له به‌غدا سێ گه‌نج هیچ نه‌خۆشیه‌کى تریان نه‌بووه به کۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستدا
به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى كه‌رخ"درۆیه ده‌وترێت ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن به‌رگریه‌كى به‌هێزن نامرن به نه‌خۆشیه‌كه"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى كه‌رخى به‌غدا رایگه‌یاند سێ گه‌نجى توشبوى ڤایرۆسى كۆرۆنا له پایته‌خت گیانیانله‌ده‌ستداوه، له‌كاتێكدا هیچ نه‌خۆشیه‌كیشیان نه‌بوه.
جاسب له‌تیف به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى كه‌رخى شارى به‌غدا له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "سێ گه‌نجمان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له شارى به‌غدا له‌ده‌ستدا، كه ته‌مه‌نیان 29 و 37 و 44 ساڵ بو".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا " ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى 29 ساڵ بوو كچ بو، له ماڵه‌كه‌ى خۆیدا گیانیله‌ده‌ستداوه، پشكنینى ڤایرۆسى كۆرۆنا بۆ هه‌رسێكیان كرابوو دڵنیابوبوینه‌وه، كه توشبوى ڤایرۆسه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هیچ نه‌خۆشیه‌كى درێژخایه‌ن و هیچ كێشه‌یه‌كى ته‌ندروستیشیان نه‌بوه".
به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى كه‌رخ ده‌شڵێت "ئه‌و سێ حاڵه‌ته رونیده‌كاته‌وه ئه‌م نه‌خۆشیه ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز ناناسێت و درۆیه ده‌وترێت ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن به‌رگریه‌كى به‌هێزن نامرن به نه‌خۆشیه‌كه، تاكه رێگه بۆ خۆپاراستن لێى گرتنه‌به‌رى رێگه‌كانى خۆپاراستنه بۆئه‌وه‌ى توش نه‌بیت". داواش له خه‌ڵك ده‌كات خۆیان و كه‌سوكاریشیان بپارێزن.
رۆژى سێشه‌ممه وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عیراق تۆماركردنى 216 توشبوى نوێ و گیانله‌ده‌ستدانى 6 كه‌سیشى به ڤایرۆسى كۆرۆنا راگه‌یاند، 101 له توشبوه‌كان و 4 له‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه، له به‌شى كه‌رخى به‌غدان.
