ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى گۆران: ناکرێت خه‌ڵک له‌سه‌ر داواکردنى مافى خۆى به‌ندبکرێت
11په‌رله‌مانتار داوا له په‌رله‌مان و حکومه‌ت ده‌که‌ن مامۆستا "به‌ده‌ل به‌روارى"ئازادبکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
بریارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند ئه‌و جۆره ڕاگرتنانه ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ى یاساش بێت کارئاسانى بۆ بکرێت بۆ ئازادکردن و ده‌ڵێت" ناکرێت خه‌ڵک له‌سه‌ر داواکردنى مافى خۆى به‌ندبکرێت".
جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران بریارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى کوردستان، له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت"ئه‌و جۆره ڕاگرتنانه ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ى یاساش بێت کارئاسانى بۆ بکرێت بۆ ئازادکردن چونکه ناکرێت خه‌ڵک له‌سه‌ر داواکردنى مافى خۆى به‌ندبکرێت".
دوای تێپه‌ڕبوونی 11 رۆژ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی مامۆستا به‌ده‌ل به‌رواری له شاری دهۆك، 11 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه جیاجیاكانی په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كه‌ن ئه‌و مامۆستایه به زووترین كات ئازاد بكرێت.
جه‌لال محه‌مه‌د، وتیشى"ئه‌و 11په‌رله‌مانتاره یاداشتێکمان به‌رزکردۆته‌وه بۆ په‌رله‌مان و وا بریاره رۆژانى ده‌وام بگاته ده‌ستیان و له‌وێوه ئاراسته‌ى حکومه‌ت بکرێت".
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه " ئه‌وه له‌ئێستادا خزمه‌ت به حکومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵکیش ناکات و هه‌ر بۆیه پێمان وایه داواکاریه‌که‌مان ره‌وایه".
ئه‌و 11په‌رله‌مانتاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه راگه‌یه‌ندراوێكیان به واژووی خۆیان به‌ناوی "پێویستە بەدەل بەرواری بەزووترین كات ئازاد بكرێت" بڵاوكرده‌وه و رایانگه‌یاند: ئەمڕۆ (26/ 5/ 2020)، 11 رۆژ تێپەڕی بەسەر دەستگیركردن و بە ناهەق هێشتنەوەی مامۆستا "بەدل بەرواری" لە زیندان، كە تۆمەتی دەستگیركردنەكەی و هێشتنەوەی لە زیندان دا، تەنها ئەوەیە بەرگریی لە مافی خۆی كردوە و ناڕەزایی بەرانبەر بە دواكەوتنی موچەكەی دەربڕیوە.
شەوی 16/15ی ئایاری 2020، بەدەل بەرواری، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک و سه‌رپه‌رشتیاری گروپی "كوا پاشه‌كه‌وت؟" لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیرکرا و تا ئێستاش ئازادنەکراوە.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی پارێزگای دهۆک رۆژی شه‌ممه 16ی ئایارین بۆ رۆژی خۆپیشاندان لە بەرامبەر پێنەدانی مووچە و مافەکانیان دیاریکردبوو، بەڵام بەرپرسانی شارەکە رەتیانکردەوە هیچ مۆڵەتێکی فەرمییان بە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دابێت.
