دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: بۆ پێكهێنانی حكومەت خەبەری خۆشمان دەبێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی باڵا کۆببنەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەبێت. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "چەند رۆژی داهاتوو هەواڵی خۆشمان دەبێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت گفتوگۆ دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و جێگرانیان بەشدار دەبن.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، "چەند رۆژی داهاتوو خەبەری خۆشمان [لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی] دەبێت."
دەرباز کۆسرەت گوتی: "لێکتێگەیشتنی باش هەیە، ئومێد دەکەین لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەسەر ئەو خاڵانە رێکبکەوین کە هێشتا ماون." لەبارەی کاراکردنی پەرلەمانیش گوتی: "نازانم پەرلەمان ئەم مانگە کۆدەبێتەوە یان نا، بەڵام ئومێدەوارین زوو کۆببێتەوە."
بەشێک لەقسەکانى دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیدا:
ـ وەك یەكێتی سورین لەسەر ئەوەی بەزووترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەبەری خۆشمان دەبێت.
ـ لەگەڵ پارتی دوورنین لەیەكەوە، هەندێك بۆچونی جیاواز هەیە، دەتوانین بەچەند كۆبونەوەیەك ئەو بۆچونانە لێكنزیبكەینەوە و بگەیەنە رێككەوتنی كۆتایەى
ـ وەك یەكێتی بەگرنگی دەزانین پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كابینەیەكی بەهێزمان هەبێت و ناوچەكە بە گۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕدەبێت و نازانین دۆخی دوای هەڵبژاردن چۆن دەبێت.
ـ پێویستە كورد یەكڕیزو یەك دەنگ بێت لە بەغداد تابتوانین هەموومان مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەستبهێنین.
ـ ئەوەی بەربەستە، ئێمە وەك یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینەمان كردووە لەم قۆناغەدا، داوای پەنجا بە پەنجامان نەكردووە.
ـ وەرقەیەكی كاری دیدگای هاوبەشمان ئامادەكردووە، بۆ جێبەجێكردنی ئەم دیدیدگایە پێویستە كۆمەڵێك پۆست بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت.
