ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى: 6 تووشبوو هه‌یه‌ بارى ته‌ندروستیان جێگیر نیه‌و یه‌کێکیان زۆر هیلاکه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ى که‌ پێشتر له‌به‌ر که‌مبونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌کانى توشبوى کۆرۆنا داخران ئێستا ده‌کرێنه‌وه‌ و و ده‌ڵێت" زیاتر له‌ 70نه‌خۆش له‌نه‌خۆشخانه‌کاندان و 5 بۆ6 نه‌خۆشیان  بارى ته‌ندروستیان جێگیر نیه‌ و یه‌کێکیان زۆر هیلاکه‌".

هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا به‌سایتى هاوڵاتى وت" پێشتر سێ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ توشبونى کۆرۆنا له‌ سلێمانى هه‌بون و دواى که‌مبونه‌وه‌ى توشبوه‌کان و چاکبونه‌وه‌یان داخران، به‌ڵام ئێستا هه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ ده‌کرێنه‌وه‌  که‌ به‌ کۆى گشتى جێگه‌ى 300نه‌خۆشى تێدا ده‌بێته‌وه‌".

لەناو شاری سلێمانی سێ نەخۆشخانە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تەرخانكران یەكێكیان شەهید تاهیر عەلی والی لەسەرچنار، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ، نەخۆشخانەی ئاسا سەر بەدەزگای تەندروستی پێشمەرگەیه‌.

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى وتیشى" له‌م ماوه‌یه‌دا 134نه‌خۆشى کۆرۆنا له‌ پشکنیندا ده‌رکه‌وتون و ئێستا زیاتر له‌ 70توشبوو له‌نه‌خۆشخانه‌کاندان، که‌ به‌داخه‌وه‌ 5بۆ6 که‌سیان بارى ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ ".

ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌" که‌ که‌سێکیان ته‌مه‌نى 52 ساڵه‌ و  نیشانه‌کانى زۆر به‌توندى تێدا ده‌رکه‌وتووه‌ و زۆر هیلاکه‌".

دکتۆر هێرش سه‌لیم له‌باره‌ى جیاوازى حاڵه‌ته‌کانى ئه‌م دواییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى پێشتر ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ زۆر جیاوازیان هه‌یه‌ و وتى" ئه‌وانه‌ى پێشتر له‌سه‌دا 80  ى توشبوان بێ نیشانه‌ بون و ئێستا زۆربه‌ى زۆریان نیشانه‌یان هه‌یه‌ و بارى ته‌ندروستیان جێگیر نیه‌ زیاتر ده‌مێننه‌وه‌ و نیشانه‌یان هه‌یه‌ و دۆخیان خراپه‌ هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ بۆته‌ مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌که‌".

هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى بۆچى زۆربه‌ى راگه‌یاندنى حاڵه‌ته‌کانى کۆرۆنا له‌هه‌رێمدا له‌کاتى شه‌واندا راده‌گه‌یه‌نرێن، دکتۆر هێرش وتى" پشکینى کۆرۆنا کاتێکى زۆرى پێویسته‌ تا ئه‌نجامه‌که‌ ده‌رده‌چێت که‌ زیاتره‌ له‌ 12کاتژمێر و هه‌موو حاڵه‌تێکیش که‌ راده‌گه‌یه‌نرێت دوو بۆ سێ جار پشکنینى بۆ دوباره‌ کراوه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ زۆربه‌ى کات پکنینه‌کان له‌دواى کاتژمێر 8ى شه‌وه‌وه‌ ده‌رده‌چن و رایانده‌گه‌یه‌نین".

هاوکات دوپاتیشى کرده‌وه‌،  ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ند نه‌بن به‌رێنماییه‌کانه‌وه‌ حاڵه‌ته‌کان له‌وه‌ى ئێستا زیاتر ده‌بێت و له‌ کۆنتڕۆڵى ئه‌واندا ده‌رده‌چێت،  داوا ده‌که‌م هاوڵاتیان پابه‌ند بن به‌رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌ له‌پێناو سه‌لامه‌تى خۆیان و که‌سوکاریان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان چونکه‌ خێرایى بڵاوبونه‌وه‌ى زۆر زۆره‌ و بۆیه‌  دۆخه‌که‌ مه‌ترسیداره‌".

له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستان 606که‌س توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون و 409 که‌سیان چاکبونه‌ته‌وه‌ و 6ح اڵه‌تى مردن تۆمارکراوه‌ که‌ دواین که‌سیان که‌نجێکى ته‌مه‌ن 37ساڵى شارى سلێمانى بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار