‌سۆران عومه‌ر: حکومه‌ت قه‌رزار نیه‌و خاوه‌نى حه‌وت ملیار دۆلاره‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌باره‌ى (قه‌رزدارى حکومه‌تى هه‌رێم) چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کى فه‌رمى خودى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڵاوده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:" حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى حه‌وت ملیار دۆلاره‌و ئاماده‌م ته‌حه‌داى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى ده‌که‌م".

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان که‌ له‌لایه‌ن فراکسیۆنى پارتى پێکهاته‌کانه‌وه‌ پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانى لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌" حکومه‌تى هه‌رێم ماوه‌یه‌کى زۆره‌ ده‌یڵێته‌وه‌ گوایه‌ 20 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، ئه‌م ژماره‌ تاکو ئێسته‌ وتراوه‌ته‌وه‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌خراوه‌ته‌ ڕو له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزه‌".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه‌ که‌ پاش به‌دواداچونێکى زۆر گه‌شتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ک قه‌رزار نییه‌، به‌ڵکو له‌ ساڵى 2014 که‌ یه‌که‌م ساڵى قه‌یرانى داراییه‌و 12 موچه‌ى داوه‌ به‌موچه‌خۆران له‌کۆتایى ساڵدا له‌ 31/12/2014 به‌نوسراوى فه‌رمى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌ژماره‌ 3539 ى 30/4/2015 که‌ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کراوه‌، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانیش به‌نوسراوى ژماره‌ (ک 1587 له‌24/5/2015) ئاراسته‌ى لیژنه‌ى دارایى و کاروبارى ئابورى و وه‌به‌رهێنانى په‌رله‌مانى کردوه‌، له‌و نوسراوه‌دا که‌ به‌یاننامه‌ى دارایى بۆ ساڵى 2014 یه‌، حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ک قه‌رزدار نه‌بوه‌ به‌ڵکو خاوه‌نى 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینارى نه‌قدى بووه‌".

ورده‌کارى خه‌رجى و داهاته‌کان و پاره‌ نه‌قدییانه‌یه‌ى که‌ سۆران عومه‌ر ئاشکراى ده‌کات:

حکومه‌تى هه‌رێم له‌ساڵى 2014 دا به‌کۆى گشتى بڕى 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 592 ملیۆن دینارى سه‌رف کردوه‌ وه‌ک له‌خشته‌ى ژماره‌ 2 ڕونکراوه‌ته‌وه‌، به‌م جۆره‌:
بڕى 12 ترلیۆن و 728 ملیارو 193 ملیۆن دینارى بۆ موچه‌و خه‌رجى به‌کارخستن سه‌رف کردوه‌.

بڕى 2 ترلیۆن و 81 ملیارو 399 ملیۆن دینارى بۆ بوارى وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان خه‌رج کردوه‌.

له‌خشته‌ى ژماره‌ 6 دا ورده‌کارى خه‌رجیه‌کان به‌پێى سه‌رۆکایه‌تى و وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و ده‌زگاکان ڕونکراوه‌ته‌وه‌.

بزانین ئه‌و پارانه‌یان له‌کوێ بوه‌ واته‌ 14 ترلیۆنه‌که‌ له‌کوێوه‌ هاتوه‌ :
حکومه‌تى هه‌رێم بۆخۆى له‌ساڵى 2014 داهاته‌کانى 9 ترلیۆن و 109 ملیارو 589 ملیۆن دیناره‌ وه‌ک له‌خشته‌ى ژماره‌ 4 دا ڕونکراوه‌ته‌وه‌ به‌مجۆره‌ بوه‌:

داهاتى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کانى بڕى 4 ترلیۆن و 884 ملیارو 786 ملیۆن دینار بوه‌.
ئه‌و پارانه‌ى حکومه‌تى عێراق له‌ساڵى 2014 و مانگى 1 و 2 له‌گه‌ڵ مانگى 11 و 12 دا ناردویه‌تى بۆ هه‌رێم بڕى 2 ترلیۆن و 280 ملیار دیناره‌.

داهاتى ناوخۆش 1 ترلیۆن و 944 ملیارو 803 ملیۆن دیناره‌.
حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ساڵى 2014 دا ده‌ستیدا له‌ سیوله‌ى نه‌قدى بانکه‌کان، به‌بانکى بازرگانى و ئه‌هلى و حکومى واته‌ بڕى 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دینارى له‌و بانکانه‌ به‌نه‌قدى ده‌رهێناوه‌، وه‌ک له‌خشته‌ى ژماره‌ 9 دا به‌م جۆره‌ ڕونکراوه‌ته‌وه‌:
سیوله‌ى بانکه‌ ئه‌هلیه‌کان لاى بانکى ناوه‌ندى / لقى هه‌ولێر، بڕى 4 ترلیۆن و 307 ملیارو 447 ملیۆن دینارى ده‌رهێناوه‌.
سیوله‌ى بانکه‌ ئه‌هلیه‌کان لاى بانکى ناوه‌ندى / لقى سلێمانی، بڕى 2 ترلیۆن و 469 ملیارو 450 ملیۆن دینارى ده‌رهێناوه‌.
سیوله‌ى بانکه‌ بازرگانیه‌کان که‌به‌کارهێنراوه‌ بڕى 3 ترلیۆن و 890 ملیار دینارى ده‌رهێناوه‌.
پاره‌ى هاوڵاتیان له‌بانکه‌کان که‌به‌ توفیرو ودائع و جارى دانرابو له‌بانکه‌ حکومیه‌کان بڕى 2 ترلیۆن و 95 ملیار دینارى ده‌رهێناوه‌.
1- حکومه‌ت 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 593 ملیۆن دینارى سه‌رفکردوه‌.
2- حکومه‌ت 9 ترلیۆن و 79 ملیارو 620 ملیۆن داهاتى هه‌بوه‌.
3- بڕى 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دیناریشى له‌بانکه‌کان ده‌رهێناوه‌.
که‌واته‌ وه‌ک له‌ خشته‌ى ژماره‌ 11 دا ڕونکراوه‌ته‌وه‌ حکومه‌ت 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕه‌سیدى نه‌قدى هه‌بوه‌ له‌ 31/12/2014 دا .
هه‌ر له‌ 2014 دا بڕى 84 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه‌و 43 ملیارو 800 ملیۆنیش بۆ ئاواره‌کانى دهۆک له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ سه‌رفکراوه‌.
واته‌ حکومه‌ت که‌ پێ ده‌نێته‌ ساڵى نوێى 2015 بڕى 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕه‌سیدى نه‌قدى هه‌بوه‌.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى بڕى 500 ملیۆن دۆلاریشى له‌به‌غدا وه‌رگرتوه‌.
حکومه‌ت له‌کۆتایى ساڵى 2014 دا بڕى 8 ترلیۆن و 811 ملیار دینارى خۆیى هه‌بوه‌و 500 ملیۆن دۆلاریشى له‌تورکیا وه‌رگرتوه‌.

له‌ساڵى 2015 له‌مانگى 1 تاکو مانگى 6 به‌غدا ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ى بۆ هه‌رێم ناردوه‌:
مانگى 1 بڕى 250 ملیار دینار
مانگى 2 بڕى 490 ملیار دینار.
مانگى 3 بڕى 523 ملیار دینار.
مانگى 4 بڕى 543 ملیار دینار.
مانگى 5 بڕى 508 ملیار دینار.
مانگى 6 بڕى 166 ملیار دینار .
له‌گه‌ڵ 44 ملیار دینار بۆ په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان.
به‌کۆى گشتى به‌غدا له‌ساڵى 2015 دا بڕى 2 ترلیۆن و 524 ملیار دینارى بۆ هه‌رێم ناردوه‌.
له‌ 24/6/2015 هه‌رێم بۆخۆى ڕۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى فرۆشتوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى داتاى فرۆشى نه‌وتى هه‌رێم له‌مانگى 6 تاکو مانگى 12ى ساڵى 2015 

 
به‌پێى نوسراوى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌ژماره‌ 9425 له‌ 16/12/2015 که‌ بۆ گشت وه‌زاره‌ته‌کانى ناردوه‌، ده‌ڵێ 78 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان به‌بڕى 3 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار فرۆشتوه‌ که‌به‌دنیار ده‌کاته‌ 3 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
داهاتى ناوخۆش له‌ساڵى 2015 دا ده‌کاته‌ ترلیۆنێک و 800 ملیار دینار.
له‌ساڵى 2015 دا وڵاتى تورکیا وه‌ک قه‌رز بڕى 500 ملیۆن دۆلارى دابه‌ هه‌رێمى کوردستان.

کۆى گشتى داهات و پاره‌ى هاتوى به‌غداو قه‌زرى تورکیا بۆ ساڵى 2015 ده‌کاته‌ :
بڕى 8 ترلیۆن و 424 ملیار دینار بوه‌.

له‌م ساڵه‌دا حکومه‌ت ته‌نها موچه‌ى 8 مانگى هه‌مو موچه‌خۆران و موچه‌ى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و نیو موچه‌ى مامۆستایانى داوه‌، واته‌ له‌کۆى گشتى ئه‌و داهاته‌ بڕى 7 ترلیۆن و 170 ملیار دینارى سه‌رفکردوه‌ بۆ موچه‌، ئه‌و بڕه‌ى دیکه‌ش که‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌و پاره‌ ده‌کاته‌ 1 ترلیۆن و 254 ملیار دینار له‌خه‌رجى به‌کارخستنى وه‌زاره‌ته‌کاندا سه‌رفکردوه‌.
که‌واته‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ئێستادا به‌بێ پاره‌ى نه‌وتى که‌رکوک و داهاتى ناوخۆى سوته‌مه‌نی، خاوه‌نى 8 ترلیۆن و 811 ملیار دیناره‌ ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌که‌ى تورکیاشى دابێته‌وه‌ ئه‌وه‌ خاوه‌نى 7 ترلیۆن و 600 ملیار دیناره‌.

ئه‌گه‌ر وانیه‌ ته‌حه‌داى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى ده‌که‌م

 

سۆران عومه‌ر / ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى و ئابورى له‌په‌رله‌مانى کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار