستى عێراق بزانێت و کاریگه‌ربێت به‌ بارودۆخى عێراق که‌ چی لێدێت و  ئه‌مریکا بۆ رزگارکردنى  ئه‌م دۆخه‌ى عێراق هه‌ولى داوه‌ و خوێنى رشتووه‌ و به‌ ملیاره‌ها دۆلارى خه‌رج کردووه‌".

شیروان میرزا، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه دۆخى عێراق ئێستا له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ى ئه‌م بێ حکومه‌تیه‌ ناگرێت و  راسته‌ حکومه‌تێکى کاربه‌رێکه‌رى هه‌یه‌، به‌ڵام بارودۆخه‌که‌ پێویستى به‌ حکومه‌تێکه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى هه‌بێت و بتوانێت بریارى کاریگه‌ر بدات و روبه‌روى ئه‌م قۆناغه‌ ببێته‌وه‌ چونکه‌ قۆناغێکى زۆر هه‌ستیاره‌ له‌روى سیاسى و ئابورى و ته‌نانه‌ت ته‌ندروستیشه‌وه‌ به‌هۆى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆناوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى واده‌که‌ن پێویستمان به‌ حکومه‌تێکى به‌هێزى کامل ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ بۆ بریاردان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى عێراق ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه  که‌ نامه‌که‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه‌ و ئه‌مریکا پێشى باشه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ تێپه‌رێت و ئه‌وه‌شیان نه‌شاردۆته‌وه‌، وپێیان وایه‌ پێکهێنانى ئه‌م حکومه‌ته‌ زۆر گرنگه‌". 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار