وه‌زیرێکى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى زانیارى ورد له‌سه‌ر ده‌ستکارى ده‌رماڵه‌کان ئاشکرا ده‌کات

پێش جه‌ژن موچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دابه‌ش ده‌کرێت وبۆ موچه‌ قه‌رز له‌ سه‌رمایه‌داران کراوه‌

کوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى 

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
وه‌زیرێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زانیارى له‌سه‌ر رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان و جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى ده‌خاته‌روو و ده‌ڵێت:" پێش جه‌ژن موچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دابه‌ش ده‌کرێت وبۆ موچه‌ قه‌رز له‌ سه‌رمایه‌داران کراوه‌".

کوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیرى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى که‌مبووه‌ته‌وه‌و یاساى چاکسازى پێش کۆتایى هاتنى ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌کرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کراوه‌و ناویان له‌نێ, لیستى موچه‌خۆرانى بایۆمه‌تریدایه‌و وتیشى:" وه‌زیرى دارایى به‌ته‌فاسیل باسى کردووه‌ که‌ ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان بۆ بکرێت، چونکه‌ گه‌نده‌ڵیه‌کى زۆرى تێدایه‌".

هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ده‌رستکارى موچه‌ى پله‌ باڵاکان ده‌کرێت و ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ رێکده‌خرێته‌وه‌.

هاوڵاتى: له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چۆن باسى رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان کراوه‌؟ فه‌رمانبه‌ران مافى خۆیانه‌ زانیارى له‌باره‌یه‌وه‌ بزانن؟

کوێستان محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر سه‌یرى یاساى چاکسازى بکه‌یت که‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه‌و په‌رله‌مانتاران ده‌نگیان داوه‌، مادده‌یه‌کى تێدایه‌ ده‌ڵێت رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان به‌شێوه‌ى دادپه‌روه‌رانه‌، لیژنه‌یه‌ک پێکهێندراوه‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان، رێکخستنه‌وه‌ چۆنه‌، 13 جۆر ده‌رماڵه‌ هه‌یه‌ پشتبه‌ستوو نییه‌ به‌ هیچ یاسایه‌ک کاتى خۆى به‌ بریارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کراوه‌، ئه‌وانه‌ نابردرێن ته‌نها رێکده‌خرێنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ من و تۆ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باین، من له‌ پشتى مێزه‌وه‌ دانیشتووم تۆ له‌سه‌ر عه‌مودى، هه‌ندێک جار هه‌ردووکمان وه‌ک یه‌ک ده‌رماڵه‌مان هه‌یه‌، هه‌ندێجار  من هه‌مه‌ که‌ له‌پشتى مێزه‌وه‌م تۆ نییته‌ که‌ له‌سه‌ر عه‌مودى، ئه‌مانه‌ رێکده‌خرێته‌وه‌و ئه‌وه‌ له‌ یاساى چاکسازیدا هاتووه‌.
هاوڵاتى: که‌ى ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان؟
کوێستان محه‌مه‌د: وه‌زاره‌تى دارایى داواى له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان کردووه‌ دۆسیه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان بۆ بنێرین و ده‌بێت له‌ماوه‌ى مانگێکدا جێبه‌جێ بکرێت، هه‌ر له‌ناو وه‌زاره‌تى کارو کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى مامۆستاى په‌یمانگایه‌ ده‌رماڵه‌ى مامۆستاى نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ناو دیوانى وه‌زاره‌تدایه‌ ده‌رماڵه‌ى مامۆستاى هه‌یه‌، جا ئه‌مه‌ بۆ رێ:خستنه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ و لیژنه‌ى بۆ پێکهاتووه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى مانگێکدا ده‌ستنیشانى بکه‌ین.
هاوڵاتى:به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم و لێدوانى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم بێت ده‌بێت موچه‌ به‌پێى داهات رێکده‌خرێته‌وه‌ که‌ باس کراوه‌ داهات که‌موبووه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌مه‌ چییه‌؟
کوێستان محه‌مه‌د: له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ته‌نها مه‌سه‌له‌ى ده‌رماڵه‌کان باسکراوه‌و باسى موچه‌ نه‌کراوه‌، ده‌رماڵه‌و پله‌ به‌رزه‌کان ده‌ستکارى ده‌کرێت و رێکده‌خرێته‌وه‌.
هاوڵاتى: باسى بندیواره‌کان کرا که‌ چیتر موچه‌یان پێنه‌درێت؟
کوێستان محه‌مه‌د: جگه‌ له‌وه‌ى له‌ یاساى چاکسازیدا هاتووه‌،  له‌کۆبونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌تایبه‌تى ناوى(بندیواره‌کان) هێندرا که‌ ئه‌وه‌ى ناوى له‌ بایۆمه‌تریدا نییه‌ موچه‌ وه‌رناگرێت، ئه‌وه‌ى بندیواره‌و ناوى له‌بایۆمه‌تریدا نییه‌ موچه‌ وه‌رناگرێت.
هاوڵاتى: گومان له‌ناوه‌کانى ناو بایۆمه‌ترى ناکرێت؟
کوێستان محه‌مه‌د: کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان که‌ ناویان له‌ناو بایۆمه‌تریدا هه‌یه‌ بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کراوه‌ و له‌وێدا گه‌نده‌ڵى زۆر هه‌یه‌، کاک ئاوات وه‌زیرى دارایى به‌ته‌فسیل باسى کرد که‌ ده‌بێت بۆیان بکرێت سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بایۆمه‌تریان نه‌کردووه‌.
هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت داهات که‌مى کردووه‌، پێویست ناکات هاوڵاتیان بزانن حکومه‌ته‌که‌یان ئێستا داهاتى چه‌نده‌؟
کوێستان محه‌مه‌د: داهاتى ناوخۆ زۆر که‌مى کردووه‌ و پاره‌ى نه‌وت زۆر سوک و ره‌زیک بووه‌و که‌مبووه‌ته‌وه‌، حکومه‌تى عێراق تا ئێستا پاره‌ى موچه‌ى مانگى نیسانى ئه‌مساڵى نه‌ناردووه‌، حکومه‌تى هه‌رێم بۆ موچه‌ى ئه‌م مانگه‌ قه‌رزیان له‌ کۆمه‌ڵێک کۆمپانیاو سه‌رمایه‌دار کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رکات به‌غدا موچه‌ى نارد بیده‌نه‌وه‌ به‌ سه‌رمایه‌دارو کۆمپانیاکان، به‌ڵام موچه‌ پێش جه‌ژنى ره‌مه‌زان سه‌رۆکى حکومه‌ت وتى هى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دابه‌ش ده‌که‌ین.
هاوڵاتى: ئه‌و مانگه‌ى دانراوه‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان  پێش کۆتایى ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌کرێت؟
کوێستان محه‌مه‌د: به‌ڵێ پێش کۆتایى ساڵ ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێکى دیکه‌ جێبه‌جێ بکرێت، چونکه‌ هه‌موو مادده‌کانى یاساى چاکسازى ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌وه‌ى بندیواره‌ به‌ سیستمى بایۆمه‌ترى موچه‌که‌ى ده‌بردرێت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ په‌یره‌وێک بۆ پاسه‌وانى، ئه‌وه‌ى که‌باس ده‌کرێت مه‌لاو شێخ و جاش و ئه‌مانه‌ هه‌موو پاسه‌وانیان هه‌یه‌ هه‌مووى ده‌بردرێت، مه‌سه‌له‌ن ته‌حدید ده‌کرێت باره‌گاکان چه‌ند پاسه‌وانى هه‌بێت، مه‌کته‌بى سیاسى وا هه‌یه‌ دوو بۆ سێ هه‌زار پاسه‌وانى هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ ده‌بێت هه‌مووى رێکبخرێته‌وه‌.
هاوڵاتى: پرسى لامه‌رکه‌زى لاى حکومه‌تى هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت که‌ یه‌کێکه‌ له‌ کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆرانیش تێیدا به‌شداره‌؟
کوێستان محه‌مه‌د:ئێمه‌ وه‌کو بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌خولى سێیه‌مى په‌رله‌مان پرۆژه‌ یاسامان پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان کرد وه‌کو فراکسیۆنى گۆڕان، له‌به‌رئه‌وه‌ گۆران ساحێبى لامه‌رکه‌زییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین لامه‌رکه‌زى کارگێرى دارایى هه‌بێتو ده‌سه‌ڵاته‌کان شۆربکرێته‌وه‌ ناکرێت، به‌رێوه‌به‌رى دائیره‌یه‌ک بۆ کرینى زۆرپایه‌ک سێ مانگ اوه‌رێ بکات و بۆى نه‌کردرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پاراستنى قه‌واره‌و کیانى هه‌رێمى کوردستانداین،چونکه‌ نه‌ سلێمانى به‌ته‌نها ده‌توانێت ببێته‌ هه‌رێمێک نه‌ هه‌ولێرو دهۆک به‌ته‌نها ده‌توانن ببنه‌ هه‌رێمێک، ئه‌وکاته‌ کیانى کوردستان تێکده‌چێت.
کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم باسى جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى کردووه‌، له‌ کۆبونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌خت له‌ لامه‌رکه‌زى کراوه‌ته‌وه‌و که‌ پشتیوانى لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێرى ده‌که‌ین.
هاوڵاتى:پرسى دامه‌زراندن ده‌رچوانى زانکۆو په‌یمانگاکان باس ده‌کرێت یا ده‌که‌وێته‌ دواى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى؟
کوێستان محه‌مه‌د: زه‌حمه‌ته‌ دامه‌زراندن بکرێت، چونکه‌ پاره‌ نییه‌ بیده‌یته‌ فه‌رمانبه‌ران، ئیتر فه‌رمانبه‌رى دیکه‌ له‌کوێ داده‌مه‌زرێت.
تا ئه‌نجومه‌نى راژه‌ دروست نه‌کرێت و نه‌زاندرێت فه‌رمانبه‌ر له‌ کوێدا زۆره‌و له‌ کوێدا که‌مه‌و رێکنه‌خرێته‌وه‌، ئێستا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بریاریداوه‌ ئه‌نجومه‌نى راژه‌ دروست بکرێت، ئه‌وکاته‌ به‌پێى به‌رنامه‌ى ئه‌نجومه‌نى راژه‌ فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێندرێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار