لێسه‌ندنه‌وه‌ى پارێزبه‌ندى له‌ په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وته‌وه‌

سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ: چاوسورکردنه‌وه‌ نامانوه‌ستێنێت له‌ دژایه‌تى ده‌سه‌ڵاتێکى دز و گه‌نده‌ڵ

5 ساڵ لەمەوپێش



‌شاناز حه‌سه‌ن
لێسه‌ندنه‌وه‌ى پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر کاردانه‌وه‌ى به‌دواداهات و یه‌کێتى و گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو ده‌نگیان پێینه‌دا و پارتى و که‌مایه‌تییه‌کان و له‌گه‌ڵ کورسیه‌که‌ى لیستى سه‌رده‌م ده‌نگیان پێداوه‌.

به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌بووی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانى کوردستان، هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌ هه‌ریه‌ک له‌ ئومێد خۆشناو و عه‌لى حه‌مه‌ساڵح و شیرین ئه‌مین ڕه‌تکرایه‌وه‌، به‌ڵام پارێزبه‌ندی له‌ سۆران عومه‌ر وه‌رگیرایه‌وه‌.

 ‌هێمن هه‌ورامى، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌نوسراوێکى فه‌رمیدا که‌ له‌ سایتى په‌رله‌مان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ به‌پشتبه‌ستن به‌حوکمى بڕگه‌ى (چواره‌م و پێنجه‌م)ى مادده‌ى (24) له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان-عێراق، سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار (سۆران عمر سعید)، په‌رله‌مانى کوردستان له‌دانیشتنى ژماره‌ (4)ى ئاسایى خۆیدا که‌ رۆژى پێنجشه‌مه‌ رێکه‌وتى 7/5/2020 به‌ڕێوه‌چوو.
نوسراوه‌که‌ به‌ واژۆى هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان بڕیارى ژماره‌ (4) ده‌رکردو تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ که‌ بڕیاره‌که‌ له‌ رۆژى ده‌رچوواندنییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمیى وه‌قایعى کوردستان بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ که‌ ئاراسته‌ى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى 1ى سلێمانى و هه‌ولێر کراوه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: "ھیچ فشار و چاوسورکردنه‌وه‌یه‌ک ناتوانێت بمان وه‌ستێنێت له‌ قسه‌ى حه‌ق و دژایه‌تى ده‌سه‌ڵاتێکى دز و گه‌نده‌ڵ، ئێمه‌ به‌رده‌وامین، ئێوه‌ش چیتان پێده‌کرێت درێغى مه‌که‌ن".

بریارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند ئه‌وان هه‌ر زوو به‌ ڕه‌سمى لایه‌نى پارتیمان ئاگادارکرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین ناوى په‌رله‌مانتارى گۆرانى تێدابێت و ده‌ڵێت" بروام وایه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌  که‌یسه‌که‌ى  سۆران عومه‌ر په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆکى حکومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌".

جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران بریارده‌رى‌ لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت"وه‌ک گۆران هه‌ر زوو به‌ ره‌سمى پارتیمان ئاگادار کردۆته‌وه‌  که‌ نابێت ناوى په‌رله‌مانتارى ئێمه‌ى تێدابێت و به‌گشتى له‌گه‌ڵ کۆى پرۆسه‌که‌ نین، هه‌ر بۆیه‌ بایکۆتمان کرد و نه‌چوینه‌ دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌".

ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد پارتى خۆى مه‌به‌ستى نه‌بووه‌ ده‌نگ به‌لێسه‌ندنه‌وه‌ى پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتاره‌کانى گۆڕان بدات، وتیشى:"لێسه‌ندنه‌وه‌ى پارێزبه‌ندى له‌ سۆران عومه‌ر زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆکى حکومه‌ته‌وه‌ هه‌بوه‌ و ئه‌ویش که‌سێکى کاریگه‌رى ناو پارتییه‌ ".

ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى ده‌ڵێت هه‌رێمى کوردستان که‌وتووه‌ته‌ قه‌یرانێکى دارایى گه‌وره‌وه‌و نه‌ده‌بوو پرسى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتاران دانیشتنى بۆ بکرێت.
زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت"ئێستا ماوه‌یه‌که‌ هه‌رێم که‌وتۆته‌ قه‌یرانێکه‌وه‌، به‌تایبه‌تى نه‌بونى موچه‌ که‌ بۆته‌ خالێکى لاوازى ئه‌م هه‌رێمه‌، بۆیه‌ پێمان باش بوو به‌ده‌ستپێکردنى کۆبونه‌وه‌کان به‌ کێشه‌ى خه‌ڵک ده‌ستپێبکه‌ین نه‌ک هه‌موو کێشه‌کان بکه‌ینه‌ سه‌ر پارێزبه‌ندى و هه‌ڵگرتنى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارێک".
په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى پێشیوابوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان یاسا سه‌روه‌ربێت هیچ که‌سێک له‌سه‌رو یاساوه‌ نه‌بێت، "کاتێک سکاڵایه‌ک ده‌بێت جا هاوڵاتى بێت یان وه‌زیر یان په‌رله‌مانتار یاسا سه‌روه‌ر بێت، نه‌ک وه‌ک سیناریۆیه‌ک رێکى بخه‌یت که‌ ئه‌وه‌ى مه‌به‌سته‌ بیکه‌یته‌ به‌رده‌مى یاسا و ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستت نیه‌ ده‌نگ نه‌هێنێت".

زیاد جه‌بار ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌  هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین ده‌نگى ئازادى خه‌ڵک و په‌رله‌مانتارێک به‌و شێوه‌یه‌ له‌ قاڵب بدرێت.
زیاد جه‌بار ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد بینیوویانه‌ په‌رله‌مانتارى دیکه‌ سکاڵاى له‌سه‌ره‌ و پارێزبه‌ندیه‌که‌شى لێوه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچنارئه‌حمه‌د ، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد  کارى په‌رله‌مانى ئاوایه‌ و ئازاده‌ بۆى هه‌یه‌ لێدوان بدات و قسه‌ بکات و به‌دواداچون بکات و زانیارى وه‌ربگرێت و بیگه‌یه‌نێته‌ راى گشتى، وتیشى:" که‌ په‌رله‌مانتار ئه‌مه‌ نه‌کات ماناى وایه‌ ئه‌وه‌ى سنورداربێت هیچ شکۆیه‌ک بۆ په‌رله‌مانتار و په‌رله‌مان نامێنێته‌وه‌، بۆیه‌ بایکۆتى ئه‌و دانیشتنه‌مان کرد و نه‌چوینه‌ دانیشتنه‌که‌".
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى خسته‌روو کێشه‌ى زۆر گه‌وره‌تر هه‌یه‌ که‌ ده‌بوایه‌ له‌دانیشتنى یه‌که‌مى په‌رله‌ماندا باسى لێوه‌ بکرێت که‌ پێنج مانگه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌و بێکارى و بێ بازارى دروست بووه‌"ده‌بوایه‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و وه‌زیره‌کان بهێندرێنه‌ په‌رله‌مان بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشانه‌ نه‌ک کارى ببێته‌ هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى".

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ په‌رله‌مانتاره‌کانى تریش که‌یسیان هه‌بووه‌و نه‌چونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا"ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن بابه‌ته‌که‌ به‌ سیاسى کراوه‌ نه‌ک  یاسایى و ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانتاره‌کانى تریش که‌ ئاگاداربن که‌ ئاواتان له‌گه‌ڵده‌کرێت،  هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ هه‌موومان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار