پزیشکێکى پاکستانى هاوکارى دارایی داعش ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكی رایگه‌یاند پزیشکێکى به ‌ره‌گه‌ز پاكستانی ده‌ستگیرده‌كه‌ن به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌وڵیداوه‌ هاوكاری ماددی داعش بكات له‌ عێراق و سووریا.

وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، 16 ئایارى 2020، به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند " محه‌مه‌د مه‌سعود له‌ ویلاتی مینیسۆتا هه‌وڵیداوه‌ پاڵپشتی دارایی كه‌تیبه‌یه‌كی رێكخراوی داعش بكات له‌ عێراق و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شیدا بۆ ئه‌مەریكا كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجامبدات.

محه‌مه‌د مه‌سعود- 28 ساڵ له‌ مانگی ئاداری 2020ه‌وه‌ به‌پێی تاوانی تیرۆر له‌ زیندانی كه‌رتی سیربوون له‌ ویلایه‌تی مینیسۆتا زیندانه‌ و رۆژی دووشه‌ممه‌ 11ی ئایار بڕیاری دادگاییكردنه‌كه‌ی ده‌رچوو، به‌ڵام هێشتا لە دادگای ته‌ممیز‌ پێداچوونه‌وه‌ بە بڕیاره‌كه‌ نەکراوە.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد-ی ئه‌مەریكادا هاتووه‌، مه‌سعود له ‌رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ به‌ هاورێكانی له‌ سووریا و عێراق.

له‌راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌ی بی سی 5ی ویلایه‌تی مینیسۆتا-دا هاتووه‌،‌ (مه‌سعود) مۆڵه‌تی پزیشكی هه‌یه‌ له‌ پاكستان و وه‌ك كارمه‌ندی رایه‌ڵی توێژه‌ر له‌ سه‌نته‌ری كلینیكی سیریوون- ویلایه‌تی مینیسۆتا له‌ ئه‌مەریكا كاریكردووه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی فیزای H-B1 هاتۆته‌ ئه‌مەریكا. لەنێوان مانگی كانوونی دووه‌م- ئادار ویستویه‌تی له‌ رێگه‌ی ئوردن-ه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سووریا و به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی برێك پاره‌ی ره‌وانه‌ی داعشه‌كانی كه‌تیبه‌یه‌كی عێراق كردووه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ رۆژی 19ی ئادار له‌ (فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سات- پاول(MSP))-ی مینیسۆتا له‌لایه‌ن تیمی ئۆپراسیۆنی بنبڕكردنی تیرۆر-ی سه‌ر به‌ پۆلیس فیدرالی (ئێف بی ئای) ده‌ستگیركراوه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی رووه‌و فڕۆكه‌خانه‌ی لۆس ئه‌نجلس- كالیفۆرنیا و له‌وێشه‌وه‌ به‌ كه‌شتی ده‌ریایی بچێته‌ توركیا و له‌وێوه‌ بۆ سووریا. هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووەته‌ڕوو كه‌ مانگی شوبات، مه‌سعود هه‌وڵیداوه‌ گه‌شتی ئوردن بكات، به‌ڵام به‌هۆی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئۆردن گه‌شته‌كه‌ی شكستی هێناوه‌.

ئێف بی ئای له‌ مانگی كانوونی دووه‌می 2020ه‌وه‌ چاودێری مه‌سعود-یان كردووه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتبه‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دادوه‌رییه‌ی دراویانه‌تێ. به‌پێی كۆدی نهێنی قسه‌كردن، مه‌سعود ناوی (بی بی) بووه‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك هه‌بووه‌.

 رۆژی 24ی كانوونی دووه‌م (بی بی) په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ كه‌سێكه‌وه‌ (سی ئێچ ئێس1) گفتوگۆیان له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كردووه‌ له‌ عێراق و به‌ڵێنی پێداون سه‌ردانی سووریا ده‌كات. ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی داوه‌ سه‌ردانی خوراسان كه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ له‌ باكوری خۆهه‌ڵاتی ئێران و درێژ ئه‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌فگانستان.

په‌یوه‌ندی له‌ (سی ئێچ 1، سی ئێچ2، سی ئێچ ئێس) له‌ سێ شوێنی جیای عێراق و سووریا و ئێران هه‌بووه‌.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش ساڵی 2014 سه‌ریهه‌ڵدا وه‌ك درێژه‌پێده‌ری رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعده‌، له‌ دوای چوار ساڵی شه‌ڕكردن و دوای رزگاركردنی مووسڵ له‌ عێراق و ره‌ققه‌ له‌ سووریا، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كرا كه‌ كۆتایی به‌ داعش هاتووه‌، به‌ڵام تائێستا پاشماوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق و سووریا جموجۆڵیان هه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار