پاش رێککه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده وه‌فدێکى ئه‌نه‌که‌سه سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
میدیاکانى رۆژئاڤاى کوردستان رایانگه‌یاند، زۆربه‌ى پارته سیاسییه‌کانى رۆژئاڤا له به‌ره‌یه‌کدا به‌ناوى "پارته‌کانى یه‌کێتى نیشتیمانى کورد" کۆبونه‌وه، ئه‌مڕۆ شاندێکى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى کورد (ئه‌نه‌که‌سه) سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى ئایارى 2020 ئاژانسى هاوارنیوز بڵاویکرده‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له رێگه‌ى ده‌روازه‌ى سێمالکا شاندێکى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى کورد (ئه‌نه‌که‌سه) سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، وه‌فده‌که هیچ رونکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌باره‌ى ئامانجى سه‌ردانه‌که و ئه‌و لایه‌نانه‌ى له کوردستان بڕیاره له‌گه‌ڵیاندا کۆببنه‌وه ئاشکرانه‌کردوه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که شانده‌که‌ى ئه‌نه‌که‌سه پێکهاتوه له نوێنه‌رانى پارتى دیموکراتى کودستان-سوریا، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نه‌که‌سه، سکرتێرى پارتى چاکسازی، سکرتێرى پارتى یه‌کسانى کوردستان و سکرتێرى پارتى یه‌کێتى کورد.
رۆژى 19ى ئایار زۆربه‌ى پارته سیاسییه‌کانى رۆژئاڤاى کوردستان وه‌کو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بۆ داواکارییه‌کانى یه‌کێتى ریزه‌کانى کورد، بڕیاریاندا سه‌رجه‌م کاروچالاکییه‌کانیان له ژێر یه‌که‌یه‌کى رێکخراوه‌یى هاوبه‌شدا به‌ناوى "پارته‌کانى یه‌کێتى نیشتیمانى کورد" یه‌کبخه‌ن.
له راگه‌یه‌نراوى دامه‌زراندنى "پارته‌کانى یه‌کێتى نیشتیمانى کورد"دا له رۆژئاڤاى کوردستان هاتوه، ، "به‌له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و دۆخه‌ى سوریا و ناوچه‌که‌ى پێدا تێده‌په‌ڕێت و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پێشنیازه‌که‌ى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده) به ئامانجى یه‌کخستنى ده‌نگى کورد له رۆژئاڤاى کوردستان، پارته‌کانى ناو ئیداره‌ى خۆسه‌رى و ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى خۆسه‌رى له قامشلۆ کۆبوینه‌وه".
ئه‌وه‌ش هاتوه، ژماره‌ى پارته به‌شداربوه‌کان 25 پارتى سیاسییه له رۆژئاڤاى کوردستان و سه‌رجه‌میان چالاکى و به‌رنامه سیاسییه‌کانیان له‌چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانییه‌تى "پارته‌کانى یه‌کێتى نیشتیمانى کورد" درێژه پێده‌ده‌ن.
