سکرتێرى په‌رله‌مان بۆ هاوڵاتى: سۆران عومه‌ر ده‌توانێت به‌شدارى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان بکات

مونا قه‌هوه‌چى: سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ سلێمانییه‌ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجام نادرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند رۆژى دووشه‌ممه‌ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ناچێت و سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ سلێمانییه‌، ده‌شڵێت:" سۆران عومه‌ر بۆ خۆى به‌شدارى نوسینه‌وه‌ى په‌یره‌وى ناوخۆى کردووه‌و به‌پێمادده‌ى 24 له‌و په‌یره‌وه‌ ده‌توانێت به‌شدارى دانیشته‌کانى په‌رله‌مان بکات".

رۆژی رابردوو، مونا قاهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" رۆژی دووشەممە پەڕلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەكات و میوانداری وەزیری تەندروستی دەكات". 

مونا قه‌هوه‌چى، سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 11ى ئازار کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌رێوه‌ناچێت، سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ سلێمانییه‌و کۆبونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى هه‌بووه‌، هه‌رکات کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت رایده‌گه‌یه‌نین".

رۆژى 7ى ئازارى 2020 به‌ده‌نگى په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆنى پارتى(45) کورسى و که‌میایه‌تییه‌کانى مه‌سیحى و تورکمان و ئه‌رمه‌ن(11) کورسى ده‌نگى 1 کورسى لیستى سه‌رده‌م پارێزبه‌ندى له‌سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتارى کۆمه‌ڵى ئیسلامى هه‌ڵگیراو فراکسیۆنه‌کانى یه‌کێتى و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێى و ئازادى و یه‌کگرتوو بایکۆتیان کرد که‌ 53 کورسى په‌رله‌مانین.

قه‌هوه‌چى ده‌شڵێت هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتارى کۆمه‌ڵ به‌پێى مادده‌ى 24 بووه‌ له‌ په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان بووه‌، وتیشى:" سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان بووه‌و به‌پێى په‌یره‌وه‌که‌ دواى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى، هه‌ر په‌رله‌مانتاره‌و ده‌توانێت به‌شدارى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان و به‌دواداچونه‌کان بکات وه‌ک هه‌ر په‌رله‌مانتارێکى دیکه‌".

مونا قه‌هوه‌چى وتیشى:" سۆران عومه‌ر ده‌بێت بچێته‌ دادگا له‌سه‌ر ئه‌و سکاڵایه‌ى که‌ له‌لایه‌ن داواکارى گشتییه‌وه‌ له‌سه‌رى هه‌یه‌تى، دواى یه‌کلاکردنه‌وه‌ى دۆسیه‌که‌ پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتارى پێ ده‌درێته‌وه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى هاوڵاتیانى کوردستان گله‌یى زۆر له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان ده‌که‌ن که‌ به‌دواداچون بۆ بژێوى ژیانى هاوڵاتیان و دواکه‌وتنى موچه‌ ناکه‌ن، سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان وتى:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم پێش چونه‌وه‌یان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کۆبونه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م پرسى دارایى نێوان هه‌ردوولایان باس کردووه‌و باسى دۆخى دارایى حکومه‌تى هه‌رێمیان کردووه‌، چاوه‌رێین ئه‌و وه‌فده‌ جارێکى دیکه‌ پاش گه‌یشتن به‌رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌گه‌ڵیان کۆببینه‌وه‌".

مونا قه‌هوه‌چى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان گرنگى و ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌دات به‌ دۆخى ژیانى هاوڵاتیان و هه‌ر شتێک له‌تواناى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌ماندا بێت کردوویه‌تى و ده‌یکات.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار