فرسەت سۆفی: هیچ ئەگەرێک بۆ درێژکردنەوەی قەدەغه‌ی هاتووچۆ نییە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەگەر خەڵک خۆی نەپارێزێت و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکات ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاترە و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ ئەگەرێک بۆ درێژکردنەوەی قەدەغه‌ی هاتووچۆ نییە. 

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، 26ئایارى2020 رایگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی داڕشتنی هەندێک رێنمایین بۆ چۆنییەتی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەڵام هیچ ئەگەرێک لە ئارادانییە بۆ ئەوەی قەدەغه‌ی هاتووچۆ جارێکی دیکە درێژبکرێتەوە." 

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات" کار و کاسبی خەڵک بەلای ئەوانەوە گرنگە و دەیانەوێت باڵانسێک لەنێوان کار و کاسبی خەڵک و ژیان و گوزارانی خەڵک لەگەڵ هەندێک رێنمایی و رێکار بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکەن و دەشڵێت " ئێستا بەرپرسیارییەتی گەورە لەسەر شانی خەڵک خۆیەتی و بەداخەوە ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە و ژمارەی تووشبووانیش رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان. لەبەرئەوەی ئێستا بازاڕ کراوەتەوە و مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانی دیکە هەن و هاتووچۆ و سەردانیکردن هەیە. ئەگەر خەڵک خۆی نەپارێزێت و رێنماییەکان جێبەجێ نەکات لەوانەیە تووشبوونی ئەمجارە ببێتە پەتایەک و بەنێو هەموو کۆمەڵگەدا بڵاوببێتەوە".

رۆژی شەممە 23-05-2020 وەزارەتی ناوخۆ بۆ خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغه‌ی هاتووچۆی بۆ ماوەی 72 کاژێر و لە رۆژانی جەژندا لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی قەدەغه‌ی هاتووچۆ نییە. 

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 507 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیە 403 چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار