یه‌کێتى له‌ بادینان: پارتى دیموکراسى نییه‌و ئازادییه‌کانى نه‌هێشتۆته‌وه‌

په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى وه‌ڵامى توندى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى ده‌داته‌وه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:" پارتى دیموکراسى نییه‌و ئازادییه‌کانى نه‌هێشتووه‌ بۆ خه‌ڵکى بادیدنان"، ده‌شڵێێت:" په‌رله‌مانتار نوێنه‌رى خه‌ڵکه‌ ئه‌و قسانه‌ى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى بۆ هاوڵاتى کردوویه‌تى وه‌ک نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم قسه‌ى کردووه‌".

زکری ئه‌حمه‌د زێبارى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ئه‌مڕۆ به‌شێک له‌ مامۆستایان و چالاکوانان ئه‌نجامیاندا داواى ماف و موچه‌ى خۆیان کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شێکى زۆریان ده‌ستگیر کراون له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌".

ناوبراو وتیشى:" پارتى ناوه‌که‌ى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌، به‌ڵام نه‌ دیموکراتییه‌و نه‌ ئازادى بۆ خه‌ڵکى بادینان هێشتۆته‌وه‌ و رێگرى ده‌کات له‌ هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت داواى مافى خۆى بکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى که‌ خه‌ڵکى بادینانه‌ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى پشتیوانى هه‌ر داخوازیى و داواکارییه‌کانى هاوڵاتیان ده‌کات.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى بۆ هاوڵاتى ده‌ڵێت:" ئیشى په‌رله‌مانتار نییه‌ بچێته‌ ناو خۆپیشاندانه‌وه‌، به‌ڵکو له‌رێى رێکاره‌کانى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌توانێت داواى روونکرده‌وه‌ له‌ وه‌زیرو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بکات"، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى به‌ توندى ئه‌و قسه‌ى ره‌تکرده‌وه‌و وتى:" وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى وه‌ک نوێنه‌رى حکومه‌ت قسه‌ى کردووه‌، په‌رله‌مانتار راسته‌ له‌سه‌ر پشکى حزبه‌کان ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵک ده‌کات، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار نه‌چێته‌ خۆپیشاندان و گوێى له‌داواکارییه‌کانى خه‌ڵک نه‌بێت ئیش چییه‌".

ده‌رباره‌ى ده‌ستگیرکراوه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى دهۆک، زکرى زێبارى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر خه‌تن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى دهۆک دو ده‌بێت به‌ زوترین کات ئازاد بکرێن، وتیشى:" به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیر کراون هه‌موو داواى حه‌قى خۆیان کردووه‌ ئازاد بکرێن، ئه‌مه‌ى پارتى کردوویه‌تى له‌ بادینان کارێکى نادیموکراسى و نا ئازادییه‌، ناکرێت خه‌ڵک له‌سه‌ر داواى موچه‌ که‌ دواکه‌وتووه‌ ده‌ستگیر بکرێت".

هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ وه‌ک فراکسیۆنى یه‌کێتى که‌ حزبه‌که‌ى به‌شداره‌ له‌ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم داکۆکى له‌ مافى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌که‌ن و وتى:" له‌ هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تى هه‌بێت پشتیوانى ده‌که‌ین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار