قوباد تاڵه‌بانی: سه‌رۆکى حکومه‌ت و به‌نده و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کان له هه‌وڵدا ده‌بین بۆ دابینکردنى موچه
"گه‌شبینین به گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کابینه‌که‌ى مسته‌فا کازمی"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له په‌یامێکدا به بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه، رایگه‌یاند: به هه‌مو توانامانه‌وه له هه‌وڵدا ده‌بین بۆ دابینکردنى موچه‌و ده‌شڵێت:"گه‌شبینین به گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کابینه‌که‌ى مسته‌فا کازمى".
قوباد تاڵه‌بانی، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 23ى ئایارى 2020 له په‌یامێکدا به بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه، رایگه‌یاند:"حکومه‌تى هه‌رێم، به‌خودى سه‌رۆکى حکومه‌ت و به‌نده و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کانه‌وه، به هه‌مو توانامانه‌وه له هه‌وڵدا ده‌بین بۆ دابینکردنى موچه‌و چاره‌سه‌رکردنى ڕیشه‌یى ئه‌م کێشه‌یه‌و کارى پێویستمان کردوه بۆ رێککه‌وتنى گشتگیر و دادپه‌روه‌رانه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ند."
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"دانوستانه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چڕتر کردوه‌ته‌وه و ئێستا لێکتێگه‌یشتن له‌هه‌مووکات زیاتره‌و گه‌شبینین به گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کابینه‌که‌ى به‌ڕێز مسته‌فا کازمى بۆ چاره‌سه‌رکردنى به‌شى زۆرى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان."
ده‌قى په‌یامه‌که...
هاوڵاتیانى خۆشه‌ویست...
به بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زان، له دڵه‌وه پیرۆزبایى گه‌رم له هه‌مولایه‌ک ده‌که‌م، ده‌خوازم ئه‌م بۆنه‌یه ببێته هه‌وێنى ئاشته‌وایى و یه‌کڕیزى له کوردستان تاکو پێکه‌وه ڕوبه‌ڕوى ته‌نگه‌ژه‌کانى به‌رده‌ممان ببینه‌وه.
له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، کاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر به‌رنامه‌کانى حکومه‌ت بۆ چاکسازى و بنیاتنانه‌وه و ره‌خساندنى هه‌لى کار دانا، گرنگیدانى ئێمه‌شى گۆڕى بۆ پاراستنى ته‌ندروستى و دابینکردنى موچه.
به هه‌وڵ و ماندوبونى ته‌ندروستکاران و هێزه ئه‌منییه‌کان و پابه‌ندیى هاوڵاتیان، رێگرى کرا له ته‌شه‌نه‌کردنى په‌تاى کۆرۆنا، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسى بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌که به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى به‌رده‌وامیى پابه‌ندبون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان.
حکومه‌تى هه‌رێم، به‌خودى سه‌رۆکى حکومه‌ت و به‌نده و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کانه‌وه، به هه‌مو توانامانه‌وه له هه‌وڵدا ده‌بین بۆ دابینکردنى موچه و چاره‌سه‌رکردنى ڕیشه‌یى ئه‌م کێشه‌یه، له‌م پێناوه‌شدا کارى پێویستمان کردوه بۆ رێککه‌وتنى گشتگیر و دادپه‌روه‌رانه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ند. دانوستانه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چڕتر کردوه‌ته‌وه و ئێستا لێکتێگه‌یشتن له‌هه‌موکات زیاتره‌و گه‌شبینین به گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کابینه‌که‌ى به‌ڕێز مسته‌فا کازمى بۆ چاره‌سه‌رکردنى به‌شى زۆرى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان.
له‌دواى 2014 وه گیرۆده‌ى جۆره‌ها قه‌یران بوین، به‌ڵام هیچ کات بێخه‌م نه‌بوین و هه‌مو ده‌رفه‌ته‌کانمان قۆستۆته‌وه بۆ چاکسازى و خاوکردنه‌وه‌ى گرژییه سیاسییه‌کان و له‌ڕێى یه‌کگرتویى کابینه‌ى پێشوى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، توانیمان قه‌واره‌ى هه‌رێمه‌که‌مان بپارێزین و له‌کێشه‌ى ناوخۆیى به‌دورى خه‌ین. جگه له‌مه‌ش، تۆمارى بایۆمه‌ترى و به ئه‌له‌کترۆنیکردنى هه‌ندێ له‌کاره‌کانى حکومه‌ت، پڕۆژه‌ى خزمه‌ت و وردبینیکردنى داهاتى نه‌وت و یاساى چاکسازى به‌شێک له‌و هه‌وڵانه بون که خه‌ریکه ورده ورده کاریگه‌رییه‌کانیان بۆ هه‌مو لا ئاشکرا ده‌بێت. له کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تیشدا، توانرا یاساى چاکسازى به‌کرده‌یى په‌سه‌ند بکرێت.
له‌ئێستاشدا وێڕاى خه‌مى دابینکردنى موچه، ئه‌رک و خه‌مى حکومه‌ت بونیادنانى ژێرخانى ئابورى و دابینکردنى خزمه‌تگوزارى شایسته و چاکسازى و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵییه، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش به‌بێ دروستکردنى متمانه سه‌رناگرێت، نابێت ده‌رفه‌ته‌کان به هۆى ململانێى ناته‌ندروست و بارگرژى سیاسییه‌وه له‌کیس بده‌ین، پێویستمان به دروستکردنه‌وه‌ى ته‌باییه له‌نێوان لایه‌نه‌کانى پێکهێنه‌رى حکومه‌ت، له‌نێوان حکومه‌ت و هاوڵاتیان، له‌نێوان حکومه‌ت و که‌رتى تایبه‌ت و دواجاریش له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
له کۆتاییدا خوازیارم جه‌ژن ببێته بۆنه‌یه‌ک بۆ ئاشته‌وایى سه‌رانسه‌ری، بۆ پته‌وکردنى ته‌بایى نێوانمان. جارێکی‌تر جه‌ژنى هه‌مو لایه‌ک پیرۆز بێت به‌تایبه‌ت خانه‌واده‌ى شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌کان و په‌رستشى رۆژوه‌وانانیش قبوڵ بێت و هه‌موان پارێزراو و ته‌ندروست بن.
