برازایه‌کى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: پێویسته‌ هێزه‌ کوردیه‌کان بۆ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى هه‌وڵ بده‌ن

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
عومه‌ر ئۆجالان په‌رله‌مانتارى پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌)و برازاى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رایگه‌یاند:"له‌ناو ڕاى گشتى کورددا بۆ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى هه‌وڵێکى گه‌وره‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ هێزه‌ کوردیه‌کان به‌ پێى ئه‌و هه‌وڵانه‌ بجووڵێنه‌وه‌".

عه‌بدوڵلا ئۆجالان، رێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) که‌ له‌ زیندانى دوورگه‌ى ئیمڕالى ڕاگیراوه‌، دواى 21 ساڵ بۆ یه‌که‌مینجار له‌ ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئۆجالانى براى قسه‌ى کرد و په‌یامێکى راگه‌یاند که‌ ئۆجالان ئاماژه‌ى به‌ پرۆتۆکۆلى ساڵى 1982 له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا و په‌یامه‌که‌ى ئاڕاسته‌ى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) و پارتى دیموکرات و یه‌کێتى نیشتمانى کرد و وتی، "پێویستیى کورد به‌ عه‌قلیه‌تى ئێره‌ بۆ تۆ و ئێره‌ بۆ من نییه‌. پێویستى کورد به‌ ئاشتى و یه‌کێتى هه‌یه‌".

عومه‌ر ئۆجالان په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ى ڕوحا که‌ له‌هه‌مانکاتدا برازاى عه‌بدوڵلا ئۆجالان ڕێبه‌رى گه‌لى کورده‌، له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا که‌ ئاژانسى فورات نیوز له‌گه‌ڵی ئه‌نجامى داوه‌ ده‌ڵێت:"گۆشه‌گیرى هه‌ندێکجار قوڕس و هه‌ندێک جار له‌گه‌ڵ ڕۆژه‌ڤه‌کان سووک ده‌کرێت. کرده‌وه‌کانى به‌رانبه‌ر به‌ڕێز ئۆجالان نایاسایى یه‌ و جێگایان له‌ناو یاسادا نابێته‌وه‌. ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کى سیاسى ده‌جووڵێته‌وه‌ و به‌ پێى دۆخه‌که‌ گۆشه‌گیرى قوڕس ده‌کات".

عومه‌ر ئۆجالان راشیگه‌یاند، عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌رى گه‌لى کورد چه‌ندین جار بۆ به‌دیهاتنى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی، بانگه‌وازى گرنگى کردووه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاى تێکۆشانى گه‌لى کورد و تا ئێستا، وتیشى:" پێشتر به‌ڕێز ئۆجالان نامه‌ى بۆ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى په‌ده‌که‌ و جه‌لال تاڵه‌بانى سکرتێرى یه‌نه‌که‌ ناردووه‌ و تیشکى خستووه‌ته‌ سه‌ر رۆحى نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڕێز ئۆجالان له‌ نامه‌که‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ کردبوو که‌،' ئه‌مانه‌ سیاسه‌تى کورد به‌ ده‌ستى کورد کوشتنه‌. کورد هیچ سوودێک له‌مه‌ نابینێت".

عومه‌ر ئۆجه‌لان جه‌ختى له‌وه‌شکردووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بێت یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى وه‌ک بنچینه‌ ته‌ماشا بکرێت" ده‌بوایا به‌ر له‌ 40 ساڵ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى بونیاد نرابا. ئه‌و مرۆڤانه‌ى لێره‌ ده‌ژین کوردن، ئه‌گه‌ر خوێن بڕژێت، هیچ ناتوانێت له‌ ژێر ئه‌م باره‌ ده‌رچێت. ئه‌م په‌یامه‌ى من، هه‌م بۆ قه‌ندیل و هه‌میش بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و  خانه‌واده‌ى بارزانى و تاڵه‌بانییه‌ و خه‌ڵکى باشوره‌".

هاوکات، له‌و چاوپێکه‌وتنه‌یدا، برازاکه‌ى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ که‌ئۆجالان به‌ رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ئاگادارى رووداوه‌کانى زینى وه‌رتێ بووه‌ و وتی:" تیشکى خسته‌ سه‌ر په‌یمانى ساڵى 1982. به‌ڕێز ئۆجالان به‌ رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ له‌ ساڵى 1982له‌ گه‌ڵ ئیدریس بارزانى په‌یمانى ئیمزا کردووه‌ که‌ له‌ نێوان هێزه‌ کوردیه‌کاندا شه‌ڕ و پێکدادان روونادات. بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى براکوژى و ئاڵۆزى له‌ نێوان هێزه‌ کوردیه‌کاندا دروست نه‌بێت، به‌ر له‌ 38 ساڵ هه‌وڵداروه‌. پێویسته‌ ئه‌وه‌ى که‌ به‌ پێى کات ئه‌م په‌یمانه‌ نوێ بکرێته‌وه‌".

په‌رله‌مانتاره‌که‌ى هه‌ده‌په‌ پێشیوابوو " ده‌یبینین جموجوڵه‌کانى په‌ده‌که‌(پارتى دیموکراتى کوردستان) له‌ زینى وه‌رتێ زیان به‌ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى ده‌گه‌یه‌نتێت....پێویسته‌ به‌رپرسانى باشوور به‌ عه‌قلێکى سه‌لیم و فراوان بیر بکه‌نه‌وه‌، هیچ کوردێک له‌و ئاڵۆزیه‌ى زینى وه‌رتێ سوود به‌ده‌ستناهێنێت و زیانێکى گه‌وره‌ به‌ گه‌لى کوردستان ده‌دات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار